Skip to content

عەبدولڕەحیم (نەجات) کوڕی لەسێدارەدراوی هونەرمەند محەممەد ماملێ.

نەمر نەجات ماملێ

عبدالرحیم ماملی (نجات)، کوڕی محەممەد ماملێ و ئامینە مەولودیان، لە ڕێکەوتی ٢٣ی ٠٩ی ١٣٤٥ هەتاوی ( ١٤/١٢/١٩٦٦ زایینی) لە شاری مەهاباد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایک بووە. قۆناغەکانی خوێندنی هەر لەو شارە و لە خوێندنگاکانی (شەشی بەهمەن و ئیبنی سینا) خوێند و تێیدەپەڕاند. ژمارەی پێناسەکەی ٤٨٠ بوو کە لە شاری مەهاباد بۆیان دەرکردووە.

نەمرنەجات ئەوکاتەی کە گیرا خوێندکاری پۆلی دووی دەبیرستان بوو. لە ماڵی خۆیان لە چواڕڕای مەولەوی لە کاتژمێر ٢:١٠ خولەکی نیوەشەوی ٤ی١ی١٣٦٢ (٢٤/٠٣/١٩٨٣) کاتێک کە لە غوڕابی خەودا بوون، لەلایان پاسدار و جاشەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران چرایان لەسەر هەڵدەکرێتەوە و نەجات دەگرن و دەگەڵ خۆیان دەیبەن بۆ زیندانی مەهاباد.

ئەو نەمرە کە لایەنگری ڕێکخراوی (کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان) بوو بە هاوکاری کردنی ئەو سازمانە وەک کۆکردنەوەی یارمەتی و دەرمان، بڵاوکردنەوەی گۆڤار و نووسینی شوعار چالاکی دەکرد کە هیچکام لەو چالاکییانە لە هیچ یاسایەکدا سزاکەی ئەشکەنجە و لەسێدارەدان نییە جگە لە کۆماری ئیسلامی ئێران.

لەوکاتەوە کە گیرا بۆ ماوە سێ مانگان بێسەر و شوێن بوو. تا لەبەردەرگای زیندانی مەهاباد کە بە شوێنی کەوتبووین، بنەماڵەکەی ئاگادار دەکەنەوە کە نەجات ڕاگوێزراوەتە (زیندانی دریا)ی ورمێ(ارومیە). کاتێک بنەماڵەکەی خۆیان گەیاندە ئەوێ، نۆرەی دیداریان دابوونێ بۆ پێنج‌شەممۆی دوو حەوتوو دواتر. بۆ یەکەم جار لەو زیندانە لە پشت جامی شیشە و بە تەلەفۆن توانیبوویان چاویان پێی بکەوێتەوە. بەڵام چ دیتنێک؟ بنەماڵەکەی ئاوا دەیگێڕنەوە:

ئاسەواری ئەشکەنجە بە هەموو جەستەیەوە دیار بوو. دەستەکانی دەوراندەور بە سیغاری سوتێندرابوو کە لە پشتی دەستی ڕا تا ئانیشکی زیاتر لە بیست جار سووتابوو و شوێنی هەر سووتاوەی نووکی قامکی مرۆڤی تێدەچوو. لەو دیدارەدا دیار بوو هەڕەشەی لێکرابوو کە ئاگای لە قسەکانی بێت بەڵام، ئەو هەوڵی دەدا کە بە ئیشاڕە و بە ڕەمز تێمانگەیێنێت کە لە دۆخێکی دژوار دایە و بە فریای کەوین. لە پشت سەریشی پاسدار بە دووری ٢ میتران ڕاوەستابوون و چاوەدێرییان دەکرد.

نەجات ماملێ لە مقەڕی خوڕخوڕەی کۆمەڵە

ئەو دیدارەمان ١٠ خولەکی خایاند و ئیتر لە ماوەی ئەو دوو مانگەدا کە لە زیندانی ورمێ بوو، هەموو پێنشەممۆیان دەچووین بۆ دیداری و لە پشت جامی شیشە و بە تەلەفۆن دەماندواند. بە باوکم و دۆستەکانمان بڵێن کە چی تر خەڵک ئەزیەت مەدەن، پێیان گوتووین کە لە سێدارەمان دەدەن.

