ماملێ بە هۆی گۆرانییەکانییەوە ناوی گەیشتبو زۆر قنووچکی نیشتمان. خەڵک بێ ئەوەی ڕەوشت و کرداری ببینن، دەیانناسی. بەڵام ئەو ناسینە، ئەم ناسینە نەبوو کە لە نیزیکەوە دەتبینی. ماملێ وەک ئەوینداریک، خەڵکی خۆی خۆشدەویست. بە بێ جیاوازی تەمەن، ڕەگەز و چیناتەتی دڵی پێیان دەکرایەوە. تا ئەو ئاستەی کە توانیبای هەوڵی دەدا تا بیرەوەری خۆش لەپاش خۆی بەجێ بهێڵی. کەمتر بینراوە کە دڵی جەماوەر بهێشێنێت. لە هەر شوێنێک کە زانیبای گۆرانی و دەنگی ئەو خۆشی دەخاتە ناو دڵی خەڵک، گۆرانی بۆیان دەچری. بۆیە دڵنیاین کە دەنگ و فیلمی ماملێ لە ئارشیوی گەلێ کەس و بنەماڵە دا هەن کە ماملێیان خۆش ویستووە و ماملێش خۆشی ویستوون. ڕەنگە ئەم کەسانە، مەجال یا کەرەستەی پێویستیان نەبێت تا ئەم فیلم و بەرهەمانە بکەن بە دیجیتاڵ و لە دوونیای دیجیتاڵی ئەمڕۆکە دا پێشکەشی بکەن بە ئەویندارانی هونەر و ماملێ.
بە خۆشییەوە ئەم فیلمە کە پێشکەستان دەکرێت لە لایان کەسانی دڵسۆزەوە کراوەتە دیجیتاڵ و وەک ئەمانەتێک بە مێژووی هونەریی کوردی بۆ ئێمەیان ناردووە و ئێمەش بەوپەڕی ڕێز و سپاسەوە بۆ ئەم ئازیزانە پێشکەشی ئێوە میوانانی خۆشەویستی ماڵپەڕەکەمانی دەکەین.
جێی خۆیەتی کە سپاسێکی تایبەتی کاک “داود زەهابی” بکەین کە زەحمەتێکی زۆریان کێشا تا ئەم فیلمە بگاتە دەستمان. هەروەها بەهۆی ئەوە کە لە فیلمەکە دا شرۆڤەکاری سیاسی کورد ڕێزدار “برایم جەهانگیری” بەشدارە، بۆیە داوامان لە کاک برایمی بەڕێز کرد تا بیرەوەری خۆی لەمەڕ ئەم دانیشتنە بۆمان باس بکات. زۆر سپاسی بەرێزیشیان دەکەین کە بە دلێکی گەورە و بە هەستێکی کوردانەوە داواکەی ئێمەی هێنایە دی. ئەوە ئێوە و بیرەوەری کاک برایم و ئەم فیلمانەی ماملێ کە بۆ یەکەم جار بڵاو دەکرێنەوە.
هەر بژین
مەڵبەندی هونەریی ماملێ
دەربارەی ئەو ویدۆیە: لە کاتی کۆڕەوەکەدا و لە ساڵی ١٩٩٢ی زایینی. پۆلێ هونەرمەندی گەنج و تازە پێگەیشتوو دەگەڵ ئەو کۆڕەوە پەڕیوە ببون و لەبیرم نییە چۆنچۆنی بەڵام داینێین ئێمە بە هەڵکەوت تووشیان هاتین. کاک “جەلال شاکر” و کاک ئەحمەجوامێر“فەیسەڵ رەواندوزی”. کاک جەلال سازی لێدەدا واتە تەمبوور، کاک ئەحمەد لە مۆسیقای دەزانی و زۆریش ئەهلی موزیک بوو بەڵام لەو کاتەدا من لەبیرم نییە هیچ سازێکی موسیقی ژەنیبێ. فەیسەڵ رەەواندوزی وێڵۆنی(کەمان) لێدەدا و بەڕاستی جوانیشی لێدەدا، خۆ باسی سازەکەی کاک جەلال شاکر ناکرێ هەرچۆنی ویستبای وای وەدەنگ دێنا، سەمای پێدەکرد یان دەیگریاند. ئیتر ئەو چەندە کەسەمان زیاتر پێکەوە بووین، بەتایبەتی وەستا رەشیدی