Skip to content

“ئیجباری” لە کوردستان و گۆرانییەکی نەمر “محەممەدی ماملێ”

نووسینی مێژووناس:
ئەنوەری سوڵتانی

“ڕەببی ڕەزا شا جووت کوڕت بمرێ
قەت بووە ئیجباری لە کوردی دەگرێ!”

هۆکاری نووسینی ئەم یادداشتە، گوێ گرتن بوو لە گۆرانییەکی نەمر محەممەدی ماملێ، کە برادەرێکی خۆشەویست بە دیاری بۆی ناردبووم. گۆرانییەکە لە سەر هەوای “ئای شل”ی فۆلکلۆریک دانراوە  کە پێشتر حەسەن زیرەک و هەندێ گۆرانی بێژی دیکە گوتوویانەتەوە. سەربەندی ‘ئەرێ شل….” هەموو جارێک دوای چوار فەرد شیعری سەبارەت بە ئیجباری گرتنەکە، دووپات دەبێتەوە.

enwer soltani
مێژووناس ئەنوەر سوڵتانی

بردنی لاوان بۆ سەربازی، دیاردەیەکی نوێ بوو کە لە سەردەمی  ڕەزاشای پەهلەوی (١٨٧٧ – ١٩٤٤) دا بوو بە یاسا و ڕەچاو کرا.

ناوچەی ژیانی کورد کەوتۆتە سەر سنووری ئێران و دراوسێ دەسەڵاتدارەکانی بەری ڕۆژئاوای وڵاتەکە. لەو ناوچەیەدا شەڕ و ناکۆکی مێژوویەکی نزیک بە پێنج هەزار ساڵەی هەیە. هەموو ئەو حکوومەت و دەوڵەتانەی وا لە بەری ڕۆژئاوای ئێران دامەزراون، لە شەڕ و پێکدادان لەگەڵ دەسەڵاتداریەتی ئێراندا سەرەتا خاکی کوردیان پێشێل کردووە ئینجا گەیشتوونەتە ناوخۆی ئێران و سەر بەش و قەومییەتەکانی دیکەی دانیشتووی ئەو فلاتە؛ بە پێچەوانەش کاتێ ئێرانییەکان هەڵیانکوتاوەتە سەر دراوسێ ڕۆژئاواییەکانیان، سوپایان بە خاکی کورددا تێپەڕ بووە و لەم تێپەڕبوونەدا هەم خەڵکەکەیان بە سۆغرە گرتووە و بە زۆر بردوویانن بۆ شەڕی نەخوازراو، هەم ئابووری شار و گوندەکانی سەر ڕێگەیان لەناو بردووە. ئەو حوکمە بە گشتی هەموو ئەو دەسەڵاتداریەتییانە دەگرێتەوە کە لە ناوچەکەدا پێک هاتوون، هەر لە سومەرەوە تا ئاشوور و یۆنان و ڕۆم و عەرەب و عوسمانی و لەم دواییانەشدا عیراق.

ئەو هێرشبەرانەی وا لە لای ڕۆژهەڵاتەوە هاتبنە شوێنی ئێستای بە کوردستان ناسراو، زۆر نین و دەکرێ لە دوو مەقوولەدا کورت بکرێنەوە: یەکەم ئاریاییەکان و دووهەم، بە هەندێک جیاوازیی قەومییەوە، تورک و مغول. پاشماوەی هێرشەکان هەمووی هەر لە لای ڕۆژئاواوە بووە.

هێزی شەڕڤانی کورد لە ماوەی هەموو ئەو شەڕ وگەڕانەدا، بریتی بوون لە هێزی سوپایی پێکهاتوو لە خەڵکی ئاسایی واتە سوپای ڕانەهێنراوی فێئۆداڵی و عەشیرەیی، کە بە بێ خواستی کۆمەڵانی خەڵک و بە زۆرەملێی حاکمان و شاهان بەشداریی ئەو شەڕانەیان کردووە بێ ئەوەی بەرژەوەندی یان خواست و ئیرادەی ئەوانی تێدا بەرچاو گیرابێت.

