لە گرتەیەکی ڤیدۆیی دا کە لە ساڵی ١٩٨٥ لە مەهاباد گیراوە کە تێیدا “مامۆستا هێمن موکریانی” لە کۆڕی کۆمەڵێک هونەرمەند و شارۆمەندی ئەو شارە دانیشتووە و بە وتە جوانەکانیان هەوڵ دەدات باس لە ڕۆڵی گرینگ و هەستیاری “هونەر” بکات بۆ زیندوو ڕاگرتنی یەک نەتەوە.
مامۆستا هێمن بەدرێژایی تەمەنی و بەو چەشنە کە لە بەرهەمەکانی دەردەکەوێت، شاعیرێکی پێشڕەو و ڕووناکبیر بووە و بەردەوام هەوڵی داوە کە کۆمەڵگای کوردی لەو دواکەوووییەی کە بۆیان درووست کردووە، قەڵەمباز بدات و بەرەو گەشە هەنگاو بنێت. لەو ڕێگەیەش دا تەمەنێکی خەبات کرد و نەرخێکی زۆری بۆ دانا.
لەو گرتەیە مامۆستا هێمن بە وتە بەنرخەکانیان هانی خەڵکەکە دەدات کە تا ڕادەی گیانفیدایی بۆ هونەر هەنگاو بنێن و دڵنیایان دەکاتەوە کە گەلی کورد میللەتێکی بەوەفا و قەدرزانن و هیچکات تێکۆشەران وخزمەتکارانی خۆیان لەبیر ناکەن.
هەروەها لە بەشێکی قسەکانیان دا پاشای شێعری کوردی، مامۆستا هێمن موکریانی ڕوو دەکاتە هونەرمەندان “محەممەد ماملێ” و “محەممەد دانیش” و باس لە هونەرمەند “سەعیدی ماملێ” (بابی محەممەد ماملێ) دەکات و هاوکات بیرەوەرییەکانی خۆی لەسەر هونەرمەند “قادری عەوڵای” کە باپیری هونەرمەند محەممەدی دانیشە دەگێڕێتەوە و خزمەتەکانی ئەو هونەرمەندانە لە زەمەنی خۆیان دا بەرز دەنرخێنێت.
ئەو فیلمە ئەوەمان بۆ دەردەخات کە مامۆستا هێمن موکریانی لە کۆتایی تەمەنی دا و پاشای ئەوهەموو سووڕەی کە دەوران پێیکرد و لەدوای گشت ئەو چەرمەسەرییانەی کە لەسەرکورد و بۆ کورد کێشا، ئێستاش چەشنی سوارێکی خورت ئەسپی خۆی تاو دەدات و ماندویینەناسانە هەوڵ دەدات ئاستی ڕووناکبیری گەلەکەی بەرەو ژوور بەرێت.
بەداخەوە ئەم گرتە ڤیدیۆییە چۆنیەتییەکەی ئەوەندە خەراپە کە مرۆڤ بەباشی لە قسەکانی مامۆستا هێمن تێناگات و دەنگی فیلمەکە ئەوەندە ناشاز و خەراپە کە مرۆڤ بەباشی لە وتە بەنرخەکانی مامۆستا هێمن تێناگات بۆیە، مەڵبەندی هونەریی ماملێ هەوڵی دا تا بە ژێرنووسکردنەوەی ئەم فیلمە، تا پەیامی ئەو مامۆستایە دەگمەنەی کورد باشتر بگات بە بەردەنگای. لێرەدا هەم فیلمەکەتان پێشکەش دەکەین و هەمیش دەقی قسەکانی مامۆستا هێمن موکریانیتان بە نووسراوە بۆ دادەنێینەوە:
من و محەممەد (ئەوە لەکن یەک دانیشتووین) ژیانی خۆمان فیدای ئێوە کردووە. حەیاتی خۆمان فیدای ئێوە کردووە. ماڵ و سەروەت و هەموو شتێکی خۆمان فیدای هونەریی کورد کردووە. ئێوە بە هەویا نەبن کە بە هونەری ئەو نەتەوەی زوو بگەنێ، ئێوەش خۆتان فیدای هونەر بکەن. قەی ناکا، چ بوو پیاو فیدای هونەر بێت؟ شەهیدێکی گەورەیە ئەو کەسەی فیدای هونەر دەبێت چونکوو، هونەری نەتەوەیەک ڕادەگرێ.
