نووسینی: هونەرمەند دڵزار عابیدی
بۆ هەمووان ئاشکرایە مۆسیقا تەنیا ئامرازێکە کە لە ئێستادا هەموو نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان لە کەنداو تا ئاناتۆلی و تۆروس لە دەوری یەکتر کۆ دەکاتەوە. تەنانەت زمان و شیعر و سیاسەتیش ئەو توانایەی لە سازکردنی پێکبەستەیی و یەکگرتوویی نەتەوەیی لە ئاستی خەڵک و کۆمەڵگادا نییە. لە چاو ون نابێت کە پاش سەد ساڵ دابەشکران و داگیرکاری ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە لە ژێر هیچ دیسکۆرس و ئایدیۆلۆژی و سیستەم و قەبارەیەکی سیاسی کۆ ببینەوە و یەکدەنگ ببین. لە کاتێکدا کە بکەرییەکی (Agency) یەکگرتووی نەتەوەیی بنیات نەنراوە، تاکە تاڵی یەکگرتوویی بە دەستی کوردەوە مابێت مۆسیقاکەیەتی. هەر بۆیە مۆسیقا لەم دۆخەدا ئیتر تەنیا هونەری جوان نییە بەڵکوو بەشێکە لە شوناسی نەتەوەیی و سەد مخابن تاقە ئامرازی یەکگرتوویی نەتەوەیی، لە کاتێکدا ئامرازەکانی دیکەمان لێ زەوت کراون یان لێ ون بوون.
بەڵام لەم دۆخەی ئێستادا ئەم تاکە کونجی هیوایە چۆن و بە چ شێوازێک پلانی بۆ دادەنرێت و ڕەوتی گەشە و پاشەکشەی لە چ دۆخێک دایە؟
بەردەنگی ئەم دەقە هۆگرانی مۆسیقای کوردستان، دەستەبژێری کورد و هونەرمەندانن. ئەگەرنا ڕوون و ئاشکرایە وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان و سیاسەتوانانی کولتووری کورد نە ستراتیژی کولتووری ئاوەز دەکەن و نە لە پلان و بەرنامەیاندایە لە گرینگایەتی ئەم ئامرازە جەوهەرییە تێبگەن. بە گشتی وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەزگا کولتوورییەکان و میدیاکانی باشووری نیشتمان خەریکی ڕاگرتنی سیما و ڕووکەشن، و لە کاری جددی و قووڵ و ستراتژیک خۆ دەبوێرن. ڕوونە کە نووکی پەرسپێکتیڤی ئەوان ڕووی لە دەرەوەی کوردستانە و دەیانەوێت بە داگیرکەران و بیانییەکان نیشان بدەن تا چ ڕادەیەک مەیدان و ئاگۆرای هونەری کوردستان بۆ ئەوان واڵا دەکەن و تا چ ئاستێک خولیا و هۆگری کولتووری بێگانە و نەیار و ئەویدی کوردن، و ئەوین و خۆشەویستی بۆ هونەر و مۆسیقایان ڕۆدەچێننە نێو کولتووری کوردستانەوە. هەر بۆیە دەبێت یاسینێک بەسەر وەها سیستەمێکی کولتووریدا بخوێنرێت.
لە ئەنجامی هەبوونی وەها سیاسەتێکی کولتووریدا، مێدیا کوردییەکان لە بەلاڕێبردنی عەقڵی سەلیمی کۆمەڵگە ڕۆڵێکی بەرچاویان گرتووەتە ئەستۆ و چەواشەکاری هونەریان پەرە پێ داوە. بە هۆی بانگەشە و پڕوپاگەندەیەک کە بۆ تاقمێکی دیاریکراو لە هونەرمەندان کراوە و دەکرێت، بە گشتی خەڵکی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەن لە ئێستادا ژمارەی بەرهەمهێنانی بەرهەمی مۆسیقایی زۆرترە لە دەیەکانی ڕابردوو. بەڵام بە پێچەوانە بانگەشە و پڕوپاگەندە بۆ بەرهەمەکان زیادی کردووە نەک ژمارەی بەرهەمەکان. هەرچەند کە ئەمە تەنیا زیانی مێدیا کوردییەکان بۆ سەر مۆسیقای کوردی نییە و زیانەکانی مێدیای کوردی بۆ مۆسیقای کوردی خۆی پێویستی بە شیکاری دیکەیە.
لەم ئامارەدا کە لە وێنەکەدا دەیبینن، ئەم دیاگرامە ڕەوتی بەرهەمهێنانی میوزیک بە نیسبەت ساڵی ٢٠١٠ نیشان دەدا و ساڵی ٢٠١٠ بە بناغە وەرگیراوە. ئەگەرچی ساڵی ٢٠١٠ش بە نیسبەت پێداویستی کۆمەڵگەی ٥٠ ملیۆن کەسی کوردستان، ئەم ئاستە لە بەرهەمهێنانی هونەری شامی شەریف نەبوو بەڵام بۆ ئەم شیکارییە ئەم قۆناخە بە بنەما دەگیرێت.