سەرەهەودای یەکەم سوپای ڕێک و پێک و ڕاهێنراوی کورد لەو لەشکرەدا دەدۆزرێتەوە کە خوسرەوخانی گەورە کوڕی ئەحمەدخانی موهاجیری ئەردەڵان پێکی هێنا ئەویش لە نێوان ساڵانی ١١٦٨ ی کۆچی (١٧٥٤ز) و ١٢٠٤ ی کۆچی (١٧٨٩/٩٠ ز) دا، کە بە پچڕانێکی سێ ساڵەوە، حکوومەتی ئەردەڵانی دەکرد. خوسرەو خان یەکەم حاکمی ئەردەڵان و تەنانەت یەک لە یەکەم حاکمانی هەموو ئێران بوو کە سوپای نوێی ڕێک و پێکی کردە جێگری چەکداری ڕەمەکیی فێئۆداڵی (سیر الاکراد، ل ٥٣ و تحفە ناصری، ل ١٦٧). ئەو ڕەوتە دوای خوسرەوخان تەریک کەوتەوە و شوێنەوارێکی وای لە مێژووە نووسراوەکاندا بۆ نادۆزرێتەوە.

وێنەی دوو سەرباز (ئیجباری) لە چاخی ڕەزاشا دا

بەڵام لە ئێرانی ساڵانی ١٣٠٠ تا ١٣٠٥(١٩٢١ تا ٢٦) دا هەوڵێکی زۆر لە پێناو هێنانە گۆڕی یاسایەک بۆ مەجبوور کردنی لاوان بە کاری سوپایی درا و مەجلیسی شۆڕای ئێران لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٠٤ ی هەتاوی (١٩٢٦ز) دا بۆ یەکەم جار قانوونی خزمەتی ئیجباری بۆ کوڕانی هاوڵاتی ئێران، دوای تەمەنی ١٨ ساڵان پەسند کرد و لە ئەنجامدا ئیجباری چوون بوو بە کارێکی ئیجباری!

حکوومەتی ڕەزاشای پەهلەوی (نێوان ١٣٠٤ تا ١٣٢٠هەتاوی/ ١٩٢٥ تا ١٩٤١ز) بەو کارە و هەروەها بە هەندێک هەوڵی دیکەی لە پێناو هاوچەشن کردنی جل و بەرگ و کڵاو و گۆڕینی ڕۆژژمێری مانگی بۆ هەتاوی و مەنعی حیجاب، کە ئەوانیش چاک یان خراپ، بە زۆرەملێ و بە پێچەوانەی خواستی کۆمەڵانی خەڵک بەڕێوەبران، کەوتە ناحەزی نواندن و دژبەرایەتی خەڵکەوە و کەم و زۆر، بۆ یەکەم جار کۆمەڵانی گەلیش دژ بە “اولی الامر”ێکی تاجدار وەستان کە پێشتر، بۆ ماوەی سەدان سەدە و ساڵ ئیتاعەت کردنیان بە واجیب زانیبوو! ئەو ڕووبەڕوو وەستانە، بە تایبەت لە کوردستان و لە ناو مەلای سوننە و هەندێک شێخ و مەشایەخ (نەک هەموویان)، هەروەها لە ناو “بەرگدروو”ی شارەکاندا زیاتر هەستی پێ دەکرا کە فەرمانی مەنعی لەبەر کردنی جل وبەرگی کوردی بژیوی ڕۆژانەیانی خستبووە مەترسییەوە.

