تاوێک له‌گه‌ڵ ماملێ – هێلا شلوومبێرگێر (Hella Schlumberger)
له ئاڵمانییه‌وه: جەعفەری حەسەنپوور (هێدی)
ماملێ چوارمه‌شقی، قیت و مه‌غروور له به‌رامبه‌رم دانیشتووه، ئه‌منیش خه‌ریكم په‌یتا په‌یتا هه‌موو چه‌شنه دانیشتنێكی سه‌ر عه‌رزی به‌تاقیده‌كه‌مه‌وه. ڕیشووه ڕه‌شه‌كانی پێچه بۆره گوڵداره‌كه‌ی له لاوه به‌ره‌و ڕوخساری ڕاده‌ژێن. چاوه‌كانی له پشت چاویلكه ناحه‌زه‌كه‌یه‌وه ده‌دره‌وشێنه‌وه، هه‌تا بڵێی ئینسانێكی به ڕێز و حورمه‌ته.هێلا شلوومبێرگێر: خه‌ڵكی مه‌هابادێی، محه‌ممه‌د؟
ماملێ: به‌ڵێ، ئه‌من په‌نجاوچوار ساڵ له‌وه‌ی پێش له گه‌ڕه‌كی هه‌رمه‌نییانی مه‌هابادێ له دایک بووم(1). ئه‌وده‌م زۆر ماڵی هه‌رمه‌نی لێره بوون، ئێستا تاق و لۆق نه‌بێ نه‌ماون. بابم نه‌خوێنده‌وار بوو و له نێو بازاڕی دوكانێكی چكۆڵه‌ی خوری فرۆشتنی هه‌بوو. ئێمه شه‌ش كوڕ و كچێک بووین. زۆر كه‌ممان دراو هه‌بوو. ئه‌گه‌ر برینجمان بۆ ساز كرابا جێژنه‌مان بوو.
هێلا شلوومبێرگێر: كێ فێره گۆرانیگوتنی كردی؟
ماملێ: بابم. هه‌ر به گشتی تایفه‌ی ئێمه تایفه‌ی گۆرانیبێژانه. بابم زۆربه‌ی ئه‌و گۆرانییانه‌ی كه ئه‌منیش ده‌یانڵێم، بۆخۆی دایناون و ئاهه‌نگی خستوونه سه‌ر. نه‌یتوانیوه سازێک لێ‌بدا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ی سازژه‌نی خۆی هه‌بووه. ئه‌و له هه‌موو گۆرانییه‌كی زیاتر حه‌زی له گۆرانی ئایینی و دڵداری بوو.
هێلا شلوومبێرگێر: نێوه‌رۆكی گۆرانییه دڵدارییه‌كان چبوو؟
ماملێ: نیزیكه‌ی ته‌واوی گۆرانییه دڵدارییه‌كانمان له سه‌ر كچێكی جوان و جحێڵ ساغبوونه‌وه كه كوڕه جحێڵه‌كه نایگاتێ.
هێلا شلوومبێرگێر: چۆن جوانیی كچه كورده‌كان به گۆرانی باس ده‌كرێ؟
ماملێ: ته‌واوی ئازای له‌شی، بێجگه له عه‌وڕه‌تی، به وێنه‌یه‌ک ده‌شوبهێنرێ و به گۆرانی پێیهه‌ڵده‌گوترێ. چاوه‌كان ئه‌ستێره‌ن، لێوه‌كان سندووقی چكۆڵه‌ی زێڕین- زاری گه‌وره لێره په‌سند نییه- ، ددانه‌كان مروارین، ڕه‌نگی گه‌ردن به به‌فری تازه‌كه‌وتووی كوێستانان ده‌شوبهێنین، پرچه‌كان به شه‌وانی زستان- ڕ‌ه‌ش و درێژ- ، كوڵمه‌كان به سووره‌گوڵی كێوی، سینگ به باغێكی جوان، كه حه‌ز ده‌كه‌ین لیمۆی لێبكه‌ینه‌وه. له به‌ندێک دا بۆ وێنه ده‌گوترێ: “مه‌مكوژه تۆ گه‌ردنی خۆت ڕوو له زولفان ده‌رخه‌وه / ئه‌ی ستاره‌ی سوبحده‌م ئه‌وشۆكه زووتر ده‌ركه‌وه”[شێعری “وه‌فایی”یه. – وه‌رگێڕ-]. ژنان له گۆرانییه‌كانماندا زۆرتر وه‌ک “جنسی ناسک” دیاریده‌كرێن.
هێلا شلوومبێرگێر: جوانیی پیاوانیش ده گۆرانیدا باس ده‌كرێ؟
ماملێ: نه‌خێر. به غیره‌تیان، چه‌كه‌كانیان، جلوبه‌رگیان هه‌ڵده‌گوترێ، به‌ڵام باسی جوانی و موحیبه‌تیان ناكرێ.
