بۆ یادی ماملێ
فیدای سۆزی قەتار و لایەلایەت بم، ڕۆحی کوردان
فیدای نەغمە و سکاڵای نایەنایەت بم، قەڵای مەردان
ئەوینداران لەگەڵ دەنگی بلاوێنت دەناڵێنن
دەبارێنن لە داخی نامەردی، دەستلەیەکبەردان
بڵاون خێڵی کوێستانچی لە مەڵبەندی موکریانا
قریوەی نایە لەو خاکە قورینگی وێڵ و سەرگەردان
جەفاکاری دەکات گەردون لەسەر ئەو خاکە پیرۆزە
حەقیان نییە بچنە سەیری باخی شەقڵاوە و کراسزەردان
تەشیڕێسێکی وەک شیرین، خەشابی پێوەیە ئەمڕۆ
سەری قوربانی ئاڵایە و دەچێتە ڕاوی نامەردان
هەوایەکم نییە ئوستاد خەمی خاکم لەگەڵ دەرکا
سەبووری ئەو دڵەم نایە مەگەر هەر گڕ لەخۆبەردان
نووسینی: بەرۆ ئاسۆ