Skip to content

مۆسیقاناسانی کورد لە ڕوانگەی ڕەخنەوە – نووسینی: مامۆستا کاوە فەقیەزادە

نازانم تاکەی مۆسیقاناسان، ژەنیاران و گۆرانیبێژانی کورد ھەر دەڵێن ئەوە مەقامی فارسە یا مەقامی عەرەبە، ئەوە ئێرانییە یا عێراقی، تورک یا ئازەرییە…

کورد لە دنیادا ٤٠ میلیۆن کەسن، تا ئێستا ڕەسمولخەتێکی یەکگرتوویان بۆ خۆیان نییە؛ زمانی سۆرانی لە فۆنتی عەرەبی وەرگیراوە و زمانی کرمانجی لە ئینگلیسی یا فەڕەنسی. سەدان ساڵە شاعیر، نووسەر و چیرۆک‌نووسانی کورد لە بەشی ئەدەبیات بە زمانی دایکی شێعر، پەخشان، ڕۆمان، بەیت‌وباو و حەیرانیان بۆ نەتەوەکەمان بەجێ‌هێشتووە و بەو قەناعەتە گەیشتووین کە دەبێ کار بکرێ.

Ethnomusicologist Kaveh Faghihzadeh

بەڵام مۆسیقاری کورد ھەر لەو بەینەدا ماوەتەوە کە ئەوە ھی ئەم بەرەیە و ئەمە ھی ئەوبەرە؛ لەم دراوسێیە ئاوا مەقام ژەندراوە، ئەوە فارسە دەزگای مووزیکی ھەیە، ئەوەی دیکە عەرەبە مەقامی مۆسیقای وایە و کورد لەو بەینەدا ھیچی بۆخۆی نییە!؟

ئازیزان ئەوەی ئێمەی کورد تا ئێستا نەمانناسیوە و نەماندۆزیوەتەوە چێژە، ستایلە یا زمانی مۆسیقایە؛ زمانێک کە پڕ بە پێستی مۆسیقای کورد و کوردستان بێ. “مایجەر” و “ماینەر” یا “دەزگا” و “مەقام” یا “ھەوا” و “گۆرانی” کێشە نییە و ئێمەی کورد ناشتوانین پەیژەی تایبەت بە مۆسیقای کوردمان ھەبێ کە تۆنالیتەکەی جیاواز بێ یا تۆنی دەسپێک و کۆتایی لەگەڵ ھەموو دەزگا، مەقام، ماژۆر و مینۆری جیھانی جیاوازی ھەبێ نە لە ناو مۆسیقای سۆرانی، نە لە ناو کرمانجی‌دا؛ کێشەی سەرەکی مۆسیقاناس و ژەنیارەکانن کە بە ڕەمز و ڕاز یا ڕەنگی مۆسیقای کورد شارەزا نین.

ئێمە زۆر کات دەڵێین مامۆستایانی گۆرانیبێژی وەک “سەید عەلی ئسکەر”، “ملا کەریم”، “سێوە”، “مشکۆ”، “ئایشەشان”، “عەلی مەردان”، “تاھیر تۆفیق”، “حەسەن زیرەک”، “محەمەد ماملێ”، “مەزھەر خالەقی”و…  بەھۆی نەبوونی وڵاتی سەربەخۆ ھەڵوەدای شار و وڵاتانی ئێران، عێراق، تورکیە و سووریە بوون، هەروەها بە هۆی ئەوەی کە زۆربەی زۆری ژەنیارەکان کورد نەبوون، مۆسیقاکانیان تام و چێژی کوردی نەدەدا.