ئەو دژایەتییە درێژەی کێشا و خەڵک تەنانەت لە سەردەمی کوڕەکەشیدا (١٣٢٠ تا ١٣٥٧هەتاوی/ ١٩٤١ تا ١٩٧٩ز) لەگەڵ سیاسەتەکەیان ئاشت نەبوونەوە و بەربەرەکانیان کرد. سەرهەڵدانی کۆمەڵەی ژێکاف و حزبی دیموکراتی کوردستان، دامەزرانی کۆماری کوردستان، ڕاپەڕینی ساڵی ١٣٣١ و ٣٢ ی خەڵک لە چەند ناوچەی کوردستان، خەباتی چەکدارانەی ساڵانی ١٣٤٧ و ٤٨ دەرەنجامی ئەو بەربەرەکانییە بوون کە سەرەئەنجام گەیشتنە ڕاپەڕینی جەماوەریی ساڵی ١٣٥٧ و ڕووخانی ڕژێمی شاهەنشاهی بە تەواوەتی.

شیعری گۆرانییەکەی ماملێ، بابەتێکی فۆلکلۆری و هەڵقوڵاوی خواست و ئیرادەی کۆمەڵانی خەڵک لای کەم لە بەشێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. شیعرەکە پیشاندەری هەستی خەبات و بەربەرەکانی کردنی خەڵکە لە بەرانبەر سیاسەتەکانی دەوڵەت و بە تایبەت لە بەندی یەکەمیدا ناچاری و ناعیلاجی خەڵک بەرانبەر سیاسەتێک کە بە ناعادڵانەی دەناسن و لە بەندی چوارەمدا تووڕەیی و هەروەها سەرسووڕمانی خەڵک دەبارێت. با سەرەتا شیعرەکان بخوێنینەوە:

“کوڕم گەورە کرد بە قەندی شاری /  ڕەزاشا بردی بۆ لای ئیجباری
مانگێ حەوت قڕان، ڕۆژێ چوار شایی /  چ بدەم بە قەند و چ بدەم بە چایی!
بەرگی ئیجباری بە بەرم تەنگە /  لەکن ‘یاوەر’ی زمانم لەنگە!
ڕەبی ڕەزاشا جووت کوڕت بمرێ /  قەت بووە ئیجباری لە کوردی دەگرێ!”

ئەەوەش سەربەندی گۆرانییەکە:

ئەرێ شل وەی شل، شل و شێواوی /  یان ماندووی ڕێگای دەنا هەتاو لێیداوی

شیکردنەوەیەکی وشەکانی شیعرەکە:

قەند: شەکری بە کڵۆکراو

قەندی شاری: پێشتر لە کوردستان و شوێنەکانی تر لە ناو ئێران زۆر کەس لە ناوماڵی خۆی قەندی دروست دەکرد واتە شەکریان لە ئاودا دەکوڵاند و دەیانکردە قاڵبەوە و کاتێ دەمەیی و ڕەق هەڵدەگەڕا لەتیان دەکرد و لەگەڵ چایی دەیانخوارد. من لە سەردەمی منداڵیی خۆمدا لە ماڵی خۆمان لە بۆکان بینیومە دایکم قەندی دروست کردووە و لەبەر تاوی داناوە تا خۆی بگرێت و بمەیێت.

بەڵام ئەو قەندەی وا لە شارەکان زیاتر دەخورا و لە شارەوە دەبرایە گوند، بەشێکیان شکڵی کەلـلەقەند (مخروط)ی هەبوو و زیاتریش پەسند دەکرا لەبەر ئەوەی درەنگتر لەدەمدا دەتوایەوە و زۆرتری بەرگە دەگرت. ئەوەی کە پێی دەگوترا ‘قەندی شاری’، یان لە کارخانە (بۆ نموونە، لە کارخانەی قەندی میاندواو) دروست دەکرا کە لە ساڵی ١٣١٢ واتە سەردەمی ڕەزاشادا بنیات نرابوو، یان لە کارگەی بچووک. قەندی کارگەکان کەلـلەیی نەبوون و شکڵی ‘هەشت گۆشە’یان هەبو، بە قەبارە لە کەلـلە قەند بچووکتر بوون و قەندی کڵۆیان پێدەگوترا، نرخیشیان کەمتر بوو لە نرخی قەندی کەلـلە. منداڵ بە قەندی شاری گەورە کردن واتە خەرج و مەسرەفی زۆر بۆ کردن.