بەگشتی بەرهەمهێنانی میوزیک لە ١٠ ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. لەم ڕەوتەدا کە لە وێنەکەدا دەیبینن ژمارەی میوزیک لە ساڵی ٢٠٢٠ بە نیسبەت ساڵی ٢٠١٠، ٨٨% دابەزیوە. لە ساڵی ٢٠١٠دا ٥٠ ئەلبووم و لە ساڵی ٢٠١٢دا ٤٤ ئەلبووم بەرهەم هاتووە بەڵام لە ساڵی ٢٠٢٠دا تەنیا ٦ ئەلبووم بەرهەم هاتووە. هەرچەند ئەم دیاگرامە تەنیا ڕەوتی بەرهەمهێنانی ئەلبووم نیشان نادات و ئاماژەیە بە تەواوی بەرهەمەکان.
ڕەنگە وەها ئارگیومێنتی بکرێت کە باوی ئەلبوومی نەماوە و ناتوانرێت بە بنەما بگیرێت، بەڵام لە حەقیقەتدا ئەو بۆچوونە هەڵەیە و هێشتا لە هەموو دونیا بەرهەمهێنانی ئەلبووم درێژەی هەیە و هێشتا پێوەری سەرەکییە لە پێوانی بەرهەمهێنانی مۆسیقایی وڵاتێک. کاتێک بەرهەمهێنانی ئەلبوومی دادەبەزێت، چالاکی ڕاستەقینەی کولتووری لە بواری هونەرییەوە دادەبەزێت و قەیران ساز دەبێت. هەروەها کێشەی کۆپی کردنی ئەڵبووم و نەکڕینی لە لایەن خەڵکەوە و چارەسەر نەکردنی یاساکانی کۆپی ڕایت، نیشاندەری دۆخی قەیراناوی میوزیکی کوردییە.
بێجگە لە دابەزین یان باشتر بڵێین ڕسیانی بەرهمهێنانی میوزیکی کوردی، دەیان گۆرانیبێژ و ژەنیار بە شێوازی ڕاناگەیندراو دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و دەیان ستۆدیۆ داخراون و مێدیاکانیش پێ و شوێنیان ناگرن و پشت گوێیان دەخەن.
بەسیستەم نەکردنی میوزیکی کوردی، بەپیشەیی نەکردن، بەیاسایی نەکردنی کۆپی ڕایت، نەبوونی سیستەمی بانکی یەکانگیر، نەبوونی ستراتیژی درێژخایەن، هەڵەکانی مێدیاکان و وەزارەتی ڕۆشنبیری، فەرهەنگسازی نەکردن بۆ چۆنیەتی پاڵپشتی دروست لە بەرهەمی هونەری، مشەخۆرکردنی تاقمێک لە هونەرمەندان، بەمافیا کردنی سیستەمی مێدیایی و ئابووری مۆسیقا، دەست تێوەردانی سیاسییەکان بە مەبەستی سیاسی لە مۆسیقادا، نەبوونی بڵاوکەرەوە، نەبوونی سیستەمی پەروەردەی سیستەماتیک، تەوژمی ئیسلامی سیاسی، هێرشی کولتووری داگیرکەران و چەندین هۆکاری دیکە خەریکە مۆسیقای کوردی بەرەو هەڵدێری نەمان دەبات.
لە ئێستادا ئەرکی پارێزگاریکردن لە مۆسیقای کوردی کەوتووەتە ئەستۆی سێ بەرە: یەکەم خەڵکی ئاسایی، دووەم دەستەبژێری کۆمەڵگە، سێیەم هونەرمەندان.
ڕۆڵی خەڵک لە ئێستادا ئەوەیە؛ کە بزانن ئەو میراتەی بە هەزاران ساڵ بۆمان ماوەتەوە و شانازی پێ دەکەین، مەترسی توانەوە و لەناوچوونی لەسەرە. لەبەر ئەوە پێویستە لە هونەرمەندانی بەرهەمهێن پشتیوانی بکرێت. بە هەر جۆرێک کە لە توانایاندایە خاوەنداریەتی لە مۆسیقای کوردی بکرێت. بزانن کە مۆسیقای کوردی تەنیا موڵکی هونەرمەندان نییە بەڵکوو بەشێکە لە ناسنامەی گشتی هەموو کوردان. دەبێت خەڵکی کوردستان پەرۆشی دۆخی قەیراناوی مۆسیقای کوردی بن و لە بەرامبەر مەترسییەکان و هەڕەشەکانی خەم سارد نەبن. خەڵک دەتوانێت ببێتە چیایەکی خۆڕاگر بۆ خەباتی هونەری هونەرمەندان. هونەرمەندی ڕاستەقینە ئیتر لەم دۆخەدا نەک هەر هونەرمەند بەڵکوو خەباتکارە.