مەگەر تا ئێستا گرووپە مۆسیقاناسەکان چ لە ناو کوردستان و چ لە ناو موزیسییەنەکانی دەرەوەی وڵات بەو ھەموو زانستە مۆسیقایە توانیویانە خۆیان نیزیک کەنەوە و چێژی مووزیکی کورد تۆمار بکەن؛ بۆ نموونە:

ـ کامکارەکان، عەندەلیبییەکان، نازری و پوورنازرێکان ھەرھەموویان لە بواری دانانی مۆسیقا، تیکنیک و ژەنیاری‌دا زۆر بە توانان و جێ‌دەستیان دیارە، بەڵام زیاتر شارەزای مۆسیقای ڕەدیفی ئێرانین و ھەرکە بەرھەمەکانیان گوێ دەگری یەک سەر ستایلیان فارسییە، زۆر جاریش مۆسیقای کوردستانیان لە خزمەت تیکنیکی مووزیکی فارس بەکار ھێناوە، چون شارەزای چێژ و زمانی دایکی مۆسیقای کورد نەبوون بەداخەوە نەیانتوانیوە کارێکی بەرچاو بۆ مووزیکی کوردستان بکەن، چ وەک چێژ یا وەک فێرکاری و زانستی دراسی.

وەزعی مۆسیقای کوردستان لە رۆژھەڵات

ـ کورد لە رۆژھەڵات تا ئێستاش ھیچ ئاکادێمییەکی مووزیکی وەک “قوتابخانەی مۆسیقا”، “پیمانگای مووزیکی زانستی” و “زانکۆی مۆسیقا”ی نییە، زۆربەی ژەنیارانی رۆژھەڵات لە مۆسیقای ئاکادێمی ئێران و لە مامۆستایانی مووزیکی ڕەدیفی فێری ئامێرە مۆسیقایەکان بوون.

کوردی رۆژھەڵات تا ئێستاش بەقەد پەنجەکانی دەست مۆسیقاری بەتوانای نییە، ئەوی کە ھەشە زۆر جار گۆمانیان ھەیە. ژەنیارەکانمان دەڵێن کوا خۆ کورد مۆسیقای نییە، ئەوەی کە ھەمانە ھەر گۆرانی و بەستە و چەند مەقامێکی بچووکە و ناتوانین بە تەواوی ئامێرەکانی پێ فێربین، بەڵام ڕەدیفی مۆسیقای ئێرانی حەوت دەزگا و پێنج ئاوازی تایبەت بە ئامێرەکانی بۆ نووسراوەتەوە و ژەنیار زۆر باش بە شێوەی زانستی فێری دەبێ.

لە باشوور زۆر مۆسیقاری بەتوانا بە زانستی مووزیکی سەردەمییانەوە کار و چالاکی و تۆماری زۆر بەرھەمی پرۆفێشناڵیان چ بە شێوازی گرووپی ئۆرکێستراڵ و گرووپی چەند کەسی و تەک ژەنی کردووە و زۆریش جێ‌دەستیان دیارە؛ بۆ نموونە؛

ـ تیپی مۆسیقای ھەولێر، تیپی مۆسیقای سلێمانی، ئۆرکێسترای سلێمانی، ئۆرکێسترای کورد، ئۆرکێسترای ھەولێر، گرووپی بچووکی چەند کەسی وەک گرووپی باوەچی، لۆڕ، مەحوی، وە زۆر گرووپی دیکە کە لە کاناڵ و میدیاکان خەریکن کار بۆ مۆسیقای وڵاتەکەمان دەکەن. دەتوانم بڵێم بە سەدان مووزیکاری باشی وەک مامۆستایان کورد قادر دیلان، ئەنوەر قەرەداغی، خالید سەرکار، سەلاح ڕەئووف، نەجات ئەمین، ع. ج. سگەرمە، وریا ئەحمەد، محەمەد زازا، چەتۆ نەورۆز و… بەڵام زیاتر شارەزای مۆسیقای دراسی عەرەبی یا کلاسیکی جیھانین و کاتێک گوێبیستی بەرھەمەکانیان دەبی، زۆر بە کەمی تام و چێژی ڕاستەقینەی کوردەوارییان تێدا بەرگوێ دەکەوێ و لە بەشی ئۆرکێسترادا ھەر خەریکن مووزیکی کلاسیک دێننە نێو مۆسیقای کوردییەوە. لە بەشی گرووپی چەند کەسی بەداخەوە گرووپەکان زۆر بەئیفتخارەوە ستایلی مۆسیقای ئێرانی(ڕەدیفی) یا ستایلی عەرەبی و تورکی بەکار دێنن. زۆر جاریش دەبیسین کە ئەوە فلان کەسایەتی یان مامۆستای مووزیک خەریکی کۆکردنەوەی مەقامە کوردییەکانی ناوچەی گەرمیانن یا کورد نیزیک بە ٦٠ مەقامی مۆسیقای هەیە (شایانی باسە بە نووسراوە لە بواری تێئۆری مۆسیقای کورد و پەیژە و دەزگا و مەقامەکانە کوردستان هێندێک کار کراوە) بەڵام ئەوەی گۆبیستی بووین ھەر لە گۆرانیبێژانی کۆنەوە بۆمان بە ئیرس ماوەتەوە، دڵنیاشم کە لە باکوور و رۆژئاوای کوردستانیش ھەر بەو شێوەیە کار کراوە.