هێندەی پێنەچوو بینیمان لە تێلێویزیۆنی ناوەندی مەهاباد دانپێدانانی ٤٢ کەس لەو قارەمانانەیان پێشان دا کە و وەک ئەندامانی (ضد انقلاب) پێناسەی کردن. لەناویان دا نەمر نەجاتی ماملێ‌ی تێدابوو. ئەو ٤٢ کەسە  بەناچاری و لە ژێر ئەشکەنجەدا ئەو تاوانانەی کە هیچیان نەیانکردبوو بەسەریان دا سەپاندبوون و دەیانگوتەوە.

ئیتر پاشی دوایین دیدارمان کە بە شێوەی حزووری بوو، بۆ جاری دواتر کە چووینەوە زیندانی ورمێ و داوای دیدارمان کرد، پێیانڕاگەیاندین کە کوڕەکانتانمان بەڕێ کردووە بۆ (زیندانی تەورێز). بنەماڵەکان بە تاک و بە کۆ خۆیان گەیاندە زیندانی تەورێز. لەوێ چەند ڕۆژێک بنەماڵەکانیان تەفرە دا و پاشان لە ڕێکەوتی ١٩/٠٦/١٣٦٢هەتاوی (١٠/٠٩/١٩٨٣زایینی)  لە لایان پۆلێک لە بنەماڵەی گیراوەکان کە بە شوێن کاری گیراوەکانیان لە بەر دەرگای زیندانی تەورێز بوو پێیان ڕاگەیاندین کە ناوۆ پۆلێک زیندانییان خوێندۆتەوە کە یەک لەو لەسێدارەدراوانە کوڕەکەتان عەبدولڕەحیم ماملێ‌ (نەجات)ـە

بە پەلە باوکم و پۆلێک لە بنەماڵەکان بەرەو تەورێز وەڕێ دەکەون و داوای وەرگرتنەوەی تەرمەکانیان کرد بەڵام، بە بنەماڵەکانیان گوت کە لە گۆڕستانی (وادی رحمت) لە تەورێز ناشتوومانن. کە دەچنە ئەوێ، چەند گڵکۆیەکیان پێشان دەدەن کە لەسەر گۆڕی هەرکامیان  تەختە دارێکیان چەققاندووە و  ناوی ئەو ئازیزانیان لەسەر نووسرابوو.

ئیتر نە ئێمە و نە هیچکام لەو بنەماڵانە تەرمەکانمان وەرنەگرتۆتەوە و نازانین کە دەناو ئەو گۆڕانەدا کە پێشانیان داوین، خۆشەویستەکەی خۆمانی تێدایە یان کەسێکی ترە؟ یان کەس دەو گۆڕە دا هەیە یان چۆلە؟ ئیتر لە ڕووی ناچاری مەجبورین کە لەو گۆڕە خۆ بکەین بە خاوەن وخۆشمانبوێ. چوون ئەوە دوا یادگارێکی کە دەتوانین بۆنی ئازیزەکەمانی لێبکەین تەنانەت گەر چۆلیش بێت.
بەو چەشنە نەمر نەجاتی ماملێ لە تەمەنی ١٧ ساڵی دا لە سێدارە درا و گیانی پاکی لە ڕێی دەرکردنی داگیرکەر لە نیشتمان و وەدیهێنانی مافە ڕەواکانی نەتەوەکەی دا بەخشی.

