Skip to content

قوتابیی کلاسەکانی “فواد ئەحمەد” هەتا ژەنیاری بۆ “ماملێ”؛ ئەوە چیرۆکی “ئازاد قەرەداخی”یە

ئازادی قەرەداخی، لەدایکبووی ساڵی  ۱۹٥٦ی هەولێرە کە کارەساتی کۆچڕەوە مەزنەکەی کوردان، ڕێگای دەخاتە مەهاباد. شارەزایی لە ئامێری ڤیۆڵۆن وا دەکا گوزەری بکەوێتە کن ماملێی کوردان و ئەو دۆستایەتییە هەتا ٥ ساڵ بەردەوام دەبێ. بەڕێزیان ئێستا گەڕاوەتەوە هەولێر و ئەگەر باسی سابڵاخی لێ دەپرسی وها جواب دەداتەوە: ئێستاش بە هەوای وێ دەژیم. خوێنەری ئەم وتووێژە بن.

ناوی ئامادەکاری ئەو ڕاپۆڕتە پارێزراوە.

کاک ئازادی قەرەداخی لە کەنگێوە بۆ لای مۆسیقا ڕاکێشرا و یەکەمین مامۆستای وی کێ بووە؟

وێرای سڵاو رێز بۆ جنابتان، من لە تەمەنی مندالیەوە هەر حەزم بە گۆرانی و ئاواز و مۆزیکی کوردی زۆر دەهات. هەر خولیایی بووم تا ئەو کاتەی کەوا خۆم ناسی، گەیشتمە تەمەنێک چاک و خراپی خوم ناسی .لە مدرسە لە گرووپی سروود دابووم، لە یەکەمە دەنگ خۆشەکاندا بووم، لە ریزی پێشەوە مامۆستای خوالێخۆشبوو “فواد ئەحمەد” سروودی فێر دەکردین لەگەڵ مامۆستا چەتۆ حەسەن. دوای کە قۆناغی بنەرەتیم تەواو کرد چووم بۆ رەهنەمایی لەوێ لەگەڵ گروپی “تەمسیل” بەشدار بووم لەگەڵ مامۆستا “سەباح عبدالرەحمان”  و “زاهیر عبدللە”، جار جار گۆرانیان پێ دەگووتم.

مامۆستا گیان چۆناوچۆن بوو ڤیۆلۆنتان هەڵبژارد؟

لەدوای کە چووم بۆ دەبیرستان، هاتوچۆی کۆمەڵەی هونەر و وێژەی کوردیم دەکرد، لەوێ نەفەرێکم ناسی بە نێوی قەمبەر محمد رووف.  ڤیۆڵۆنژەنێکی زۆر چاک بوو. گووتم کاک قەمبەر زۆرم حەز لێیە فێرە ڤیۆڵۆنم بکەی.  گوتی بەچاوان! ڤیۆڵۆنت هەیە؟ گوتم نەوەڵلە. پێی گوتم کە ڤیۆڵۆنت کڕی لە خدمەتت دام. وابوو رێکەوت ڤیۆڵۆنێکم ئەو کات کری بە 23 دینار.  ساڵی 1976بوو یەکم جار ڤیۆڵۆنم  گرتە دەست لە ژێر دەستی کاک قەمبەر ئێستا کە لە ژین نەماوە خودا بیبخشێ. هەڵبەت هات بۆ مهاباد سەری لێدام و بردم بۆ خدمت ئاغای ماملێ و ڤیۆڵۆنیشی بۆ لێدا تەنانەت مامۆستا ماملێ ئاوای پێ گوت، گوتی شاگردەکەت بووەتە مامۆستا.

دەگەڵ کام هونەرمەندان کارتان کردووە؟

عەرزت کەم لەگەڵ هونەرمەندانی کوردستانی باشوور و روژهەڵات کارم کردووە. هەموویشم بە وێنه هەیە.  مامۆستایان تاهیر تۆفیق، محمدی ماملێ، فواد ئەحمد، تحسین تەها، ناسری رەزازی، سابیر کوردستانی، محمد جزا، قادری سیاحی، حسن درزی، قادر زیرەک، میدیا حوسێن، عارەب عوسمان، جلال سعید، زیاد اسعد، هاوتا اسعد، هتد. بمبەخشە نامەوی سەرت بهێشێنم هەتا ساڵانی ئاخیری هەشتاکان لەگەڵ گۆرانی بێژانی ئەو سەردەم دەگەڵ هەموویان کارم کردووە.

چۆن بوو هاتنە مەهاباد و ناسینی ماملێ چیرۆکەکەی چۆنە؟

بەندە لە ساڵی  ۱۳٦۸ی هەتاوی ئاوارەی ووڵاتی ئێران بووم و دوای ژیانێکی سەخت کە لە ئۆردووگا بەسەرمان برد، توانیم بێم بۆ شاری مهاباد و لەوێ ماڵم دانا و دەستم کرد بەکاری ئازاد. لەبەر ئەوەی کارتی سەوزم وەرنەگرتبوو کەمێک ئاگاداری خۆم بوو، زۆر خۆم وەدەرنەدەخست.