وەزعی مۆسیقای کوردستان لە باشوور، باکوور و رۆژئاوا

ـ لە باشوور و باکوور و رۆژئاوا نیزیک بە پنجا ساڵە ئاکادێمیای مووزیکی زانستی وەک “قوتابخانەی مۆسیقا”، پەیمانگای مووزیکی زانستی” و زانکۆی مۆسیقا” لە زۆربەی زۆری شار و شارۆچکەکانی کوردستان بەشێوەی وانەی مووزیکی ئاکادێمی خەباتی بۆ کراوە و ھەرواش بەردەوامە. بەڵام تا ئێستاش بۆیان نەکراوە مەنھەجێکی دراسی و زانستی بۆ مۆسیقای کورد دابڕێژن کە پڕ بە پێستی مووزیکی کوردستان بێ.

ـ ئێمە وەک میللەتی کورد مۆسیقایەکی زۆر تایبەتمان بە ئیرس بۆ ماوەتەوە، کە دەبێ  بیپارێزین و بە باشی بەکاری بھێنین. مامۆستاکانی گۆرانیبێژمان ھەریەکە و لە بواری خۆی‌دا زۆر باش و ڕێک‌وپێک ئەو میراسە بەنرخەیان بۆ پاراستووین، “دیارە کورد مۆسیقاکەی لە گۆرانیبێژەکانەوە بۆ ماوەتەوە” ئەوە ئێمەین کە دەبێ بە باشی کەلکی لێ‌وەرگرین و بە شێوەی زانستی و دراسی مۆسیقای زمانی دایکی بناسین و فێربین.

ھیندێک خەڵک ھەیە بێ ئەوەی ھیچ لە مۆسیقای زانستی یا لە گۆرانی و دەزگا و مەقامەکانی کورد یان لە ئامێرە مووزیکییەکان بزانێ و زانیارییەکیان ھەبێ، خۆ لە بابەتێک لە بابەتەکانی مۆسیقا دەدەن، بەتایبەت گۆرانیبێژی. زۆر ئاستەمە و دەبێ بەباشی بابەتە مۆسیقایی‌یەکانی وڵاتەکی بناسێ جا بیر لەوە بکاتەوە کە لە بواری ھونەری دەنگبێژی‌دا کار بکا. بەداخەوە ئەوەی ئێستا بەسەرمان ھاتووە زۆربەی بە هۆی ئەوە بووە کە گۆرانیبێژان لە زانستی مووزیک ھیچ سەردەرناھێنن و بێ ئەوەی بزانن خەریکن کاری چەندین ساڵەی ئەو مامۆستا زەحمەتکێشانەی کاریان بۆ کردووین خراپ دەکەن، تازە جیلی داھاتووش نازانن، وەدەزانن ئەوەی گوێیان لێ‌دەبێ زۆر تەواوە، ھەر بۆیە خۆلێدان لە مۆسیقای نەتەوەیی زۆر ئەرکێکی ئینسانی، زانستی و نەتەوایەتییە و بۆ ھەر کوردێک کە لە کۆی ئەو زەوییە ژیان بەسەر دەبا.