هێلا شلوومبێرگێر: جا ژنن كه به پیاوه‌كان هه‌ڵده‌ڵێن، یان بۆخۆیان به خۆیان هه‌ڵده‌ڵێن؟
ماملێ: ژنیش هه‌ن كه شێعر و گۆرانی به سه‌ر پیاواندا هه‌ڵده‌ڵێن، به‌ڵام له ڕوویان هه‌ڵنایه به ئاشكرا له نێو خه‌ڵكی ده‌ریبڕن. له ده‌وروبه‌ری ئێره دێهاتمان هه‌ن كه دیمه‌نی ئاوایان لێده‌بینرێ: كوڕێكی جحێڵ به ته‌نێ به كۆڵانی دێی دا دێته خوارێ، كچێكی جحێڵ، ئه‌ویش به ته‌نێ، به‌ره‌و پیری دێ و به گۆرانی به كوڕه‌ی هه‌ڵده‌ڵێ، به‌و شێوه‌یه به كوڕه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نێ كه حه‌زی لێده‌كا. یان له نێو مه‌نگوڕان، نه‌ک هه‌ر پێش زه‌ماوه‌ند، وه‌كی دیش دڵداریی به ئاشكرا ئازاده، بۆیه ئه‌وان ئاوا جوان و باڵابه‌رز و به‌هێزن.
هێلا شلوومبێرگێر: گۆرانی واش هه‌ن كه تێیاندا به ژنێک هه‌ڵبگوترێ كه جوان و ناسک نه‌بێ؟
ماملێ: به‌ڵێ، بۆ وێنه گۆرانییه‌ک له سه‌ر ئایشێ شێزاد كه له جه‌نگه‌ی برسێتی و گرانییه گه‌وره‌كه‌ی شێست و پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دا، كه نیوه‌ی خه‌ڵكی مه‌هابادێ تێداچوون، بۆ هه‌ژاران له بازاڕی سواڵی نانی ده‌كرد. به‌و شێوه‌یه دوو مانگی زستانێ نانی دا به هه‌ژاران، هه‌تا به‌فر چۆوه و خه‌ڵک له كێوان دیسان شتێكیان بۆ خواردن وه‌ده‌ست كه‌وت.
هێلا شلوومبێرگێر: ئه‌دی ئه‌و ده‌مه‌ی كه ئه‌تۆ لاو و ئاشق بووی چۆن بوو؟
ماملێ: سه‌رده‌می ئێمه ئاوا بوو: ئێمه هه‌میشه به ده‌وری ماڵه كچه‌یدا ده‌خولاینه‌وه. جاری وابوو شه‌ش مانگی ده‌خایاند هه‌تا ده‌مانتوانی بۆ یه‌كه‌مجار ڕووی كچه‌ی ببینین. جا ئه‌گه‌ر ئه‌ویش حه‌زی له ئێمه كردبا دیارییه‌كی بۆ ده‌ناردین، زۆر جاران سێوێكی سووری بۆنخۆش بوو.
هێلا شلوومبێرگێر: ئه‌تۆ كه‌نگێ یه‌كه‌م سێوی سوورت وه‌رگرت؟
ماملێ: له ته‌مه‌نی بیست، بیست و یه‌ک ساڵیدا.
[ژنی ماملێ‌ی كه له‌و ماوه‌یه‌یدا ده‌گه‌ڵمان دانیشتووه و به وردی گوێی هه‌ڵخستووه، ڕوخساری به پێكه‌نین گنجی تێده‌كه‌وێ و لاتاوێكی داوێ: “وه‌ک ئه‌من ده‌تناسم، ده‌بێ هه‌شت ساڵت بووبێ!”، ماملێش زه‌رده‌ی دێتێ و ده‌ڵێ: “دوایه بۆیه هێنده‌م سێ‌و ده‌درایه چونكه به ئاشكرا گۆرانیم ده‌گوت. جاری واشبوو ماچێكیان ده‌دامێ، له پاشان وه‌ک شای شاییم به خۆم بوو.”]
هێلا شلوومبێرگێر: ئه‌دی ئه‌نگۆ چتان ده‌دا به كچه‌كان؟
ماملێ: زۆرتر سابوون، عه‌تر یان ئاوێنه‌یه‌ک.
هێلا شلوومبێرگێر: بۆچی ئاوێنه؟
ماملێ: تیشک و ئاوێنه بۆ ئێمه نیشانه‌ی چاكی و پاكین. بۆیه له زه‌ماوه‌ندیشدا ئاوێنه له پێش بووكێ ڕاده‌گیرێ. جاری وایه ماڵه بووكێ ئاردی به سه‌ر بووكێ داده‌كه‌ن، هه‌تا منداڵی زۆر بێ.