بنەماڵەی نەمر عەبدولقادر بایەزیدی بیرەوەرییەک دەگێڕنەوە کە کوڕی ئەو نەمرە کاک خەبات بایزیدی نوسیوەتەوە و لە ماڵپەڕی نەمران دا بڵاو کراوەتەوە، ئاوا شایەدی دەدەن و دەڵێن:

… بەشێک لە بنەماڵەکان بە ناچار چوون لە قاوەخانەیەکی نیزیک لە زیندان دانیشتین تا چاوەڕوانی چارەنووس بن. لە پڕ کەسێک بە جل و بەرگی سەربازی لە قاوەخانەکە وەژوور دەکەوێت و بە زاراوەی کوردی لای سنە، پییان دەڵێ کە دەمهەوێ بە نوێنەرایەتی هەمووتان دەگەڵ دوو کەستان قسان بکەم. دایک و برای نەمر عەبدولقادر بایزیدی بە نوێنەرایەتی دەچنە پێش و ئەویش دەیانباتە چەند میتر ئەولاتر و کە چۆلتر بوو و کەسی لێنەبوو. لەوێ کابرا سوێندیان بۆ دەخوات کە ئەوەی بە چاوی خۆی بینیوێتی بۆیان بگێڕێتەوە. دەڵێ:

  • من شایەدی ئەو دیمەنانە بووم کە ئەو نەمرانەیان دەبرد بۆ لەسێدارەدانێ. ئەوان ٣٣ کەس بوون. کوڕێکی مێرمنداڵ و کەم تەمەنیان دەگەڵ بوو کە لە پێشەوەی هەموویان دەڕۆییشت و بە دەنگی بەرز سروودی (ئەی ڕەقیب)ـی دەگوتەوە.

بەو نیشانانەی کە کابرا سنەییەکە دەیدا، ئەو کەسە کە بەدەم سروود گوتنەوە بەرەو سێدارە ڕۆیوە، (عەبدولڕەحیم یا نەجات ماملێ کوڕی هونەرمەند محەممەدی ماملێ) بووە. …    

لەو ماوەیەدا کە نەمر نەجات لە بەندیخانەکانی ورمێ و تەورێز دا بوو، بەردەوام محەممەدی ماملێ لەو شار بۆ ئەو شار لە سەفەردابوو تا بەڵکوو بتوانێ دەرەتانێک بدۆزێتەوە تا کوڕەکەی لە پەت ڕزگار بکات بەڵام، پیاو نازانێ بڵێ بەختەوەرانە یان مخابن کە ماملێ کەسێکی وای نەدەناسی کە لەو ڕژێمە نیزیک بێت و قسەی بڕوات. ڕۆژێک هەندێک پیاوخاس هاتن تا یارمەتی ماملێ بکەن و ڕاوێژی پێبدەن. پەیامیان دایە کە:
– فڵانە کەس لە فڵانە شار لە لای پاسداران قسەی وە عەرز ناکەوێ و دەنگی تۆی زۆر پێخۆشە و زۆریشی خۆش دەوێی گەر بچی و داوای لێبکەی بە دڵنیاییە بە قسەت دەکات. لە وەڵامدا ماملێ دەڵێ:

ئەگەر مەیتی هەموو عەولادەکانم ئەمڕۆ لەبەر دەرگاکەم بۆ ڕیز بکەن، ئامادە نیم بچم لە کەسێکی ئاوا بپاڕێمەوە.

لە ڕاستەوە: عەزیزی مەحمودی کوێخابرایمی، محەممەد، نەجات، وریا ماملێ، نەناسراوەتەوە