ڕەزاشا: یەکەم شای زنجیرەی پەهلەوییەکان کە دوای ئەحمەدشا (دوایین شای قاجار) لە ئێرانی نێوان دوو شەڕی گەورەی جیهانیدا پادشایی کرد و لەر سەردەمی ئەودا ‘خزمەتی سەربازی’ کرایە ئیجباری. بڕوانە سەرەوەتر.

مانگێ حەوت قڕان…: مواجبی مانگانەی سەربازی بە ئیجباری گیراو لە ئێران زۆر کەم بوو. ئەو حەوت قڕانە تەنانەت کەمتر لە یەک تاقە تمەنیش بوو. وابزانم تا ساڵانی دوای ١٣٣٢ش ئەو پارەیەی وا دەدرایە سەرباز هەر وا کەم بوو.

قڕان: ڕیاڵ، دەیەکی تمەنێک.

شایی: بیست یەکی قڕانێکە. قڕان بیست شایی بوو لە قڕان کەمتریش هەبوو کە پێیان دەگوت دە شایی و لە هەندێک بەشی کوردستان بۆ نموونە لە موکریان “پەنابات”یان پێدەگوت. “پەناباد” لە وشەیەکی ڕووسی دەچێت و ئەو ناوە لە ئێرانیشدا هەبووە، بۆ نموونە لە شیعرێکی فۆلکلۆری فارسیدا کە باسی یەکەمین هێڵی ڕێگائاسنی نێوان تاران و شەهرڕەی (شاه عبدالعظیم)دەکات کە یەک لە وێستگەکانی لە گوندی “دەوڵەت ئاباد”ی نێوان ئەو دوو شارە بوو، ئاوا گوتراوە: “تڕن آمد دولت آباد / قران دادم جای پناباد” (لە کتێبی “از صبا تا نیما”م وەرگرتووە). پێشتر ‘شایی’ش هەبوو کە بیست یەکی قڕان بوو بەڵام بۆ نموونە، لە سەردەمی منداڵیی مندا چیتر لەبازاڕدا نەمابوو.

ئەو شیعرە بە گشتی باری ئابووریی و ژیانی ناخۆشی سەربازمان بۆ دەگێڕێتەوە و دیارە دڵی کەس وکاری سەربازەکەی سووتاندووە کە منداڵە نازدارەکەیان لە سەربازی چی بەسەر دێنن و چۆن لە نەداری و هەژاریدا دەژی.

بەرگی ئیجباری…: جل و بەرگی ئیجباری بە بەژنی کەسەکە نەبڕدرا و زوربەی کات گەورەتر یان بچووکتر دەردەچوو. گەورە بوونەکەی خراپ نەبوو بەڵام ئەگەر بە بەری کەسەکە تەنگ بوایە، کێشەی دڕان و هەڵوەشانەوەی لێ پەیدا دەبوو و سەرباز مەجبوور بوو خۆی بە دەرزی و دەزوو بیدروێتەوە. ئەوەش بۆ کوڕەلاوی دەست و پێ سپیلکە کارێکی ناخۆش بوو. کوڕی تەمەن ١٨ و ١٩ ساڵان لەو کۆمەڵگایەدا عادەتی بە خزمەتەکانی دایک و خوشک گرتبوو و زۆربەی کات، یەکەم جار بوو لە ماڵی خۆی هاتبووە دەرێ بێ ئەوەی هیچ شتێک لە کاری ناوماڵ بزانێت.