ئازەرپوور کە قەت نە لەیەک هەڵدەەبڕاین و لە لەو جەمعە هەڵدەبرا، ئەو کاتی وەستا تازە دەستی دابووە ساز وتەنبوور. ئیوارەیەک لە ماڵی ناسری ئەغوای ( زاوام) دانیشتبووین، ئەو شەوە کاک “جەعفەر شیخئاقایی” و چەند دۆستێکی دیکەش لەوێ بوون. جێگای دۆستان خاڵی مەجلیسێکی خۆشمان هەبوو، لەپڕ کاک ئەحمەد یان کاک جەلال کوتیان ئەرێ کاکە ئێمە چۆن دەتوانین مامۆستا محەمەدی ماملێ ببینین. کوتمان ئاسانە زەنگی بۆ لێدەدەین و مەوعیدی لێوەردەگرین. کوتیان بە قوربانە ئەگەر دەکرێ هەر ئێستا قسەی دەگەڵ بکەن با بزانین بۆ کەی دەتوانین بچینە خزمەتی. ئێمەش دەسبەجێ تەلەیفوونمان بۆ کاک محەمەد کردو کوتمان دوو سێ برادەری هونەرمەندی باشووری لێرەن و بێ تۆ ناخۆش مەجلیسیکی خۆشمان هەیە و ئەو برادەرانە دەیانهەوێ بەخزمەتت بگەن ئەگەر رۆژێکیان بۆ دیاری بکەی مەمنوون دەبین، زۆر تامەزرۆی دیدارتن. کاک محەمەدی هەمیشە لەسەردڵان و زیندەیاد، کوتی یانی ئێستا ئەوە دانیشتوون و بەزمی مۆسیقاتان گەرمە؟ کوتمان ئەرێ وەڵا، کوتی دادەی با گوێم لێبێ. سازی کاک جەلال دەستی پێکرد و چی پێنەچوو مامۆستا کوتی یەکێک بێ لەدووم دەمهەوێ منیش لەو مەجلیسەدا بەشدار بم. سوور زانیم هەوا و فەزای مەجلیسەکەی پێخۆش بووە، ئەشەدەمبیلا کاک جەلالیش چاکی دەژەنی. وابزانم دەگەڵ کاک ناسر یان وەستا رەشید چووین لەدووی مامۆستا و هەڵمانگرت و گەڕاینەوە. کە وەژوور کەوت ئەو جەماعەتە (باشووری) وایان زانی دنیات داونێ وەها سوورپرایز ببوون تا تاوێکی باش حەبەسابوون. مامۆستا فەرمووی دەی کاری خۆتان بکەن ئەگەر قەرار بێ ئەمن مەجلیسەکەتان لێتێکدەم ئێستا دەڕۆمەوە ماڵی خۆم. من وام هەست کرد ئەو هونەرمەندانە پێیان شەرم بوو لە حزووری مامۆستا محەمەدی ماملێ دا دەست بۆ وێڵۆن و ساز بەرن. دەستیان پێکرد و راست بەهەوایەکی ماملێ بەزمیان گەرم کرد. ئەگەر لەپڕ و ناخود ئاگا ماملێ تێیهەڵکرد بەڕاستی ئەو ژوورە دەنگەکەی هەڵنەدەگرت، من خۆم کە چەند جار لەنزیکەوە گوێم لەدەنگی مامۆستا ببوو سەرسام بووم، کۆڵی گریانێم هەستا، هەر من دەزانم ئەو شەوە مامۆستا چەندە تینووی موسیقا بوو، چەندە بەو جەو و بەو فەزایە گەشایەوە، هەر منیش ئاگام لێبوو کە ئەو دوو سێ کەسە لە خۆشی مامۆستا چۆن شاگەشکە ببوون. ئەوشەوە مامۆستا وەک ڕۆژانی جەوانی دەنگی لە قەدی داشامەجیدی دا دەزرینگایەوە، لەرەی دەنگی ، دەنگی دەدایەوە. ئای چ شەوێکی خۆش و ئای چ زەمەنێکی کورت بوو. یادی هەموو ئەو دۆستانە بەتایبەتی یادی گۆرانی و مەقامبێژی کەمهاوتای وەک محەمەدی ماملێ هەمیشە لەدڵدا زیندوو.