نووسینی: هاوكار فهرهج
سەرێک لە نازداری گیان بدە
بۆ بەگژداچوونەوەی ناشیرینییەکان ھیچ شتێک وەک گۆرانی و موزیک کاریگەر نییە، بۆ بەرگریکردن لە جوانییش ھەر وەھا. زۆر سەیرە، گۆرانی ھەم سەنگەر لە خەم دەگرێت و ھەمیش بە دەستی خۆی زەردەخەنەکانت سەر دەبڕێت! شتێک نییە وەک بەردی موزیک گۆمی دەروون بشڵەقێنێت و (بازنە)کانی شین و شایی تێکەڵ بکات.
ماملێ …
زۆر دەمێکە دونیا تاریک داھاتووە، ئاشقان دڵیان داوەتە دەست نووری دەنگتەوە، گەرووی تۆ ڕوو لە ھەر کوێ بکات، ئەوێ ڕۆشنە. قوڕگی تۆ قوم لە ھەر ئاوێک بدات، ئەوە چاوگی خەمە. دەنگت بخەیتە سەر (سەر)ی ھەر برینێکی دوورەوڵات، (تا)ی غەریبیی لە بیر دەچێتەوە. سەرەکڤانی خەم ڕێ ھەڵە ناکات، حەسرەتی تۆ لە ھەر کوێ بارگە دابنێ، ئەوێ ھەواری ئێش و خەمخانەیە.
ساڵ ساڵی ١٩٢٥ بوو، موحەممەدی ماملێ لە مەھاباد، لە ڕۆژھەڵاتی نیشتمان، چاوی بە دونیا ھەڵھێنا. ماملێ کۆماری عەشقی دامەزراند، جاڕی ئەوینی دا. گەردنی کوردایەتیی بە ملوانکەی گۆرانیی ڕازاندەوە.
ئەو نەڕۆییشتووە! ھەر لێرەیە، زیز بووە لە دەنگ.
بگەڕێوە ماملێ …
“ئای غەریبم! وای غەریبم
سووتا جەرگم
لە دەستم چوو حەبیبم!”
بچوو، مەھاباد بکە بە لانکەی حەسرەت و ڕایژەنە بچوو، کەمەری مەھاباد بگرە و سەمایەکی جوانیبەزێن دامەزرێنە بچوو دیسان سینگی مەھاباد پێشانی خودا بدە کەسەکەم بچوو کەسەکەم برینەکانی کورد بە لۆکەی گۆرانی و مەرھەمی ئەوین ساڕێژ بکە دڵت حیچ نەکات ئەی گوڵی من بچوو، ‘نازداری گیان’ لە قوڕپێوان وەڕەس نەبووە، دەست لەسەر سینە چاوەڕێتە یەک وشەی دیکە مەدرکێنە، باری سەر شانی گەردوون قورس مەکە کەسوکار بچوو قرچەقرچی ئێشوئازارت بخەرە ئامێزی ئاوازێکەوە کەسەکەم دەنگت ھەتا میچی گەردوون ھەڵدەکشێت، ھیچ ھێزێک نییە بەر بە ئازاری دڵت بگرێت گەرووت جۆگەلەی حەسرەتە کەسم دڵت بانی وشککردنەوەی ھەنجیری ھەمیشەتەڕی خەموکەسەرە دەنگت ھەوەندە خەمی لێ ھەڵدەقوڵێ، ئەوەندە خەمی کردووەتە پیشە، ھەر دەڵێی حیچ کەسێکی دیکە پشکێک لە خەمی پێ نەبڕاوە ئای گوڵەکەم چریکەت کۆگای ئێشە ھەللاجی خەم تۆیت وای گوڵەکەم ساقیی ئازاریت دونیات کردووە بە مەزە گەردوون لە لات لە سووچی مەیخانەیەک گچکەترە وای گوڵەکەم پێکی ئێش بە ئێمە دەنۆشیت دڵنیا بە فەلەک زۆر بێوەفا بوو خاترجەم بە، ھەمیشە ‘سەبەبکار’انت خوێنی جگەر دەخۆنەوە ئای کەسم گۆزەی غەمە دەمت شەرابی ئێشپەرستییە دەنگت چاڵەئەسرینی بێبنە ھەناسەت سووتانی بێ کوژانەوەیە ھاوارت .
ماملێ …
ھاوارت بۆ ھەر شتێک کردبێت، بە قوڵنگی ناڵە جەرگیت ھەڵدڕیوە. لە دەرکەی ھەر ماڵێکت دابێت، سووچی سەرەوەت بە ئازار چۆڵ کردووە. ئینجا تۆ چیت نەکرد ھەتا حەقی خەم بدەیت؟ چریکەی تۆ تەنگی بە گەردوون ھەڵچنیبوو، قەیرێکی دیکە لێرە بمابایتەوە، دڵی خودات بریندار دەکرد! ئەوە بۆیە خودای خۆشەویست دەستی گرتیت، لەو کۆتاییی تەمەنەدا حەقگەرووی خستە نێو مشتتەوە: ئەلزەھایمەر.
ئەلزەھایمەر Alzheimer نەخۆشییەکی مێشک و دەمارە، کەسی تووشبوو تووشی لەبیرچوونەوە دەبێت، بە جۆرێک کە ناتوانێت ژیانی ئاساییی ڕۆژانە بە ڕێ بکات. ھەر یەک لە یادگە(لە سەرەتادا ماوەکورت)، توانای بیرکردنەوە، ھەڵسوکەوتکردن، دێنە تێکچوون و شێوان.
ئای کەسەکەم!
خودای خۆشەویست، ئەلزەھایمەری کرد بە جوانترین دیاری بۆت! بۆ ئەوەی ھەر لێرە و پێش ئەوەی بگەیتە بەر قاپییەکەی، پووچایەتیی دونیات پێشان بدات. ئەلزەھایمەر جوانترین سووکایەتییە بە دونیا. ئای کەسوکار! ئەلزەھایمەر
سەرسووڕھێنەرترین پشتکردنە لە دونیا. ئەلزەھایمەر فڕێدانی ھەموو ئەو شتانەیە کە وەرت گرتوون، پێش ئەوەی بەیدەستی مەرگ ببیت. ئەلزەھایمەر پاکبوونەوەیە، گەڕانەوەیە بۆ دۆخی سەرەتا، خۆئامادەکردنە بۆ گەییشتن بە نوور! (یاڕەبی خوایە فریادڕەسم کەی) بەڵێ کەسەکەم! ئەلزەھایمەر بۆ ئەوە بوو، تۆ لە باوەشی دڕکاویی دونیا خۆت ڕاپسکێنی و وەک منداڵێک خۆ ھەڵبدەیتە نێو ئامێزی خوداوە.
ساڵ ساڵی ١٩٩٩ بوو، لەو ساڵەدا جەرگمان کززەی لێ ھەستا.
لەو ساڵەدا، دوو جار جەرگی ئێمە سووتا، دوو جار کورد ھەتیو کەوت، دوو جار دەستی دونیا چووە خوێنمانەوە، دوو جار کۆستمان کەوت، تۆ بە دەستی خودا، لە قەفەزی ئاسمانەکاندا بەند کرایت! تا ڕووناکایی بە گەردوون ببەخشیت، عەبدوڵڵا ئۆج ئالانیش لێرە بە دەستی عەبدەکانی خودا، لە قەفەزی ئیمرالی گیر درا! تا دڵی ئازادیی لە لێدان لێ نەکەوێت و بێتە پاراستن. ئیتر ئەوە بوو خودا سەلماندی، کورد کۆڵەکەی کۆشکی ئازارە.