منداڵ لە وڵاتانی ڕۆژئاوا گەلێک باشتر ڕادەهێنرێن و بەهۆی نەبوون (یان کەم بوونی) جیاوازی لە نێوان کوڕ و کچەوە، لە ماڵ و قوتابخانە فێری ئەوە دەکرێن هەندێک کاروباریان خۆیان بەڕێوەی بەرن. بەڵام منداڵی نێرینەی لای ئێمە وەک باوکەکەیان، کەڵک لە خزمەتی ئەندامانی مێینەی ناو ماڵ وەردەگرێت هەر لە ئامادەکردنی خواردنەوە تا جل وبەرگ شتن و تەنانەت جێگەوبان ڕاخستن و هەڵگرتنەوەی و گەسک لێدان و قاپ و قاچاخ شۆردن دەخاتە ئەستۆی دایک و خوشکەکەی. ئەو جیاوازیی پەروەردەیە ئێستاش کاتێ لاوانی کورد بە پەنابەری دێنە ئوروپا، بە باشی دەردەکەوێت. لە کاتێکدا منداڵانی ئوروپایی ئەو تەمەنی تین ئەیجرییە، بە کچ و کوڕەوە، لای کەم دەزانن چۆن هەندێک خواردن ئامادە بکەن و جل و بەرگی خۆیان لە جلشۆری کارەباییدا بشۆن، لاوانی کەم تەمەنی کورد بە تایبەت لە باشووری کوردستانەوە کاتێ دەگەنە ئێرە، دەڵێن جگە لە هێلکە وڕۆن هیچ خواردنێک ناتوانین ئامادە بکەین و ئیش کردن بە جلشۆری کارەباییش نازانین، جل و بەرگیشمان هەمیشە دایکمان بۆی شۆردووین و گەسکی کارەباییشمان نەبووە بزانین چۆن ئیشی پێدەکرێت!

یاوەر: مێجەر، سەرگورد، پلەیەکی سوپایی لە ئێرانی سەردەمی ڕەزاشا بەدواوە.

بەگوێرەی پەسندی “فرهنگستان ایران” لە ساڵی ١٣٠٠، دەرەجەی ‘یاوەری’ بوو بە بەشێک لە دەرەجاتی ئەرتەش. بەڵام لە ساڵی ١٣١٤ دا هەمان فەرهەنگستان ناسناوەکانی سوپای سەرلەنوێ گۆڕی و هەموویانی کردە ‘فارسی’، کە یەکیشیان یاوەر بوو و کرایە ‘سەرگورد’.

serbaz

جووت کوڕی ڕەزا شا: ڕەزاشا سەرجەم لە چوار هاوسەری خۆی ٧ کوڕ و چوار کچی بوون. سێ منداڵی یەکەمیان کچ و شەش منداڵی دواتر کوڕ بوون ئینجا کچێک و کوڕێکی دیکەشی بووە. دوو کوڕی یەکەمی ڕەزاشا بریتی بوون لە محەممەد ڕەزا و عەلی ڕەزا. محەممەدڕەزا دواتر بوو بە جێگری باوکی و شای ئێران، عەلی ڕەزا دووهەم کوڕی ڕەزاشا و برای دایک و باوکی محەممەدڕەزا بوو لە تاج الملوکی ئایرەملوو هاوسەری دووهەمی باوکی.[1]

هەندێک حیسابات سەبارەت بە مێژووی گوترانی شیعرەکان:

کاتێ کە لە شیعرەکەدا گوتراوە “ڕەببی ڕەزاشا جووت کوڕت بمرێ…”، بە ئەگەری زۆر سەردەمێک بووە کە ڕەزاشا تەنیا ئەو دوو کوڕەی بووە و بەو حیسابە، ڕێکەوتی لە دایکبوونی کوڕی دووهەم گرنگایەتی پەیدا دەکات. بە گوێرەی سایتی ویکی پێدیای فارسی، عەلیڕەزا ی کوڕی ڕەزاشا، دووهەم کوڕ و پێنجەم منداڵی بووە و لە ١٢/١/١٣٠١ ی هەتاوی (مانگی ٣ی ١٩٢٢) لە دایک بووە.

ئێستا دەبێ بزانین منداڵی دوای ئەو کێ بووە و کەی لە دایک بووە. منداڵی دوای عەلی ڕەزا بریتی بووە لە غوڵام ڕەزا، کە  ١٣ مانگ و ١٢ ڕۆژ دوای لە دایک بوونی ئەو هاتۆتە جیهان.

