Skip to content

شەڕ داوەتی کوردانە

ماملێ لە گۆرانییەکی دا کە بە گۆرانییەکی فۆلکلۆر پۆلێن دەکرێ،  چەپکەشیعرێک دەڵێتەوە کە پڕە لە ڕۆحی نەتەوەیی و بەداخەوە دیار نییە شاعیرەکەی کێیە. شێعرەکە بەم  جۆرەیە:

وەرە وەرە سەر داوەتێ، داوەت گەرمە و خۆمانە

شایی و گۆڤەندی وا خۆشە، گەڕی لەسەر دڵانە

تێچریکێنە دە چریکێکی تەڕ و شۆڕ و مێرانە

با بچینە مەڵبەندی شەڕێ، شەڕ داوەتی کوردانە

لە دووری چاوی چاوەکەم، ژین و ماڵم وێرانە

خۆت بۆ بەکوشت دەدەم، ژینم بە پێوێرانە

ساز بە بڕۆ با بگەینێ، ماندوو نەبی نەوەستی

گوێگرە زرینگە و هۆڕەی دێ، کاروان دەڕوا بە مەستی

کوا شۆڕەلاو؟ کوا شۆخەکیژ؟ کوا هەوهەوی دەسواران؟

خوێناوی دڵ دەخۆمەوە، سووتام لەتاوی یاران

مامۆستای نەمر مامۆستا حەسەن زیرەکیش لە فایلێکی دەنگیدا و بەبێ موزیک کۆپلەیەک لەو هