Skip to content

کۆچیدوایی کاک فەتاحی محەممەدی ناسراو بە کاک فەتاحی سێڵوێ.

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە ئەمڕۆ چوارشەممۆ  ڕێکەوتی (٧ی خەزانی ١٣٩٩ بەرانبەر بە ٢٨ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠٢٠ ) هەواڵی کۆچی دوایی شاعیر و فۆلکلۆریستی کورد، کاک فەتاحی محەممەدی‌مان بیست. بە دڵنیاییەوە کەسێکی وەک کاک فەتاح خەسارێکی گەورە بوو لە فۆلکلۆری کورد. ئێمە لەلایان مەڵبەندی هونەریی ماملێ و بنەماڵەی محەممەدی ماملێ، سەرەخۆشی و پەژارەی خۆمان لەمەڕ ئەم کۆچە دڵتەزێنە ئاڕاستەی ماڵباتی بەڕێزی کاک فەتاح دەکەین. هیوادارین دوایین خەمیان بێت و کۆستی وا نەبیننەوە

لە چەپەوە برایم ئاغای کێلێ (بایزیدی) کاک فەتاح محەممەدی(دێ گۆرجێ) مام قادر سۆلیمانی(کوندەرێ) حاجی مارف ئاغا ئەحمەدی (لاوێن) مامۆستا محەممەد ماملێ ساڵی ۱۳٤٨ گرتوخانەی رەزایە

کاک فەتاح ناسراو بە (کاک فەتاحی سێڵوێ یان کاک فەتاحی دێگورجی) کوڕی حوسێن ئاغا و نەوەی حەمەدئاغای سێڵوێیە و لە ساڵی (١٣١٦ه/١٩٣٧ز) لە گوندی سێڵوێ لەدایک بووە. تا پۆلی شەشەمی قەدیم دەرسی خوێندووە. لە زەمەنی خۆیدا کەسێکی دەستڕۆییشتوو[1] و هاوکات ئاشقی فۆلکلۆر و شێعر و گۆرانی کوردی بووە. وەک خۆی باس دەکات و دەڵێ:

 من لە خۆشەویستی دەنگی ماملێ زیاتر هەستی هونەریم پشکووت و شێعرم دادەنان.[2]

خوالێخۆشبوو کاک فەتاح دۆستی گیانی ماملێ بووە و زۆربەی کاتان بەیەکەوە دەچوون بۆ ڕاو. ئەو دۆستایەتییە کاتێک پتەو دەبێت و پێ دەنێتە قۆناغی برایەتی کە بە هەڵکەوت هەم ماملێ و هەم کاک فەتاح بەیەکەوە لە ساڵی ١٣٤٧ لە ورمێ زیندانی دەبن.

نەقڵێکی خۆش هەیە سەبارەت بەو سەردەمی. کاتێک کاک فەتاح دەبیسێت محەممەدی ماملێ گیراوە و هێناویانەتە زیندانی ورمێ، بەرتیلێکی زۆر دەدات تا ماملێ بەرن بۆ ئەو ژوورەی کە کاک فەتاح لێی دەبێ. پاش ماوەیەک کاک فەتاح حوکمی ئازادی بۆ دەردەکرێت و دەبێ زیندان جێ بهێڵێ. کاتێک دیتیان کە کاک فەتاح کۆڵێکی بەرتیل داوە تا ماوەیەکی تریش لە زیندان بمێنێتەوە. ئەو کارەی کاک فەتاح دەبێتە مایەی سەرسووڕمانی هاوزیندانییەکان لەلایەک و بەرپرسانی زیندان لەلایەکی تر. کە لێیان پرسیبوو بۆ نەتویستووە ئازاد ببی و بچێوە ماڵی خۆت؟ دەفەرموێ کە:

من لە دەرێ کوا دەتوانم هەمیشە لەلای ماملێ بم. ئەوە لێرە خودا بۆی ڕێکهێناوم و شەو و ڕۆژ لەلامە، منیش ئامادە نیم لەدەست خۆمی بدەم.

دیارە کاک فەتاح چەند هۆنراوەیەکی داون بە ماملێ  بەڵام، بەهۆی کەمتەرخەمی هونەرمەندانی کۆن بەگشتی و ماملێ و کاک فەتاح بەتایبەتی، مێژووی ئەو هۆنراوانەی کاک فەتاح لەناو گۆرانییەکانی ماملێدا بێنیشان ماوەتەوە و ساغکردنەوەیان کارێکی یەکجار چەتوونە. لەلایان مەڵبەندی هونەریی ماملێوە دیمانەیەکی ڤیدیۆیی دەگەڵ کاک فەتاح لە ساڵی ١٣٩٦ه ئەنجام درا کە تەنانەت بەڕێزیشیان زۆربەی ئەو گۆرانییانەی لەبیر نەمابوو، تەنیا گۆرانییەک نەبێ

fatah mohammadi (3)

کە کاک فەتاح دەیفەرموو ئی منە بەناوی (یار دەروات بەجێمدێڵێ).

هەرکەس بیهەوێ مێژووی ئەو گۆرانییانە ساغ بکاتەوە دەبێ بەڵگەی پشئەستووری پێبێ دەنا، مافی مامۆستایان کاک فەتاح، کاک سێمان، حاجی هاشم، مارف ئاغا، و … پێشێل دەکرێ.  بەهەڕەمەکی و بە گۆترە ناکرێ ناسنامە بۆ ئەو گۆرانییانە درووست بکرێ. بەداخەوە لە ڕابردوودا ئەو دیاردە ناشیرن و ناڕەسەنە بینراوە و بە ڕبە و بە ٦٠٪  تەخشان‌پەخشان بەو گۆرانییانە کراون.

وەک لەو بەدواداچوونەیدا کە بۆ گۆرانییەکانی ماملێ لەلایان مەڵبەندی ماملێوە کراوە و لە داهاتوویەکی نیزیکدا وەک کتێب دێتە بەر دیدی خوێنەران، وا دەردەکەوێ کە زیندوویاد کاک فەتاح زیاتر کۆپلە شێعری دابێ بە مەڕحوومی ماملێ و ئەویش ناوئاخنی گۆرانییەکانی کردووە کە بەداخەوە زیاتر بە فۆلکلۆر پێناسە کراون. یەک لە کۆپلانە ئەو شێعرەیە:

تۆ زیزی من زیز نابم، تۆ شیشی من کەبابم
داوای ماچێکم لێکرد، بەو جوملەی خەرا نابم
قیامەت لەمن رادەبرێ، زیز مەبە ماڵە بابم

یان

شلی کە و توندی کە و گرێی دە، قەیتانی کەوشەکەت

سەهۆڵبەندانە و ناخۆشە ڕێگاکەت [3]

مەرگی ماملێ کاریگەرییەکی عاتیفی لە ڕۆحی مەڕحووم کاک فەتاح درووست دەکات و بە هۆنراوەیەکی جوان و دەوڵەمەند ئاوا یادی ماملێ دەکاتەوە:

ئەوساڵ بەهارم لێبوو بە زستان
بولبوول چۆلی کرد باغ و گوڵستان

کۆچی دوایی کرد لە دونیای فانی
ئوستادی هونەر لە کوردستانی

حەیف بوو ماملێ هونەرمەندی کورد
لەسەر دونیایە کۆچیدوایی کرد

ئەویش چوو بۆ لای هێمن و هەژاری
موکریان کەوتە شیوەن و زاری

لە کۆچە و کۆڵان لە دەرک و بانان
فرمێسک دەڕژان لە چاوی جوانان

fatah mohammadi (2)

دۆست و ئاشنای زۆر پەرێشانن
کیژی ملبەکوێن چاو بە گریانن

ناڵە و فغانە لە کۆشکی لاوان
دێ دەنگی سۆزی جەرگسووتاوان

گەلی پیر و جوان ئەسرین دەڕژێنێ
بولبوولی کوردی تازە ناخوێنێ

لە کوییە ماملێ لە کۆڕی دۆستان
بڵێ ئاهەنگی لالەبەدەستان

هەوای قەتارە و بەتای چارۆکێ
ئایشیلێ مامان دەگەڵ زێڕنۆکێ

بازی بێریان و شێعری کاروانی
هەواری خاڵی و سەرلەسەر ڕانی

ڕاوی ڕاوچییان، شەو لەبەر بێرێ
شلێرەی بۆنخۆش خەڵکی هەولێرێ

مریەم چاوجوان و کانییە مرادان
گەردن بە خاڵ و خانمیلێ خانمان

ئەی مەشکێ مەشکێ و کۆڵان بە کۆڵان
یادی بەخێر و بچینە مێرگۆڵان

شێرەکەم لێدەڕژێ و لیمۆ عوممانی
سەر زێڕنکێو و لەرزانەکانی

لانک لانکۆڵێ و یار لێرە بایە
مەستوورێ و مەستان، گۆزەی ڕەعنایە

شیرن شەمامە و کۆچی سووری یار
ئامین سوورەگوڵ دەگەڵ هەوری لار

fatah mohammadi (1)

