Skip to content

قەتار – ئەمین گەردیگلانی


هۆنراوەی: مامۆستا ئەمین گەردیگلانی

“بۆ هەناسە بەسۆزەکانی محەممەد ماملێ”

قەتار


هەنیسکێکی دیکەشی دا
ـ زەمان ـ
جەرگی بە کوچکەوە نرا
ـ قەتار ـ
موچڕکێک بە دڵیدا هات
ـ وەرز ـ
لە نێو دووکەڵ و بۆ کوڕووزی
بسکی ئاڵۆزی وشەدا شەوارە بوو
ـ شێعر ـ
کە بارگەی هەناسەکانت!
بەرەو هەواری بێدەنگی ماڵئاوایی
پێچایەوە،
گوێت لە قیژەی سەربڕاوی شێعر نەبوو
ئەوکی نۆتی دەلەرزاند و


باڵای ڕەشپۆشی گۆرانی
لە نێو چڕە تۆزی شین و سەردوولکەدا
چەمایەوە؟!
ئەو کاتەی نێرگزی سیسی دوایین سەرنجت
بە جێ هێشت،
بە تەوێڵی شۆڕەبییەکەی چوارچراوە
ئاخۆ باڵی چەن قەتاری پەپوولەییت
هەڵوەرین و
ڕژانە نێو قوڕگی سڕی ڕەشەباوە؟!

ئەو چریکە ئاگرینەی
لە نێو گوێچکەی شەوەزەنگا
چەقەرەی دا و
لەگەڵ سریوەی ئەستێرە دەستەملان بوو،
بە شوێن خەونی هەڵوەریوی مانگەشەودا
دەخولێتەوە،
یان لایەلایە بۆ ڕۆحی بێ ئارامی «هێمن» دەکا؟

لە ژیر میچی ئەم شەوە قورماوییەدا
ئەوە شانەی برووسکەیە
قژی هەور داده‌هێنێ،
یاخۆ زایەڵەی قەتارە
شنەی باڵی بە دەماری ئاسمانی زاماردا دێنێ؟
کە دڵتەنگی چەپکە پڕشنگی خەیاڵم بۆژۆ دەکا و
پشووی گەرمی بەرخی بزەم لێ دەتۆرێ،
ڕۆحم بە تاڵێ برووسکەی چریکەتەوە دەبەستم
بە ئاسۆگی ساماڵی تەزووی شیرینا تێدەپەڕم
دەم دەنێمە کانیاوی زوڵاڵی خۆر و
جۆگەی سەوزی گەشانەوە و ئۆقرە گرتن
بەرەو ناخم هەڵدەبەستم.

من چیرۆکی ئاشق بوون و پشکووتنی چریکەتم
لە سەر لاپەڕەی ڕوومەتی گۆرانییەک خوێندۆتەوە:
«شەوێک شیرین
لە کۆڕی ڕەشبەڵەکی ئەستێرەکاندا
دوو دەسرۆکە سەمای دەکرد
سەما، سەما
بێدەنگ، بێدەنگ
شیرین، سەما
ئاسمان و ئەستێرە، سەما
سەما، سەما
بێدەنگ، بێدەنگ
ماندوو، ماندوو
شەونم لە کوڵمەیان تکا.
ڕێژنە شەونم
گۆڕە بزر بووەکەی وەفاییی خووساند.
دڵۆپەیەک لە ڕوومەتیدا و ڕاچەنی
کاتێ سەری ماندووی غەریبیی هەڵبڕی،
چاوی کەوت بە ڕەشبەڵەکی ئەستێران
شیرینی دی لە سەر چۆپی
خەریکی دەسرە بادانە
ماندوو، ماندوو هەڵدەپەڕێ و
شەونمی سەر کوڵمەکانی بوونە خوناوکەی بارانە.
سەوزە شێعرێکی هەناسەی
هەڵفڕاند و
لە سەر بسکی تەڕی شیرین گیرسایەوە،
چرپەیەکی بە گوێیدا کرد
پەڕی کوڵمەی
وەک مێلاقە گەشایەوە.»

شیرین بە کەزیەی برووسکەی هەڵیکێشای!
لە پیاڵەی زێوینی مانگدا
شەونمی ڕوومەتی خۆی و
شەڕابی هێشووی ئەستێرەی دایە دەستت!

لەو کاتەوە
بوویە سریوەی ئەستێرە و
تیشکی خۆر و تریفەی مانگ !
بوویە گزنگی بەیان و
چاوی زەریا و ڕۆحی باران!
بوویە هەناسەی گوڵاڵە و
وردە شەپۆلی کانیاو و
شنەی شابسکی دارستان!
بوویە جریوەی باخان و
هاژەی چۆم و قاسپەی کوێستان !
بوویە تەزووی شیرینی دەماری زەوی،
لە بەر ئاوێنەی هەتاوی شێعرا گرتت
باڵات بە باڵای کوردستان!

مامۆستا ئەمین گەردیگلانی

بابەتی پێوەندیدار