Skip to content

ژیاننامەی مامۆستا سەید ڕەحیم قوڕەیشی ناسراو بە “دڵسۆز”

سەید ڕەحیم قوڕەیشی،  زایەڵەی هونەری نەتەویەک لە ڕادیۆی کوردی.

هونەرمەندی ناودار خوالێخۆشبوو “سەید ڕەحیم قوڕەیشی” بە نازناوی ئەدەبی “دڵسوز” کوڕی خوالێخۆشبوو سەید حەکیم ساڵی ۱۳۰۹ لە گەڕەکی “پشت قەڵا”ی مەهاباد لەدایک دەبێ. دەرسی سەرەتایی لە قوتابخانەی بەناوبانگی “سەعادەت”ی مەهاباد کە زۆربەی هونەرمەندان و ئەدیبان و شاعیرانی ئەم سەردەمە لەو شوێنە قوتابی بوون،  دەست پێدەکا. لە دەبیرستانی “ئیبنی سینا ” دیپڵۆم وەردەگرێ و دەبێتە مامۆستای هونەر و بەرپرسی قوتابخانە لە قوتابخانەی ” ڕەزا پەهلەوی” کە دواتر بۆ شوێنی تازە هەڵکەوتوو لە نزیکەی ئیدارەی “پۆست” ی ئێستا گۆزرایەوە. سەید ڕەحیم لە سەردەمی گەنجی بۆی دەردەکەوێ کە دەتوانێت ویست و وتار و داخوازیەکانی خۆی و پێداویستەکانی کۆمەڵگا بە باشترین شێوە لە بازنەی هونەر و چوارچێوەی “شانۆ”دا نیشان بدات. هەر بۆیە “دڵسۆز” یەکێک لەم هونەرمەندانەی کوردستان دێتە ئەژمار کە بێ کەڵک وەرگرتن لە مامۆستا و فێرگەی تایبەت بە هونەری شانۆ،  تەنیا بە هەست و ئەوین لە سەردەمێک ڕوو دەکاتە دونیای هونەری شانۆ کە کۆمەڵگا لە بەرامبەر ئەم هونەرە جیهانییەدا،  نامۆیە. دەتوانین قوتابخانەی “ڕەزا پەهلەوی ” بە یەکەم شوێنی خزمەتە هونەریەکانی سەید ڕەحیم بژمێرین. جێی ئاماژەیە کە مامۆستا قوڕەیشی،  هاوڕێ دەگەڵ قوتابیانی لە شانۆ ڕۆڵی شانۆ دەگێڕا. پاش بەڕێوەبردنی شانۆی بەناوبانگی “دایکی نیشتمان” که لە بەهاری ساڵی ۱۳۲۱ی هەتاوی له حەوشی کاڕێژی “عەبدول کەرباسی” هەڵکەوتوو لە “مەیدانی ئارد”ی ئێستا نوێندرا،  مەودایەک شانۆی کوردی بە هۆی بارودۆخی ڕامیاری ئەوان ساڵان و هەڵوێستی حکومەتی تاران لە هەمبەر بە کۆماری کوردستان ڕاوەستا. بە تێپەڕبوونی چەرخی ڕۆژگار،  شانۆ لەم قوتابخانانەی کە سەید ڕەحیم مامۆستای وانەی هونەر بوو دووبارە هاتەوە هۆڵی نمایش و دەتوانین بڵێین هونەری شانۆ لە ناوچە بە دەستی مامۆستا دڵسۆز ژیاوە. بە زووترین کات و بە هۆی بەڕێوەبردنی شانۆ لە شوێنەوارە جۆراوجۆرەکانی وەک قوتابخانە و هۆڵی فەرهەنگ،  ناو و ناوبانگی سەید ڕەحیم بەتایبەت لە ناوچەدا کەوتە سەر زاران. امۆستایان