ڕەنگ بێت ئێوە زۆرتان لە دایکتان نەبووبن کە من ئەو شێعرانەم لەبارەی هونەر دا گوتووە وە ئێوە تکا دەکەم بە هەویا مەبن لە هونەرمەندیی دا، دەو وەختە دا، دەو زەمانە دا، دەو سەردەمە دا، ژیانی خۆشتان بێت. من کەنگێم گوتووە:
ھونەرمەند و ژیانی خۆش محاڵە
ھونەرمەند ڕەنجەڕۆیە، ژینی تاڵە
(هێمن: ئەوە لەگەڵ بولبوولێ قسە دەکەم)
[هاوکات کە درێژە بە شێعرخوێندنەوەکە دەدات بە دەست ئاماژە بە ماملێ دەکات و دەڵێ:]
ورینگە خۆشەکەت بۆ تۆ بەڵایە
ئەتۆ خۆش خوێنی حاڵت بۆیە وایە
ئەگەر نەدبا ورینگە و دەنگی وا خۆش
بەڕەڵڵا بووی وکوو ئەو ڕووڕەشە تۆش
هێمن: قەلی ڕووڕەش. ئەگەر بولبوول نەبا محەممەدی ماملێ، وەک قەلێکی ڕووڕەش ئەلان ساحێبی میلیۆنها سەروەت دەبا ببا و وەدووی ژیانی خۆی کەوتبا.
کاکە گیان، ئێوە بە هەویا مەبن بە هونەری ئەو میللەتە دواکەوتوویەی بە ژیانێکی خۆش بگەن بەڵام، قەولو پێدەدەم ئەو میللەتە بێوەفا نییە، لەبیرتان نەچێ. با ئێوەش شەهیدێکی گومنام بن لە ڕێگای ئەو میللەتەی دا.
من بێجگە لە مامسەعید کە ئەلانیش گوێم دەنگی ئەوی تێدا، بێجگە لەوەی کە قسەکانی بۆ من موحتەڕەم بوون، بابی ئەو کاک محەممەدەی( مامۆستا هێمن بە دەست ئاماژە بە محەممەدی ماملێ دەکات) بابی ئەو کاک محەممەدەش هەروەها (ئەوجار بە دەست ئاماژە بە هونەرمەند محەممەد دانیش دەکات) ئەمن لەبیرمە ….. [بەداخەوە دەنگەکە زۆر ڕوون نییە] ئەلئان لەبەر چاومە کە ئەو ئینسانە خاوێنەی. سەیر ئەوە بوو کە زۆریش موعتەقید بوو بە مەزهەب.دەوتختێکی دا کە وەختی نویژی دادەهات، سازەکەی دادەنا و دەچوو نویژەکەی دەکرد و پاش وی دەهاتەوە سازەکەی دەست دەدایەوە. کە وابوو هونەرمەندی واقیعی ….. [بەداخەوە دەنگەکە زۆر ڕوون نییە]
لە درێژە دا مامۆستا هێمن ڕو لە هونەرمەند محەممەد دانیش دەکات و دەست لەسەر ڕانی محەممە ماملێ دادەنێت و دەڵێ: بە باوەڕی من لەوانەیە مام سەعید بە ئەندازی بابت/باپیرت تۆ موسوڵمانیش نەبوبێت، باپیری تۆ. مام سەعید تەریقەتی بوو نەک شەریعەتی لەبیرت نەچێت. ئەو عاشقێکی تەریقەتی شەمزینان بوو، عارف بوو بەڵام، بابی تۆ ئەزی شەرعیش بوو …… [بەداخەوە دەنگەکە زۆر ڕوون نییە] تارلێدانی پێ گوناح نەبوو. زۆر چاکم لەبیرە مەرحومی قادری عەوڵای کە تارەکەی دادەنا و دەچوو نوێژێکی دەکرد و دەهاتوە کن تارەکەی. دەستنوێژی دەشووشت وەک سۆفییە هەرە دەرەجە یەکەکان قل هو اڵڵەی دەگوت و دەهاتەوە تارەکەی خۆی لێدەدا. بەڵام هونەری پێ گوناح نەبوو. جا منیش هونەرم پێ گوناح نییە و ئومێدەوارم پەیڕەو و ڕێی باب و باپیرانی خۆتان بگرنەوە …. [بەداخەوە دەنگەکە زۆر ڕوون نییە].