مردن بۆ ئاشق نیە هەر جاویدانن. (بەشی دووهەم)
نووسینی: محەممەد حـەسـەنپوور (بێوران)
کێ دەڵێ تۆ مردووی کێ؟
سەیری کوڕە لاوان بکە چۆن بە قەتارەکانت بەهاران تۆبەی بە فێڵیان دەشکێنن و وەک پەروانە بەدوای خاڵی یاریان دا وێڵن و بەشوێن کچە وەنەوشە و بیزاچنەکان دا بەشوێن سایەلار و گوێبەگوارەکان دا، بە بیانووی هێنانی ڕێواس و مەندۆک، دەست لە باخی باخەڵان و پاوان و کارگی سینەیان دەگێڕن و لە حەوزی کەوسەری قوڵکی گەردنیان ئاودەخۆنەوە و زەکاتی چاوی جوانیان لێ وەردەگرن و تارمایی شەرمیان لە ڕوو دەتارێنن.
گوێ بگرە، هەمو ڕۆژێ نانەوای کۆڵانەکانی شار بە دەم گوتنی ئایشیلێ مامان و فاتمۆکێ و هەوای چۆمی مەجیدخان خۆیان ڕادەژێنن و نان پێوەدەدەن و نازدارەی بابی دەڵێنەوە.
ئەی شادیهێن! ئەی خەفەتبەر!
چ سڕێک لە دەنگت دا کە وێرانە ماڵ و کۆشک دەقات، مەلا و بێ دین، رزگار و ملبەزنجیر، پیر و جحێڵ و ژن و پیاو بە چریکەت دڵیان جۆلانە دەکات؟
تەنانەت نەخۆشە چاوبەمۆلەق وەستاوەکانی نەخۆشخانەش سەبری گیان هەستە بەیانە و دوکتور دەدرم گرانەی تۆ دەڵێنەوه و بەنۆشداروی ئاوازت ساڕێژی برینیان دەکەن!
ها! شاخەوانەکان بەهاران لە تێهەڵبونی چیا دا مەستی شەڕابی دەنگی تۆن و وەک بولبولان فەسڵی بەهار دەڵێنەوە، تۆ لە هەوای بارانەی تازە و بزووتنی قامکی بلوێری شوانی سەر ئاوهەڵدێری مانگەشەوی هاوین دای، مەگەر دەکرێ زەبووری دەنگت و سێحری پەنجەی فەیزینژاد ئاوێتە ببن و دڵمان گڕووی وەک منداڵن لێنەگرێت و یاری نەوێت
عەزیزم!
چ ڕازێک لە ورینگەی تۆ دا، کە لە بەیانی ڕا کە گوڵ عەتر دەڕێژێ و کە سۆفی دەچتە نوێژی تا شەوان ئەوان دەمان کە ئەستێران دەبژێرین گوێ لە دەنگت دەگریین وتێر نابین؟
من لە بۆسۆی هەناسە و بڵێسەی پیرەدەرونی ئاشقانی دەستەوئەژنۆ و مەجبورە کۆچ دا، گوێم لە ئارامم نیە ساتێ و کوا فێری گەرمای ناوگەرمەسێرەکەی تۆیە!
من لە ئەختەرەکانی ڕۆژئاوا دا و لە فرمێسکی شینی جوانەمەرگ و شەکەرلێوان دا چاوم لێتە و لە هەمو سۆزێکی شەماڵ و هەناسەیێکی ساردی بەمرادنەگەیوان و هەمو ئاخ هەڵکێشانێکی لە مردن ناخۆشتر دا، تۆ هەست دەکەم!
خەمخۆری هونەر!
ئەوەی سینە بە سینە لە باب و کاڵانی موکوریان جێ مابوو لە فەوتان ڕزگارت کرد و وەستایانە وەک دراوان دەسکت کردن و خستتنە گەردەنی هونەری نەتەوەییمان و کودەری بەرپرسیارەتیت لە خۆ شەت دا و بە بیتوێن و زێبار و خۆشناوان و بارزان و…..دا گەڕایی و شاربەشار و ماڵبەماڵ و کۆبەکۆ ناساندتن!
قافلەباشی هونەر!
تۆ لە سەفەری هات و نەهاتی هونەر دا دەست دەنێیە دەستی کاروانچیە لاوەکان و بازی بێریان و ساڵە های ساڵە و ئایشیلێ جوانی و دەستماڵێ و دەستماڵێ و زێڕنۆکەیان بۆ دەکەیە دارعەسای دەست و فێریان دەکەی چۆن بارخانە و باری هونەریان لە هەواری هەرمانی دڵی خەڵکە چاوپڕاو دڵبڕاوکەیان دا بخەن.
ڕۆژ نیە لە سەفەری خەیاڵم دا لە گەڵ دڵبەران و دڵتەڕان سەرێک لە گڵکۆتان نەدەیین و ماچێک له گڵکۆی هەژار نەکەیین و بە هێمن نەڵێن بەیان ئەنگوت و داوا لە تۆ نەکەیین خوایە وەتەن ئاواکەمان بۆ بڵێی و ئێمەش لە گەڵ لەرینی ڕیشۆڵەی پێچ و کڵاوە موکریانیەکەتەوە، ئاوی کەوسەرە و خاکی گەوهەرەت لە گەڵ نەڵێینەوە
کێ دەڵی ئێوە مردون کێ؟
نەمر!
تۆ ئەو کەسە نی کفنت بۆ ببڕین و لە کۆڵانی عەدەم دا بتنێژین، شوێنی تۆ لە شانشینی دڵی نەتەوە پەشێو و دڵشکاوەکەت دایە و هەتا هەتایە میوانی و بە دایمە رۆحمان لە لات دەبێ
بەندی دڵەکەم!
تۆ بە دەنگت بە هەستی هێمن و هزری هەژار ئاویتەت کردین،
زمانی دایک کە دەبوو لە سەر تەختی قوتابخانە فێری ببین لە قوتابخانەی کاسێتەکانی تۆ و زیرەک و عە لی مەردان و …….. دا فێری بوویین!
دڵنیام تۆ نەمردووی و تۆ بولبوولی چەمەنی و هەمو بەهاران دێیتەوە و لە لوتکەی زمزیرانی هونەری کوردی دا لە گەڵ زیرەک بە تێکەڵبوونی دۆست و دەزگیران، بەهاران خۆشە زمزیران بۆ شۆرە لاو و کێژە دڵڕفێنەکانی نیشتمان دەڵێنەوە
کێ دەڵێ ئێوە مرددوون کێ؟
تەواو دڵنیام،
مردن بۆ ئاشقان نیە و ئێوە هەر جاویدانن.