rq-10

مامۆستا لە هەنگاوە سەرەتاییەکانی بە هاندانی لاوان و پەروەردەکردنی لایەنگرانی شانۆ هەڵمەتێکی حاشاهەڵنەگر لە خۆی نیشان دەدا. مامۆستا دڵسۆز بە وردبینی،  کەم و کۆڕی و کەند و کۆسپەکانی کۆمەڵگا دەناسێ و بە بەردەوامی دەیان شانۆی کۆمێدی،  تڕاژێدی و مێلۆدڕام دەخوڵقێنێ تا بەم چەشنە بازنەی شوێنی شانۆی مامۆستا دڵسۆز ڕەنگی ڕەخنەگرانە و ناڕەزایەتی دەربڕین لە سیستەمی حکومەتی پەهلەوی و هەروەها ڕێنوێنی و ئامۆژگاری بۆ گەلانی ژێردەست بە خۆیەوە بگرێ. ڕێزداران قادر حەمیدی،  پەرویز حەبیبی و برایانی شەریعەتی دەتوانین وەک هاوکارانی سەردەمی گەنجی بەڕێز قوڕەیشی لە هونەری شانۆگەری دا یاد بکەین. ساڵی ۱۳۳۳ بە شێوەی فەرمی دەنگە بلاوێنەکەی لە سەر هونەری ئاواز بە تاقی دەکات و یەکەم بەرهەمی وەک بەناوبانگترین ئاسەواری هونەری ئەم هونەرمەندە لە بەشی ئاواز بە ناوی ” ئافرەت و جوانی” کە لە ناو خەڵک بە گۆرانی ” بە ئاسمانەوە ئەستێرەم دیوە” بە گەرمی دەکەوێتە بەر دڵان.

ئەم هونەرمەندە زیاتر لە بیست گۆرانی تۆمار کردووە و جێی سرنجە کە مامۆستا قوڕەیشی خۆی داڕێژەری ئاهەنگەکانی بوو ئەمەش کاتێک بەرچاوتر خۆ دەنوێنی کە سەید ڕەحیم بێ کەڵک وەرگرتن لە مامۆستا و فێرگەی مۆسیقا، بەرەو پێشکەوتن هەنگاوی ناوەتەوە. لە گۆرانیەکانی ئەم هونەرمەندە دەستدەکەوێ کە شێعرەکانی مامۆستایانی وەک وەفایی، هێمن، گۆران و سوارە ئیلخانیزادە کەڵک وەرگیراوە یا تەنانەت کاریگەرییان هەبووە. هەر لە ساڵەکانی هەووەڵی دەیەی سی دا، ئێزگەیەکی ڕایۆیی بە بڕستی ۴۰۰ کیلۆوات بە هیممەتی ” سەرهەنگ ڕادپوور ” لە “مەیدانی ئاسینگەران”ی مەهاباد دامەزرا. ناوبانگی سەید ڕەحیم قوڕەیشی لە بەشی شانۆگەری دەبێتە هۆی داخوازی هاوکاری لە ناوبراو بۆ بەشەکانی وێژەری و هەواڵنێری و پێشکەشکاری ڕادیۆی مەهاباد لە لایەن کاربەدەستانی ئەم ئێزگەیە.

