پێناسەکردن و ناساندنی زۆر بەرهەمی مۆسیقایی و گرێدانی ئەوان بە ناوچەیەکی دیاریکراو, بەتایبەت لە مۆسیقای کوردیدا کە کارێکی ئاکادێمیکی ئەوتۆی بۆ نەکراوە و مێژوویەکی ڕوونی لێ تۆمار نەکراوە، کارێکی دژوارە و بۆی هەیە نووسەر و ڕەخنەگر لەو کارەدا تووشی هەڵە بێ. ئەو بەرهەمەی ئێستا پێشکەشتان دەکرێ گۆرانی «هەریرە»یە بە دەنگی مامۆستا ماملێ. بۆیە دەنووسین «هەریرە» چوونکە ماملێ دەو نوسخە دەگمەنە دا کە بەڕای ئێمە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە پێش ساڵانی ٤٠ی هەتاوی و ڕادیۆ مەهاباد، ئاوا گۆرانییەکەی چڕیوە هەر بۆیە بووەتە هۆی سەرلێشێواوی نووسەری ئەم دێڕانە. چوونکە بەپێی بەڵگەکان گۆرانی «حەریرە» بە پیتی «ح» فۆلکلۆری ناوچەی مەریوانە بەڵام بە حوکمی ئەوەی کە مۆسیقای کەڵهوڕی و ناوچەی مەریوان بە دڵنیاییەوە تێکەڵاویان هەبووە، دەکرێ بڵێین کە ڕەنگە ماملێ نوسخە کەڵهوڕیەکەی بیستبێ و بۆیە بە هەریرە گوتبێتی. دیارە لە مەریوان هەڵپەرکێیەکی تایبەت هەیە بەناوی “قڕەپیرێژن” کە گۆرانییەکی غەیری مێتریک تایبەت بەخۆی هەیە. دوای ئەو هەڵپەرکێیە گۆرانی هەڵگرتن دەگوترێ بە ریتمی “قەڵایی”. قەڵایی ناوی پێشووی “مەریوان” بووە هەر وەک لە بەیتی فۆلکلۆری «قەڵای مەریوان پاڵم دا پێوە، قەڵاکەم ڕووخا پاڵ بەم بەکوێوە» دەبیسین. ئەو گۆرانییە قەڵاییە هەمان گۆرانییە کە مامۆستا مەزهەری خالەقی دەیڵێ: «ئای حەریرە و ئاگر بارانە». بەڵام دیارە ڕیتمی ئەم گۆرانیەی مامڵێ کە دواتریش مامۆستا ناسری ڕەزازی دەگەڵ تاری مەجیدی درەخشانی تۆماری کردووە جیاوازە. خاڵی جێگای سەرنجی ئەم نوسخە نوێیە کە دەخرێتە بەر دیدەتان ئەوەیە کە، جگە لەوەی کە دەنگی گەنجێتی ماملێ بیسەر سەرسام دەکا، تارژەنەکە ئێرانی دەژەنی، هەر بۆیە ماملێ لە سەربەندەکان دا تەحریرێکی ئێرانی بەکار دێنێ بەڵام دواتر لە بەیتەکانی دوایی دا حەول دەدا بیکاتەوە کوردی و بۆن و بەرامەی کوردی بدا بە گۆرانیەکە.
ئەو بەرهەمە بەرهەمێکی کەمتر بیستراو و نەبیستراوی ماملێیە کە پێشکەشتان دەبێ. بەوهیوایەی ئەو جۆرەی نووسەری ئەم دێڕانەی پێ کەیفخۆش بوو، ئێوەی دەلالیش کات و ساتێکی خۆشی پێ ڕابوێرن و چەند دەقەیەک لە کێشەکانی دەور و پشتتان جودا ببنەوە و دەنگی ماملێ سووکنایی بخاتە دڵ و دەروونتان.
تێبینییەک لەلایان ماڵپەڕی ماملێیوە: نووسەری ئەو دێڕانە لەبەر هۆی تایبەت نەیویستووە ناوی بنووسرێت بۆیە، وێڕای سپاس لە بەڕێزیان، ناوی نووسەر لای ئەو ماڵپەڕە پارێزراو دەبێ.