هێلا شلوومبێرگێر: له زه‌ماوه‌ندی “بادام(2)”ێ شیرنیات و پووڵیان به‌سه‌ر بووكێ وه‌رده‌كرد.
ماملێ: به‌ڵێ، ئه‌وه‌ش به‌و مانایه‌یه كه بووک وه‌ک شه‌كری شیرن بێ، به پووڵه‌كه‌ش ماڵه بووكێ ده‌یانه‌وێ ئه‌وه‌ی بگه‌یه‌نن كه له پێناو كچه‌كه‌یاندا له هیچ خه‌رج و زه‌حمه‌تێک ناسڵه‌مێنه‌وه. دیتت كه‌ڵه‌بابێكیان به سه‌ر بووكێ دا هه‌ڵاویشت؟
– وه‌بیرم نایه.
– ئه‌وه‌ش به‌و مه‌به‌سته‌ی بوو كه ئاره‌زوویانه یه‌كه‌م منداڵ كوڕ بێ. وام چاو لێ مه‌كه! ئه‌وه هیچ پێوه‌ندییه‌كی به ئایینه‌وه نییه. بۆیه‌یه كه له دێهاتی كاره قورسه‌كان به ده‌ست پیاوانه‌وه باشتر به‌ڕێوه ده‌چن، ئه‌وجار له‌به‌ر ئه‌وه‌شه كه ئێمه كورده‌كان پیاومان ده‌وێ بۆ خه‌بات له پێناوی ڕزگاركردنی كوردستاندا.
[ لێره دا دیمه‌نێكم دێته‌وه به‌ر چاو كه شه‌ش مانگ له‌وه‌ی پێش له مه‌هابادێ، له ماڵه برایه‌كی محه‌ممه‌دی ماملێ، دیتم: براكه‌ی له كن ژن و كوڕه‌كانی له سه‌ر فه‌ڕشێ چۆكی دادا و له‌به‌ر خوڵای پاڕاوه كه كوڕه‌كانی وه‌ک قوربانیی بۆ كوردستان لێ قه‌بووڵ بكا. كه‌سیش قسه‌ی ده قسه‌یدا نه‌كرد، به پێچه‌وانه‌وه، ژن و كوڕه‌كان پێیان شانازی بوو.
ماملێ ده‌ست به سه‌ر كچه چكۆڵه‌كه‌ی دادێنێ و به ئاشكرا ده‌ڵێ: “به‌ڵام ئه‌من كچه‌كانم زۆر له كوڕه‌كانم خۆشتر ده‌وێن.”]
هێلا شلوومبێرگێر: هیچ كایه‌یه‌ک هه‌یه كه تایبه‌ت به كوردان بێ و ئه‌نگۆ له ڕابردوو دا له مه‌هاباد كردبێتان؟
ماملێ: به‌ڵێ، كایه‌ی میرمیرێن، كایه‌یه‌كی یه‌كجار سیاسییه.
هێلا شلوومبێرگێر: كایه‌یه‌كی سیاسییه؟
ماملێ: كایه‌یه‌ک كه به‌رده‌وام له لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه قه‌ده‌غه ده‌كرا، ئه‌و كایه‌یه‌ش دوا جار دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیی لێره به‌ڕێوه چووه. “میر” یانی حاكم و سه‌ردار. حاكمێكی ڕاسته‌قینه بۆ كوردستان هه‌بوو، به‌ڵام میری گه‌مه ده نێو خۆماندا هه‌ڵده‌بژێردرا. ئه‌و میره ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی دیاری ده‌كرد، وه‌زیر و ویشكه‌ڕنی هه‌بوو، به هه‌موویان هه‌وڵیان ده‌دا وه‌پێكه‌نینی خه‌ن. ئه‌گه‌ر میر پێكه‌نیبا، كایه‌كه ته‌واو ده‌بوو. ئه‌من قه‌ت میرێكم نه‌دی پێبكه‌نێ. دوایین میر، سه‌دیقی سیاسه‌ری، له گه‌ڕه‌كی مه دا ده‌ژی، چه‌ند ماڵ ئه‌ولاتر، ئه‌و له‌و ده‌مێوه هێشتا هه‌ر پێنه‌كه‌نیوه. میرمیرێن گه‌مه‌ی منداڵان نییه، له هه‌موو دێهاته‌كان ده‌یكه‌ن و چه‌ند شه‌و و ڕۆژان ده‌خایه‌نێ. زۆر جاران ده‌و ده‌مه‌یدا ده‌ست پێده‌كا كه كوردێک زیندانی ده‌كرێ. ڕه‌خنه ده‌ربڕینێكه، وه‌ک دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی دیكه، دژی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوتكه‌رانه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندیی تارانێ، وایه. میری گه‌مه‌ی ئێمه میری ڕاسته‌قینه‌ی، كه به بێ قانوون و به ئه‌وپه‌ڕی دڕنده‌یییه‌وه له مه‌هابادێ حكومه‌تی ده‌كرد، ناچار كرد زیندانیی سیاسی ئازاد بكا. به‌و چه‌شنه كه ده‌سته‌یه‌كی دیاریكراو له لایه‌ن میری گه‌مه‌وه كورتانێكی كه‌رێ ده‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن و ده‌چنه كن میری ڕاسته‌قینه و پێیده‌ڵێن: “ئه‌تۆ یان ده‌بێ ئه‌و كورتانه‌ی له خۆت نێی یان ده‌بێ زیندانییه‌كان ئازاد بكه‌ی.” ئه‌ویش ناعیلاج ڕێگای دووهه‌م هه‌ڵده‌بژێرێ. له جه‌نگه‌ی گه‌مه‌ی میرمیرێن دا هه‌موو دوكان و بازاڕ داده‌خران، له هه‌موو شوێنان ده‌خورا و ده‌خوراوه، هه‌ڵپه‌ڕكێ و زه‌ماوه‌ند ساز ده‌بوون. له ته‌واوی دێی دا قسه‌ی خۆش ده‌كران، به‌و قسه خۆشانه ده‌یانه‌ویست میر وه‌پێكه‌نین خه‌ن. ده نێو ئه‌و قسانه دا نه‌قڵی زۆر پیسیشیان ده‌گێڕاوه.
[ماملێ پاڵده‌داته‌وه، پێده‌كه‌نێ، به‌ڵام به هیچ چه‌شنێک نایه‌وێ یه‌كێک له‌و نه‌قڵانه بگێڕێته‌وه.] بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندان شانازی بوو كه له كاتی ئه‌و جێژنه دا پووڵ و خوارده‌مه‌نییان به‌خشیباوه. ئه‌گه‌ر به مه‌یلی خۆیان ئه‌وه‌یان نه‌كردبا، میری گه‌مه پیاوی خۆی ده‌سه‌ر ده‌كردن، هه‌تا پووڵیان لێ ئه‌ستاندبان، پاشان ئه‌و پووڵه به سه‌ر هه‌ژاراندا ده‌به‌خشراوه. بزانه، ئێمه هه‌ر ئه‌وده‌می به‌و گه‌مه‌یه ویستوومانه حكومه‌تی تایبه‌تیی خۆمان، عه‌داڵه‌تی تایبه‌تیی خۆمان، ڕێكخراوی تایبه‌تیی خۆمان دامه‌زرێنین و خۆمان ڕابێنین، به‌ڵام به چه‌شنێک كه گاڵته و خۆشیشی ده‌گه‌ڵ بێ. بۆیه ترسی حكومه‌تی شای سه‌باره‌ت به گه‌مه‌ی میرمیرێن زۆر به‌جێ بوو.
هێلا شلوومبێرگێر: وێده‌چێ وه‌ختی وه‌ی هاتبێ كه ئێوه دیسان میرمیرێن ده‌ست پێبكه‌نه‌وه.
ماملێ: هه‌قته، ده‌بێ ده‌ست پێبكه‌ینه‌وه…
[له‌به‌ر خۆیه‌وه ده‌چێ ده فكره‌وه]
هێلا شلوومبێرگێر: ئه‌رێ گۆرانیی كوردیی تازه هه‌ن كه باسی ئه‌و شه‌ڕه‌ی دوایی بكه‌ن؟
ماملێ: ئه‌من هێشتا شێعرێكی وام له سه‌ر نه‌بیستووه. ئه‌گه‌ر “هێمن” یه‌كێكم بۆ بنووسێ، ده‌توانم ده‌سبه‌جێ بیكه‌م به گۆرانی. ئه‌گه‌ر ئه‌تۆ جارێكی دیكه بێیه‌وه، به بێ شک زۆرمان ده‌بن.
——————————————————————————————————-
(1): ماملێ ساڵی 1925 له دایک بووه و ساڵی 1999 كۆچی دوایی كردووه. – وه‌رگێڕ-
(2): بادام گوندێكه له نیزیک مه‌هاباد. – وه‌رگێڕ-
——————————————————————————————————-
سه‌رچاوه:
Durch freie Kurdistan – Erlebnisse in einem Vertrauten Land – Hella Schlumberger, 1980 C. Bertelsmann Verlag, Muenchen – ISBN 3-570-05285-0 – Printed in Germany, S. 126 – 129