rq-13
مامۆستایان سەید ڕەحیم قوڕەیشی و حەسەن زیرەک

سەید ڕەحیم ڕادیۆی کوردی بە دەرفەتێک بۆ پەرەپێدانی هەر چی باشتری هونەری کوردی دەزانێ و بە بەرپرسیارەتییەکی بوێرانە، هونەرمەندانی ناودار و هاوچەرخی خۆی وەک مامۆستایان محەممەد ماملێ، عەزیز شاڕۆخ، حەسەن زیرەک و ئەحمەد فەیزیابی و مەلا حوسێن عەبدووڵڵازادە بۆ ڕادیۆی مەهاباد بانگهێشتن دەکا. شایانی باسە بە مەبەستی زیندووڕاگرتنی داب و نەریت و فەرهەنگی نەتەوە، هاوکاری و بانگهێشتنی هەوەڵین گرووپی هەڵپەڕکێی مەهاباد کە بەڕێز مەناف ئێرانپەنا لە ئەندامانی ئەم گرووپە بوو بە هیممەت و چالاکی مامۆستا دڵسۆز پێک دێ. هەروەها هونەرمەندانی ئاماژە پێکراو بە هاوکاری خوالێخۆشبوو قوڕەیشی بۆ بەرنامەکانی ڕادیۆ ورمێ بانگهێشتن کران. لە ساڵی ۱۳۵۰ ی هەتاوی دوکتور “فەرحەت” بۆ بەشداری کۆڕێکی مۆسیقای کوردی لە مێهرەجانی هونەری شیراز واتا جەشنوارەی شیراز، “دڵسۆز ” بانگهێشتن دەکا . ناوبراو بەڕێزان محەممەد ماملێ، عەزیز شاڕۆخ و مەلا حوسێن عەبدووڵڵازادە هەڵدەبژێرێ و سەرەڕای ئیمکاناتی کەم، بە پێکهێنانی کۆڕێکی ڕێک و پێک بەشداری مێهرەجانی شیراز دەکەن و بۆ ناساندنی مۆسیقای کوردی بە ئێران و وڵاتانی تر، زەحمەتێکی زۆریان کێشا. هەر بۆیە زۆرترین پێشوازی لە لایەن بینەرانەوە لە گرووپی هونەری مەهاباد دەکرێ و هۆکاری شانازی بۆ شار و گەل پێکدێنێ. هەستی نیشتمان پەروەری مامۆستا قوڕەیشی لە بەشی هەواڵەکانی ڕادیۆ بەرچاوتر لە جاران ئاشکرا دەبێت و کاتی خوێندنی هەواڵی شەڕ و پێکدادانی نێوان هێزەکانی بارزانی و هێزەکانی حکومەتی عێراق، بەوپەڕی هەستەوە دەڵێ: “داخەکەم” لەم شەڕەدا دوو یاری بارزانی ” شەهید ” کران. شێوەی خوێندنەوەی ئەم هەواڵە، پێی سەید ڕەحیم دەکێشێتە ساواک. بە دامەزرانی دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد، گۆڕپانی خزمەت و هونەر بۆ سەید ڕەحیم و هاوکاران و قوتابیانی فرەوانتر دەبێ.

بە پێی بارودۆخی ئەو سەردەمە و لە ڕۆژگارێک کە جێی ئافرەتان لە ڕادیۆی مەهاباد خاڵییە و بنەماڵەکان ئیزن نادەن هەتا کچەکانیان هاوکاریی ڕادیۆ بکەن، بە سەید ڕەحیم ڕادەگەێنن پیاوێکی قسەخۆش کە خاوەن سەرتاشخانە و جوانکارییە، دەنگی ژنان زۆر بەباشی لاسا دەکاتەوە. سەید ڕەحیم ئاخری کات وەک موشتەری سەردانی ئەم سەرتاشخانەیە دەکا و کاتی سەرچاککردن دەگەڵ کابرای دەدوێ و پێشنیاری هاوکاری پێ دەدات و پێی دەڵێت ناوی تۆ بە نەهێنی دەمێنێتەوە و ڕۆڵی ” پوورە زارا ” بە تۆ دەسپێردرێ. بەم شێوەیە هونەرمەندێکی تر بە بازنەی هونەرمەندانی ڕادیۆی کوردی زیاد دەبێت. ئەم هونەرمەندە کە لە داهاتوو چ لە بەشی ڕادیۆ و چ لە بەشی تێلێویزیۆن خزمەتێکی حاشاهەڵنەگری لێ بە یادگار مایەوە کەسێک نەبوو جگە لە خوالێخۆشبوو ” بیووک خانباغی “. هونەرمەندانی وەک بەڕێزان مەناف ئێرانپەناه، بیووک خانباغی، عەلی خزری، کامڕان مەتەری، حوسێن ڕەهبەر، حوسێن کەفاشی و … لە بەناوبانگترین هونەرمەدانێکن کە لە خزمەت مامۆستا قوڕەیشی کەڵکیان وەرگرتووە. ساڵی ۱۳۵۰ قوڕەیشی دەبێتە یەکەم وێژەری بەرنامەیەکی تازە و پڕبەردەنگ و بەناوبانگی ” خاو و خێزان” . هەر لە ساڵی ۱۳۵۰ بە ماوەی ۹ ساڵ، بە شێوەی بەردەوام شەوانە بەرنامەی چیرۆکی کوردی لە ڕادیۆ مەهاباد بەڕێوە دەچوو کە سەید ڕەحیم، چیرۆکنووس و وێژەر و بەرپرسی ئەم بەرنامەیە بوو. چیرۆکی سەید ڕەحیم تا ئەو ڕادەیە خزابۆ ناو ماڵەکان کە بیسەران وەک بەردەنگی ڕاستەقینە، لە هەر شوێنێک چاویان بە سەید ڕەحیم کەوتبا بێ قەراری درێژەی چیرۆک و چۆنییەتی بەشی کۆتاییان لێ دەپرسێوە. ساڵی ۱۳۵۹ پەیوەندی نێوان مامۆستا دڵسۆز و ڕادیۆ مەهاباد کۆتایی پێهات. سەید ڕەحیم کە لە خۆشنووسیدا دەستێکی باڵای هەبوو . ئەمجار ڕووی کردە نووسین و کۆکردنەوەی بەرهەمەکانی چەند ساڵەی خۆی بەڵام لە ڕووداوێکی دڵتەزین ماڵەکەی ئاگری گرت و بەشێکی زۆر لە ئاسەوارەکانی وەک کۆمەڵە چیرۆکی کوردی و وێنە و کاسێتی دیکلەمە و ئاوازەکانی سووتان . ئەمجار سەید ڕەحیم تووشی نەخۆشی چارەسەرنەکراوی شێرپەنجە بوو.