دووەم: دەستەبژێر دەتوانن گوشارێک زۆرتر بخەنە سەر مێدیاکان و سیاسییەکان بەڵکوو ڕەوتی چەوتیان ڕاست بکەنەوە یان ئەوەی نەهێڵن زۆرتر لەمە مۆسیقای کوردی بەرەو ئاقاری نەمان ببەن. هەروەها هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر مۆسیقای کوردی بخەنە بەر باس و شیکاری و لێکۆڵینەوە. قەڵەمیان وە گەڕ بخەن و لەسەر مۆسیقای کوردی بنووسن. دەستەبژێری کورد دەتوانن بۆ هونەرمەندان ڕێنوێن و پاڵپشتێکی ئەمەگناس بن و ڕێگەی تاریکیان بۆ ڕووناک بکەنەوە.
مۆسیقای کوردی ئەگەرچی لەبابەت خەزێنەی فۆلکلۆرەوە دەوڵەمەندە بەڵام لە باری لایەنی هزری، فەلسەفی، ستراتیژی و هەموو جۆرە لێکۆڵینەوە و نووسراوەیەکەوە هەژارترین مۆسیقایە. مۆسیقای کوردی بۆ ئەوەی بتوانێت لەم قۆناخە دەرباز بێت تەنیا پێویستی بە گۆرانی نییە بەڵکوو پێویستی بە سەدان کتێب و گۆڤار و لێکۆڵینەوە و سیمینار و کۆنفرانسە. ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو هونەرمەندان هاوتەریب و هاوکات لەگەڵ فەیلەسووفەکان و بیرمەندان پێشەنگی کۆمەڵگەی خۆیان بوون بەڵام ئێستا لە کوردستان هەر لەبەر نەبوونی سەرچاوە و لایەنی هزری لە مۆسیقای کوردیدا بووەتە هۆی ئەوەی هونەرمەندانی کورد لە باری خوێندنەوە و ڕووناکبیرییەوە لە ئاستی پێویستدا نەبن. هەر بەم هۆکارە ئەم هەوڵانە تەنیا بە هونەرمەندان ناکرێت، بەڵکوو ئەرکی زۆرتری دەکەوێتە سەر دەستەبژێری کۆمەڵگەی کوردستان.
سێیەم: ئێستا لە هەمیشە زیاتر پێویستی بە بەردەوامبوونی هونەرمەندان هەیە. ئەم تۆزە ڕووناکییە بە هیچ نرخێک نابێت بکوژێتەوە و هەر وەک سەردەمی زیرەک و ماملێ و و تاهیر تۆفیق و شاکیرۆ و سەدان هونەرمەندی مەزنی نەتەوەکەمان بێ چاوەڕوانی، بێ پسانەوە دەبێت کار بکرێت. لێرەدا ه ئیتر هونەر تەنیا هونەر نییە بەڵکوو جۆرێکە لە تێکۆشان و خەبات.
هونەرمەندان نەک هەر لە بەرامبەر بە ژیانی تاکەکەسی و خێزانی خۆیان بەڵکوو بەرامبەر بە گشت کۆمەڵگە و میراتی پێشینیان و کوردستان بەرپرسن. بۆ ئێمە هونەرمەندانی کوردستان وەک نەتەوەی بێدەولەت هیچ ڕێگایەکی دیکە بوونی نییە، جگە لەوە کە بەرپرسانە تێ بکۆشێین. بۆ تێکۆشانێکی بەرپرسانە پێویستە خۆمان لە هەموو بارێکەوە یەکلا بکەینەوە و بزانین هیچ کەسمان لە پشت نییە جگە لە خۆمان و خەڵکە ئەمەگناسەکەمان.
وەک هونەرمەند لە کاتێکدا لەم دۆخە بێ دەوڵەتی یە هیچ پاڵپشتێک بۆ هونەرەکەمان شک نابەین، پێویستە تەنانەت گەشەی زانستی و هزری و دیسکۆرسیڤی خۆمانیش هەر خۆمان بگرینە ئەستۆ و ئاستی زانستی، هزری و گوتاری و هەروەها هۆشیاری نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی خۆمان بگەیەنینە ئاستێکی بەرز لە خۆبژیوی هونەری تاکوو لە نەبوونی پشتیواندا، خۆمان و هونەرەکەمان نەپووکێینەوە. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە خوێندنەوە و بەرهەمهێنانی تازەی هونەری بکرێتە خاڵێکی جەوهەری لە ژیانی هونەرمەندی کورد. بێدەنگ نەبوون و نەوەستان گرنگترین ئەرک و بەرپرسیارەتی ئێمە هونەرمەندانە.
دڵزار عابدی
٢٠٢٤/١٥/٠٥ سلێمانی کوردستان