ـ ئێمە دەبێ وەک وڵاتانی دیکە لە سەرەتاوە فێری زمانی مۆسیقای دایکیمان بین و لە ئەلف‌وبێوە حەول بدەین بە شێوەی ئاکادێمیک ئامێرەکان بژەنین و پێبەپێی زانستی مۆسیقای کوردستان لە ئەلف‌وبێوە تا پێشکەوتوو بە زانستێکی تەواوەوە ئامێرە مووزیکییەکانی وڵاتەکەمان بناسین و کاری پێ بکەین.

ـ کورد بۆ دراسەی ڕاھێنان لەسەر پێناسەی تام و چێژی مووزیکی کوردستان دەبێ خۆی لە فۆرمە مۆسیقاکان ھەوێن بکا و لە چەند بەشدا مووزیکەکەی بە نۆت بنووسێتەوە و بەشێوەی زانستی کلاسی و خانەبەندی دراسی (ئەلف‌وبێ، سەرەتا تا مامناوەند و پێشکەوتوو) لە چەند کتێبێک‌دا بیخاتە بەر دەستی خۆلیایانی مۆسیقای کوردستان بۆ فێربوون و ڕاھێنانەکانی وانەی مووزیک کەلکی لێ وەرگیرێ، تا میلەتی کوردیش بەو ئامانجە گەورەیە بگا لە مۆسیقاکەی‌دا.

فۆرمەکانی مۆسیقای کورد بریتییە لە ‌(گۆرانی، ئاواز، دەزگا، مەقام، بەیت، بەند، ھەوا، حەیران، لاوک و لاوژە، سیاچەمانە، ھۆرە، چەمەرێ) و هتد، کە ناسنامەیەکی مۆسیقایە لە کوردستان و ھەریەکە و تایبەت بە ناوچەیەکی کوردستانە، کە دەبێ مووزیکاری کورد بەباشی بیانناسێ و بەکاریان بێنێ.

ـ منی مووزیکار کاتێک مۆسیقای رەدیفی و ئاوازی ئێرانم بە ماوەی ھەشت ساڵ (٧٢ تا ٨٠) لە پایتەختی ئێران (تاران) تەواو کرد و زۆریشم حەوڵ دا کە بەردەوامبم بەڵام بە ئاوڕدانەوەیەک بەسەر وڵاتەکەم گەیشتمە ئەو قناعەتە کە کار لەسەر مۆسیقای کوردستانەکەم بکەم، ھەر بەو بۆنەوە زیاتر لە دە پەرتووکم (هەزار و دووسەد مێلۆدی و مەقامم بە نۆت نووسیوەتەوە) لەسەر مۆسیقای کوردستان کۆکردۆتەوە و دامڕشتووە، بەشێوەی زانستی و ڕاھێنانی مۆسیقای کوردی بۆ ئامێری “سەنتوور” و بۆ لێکۆلینەوەی موزیک کە چاپ کراون، بەڵام کوا تاکە کەسێک لە موکریان دەتوانێ ئەو خەونە دێرینەیەی چەندین و چەند ساڵەی باب و باپێرانمان بھێنێتەدی. ناسینی مۆسیقای کوردستان زۆر کارێکی زەحمەتە و کاری کەسێک یا ناوچەیه‌ک لە کوردستان نییە، ھەر بۆیە من بە وەزیفەی دەزانم و داوا لە ھەموو مووزیسییەنە کوردەکان دەکەم خۆیان بپارێزن لە مۆسیقای دەورووبەر و پابەندبن بە زانستی مۆسیقایی، خەباتێک و حەولێکی باش بدەن تا ئێمەی کورد ناسنامەیەکی نەتەوایەتیمان ھەبێ بۆ مووزیکەکەمان.

لە کۆتایی‌دا تا مۆسیقای تەواوی کوردستان پاک و پیسی لێ جیا نەکرێتەوە و خانەبەندی مەقامی، دەزگایی یا بە زمان و نووسینی کوردی بەدەزگا و مەقام بگووترێ (پەیژە و ئاواز)، یان چریکەی پەیژەی ئای ئای، پەیژەی دووگا، پەیژەی سێ گا، پەیژەی چوارگا و هتد نەکرێ و چەند ڕیوایەتێکی لە ناو ھەموو مۆسیقازانانی کورد نەبێ، مووزیکی کورد ھەروا پڕش‌وبڵاوە، کاتێک “خانەبەندی” کرا و بوو بە مۆسیقای کلاسیک یا دراسی، ئەوکات دەتوانین بەھەموو شێوازە مۆسیقاکان کاری لەسەر بکەین و دڵنیابین رۆژێک جیھانیش دەبێ.