شەوێک لە شەوان برادەرێک بەنێوی “یونسی سیاسەری” هات بۆ ماڵەکەمان لە گەڵ نەفەرێکی دیکە. پێ گووتم ئەوە کوڕی ئاغای ماملێیە، نێوی چالاکە، منیش زۆر خوش حاڵ بووم ئەگەر ناسیم. دیار بوو پێشتر کاک یونس باسی منی لای کاک محمدی ماملێ کردبوو بەڵام دەرفەت نەبوو یەکتر ببینین چونکە من شەرمم دەکرد بچمە خزمەتی. هەتا ئاوا رێک کەوت ناسیاوێکی ماڵە کاک یونس لە حەج هاتبۆوە کە هاوڕێی ئاغای مامڵێش بوو بە نێوی “کاک سلیمانی نەژادیان”. دیارە ئەو شەوەش دەیانویست مەراسیمێکی خانوادەگی بگرن، گووتیان دەبێ ئەتۆش بێی لەگەلمان بەشدار بی، ئاغای مامڵێش لەوێ دەبینی، وەڵا ئەمنیش هێندم پێ خۆش بوو بەڵام گووتم من هیچ سازێکم نیە گووتیان وێلۆنی پەیدا دەکەین. خۆلاسە هەستام لەگەڵیان رۆیشتم .ئەگەر گەیشتینە ئەوێ، خەلکێکی زۆری لێبوو لە ژن و پیاو دیارە خۆماڵی بوون، لەوێ بەخدمەت ئاغای ماملێ و کاک جعفری برای گەیشتم.

لە دوای ووتنی چەند گۆرانیەک پێی گووتم کاری چی دەکەی لێرە، منیش ئەو کات لە نانەوا خانەیەک کارم دەکرد، گووتی پێت خۆشە لەگەڵ من کار بکەی؟ ئەمنیش زۆرم پێ خۆشبوو کەوا ئەو هونەرمەندە گەورەیە بەمن بڵی وەرە دەگەڵە من کارێ بکە! هێندە پێم خۆش بوو ئەسڵەن باوەرم نەدەکرد .لەوێ قەولی رەفیقاتیمان بەست و ژمارەی تەلەفۆنی دا پێم.

یەکەمین داوەت کە چووین ماڵە ئاغای علی اڵلەوەیسی بوو، هەر لەو داوەتەش سەروان ناهیدم ناسی تەشریفیان لەوێ بوو.

کاک ئازاد هەتا کەنگێ دەگەڵ مامۆستا ماملێ کارتان کرد و کەسایەتیی ئاغای ماملێتان چۆن هەڵسەنگاند؟

هەتا ئاخیری ساڵانی ۱۳۷۳ کەوا ئاغای ماملێ نەخۆش کەوت من لەخدمەت ئەو کەڵە هونەرمەندە دابووم. بە زمانی خۆم نەبێ زۆرم لێ رازی بوو. زۆر جار پێی دەگووتم: ئازاد بیست ساڵ گەنجت کردمەوە! سەد بریا زووتر لێرە بای یکتریمان بناسیبایە! هونەرەکەت دەم بزوێنێ زۆر! باوەڕت بێ بۆ یەکچرکە ش دلم نەرەنجاوە. ئەوەندە لەسەر دڵی رەفیق بوو کە ئەمن نازانم چۆن باس لەو بەرێزە بکەم. هەموو مواسەفاتێک لەو هونەرمەندە دا هەبوو.  بۆ ئەوەی بزانی کەوا قسەکەم دروستە با ئەوە بگێڕمەوە: لەماڵە سمایلی حافز القرئان لەگەڵ ئەو مناڵە گۆرانی دەگوت کە ویستیان بێ دەنگی بکەن نەوەک گۆرانیەک تێک بدا  ماملێ گووتی لێی گەڕێن با بیڵێ. جا قوربان ئەوە  یەکێک لە مواسەفاتی بوو خودا بیبخشێ. خاترات زۆرن بەڵام لەوانەیە هەمووی نەنووسرێ، هەندێکم لە بیر نەمابێ.

کاک ئازاد لە باری مۆسیقاییەوە چتان لە ماملێی مەزن دیت؟

 برای بەرێزم ئاغای ماملێ لەبواری گوتندا شارەزایەکی باشی هەبوو لەسەر دەزگاکان. یەکە یەکە نێوی دەستگاکانی دەگووت. داوای گۆرانیەکی بکردبا پێشتر بە منی دەگووت دە شووری دا یان دە ماهووری دا. برۆ هەتا لە بوواری مەقام گووتندا لێزانێکی تەواو بوو! گۆرانیەک مەقامی هەڵ نەگرتبا  نەیدەگووت. جار هەبوو لە مەجلیس داوایان لێدەکرد دەیگووت نابێ.مانای ئەوە دەگەیەنێ شارەزایی چاکی هەبوو. زۆر جار هەبوو بۆ گۆرانیەکانی پێشەکیی مۆسیقام بۆ دەژەنی دەیگووت ئەوانە بۆ گۆرانیەکانی ئێمە نابن. خودی ئاهەنگەکەی لێدە تەواوە، مەنزووری  ترجمەی گۆرانیەکە بوو. هەربۆیەش گۆرانیەکانی  لاکو مۆریکی کوردی پێوە ناون، ئەسالەتی کوردیان پێوە دیارە. جوانی و گوتنی گۆرانی ماملێ تا دونیا بە دونیایە نە دەبێ و نەدەبێتەوە. خودای گەورە بە بهشتی بەرینی شاد بکات

بابەتی پێوەندیدار