ئەوکاتی کە پۆل پۆل ڕۆڵەکانی نیشتمان لە گشت ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەریان بە داری قەنارەوە دەکرا و جەستەی نیشتمان دڵۆپ‌دڵۆپ خوێنی لێ دەتکا، هاوکات ماملێ نەجاتی کوڕیشی یەک لەو شەهیدانەی نیشتمان بوو. ئەو بە گۆرانییەک ویستی هەستی خۆی بۆ گشت شەهیدانی کوردستان دەرببڕێت بە نەجاتی کوڕیشییەوە. ئەو گۆرانییە لە ساڵی ١٩٨٤ لە ژێرزەمینی ماڵی هونەردۆستی ڕەحمەتی کاک وەستا عەزیز خاڵەندی بە هاوکاری مامۆستا ڕەشید فەیزی نیژاد تۆمار کرا کە ناوی (تاکەی چاوەڕێی یاران بم) بوو. وەک شاهیدانی ئەو شەوە دەیگێڕنەوە و لە گۆرانییەکەش دا دەرکەوتووە، ماملێ هەموو ئەو گۆرانییەی بە چاوی بەگریانەوە تۆمار کردووە و بەردەوام فرمێکی دەباراند و بە ئەوکی لەکوڵەوە گۆرانییەکەی تەواو دەکات. تەنانەت بڕگەیەدا کە دەڵێ:
“گەر نەمدیتیەوە (ئازیزم) بڕۆ بۆخۆت سڵامەت
دیدنی یاران (ئازیزم، گیانە) کەوتە قیامەت” [1]

ماملێ بەندەکەی بەباشی ئەدا ناکات و تێکی دەدات. ئەو گۆرانییە بۆ ساڵیانێکی دوور و درێژ بێدەنگەی لێکرا و بڵاو نەکرایەوە چوون دەیتوانی ببێتە هەوێنی بیانووپێگرتن بە ماملێ و گوشارەکان کە بەردەوام لەسەر ئەو هەبوو، زیاتری بکات.

پێش ئەوەی گۆرانییەکە بە فەرمی بڵاو بکرێتەوە (لە ئاڵبۆمی با بچینە ناو شلێران)، هەندێک کەس زانیبوویان کە ماملێ هەستی خۆی لە کۆی گۆرانییەک بۆ شەهیدان دەربڕیوە. زۆریان حەز دەکرد کە بیبیسن. بۆ ئەوی گوشاری بۆ بێنن تا بڵاوی بکاتەوە، بێ ئەوەی فکر لە ئاسایشی ماملێ لەو سەردەمدا بکەنەوە، بە شێوەیەکی ناشیرین دەنگۆیان بۆ ساز دەکرد کە ئە گۆرانییەی بۆ کوڕەکەی گوتووە. ئەویش زۆر بەو دەنگۆیە تێک دەچوو و دەیگوت:

بۆ کوڕی من چ فەرقێکی هەیە دەگەڵ کوڕی ئەو میللەتە؟ چۆن من دەتوانم لەناو دەریایەک لە شەهیدە قارەمانەکانی ئەو گەلە، تەنیا کوڕی خۆم ببینم. ئەو دەنگۆیە ئەوپەڕی بێدادییە کە دەرحەقی منی دەکەن. من ئەو گۆرانییەم بۆ هەموو شەهیدانی کوردستان گوتووە نەک بە تەنیا بۆ کوڕەکەی خۆم. گەر بە تەنیا بۆ نەجاتی کوڕم گوتبا ئەوە لە گۆرانییەکەدا ناوم دەهێنا.

یەک لە مامۆستایانی قوتابخانەکانی مەهاباد کە هەنووکەش لە ژیاندا ماوە و لەبەر ئاسایشی بەڕێزیان ناوی نانووسین ئاوا دەگێڕێتەوە:

چەند ڕۆژێک پاش لە سێدارەدانی ئەو پۆلە لە قارەمانانی شارەکەمان پشووی هاوینی تەواو بوو و مەدرەسەکان کرانەوە. ڕۆژێ دووهەم یان سێهەم بوو کە کاک محەممەدی ماملێ هاتە مەدرەسەکەمان. هەموو پەشۆکاین! نە دەمانزانی بۆ هاتووە! بە ڕێزێکی زۆرەوە فەرموومان کرد بۆ زووری بەریوەبەر بەڵام، نەهات و گوتی:
– دەمهەوێ ئەو پۆلە ببینم کە نەجات دەرسی لێ دەخوێند.
وەپێشی کەوتین و پۆلەکەمان پێشان دا. فەرمووی:
– نەجات لە کوێ دادەنیشت؟
– پێشانمان دا.
چوو یەکسەر لە جێی نەمر نەجات دانیشت.
پێمانگوت بۆ بۆ لێرە دادەنیشی؟ هەستە با بچینە دیوی بەڕێوەبەر لەوێ لە خزمەتتدا دەبین. فەرمووی:

– نا پێمخۆشە لێرە لە جێی نەجاتی دانیشم. دەمهەوێ کە مامۆستاکەی هات و ناوی قوتابییەکانی خوێندەوە من لە جیاتی نەجات بڵێم “حاضر”

دوو نامەکە نەمر نەجات کە لە زیندانەوە نووسیویەتی

سڵاو دایە گیان

هیوادارم باش بن و چ خەمێکتان نەبێ. سڵاوی گشت ئەندامانی بنەماڵە دەگەیێنم بەتایبەت باوکی هێژام. دایە گیان حاڵیی من زۆر باشە خەمم لێ مەخۆن. من جوتێک دەمپایی (نەعل) و تەسبێحێکم پێویستە. ئەو شتانەی دیکە گەیێشتنە دەستم. سڵاوم هەیە بۆ ئاسۆ و خوشکە چکۆلەکەمان.

خودات لەگەڵ

کوڕەکەت نەجات ماملێ

واژۆ

٥/٦/١٣٦٢

سڵاو دایە گیان

هیوادارم کە خۆت و هەموو ئەندامانی بنەماڵەمان باش بن.سڵاوم هەیە بۆ بابم. سڵاوی براکانم و خوشکەکانم بگەیێنە. دایە گیان تکایە گەر بۆت دەلوێ وێنەی دانەبەدانە ئەندامانی بنەماڵە و ئاسۆ و خوشکە بچوکەکەمان (ناوەکەشی لەسەر بنووسە) بۆم بنێرن. سڵاوم هەیە بۆخاڵە خانە، کاک یۆسف، کاک یۆنس، کاک صادق، کاک عەلی و بنەماڵەکانیان. لە لای خودا بۆم بپاڕێنەوە. هەروەها گەر نامەتان بۆ من نووسی تکایە ناوی منی لەسەر بنووسن دەنا ناگاتە دەستم. هیوادرام لە کاروبارەکانتاندا سەرکەوتوو بن.

خوداتان دەگەڵ.

ڕەحیم – نەجات ماملێ

٢٦/٤/١٣٦٢

چارەنووسی دڵتەزێنی ئەو نەمرانە بەردەوام لەلایان هونەرمەندان و هەڵبەستوانانی نیشتمان ئاوڕی لێدراوەتەوە و یادیان کراوەتەوە. شاعیر کۆچکردوو و نیشتمانپەروەری کورد مامۆستا ناسر ئاغابرا لە ناوخۆی وڵاتەوە ئەو شێعرەی بۆ کۆچی نەمر نەجاتی ماملێ هۆنیوەتەوە:

“خەمی زەمانە”

هۆنراوەی: ناسر ئاغابرا (ژاکاو)
(بۆ کوڕی شەهید و لەسێدارەدراوی محەممەد ماملێ، نەجاتی ماملێ گوتراوە)

گەردوون گەر ئاهێک لە دۆزەخی دڵ
بکەم ڕەوانە بەرەو تۆی غافڵ
بۆ چەک لە تەخت و بەختت هەڵدەستێ
چەرخی چەپگەردت لە گەڕ دەوەستێ
تاقی میناییت لێ دادەبێژم
داخی زەمانەت پێهەڵدەڕێژم
چوونکە هەر ناڵیم لە داخی دەورت
قەت بێبەش نەبووم لە تیغی جەورت
جەفا لە دوونیا نەما نەیبینم
ڕۆژێک دڵشادم دە ڕۆژ غەمگینم
یادی غەریبان لە دڵم بارن
وەک پیری کەنعان دوو دیدەم تارن
ڕۆژم لێ شەوە و شەوم دەیجوورن
هەواری سەوزی دڵم خاپوورن
نە بە سۆزی نەی دڵم دەلاوێ
نە بەجامی مەی خەمم دەتاوێ
تاکەی مەینەتی فەڕاق و دووری
خۆ من ئەیوب نیم، تاکەی سەبووری؟
قەدی چەماندم خەمی زەمانە
تەمەن بەسەرچوو، نەمدی فەرعانە
فەلەک بڵێی قەت نەکەومە شادی؟
بڕۆم لە دوونیا بە نامردای؟
ئەگەر دەمێکی لە ڕۆژگارم
شەهێنی ئیقباڵ ببیتە یارم
بگەم بە ئاوات بە کامەرانی
کەساسیم ببی بە شادمانی
شنەی بزەی لێو بەرێ پەژارە
خەزانی زەردیش لە من بەهارە