لەگەڵ ڕێزم

کاوە فەقیەزادە ـ مەھاباد
kaveh_faghihzadeh@hotmail.com

مامۆستا کاوە فەقیەزادە کێیە؟

کاوە فەقیەزادە خاوەنی بڕوانامەی ئۆستادیارییە لە بواری ئۆتنۆمووزیکولۆژی (ناسینی مووسیقی)

ناوبراو زانستی مووسیقی لە خزمەت یووسف ڕەبیعی لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوییەوە دەسپێکرد و لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی لەسەر ڕینێمایی مامۆستا ڕەبیعی بۆ فێربوونی تکنیکی ئامێرە مووسیقاییەکان دەچیتە تاران و لە قوتبخانەی مامۆستا فەرامەرزپایوەر، و لە ژێر چاوەدێریی ئەودا و بە ڕا‌هێنانی مامۆستا سەعید سابت خولی تایبەتی بۆ ناسینی ئامێرە مووسیقاییەکان و ئامێری (سەنتوور )بۆ ماوەی ٨ ساڵ تێپەڕاند.

لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی چالاکییە هونەرییەکانی خۆی لە بواری کۆکردنەوەی ئەلفوبێیی مووسیقی(نۆت نووسی) و نوێکردنەوەی بەرهەمە کلاسیک و ڕەسەنەکانی کەڵە موسیقدان و گۆرانیبێژانی کوردستانی و دابەشکردنی بۆ ئامێری سەنتوور دەسپێکرد و لە نێوان ساڵەکانی ١٣٨٤ تا ١٣٨٨ی هەتاوی بۆ ماوەی ٤ سڵ لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان لەسەر مووسیقی کوردی لێکۆڵینەوەو توێژینەوی بۆ ئەنستیتۆی کورد کردووە.

هاوکات وەکوو مامۆستایەکی مووسیقی ناس لە زانکۆی هونەرەجوانەکانی وەزارەتی ڕۆشنبری حکوومەتی هەرێمی کوردستان وانەی گوتوتەوە.
ڕاهێنان بۆ ئامێری سەنتوور، تیوری و زانستی مووسیقی و سوڵڤێژ و چاودێری بۆسەر ئۆڕکێسترا و ڕیبەری ئۆڕکێسترا بەشێک لە چالاکییەکانی بووە.
کاوە فەقیەزادە دامەزرێنەر و مامۆستا و بەڕیوەبەریی خولە فێرکارییەکانی مووسیقی کوردی بۆ سەنتوور بووەو خاوەنی ٣١ ساڵ ئەزموونی و ژیانی هونەرییە و هەروەها تا ێستا ١٥ کتێبی تایبەت بە هونەری مووسیقی لە چاپ داوە و بە هەموو توانایەوە لە خزمەتی پاراستن و گەشەی مووسیقی کوردی‌دا بووە
ناوبراو لە درێژەی چالاکییەکان و خەمخۆرییەکانی بۆ مووسیقی کوردی لە ڕیکەوتی ١٠/٧/١٣٨٨ بە مەبەستی تەکووزی و ڕیکخستنی کەسانی خاوەنی بەهرەی مووسیقایی لە ناوچەی موکریان ئۆرکێسترای فیلارمۆنیکی موکریانی دامەزراند و توانی بە یارمەتی وەرگرتن لە هۆگرانی مووسیقی و ژەنیارانی ناوچەکانی مەهاباد ، بۆکان، پیرانشار و سەردەشت و شنۆ، بە شێوەی لۆژیکی لە چالاکییەکانی خۆی‌دا بەردەوام بێ.

بابەتی پێوەندیدار