چەندە هونەر باڵە فڕکەیەکە بەرەو باڵا چوون، هێندەش تەزویەکی ڕیشەیی و دیرۆکییە، شوناسیی و زەمینییە، چەندە دەیەوێت بە مەقامێکی بەرزتر لەوەی کە ئێستا هەیە و تێیداین بگات، هەر ئەوەندەش و بگرە زیاتریش دەیەوێت بگەرێتەوە بۆ ئەو مەقام و ئەو پێگەیەی کە لێیەوە هاتووە. ئەگەر هونەری عیرفانی دەیەوێت لەگەڵ بوونێکی کامڵ و تەمام و تەواوو و پڕدا ئاوێزان بێت و تێیدا بتوێتەوە، وە هونەر لە دادایزم چەندە دەیەوێت دەنگی نەستی ئێمە بێت لە سوریاڵ چەندە دەیەوێت نوێنەری ئاگایی و ناخودئاگایی گەردوون بێت، ئەوا هونەری کولتووری و هونەری فۆلکلۆری و هونەری نەریتی دەیەوێت لەگەڵ ڕابردوو و شوناس و ناسنامە و ڕیشەی خۆی بتوێتەوە و دەنگی ئەوێ بێت. هونەری مودێرن یان ئەو هونەرەی باوەڕی بە پەتیەتی بوونی خۆی هەیە و دەیەوێت لە نێوان گەلان و زمان و جوگرافیا و مێژوودا سنورێک نەهێڵێتەوە و هەمووان بێ جیاوازیی لێی تێبگەن و درکی بکەن و بەها ئێستاتیکیەکان و جوانیەکان بەسەر تەواووی جیهاندا بگشتێنێت، ئەوا هونەرێکیترمان هەیە بە پێچەوانەوە دەیەوێت دەنگی نەریتێکی دیاریکراو و مێژوویەکی دوور و جوگرافیا و خاکێکی تایبەت بێت، دەیەوێت دیرۆکی ڕوداوەکانی ناو کۆڵان و گوند و شار و خاکێکی دیاری کراو بگێڕێتەوە و دەنگی چەم و هاژەی ڕوبارێکی دیاریکراو بگێڕێتەوە، دەیەوێت نوێنەری شەونمێکی دیاریکراو بێت لە مەکان و لە زەمانێکی تەسک دا، دەیەوێت ڕەنگی بستە ئاسمانێکی تایبەت باس بکات و هاتوچۆ و لەنجە و لارێکی رۆژێ لە رۆژانی مێژوویەکی دووری لە بیرکراو بە یادبهێنێتەوە. هونەرێک هەیە کە مێژووی داهێنان و زانست و پیشکەوتن و شەڕ و فراوان خوازی و چی و چی تری گرنگ و گەرم نا گێڕێتەوە، بەڵکو دەیەوێت کۆمەڵگاکەی خۆی خەڵک و پێکهاتە کۆمەڵایەتیەکانی خۆی، بولبول و یار و گوڵ و عاشقەکانی خۆی لە کۆڵانێکی تەسکدا لە کوێرە دێیەکدا لە کویرە کانیەک دا لە هاوارێکی خاڵیدا بگێڕێتەوە، بەڵی دەیەوێت هەموو ئەو وردەکاریانەی کە جیهان بۆی گرنگ نین، مێژوو بۆی گرنگ نین، ئاسمان و زەوی بۆیان گرنگ نیە ، دونیا وەک ئەوەی لە ئاستیاندا کەڕ و کوێر بێت، ئەو هونەرە دەیەوێت بیانهیڵێتەوە و ئەزەلی و ئەبەدیان بکاتەوە، هونەرێک کاری بە حەقیقەتە گەورەکان و بەرزەکاندا نییە، هونەرێک تەنها دەیەوێت ناوی سەبریی و گەلاویژ و سەرگوڵ و نازەنین و مریەم و ئامین و فاتمۆکێ و ڕێحان و کێ و کێیتر بۆ ئەبەد لە سەر زمان و بن زمانی دونیادا بمینێتەوە، نایەوێت دونیا ئەوەی بیربچێتەوە کە گۆزە چۆن دەخرێتە سەر شان کە یار چۆن سەردەخاتە سەر ڕانیتا بەیانی، نایەوێ دونیا ئەوەی بیرچێتەوە کە بەری بەیانیان سۆفی چۆن دەچوون بۆ نوێژ، وێنایەک کە لە یەک گۆشە و لە یەک کات و لە یەک جوگرافیادا ڕوودەدەن و هیچ هێزێک نییە تۆماری بکات و بیگوازێتەوە مەگەر ئەوەی هەموو ئەمانە لە ناو یەک شعر یەک دەنگ یەک ئاوازدا هەلبگیرێن و دەماودەم بوترێنەوە و بوترێنەوە.
ڕەنگە ئێرە شوێنی ئەوە نەبێت ئەم هونەرە بە ه هونەرەکانیتر بەراورد بکەم و لێکیان بدەمەوە، بەڵام لەم پێشەکیەوە ویستم بە وردی بەهای هونەریی نەریتیی و فۆلکلۆر دیاری بکەم و جیای بکەمەوە لەگەڵ بەهای هونەرەکانیتر، دوای ئەوەی ئەمەم کرد جا دەمەوێ بڵێم ماملێ هونەرمەندی چییە و نوێنەری چییە و چی بوو، دەنگی ماملێ دەنگێک نییە لە بارەی ئەو دونیاوە قسەی پێبێت، لە بارەی حەقیقەتێکی بەرز و ئاسمانی قسەت بۆ بکات، نا دەنگی ماملێ دەنگی ریشەی تۆیە، شوناسی تۆیە، دەنگی ماملێ دەنگی خالق نییە بۆ زەوی، دەنگی زەویش نییە بۆ ئاسمان، بەڵکو ماملێ دەنگی شریت و چەرخی شوێنێک و زەمانێکی دیاری کراوە بە گوێی تۆدا بە گوێی ئێستا و ئێرەدا، دەنگی ماملێ لە خۆمانەوە بۆ خۆمانە، دەنگێکە چەندە دەیەوێت تۆ بگەرێنێتەوە بۆ سەرەتا ئەوەندەش دەیەوێت سەرەتا و رابردوو بێنێتەوە ئێرە، بیگەیەنێتەوە تۆ، سۆزی دەنگی ماملێ لەگەڵ خۆیدا بیرەوەری گەلێکی هەڵگرتووە، شوناس و ناسنامەی شارێک و ئۆمەتێک و سیستمێکی ژیانی هەڵگرتووە، سیستمێک پڕ لە خۆشەویستی و ئەوین، پڕ لە ریز و قارەمانیەتی، دەنگی ماملێ هەر بەتەنها ڕەنگی گوڵ و بولبوول ئاسمان و چەم و چۆپی و هەڵپەرکێی هەڵنەگرتووە، بەڵکی دەنگی هەمو ئەو دڵە کوتێیانەشی هەڵگرتووە کە باوانی ئێمە لە مێژوویەکی دووردا بۆ ئەم خاکە هەیانبووە، بەڵێ ماملێ گەنجینەیەکە پڕ پڕیەتی لە کوردەواری، پڕیەتی لە دیرۆکی ئێمە، دیرۆکێک کە خۆشەویستی و ئازادی و ئازایەتی ڕابەریەتی!
نووسینی: شهرام ڕەسووڵ