Skip to content

تازەکردنەوەی گۆرانییەکی ماملێ، لەلایان هونەرمەند “موراد کاوە”ـوە

بە بیر ئێوە هۆگرانی دەنگی ماملێ دێنینەوە کە پارەکە هونەرمەندی دەنگخۆش و دەستڕەنگین کاک “موراد کاوە” بۆ یادی ماملێ  و رێز لە خزمەتەکانی ئەو هونەرمەندە، گۆرانییەکی محەممەد ماملێ‌ی تازە کردەوە و موزیکی بۆ دانا بەناوی (عەمزەدەی خۆتم نیشانەی تیری موژگانت مەکە). ئەو گۆرانییە بە شێوەیەکی بەرفراوان کەوتە بەر سەرنج و دیدی گوێگرانی ئازیز و پێشوازییەکی باشی لێ کرا.

ئەمساڵیش هونەرمەند موراد کاوە بە ئەڤین و مشوورێکی تایبەتییەوە گۆرانییەکی تر لە هونەرمەند محەممەدی ماملێ تازە کردۆتەوە و موسیقای بۆ داناوە تا لە ڕۆژی ٣ی ڕێبەندان (٢٣/٠١/٢٠٢٠) کە بیست و یەکەمین ساڵیادی کۆچیدوایی ماملێ‌یە، پێشکەش بە ڕۆحی ئەو هونەرمەندە و گشت کوردستانیانی هێژا بکات.

ئەم گۆرانییە ناوی (هەر سەیدزادێکی شاڵ کرمانی بێت)ـە و یەک لە یادگارییەکانی نەمر حوسێن ماملێ‌یە کە هونەرمەند محەممەدی ماملێ بە مامۆستای خۆی پێناسەی دەکرد. ئەم کارەی کە کاک کاوە تازەی کردۆتەوە هۆنراوەکان هەندێک گۆڕدراون کە هونەرمەند محەممەدی ماملێ خۆی گۆڕیوێتی. کاک موراد کاوەش هەموو کاری موزیک و دابەشکردن و جوانکاریی تێکنیکی بۆ کردووە.

ئێمە لە مەڵبەندیی هونەری ماملێ بە پێویستی دەزانی ئەوپەڕی ڕێز و سپاسی خۆمان ئاڕاستەی هونەرمەند موراد کاوە بکەین. دەستی ماندوویان دەگووشین و هیوای تەمەنێکی درێژ و سەرکەوتنی زیاتری بۆ بەئاوات دەخوازین. هەر بژی کاک موراد گیان بۆ ماملێی خۆت و هونەری کوردەواری.
مەڵبەندی هونەریی ماملێ

بابەتی پێوەندیدار