ڕۆژی ۱٨ ی جۆزەردانی ساڵی ۱۳۷۰،  مەلی ژیانی “مامۆستا دڵسۆز” لە شەقەی باڵی دا و بەم چەشنە کۆتایی بە ئاخرین شانۆی ژیانی  هونەرمەندێک هات کە لە زۆر بواری هونەری دا خۆپەروەر بوو. تەرمی مامۆستا لە گۆڕستانی بوداق سوڵتان تەسلیمی خاکی نیشتمان کرا. ئەگەر مامۆستا “عەباس کەمەندی” بە هونەرمەندی خاوەن “حەوت هونەر” ناسراوە،  دەتوانین خوالێخۆشبوو سەید ڕەحیم قوڕەیشی وەک هونەرمەندێکی تری خاوەن “حەوت هونەر” ناو بەرین. گەرچی ناوی مامۆستا دڵسۆز لە لایەن بەرپرسان ڕەنگی غەریبی گرتووە بەڵام باخچەی خەیاڵی ئەم مامۆستایە خاوەن دەیان هونەرمەندی وەک ئێرانپەناه،  خانباغی،  ڕەهبەر،  مەتەری و کەفاشی و خزرییە کە لە ئاسمانی هونەردا دەدرەوشێتەوە. بەداخەوە خوالێخۆشبوو سەید ڕەحیم قووڕەیشی لە سەردەمی ژیانی،  بە هۆی نەخۆشی ئەو هەلەی بۆ نەڕەخسا تا ئاسەوارەکانی چاپ بکا بەڵام کچی ئەم مامۆستایە بەناوی “زێنەب قوڕەیشی” نەیهێشت ئەم بەرهەمانە لە تێپەڕی زەماندا ڕەنگی تاریکی بە خۆوە بگرن و تۆزی لەبیرچوونەوەیان لەسەر بنیشێ. هەوەڵین بەرهەم لە بە نێوی ” کۆێستانی دڵ” ساڵی ۱۳٨۰ ی هەتاوی بە چاپ گەیندرا.

said-masud4
سەید مەسعود سەعیدی

دووهەمین بەرهەم بە ناوی ” شەوگڕ ” کۆمەڵێک لەو شانۆیانەن کە لە ساڵەکانی ۱۳۵۰ تا ۱۳۵۹ ی هەتاویدا لە بەشی کوردی ڕادیۆ مەهاباد بە نێوی ” چیرۆکی شەو ” بڵاو کراونەوه. یاد و ناوی مامۆستا دڵسۆز پیرۆز و بەخێر بێ.

له نووسینی: سەید مەسعوود سەعیدی گەلاوێژی ۱۳۹۹


وێنەکان

بابەتی پێوەندیدار