هۆنراوەی: خوالێخۆشبوو ناسر ئاغابرا (ژاکاو)

هۆنراوەی: خوالێخۆشبوو ناسر ئاغابرا (ژاکاو) بە دەنگی خۆیان

هەروەها مامۆستا ڕەسوڵ کەریمی (سووتاو) لە سەرەخۆشی هونەرمەند محەممەدی ماملێدا لە مزگەوتی سووری مەهاباد هۆنراوەیەکی خۆیانی بە ناوی (خاسەکەو) کە تێیدا ئاماژەی بە لەسێدارەدانی نەجاتی کوری محەممەدی ماملێ کرد و بوێرانە لەو مەراسیمەدا خوێندییەوە.  کە ئەو بەشە لە مەراسیمەکەتان لێرە پێشکەش دەکەین:

خاسەکەو

بۆ کۆچی‌دوایی بولبوولی‌
ئاوازی ‌کوردستان ‌مامۆستا “ماملێ”

هۆنراوەی: ڕەسوڵ کەریمی‌ (سووتاو)

ئەو چــــــــوارێنە‌نانە ‌دە‌ ڕۆژ‌ بە‌ر لە‌
کۆچی‌ مامــۆستا‌ ماملێ‌ نووسراوە
ـــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
خاسە‌کە‌و
دەزانم بۆچـــــی بێــــدەنگ و نەوا بووی
له شوێن‌ ویستت‌ وەکوومن ‌بێنەوا بووی
دەزانـــــم بۆچـــــــــــی تاساوی عەزیزم
که هێنده چاوەرێی مافـــــی ڕەوا بووی

Resol-Karimi
مامۆستا ڕەسوڵ کەریمی‌ (سووتاو)

دەزانم ئەو دەمــەی لەم شـــاره سووره
له زۆربەی ماڵــــەکانــــی کۆچی سووره
دڵی تۆ ناسکه وەک گــــوڵپــــــەڕی گوڵ
کـه ژاکاوه و غەمــــــــی تو بێ ‌سنووره

له بەر چـــی خاڵیــه ئیمــــــڕۆ هەوارت
دەزانــم زۆر بە سامــــــــــــه ئینتیزارت
ونه ‌لێت مەقسەد و مەقسوودی عاشق؟
لە بەروەی ئێسته تـــۆراوی له شـــارت؟

دەزانم چــــــــاوەرێی مافـــــــی ڕەواتی
دەزانم بۆ چـــــــی تــۆ تاساو و مــــاتی
وەکـــــــوو دەریایه دەردی تـــۆ بەریینه
دەزانم هــــــەر به ئاواتی (نه‌جـــــــاتی)

هەڵێنـــه دەنگــــــی پڕ سۆز و گــودازت
دەریخــــــه ماملـــــــــــێ ڕاز و نیـــازت
له مێژه چـــــاوەرێتن خــــــەڵکی شارێ
ببیسن جـــــــــاری تر ئاواز و ســــــازت

ئەتۆ ئەی ماملـــــێ ئەی شـــــازی ئاواز
ئەتۆ ئەی بولبولی پڕ هــــــەستی بێ‌ناز
به یادی ئەو گـــــــوڵانەی هەڵپـــڕووکان
قەتارێکـــی بڵێ، با دەرکـــــــــەوێ ڕاز