کە وابوو، ئەو شیعرە لە نێوان ڕێکەوتی لەدایکبوونی کوڕی دووهەم و سێهەمی ڕەزاشادا گوتراوە و ئەویش دەبێتە نێوان  ١٢/١/١٣٠١ و ٢٤/٢/١٣٠٢ ی هەتاوی (بەهاری ساڵی ١٩٢١  و ٢٣ ی زایێنی).

دیارە ئەگەرێکی دیکەش ئەوە دەبێت کە وێژەری شیعرەکە بۆ ڕێک خستنی کێش گوتبێتی ‘جووت کوڕ’ و لەو سەردەمەدا ڕەزاشا زیاتر لە دوو کوڕی بووبێت، ئەوەش نەگونجاو نییە و ئەگەر بچینە سەر ئەو باوەڕە، ئەدەم دەبێ بڵێین شیعرەکە دوای ١٢/١/١٣٠١ (١٩٢٢ز) ی لە دایکبوونی کوڕی دووهەم و ١٣/٤/ ١٣١١ (١٩٣٢) گوتراوە کە ڕۆژی لە دایکبوونی حەمید ڕەزا وەک دوایین کوڕی ڕەزاشایە. بەڵام چ ساڵێک لەو بەینەدا؟ ئەوە نازانرێت و لە شیعرەکەش دەرناکەوێت.

سەبارەت بە شوێنی گوترانی شیعرەکان پێویستە یەک خاڵ بگوترێت. ئەو شیعرانە یەکدەست و یەک چەشن نین و نابێ وەک قەتعە، یان غەزەلێکی ستانداردی کلاسیک چاویان لێ بکرێت. ئەوانە چوار فەرد شیعری لێک جیاوازن سەبارەت بە یەک بابەتی دیاریکراو کە نەمر محەممەدی ماملێ لێرەو ولەوێ کۆی کردوونەتەوە و بە شوێن یەکدا هێناونی، وەک زوربەی هەرە زۆری گۆرانییە کوردییەکانی دیکەش هەر وان. بۆ نموونە، فەردی دووهەم هیچ پەیوەندێکی ڕاستەوخۆی بە ڕەزاشاوە نییە جگە لەوەی سەربازی بیدعەتێکی نوێی سەردەمی ئەو بووە. من ئەو شیعرەم لە سەردەمی منداڵێی خۆمەوە سەدان جار بیستووە بەڵام ئەوانیترم گوێ لێ نەبوون. بەم پێیە شوێنی گوترانیشیان واهەیە جیاواز بێت بەڵام بەگشتی و بە حیسابی شێوە زمان و زاراوە، دەبێ هی ناوچەی موکریانی نێوان شنۆ لە باکوور هەتا بۆکان لە باشوور بێت، گەرچی واهەیە بکرێت جوغرافیاکەی تا ڕادەیەکیش بەرینتر بکرێتەوە و بگاتە هەوشار و سەقز و بانەش. بە حیسابی زاراوە، لام وانییە بتوانین لەوە باشوورتر بڕۆین.

ئەوەی خوارەوە ئەدرێسی ئینترنێتییە بۆ  گۆرانییەکەی نەمر محەممەدی ماملێ لە سەر یوتیووب:

یادی ماملێ و وێژەرانی نەناسراوی ئەو شیعرە فۆلکلۆرییانە بەخێر بێت!

کۆتایی هاوینی ٢٠١٧

[1]  عەلیڕەزا لە ساڵی ١٣٣٣ (١٩٥٤) لە فڕۆکە کەوتە خوارەوە و مرد. هەندێک کەس گومانیان لە شێوەی مردنەکەی کرد و لایان وابوو بە فیتی برا گەورەی خۆی (محەممەد ڕەزاشا) کووژرابێت کە ترسی ئەوەی هەبوو وڵاتە ڕۆژئاواییەکان بیکەنە جێگری ئەو. بەڵام ئەوە واهەیە ڕاستیش نەبێت.
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
ئەم بابەتە لە سایتی “هەڵوێست” وەرگیراوە

بابەتی پێوەندیدار