ئەودەمە گوێ بیسە دڵ بۆ بیستنی ئاهەنگەکەت
ئەو دەمـە شـەیدایە گوڵ بۆ دەنگـی لایە لایەکەت
ئەو دەمە یادی بە خێر ئەی شاگوڵی باغی هونەر
دەنگی بەرزت بو بە مەرهەم بۆ گەلە زامدارەکەت
وا لە سیلەی قەبـرەکانی شـاری مـن هاوارە دێ
بـویـە میـوانـی ڕەفیقـانت لـە ژێــری خـاکـەکـەت
دڵ لە تاوی دەنگی تۆ و شێعری وەفایی و هێمنی
وەک هەژاری تەرک دەکا تا مردنی جێ ژوانەکەت
دەنگـی تـۆ بژوێنـی دڵمە مـۆسیقات هـۆی ژیانـەوە
من لە دوای مەرگت بە یادی تو دەژیم و دەنگەکەت
بەختیار تاڵاوی
ڕێبەندانی ١٣٩٤ / 2016
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ــــــــــــــــــــــــــــــ
ـــــــــ
ڕێبەندان
چاوی ئاسمان پڕ گریان
سەرشانی کێوەکان سپی
شارم لەسەری خڕێ ڕا
تا چوار دەوری ڕەش داگیرا
چاوەڕێیە میوانی دێ
چاکەکەی ئەسحابەی سپی
ساردو سڕە
سۆزی نایە
نە لە ماڵێک
بێشکەی مناڵێک ڕادەژێ
هەژاریش بۆ مناڵەکەی
ئەوڕۆ نەیکوت لایە لایە
سۆزی ئاهەنگێک نابیسی
“ماملێ” بۆ دەنگی نایە
کۆڵانەکان چۆل و بێ دەنگ
سێ ڕۆژە کە ڕێبەندانه
لە تاو دوریت خەوم نایە
بەختیار تاڵاوی