سینا بەهرامی
شەرتە نیشتمانێک ساز کەم
کە ئاڵاکەی
چاوی تۆ بێ و
یاساکانی
ماچ بێت و خۆشەویستی!
نیشتمانێک پێک دێنم
تەنیا ڕەنگی
لێوی تۆ بێ و
ئایینەکەی یار پەرەستی!
نیشتمانێک پانتاکەی
قاڵیەکی سێ لە چوار و
سروودەکەی
ئاوازێکی “ماملێ”.
نیشتمانێک
پارلەمانێکی هەبێ بۆ دوو کەس و
تاقە یەک حیزب
ئەویش عەشق ناوی بێ!
سینا بەهرامی
پشت لە ئاسۆ
*********
تۆ لە کوێوە
گۆرانی بۆ عەشق دەڵێی؟!
کام خواوەند
ئاواز بۆ تۆ دائەنێ؟
کە تاسەی هەر کەسێک ئەکەم
یان لە هەر شتێک وەڕەز ئەبم
دڵ خێرا لێم دێتە دەنگ:
پەنا ببە بۆ ماملێ!