وەره‌ بۆ سەیری کێو‌و چۆم‌ و پێدەشت
بکه یادی ‌هـەڵەبجه‌ و پیره سەردەشت
به دەنگــــی پڕ له ســـــۆز و دڵنەوازت
به سۆزم بۆ بڵێ گاتێکـــــی زەردەشت

بەبێ تۆیه که کــــاسن مـەی ‌پەرەستان
له کوێن‌تالالە یەک بگـــــرن به دەستان
به چەشنی پیــــــرەکانی خانەقاکـــەت
ئەتۆی ‌هۆی ‌تیـــن‌وتاوی‌کۆڕی ‌مەستان

وەهابوو ویستی‌تـۆ،شیـــــریش ‌نەڕێژن
چ‌ کەس‌دەرد و غەم‌ و مەینەت نەچێژن
هونەرمــــــەندی وڵاتی من وەکـــوو تۆ
دەبێ ‌غەرقی‌خـــەفەت بن ‌هیچ نەبێژن

وەره هـــــــــــــۆزانەکەی هۆزی وەفایی
وەره رێبوارە کـــــــــــــەی رێی ئاشنایی
وەره‌؟دیسان‌ به‌دەنگــــی پڕ له سێحرت
بلاوێنه گــــــــــــــەلت بــــــەو لای ‌لایی

سکووتت پـــــڕ له ڕازه و پڕ لــــه مـــانا
هونەروەر بێکـــــــەسه و بێپشت و هانا
له ‌سەر لێـــــوت قەتیس ماوه بزەی تاڵ
که برکـــــــــه و ژانه ژینــــی پیاوی زانا

هونەروەر بۆ گــــەلی چــــەشنی چرایه
بەبێ تۆیه هـــــونەر خــــــاوەن عەزایه
به‌یادی ‌ئەو دەمـەی‌ سەرمەسته بولبول
که ماملـــــێ بۆ گەلـــــی کـوت لایەلایه

هونەروەر بۆ گــــەلی چــــەشنی چرایه
بەبێ تۆیه هـــــونەر خــــــاوەن عەزایه
به‌یادی ‌ئەو دەمـەی‌ سەرمەسته بولبول
که ماملـــــێ بۆ گەلـــــی کـوت لایەلایه

ئەتۆ هـــۆزانەکەی پڕ تیـن و تەو بووی
وەکوو خــــۆرێ دژی تاریکەشەو بووی
هەڵێنه دەنگــــی پڕ ســـــــۆز و زوڵاڵت
که‌بۆئاواتی گەل ‌وەک‌ خاسەکەو بووی

له چــوار پارچـــــەی وڵاتی کوردەواری
به پیر و لاو و بێچــــــــــــاره و هەژاری
هەموولایەک دەڵێــــــن بۆ بولبولی‌کورد
خــــودا، خـــــــاڵی نەبێ ساتێ هەواری

ڕەسوڵ کەریمی (سووتاو)

هۆنراوەی: خاسەکەو شاعیر مامۆستا ڕەسوڵ کەریمی(سووتاو) بە دەنگی خۆیان

نووسینی: وریا ماملێ

تێبینی: بەشێک لەو نووسینە لە ماڵپەڕی نەمران وەرگیراوە.

بەشێک لە وێنەکانی نەمر نەجاتی ماملێ


سەرچاوەکان

[1] لەو گۆرانییەیدا کە بە فیلم دامانناوە ئەو بەشە بە هۆی ئەوە کە ماملێ بە هەڵە وشەکە ئەدا دەکات لە لایان بەشی تێکنیکی مەڵبەندی هونەریی ماملێ ئێدیت کراوە و هەڵپچڕاوە بەڵام لێرەدا ڕێک ئەو بەشە کە لەبەر گریان و دڵپڕبوونی ماملێ نەیتوانیوە بە باشی ئەدای بکات وەک خۆی دادەنێینەوە.

بابەتی پێوەندیدار