“دەنگی ماملێ”
خوڕەی شەنگترین تاڤگەیە
هەموو ڕۆژێک کەژاوەیەک
بەڕێ دەخا لە بنارم
شەپۆلێکی تەزووهێنە
چ بخوازم یا نەخوازم
دێتە دیدەنی کەنارم.
سبەینان زوو
لە بەر پەنجەرەی ژوورەکەم
وەک شالوورێک بۆم دەخوێنێ
شەوان کیژۆڵەی جێژوانە
دەیدوێنم دەمدوێنێ
دەنگی ماملێ:
نرکە-نرکی کۆڵبەرێک و
هانکەهانکی زارۆکێکی
دوور لە زێدە
ترپە-ترپی دڵی ماندووی
دڵدارێکی نائومێدە
دەنگی ماملێ
تێشووی ئاواتی دوورەڕێی
تازەلاوێکی هەڵگوردە
هەڵۆیەکی بەرزەفڕی گەڕیدەیە
هەر ساتێک و لەسەر لووتکەی
چیایەکی بەرزی کوردە
حەسەن مەحمود