هەریر هەریەسە و لێلێ دەسماڵێ
لاوە لاوەکە و کەژ و کەژاڵێ

تەنکەی شیرازی و بەندی هەوارە
خەجێ خەزێنە و عەمرەکەم زارا

لایلای سوورەگووڵ دەمەگری مەگری
ئەمان کراس ڕەش شوو ناکا سەبری

هەی گەردە گەردە و باران بارانە
بەتای عارەقچن، کۆڵوانەی جوانە

کانێ ئاسکان و خۆشە زمزیران
مەست و سەرخۆش کا جحێڵ و پیران

لالەبەدەستان بهێنێتە جۆش
خەم و پەژاران بکەن فەرامۆش

لە خودام تەڵەبە بەهەشت جێگای بێ
دۆعای دۆستانیش توێشەی ڕێگای بێ

مەڵبەندی هونەریی ماملێ
٢١ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٠

[1] ئەدیب و شا

عیری ناسراوی کورد مامۆستا “حامید ڕەشید زەرزا” کە بە خزمایەتیش لە خوالێخۆشبوو کاک فەتاح نیزیکە و هاوتەمەن و هاوزیندانیش بوون، سەبارەت بە کەسایەتی نەمر کاک فەتاح ئاوا دەفەرموێ:

fatah mohammadi (5)

ڕەوانی بەرێز کاک فەتاح ئەمیرعشایری شاد و یادی پیاوەتی و دەستهەڵایی و جوامیری بەخێر. بە حەقیقەت مرۆڤێکی نیشتمان پەروەر بوو، وەختی خۆی ئەوەندە دەوڵەمەند بوو بە”فەتاح شایان” ناو دەبرد، دانگێکی شاری نەغدە و چەند گوندی هەبوو، بەڵام ئەوەندە دەست بڵاو و  بەخشەندە و بەدەرچوون بوو، زۆر زوو هیچی بۆ نەماوە، هەر وا سەردەمێکیش لە سالی ١٣٤٣ی هەتاوی زیندانی بوو، پیاوەکی بی دەعیە و خاکی بوو، زۆری کوێرەوەری کێشا. یەکجار بە ورە بوو. لە زەمانی شای گەلێ دۆستی لە “سەرتیپ”، “سەرلەشکر”، “سوپەهبود” هەبوو. بەڵام قەت بۆ خەراپە کەڵکی لێ وەرنەگرتن. زۆرم بیرەوەری سەردەمی زیندان لە گەڵ وی هەیە. کاک فەتاح هەرچەند شاعێر نەبوو، بەڵام هەموو کەڕەت لە راوەتاژی کە بە پێی عادەت زوربەی ئاغاوەتی مامەش بەشداریان کرد. کەم وەبووە نەمر حەزرەتی محمد ماملێ میوان نەکرابێ، دەجا نەمر کاک سولیمانی شاوەلە کە شاعێر بوو دەنگی خۆشبوو بەشداربووە، بۆیە زوربەی گۆرانیەکانی ئەوکاتی نەمر مامڵی لە شێعرەکانی کاک سێمان شاوەلە کەلک وەرگرتوە. ڕەوانی ئەو کەڵە پیاوە مەزنە شاد و یادی بەخێر.ر

[2] فیلمی ئەو وتانەی کاک فەتاح لە ئاڕشیوی مەڵبەندی هونەریی ماملێدا پارێزراوە کە لە دادێدا لە بەرنامەیەکی دێکۆمێنتاریدا بڵاویان دەکەینەوە. [3] کاک سێمان لە دیمانەیەکدا کە ساڵی ٢٠٠٠ یان ٢٠٠١ لە ماڵی خۆی دا دگەڵی کراوە و لە لای مەڵبەندی هونەریی ماملێ پارێزراوە، باس لە بیرەوەرییەک دەکات کە دەگەڵ خوالێخۆشبوو حەسەنی ماملێ  ڕووی داوە. لەوێدا باس لە گۆرانی ( دەبا بێ بە تایێ چارۆکێ) دەکات. دەڵێم من بە حەسەنیم گوتووە کە ئەو بەیتە شێعرە لەو گۆرانییەدا بڵێ. ئێمە لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ زۆرمان هەوڵدا تا سەرەداوێک لەو بەیتە شێعرە بە دەنگی برایان محەممەد و حەسەنی ماملێ بدۆزینەوە بەڵام سەرکەوتوو نەبووین. چوون کاک سێمان بۆخۆی ئاماژەی بەو کۆپلە شێعرە کردووە بۆیە، ئێمەش نووسیومانەتەوە تا ون نەبێ و بە دەردی دەیان هۆنراوەی تر لە شاعیران و هونەرمەندان نەچێ کە بێ ناو و نیشان ماونەتەوە و بە فۆلکلۆر پێناسە دەکرێن.

بابەتی پێوەندیدار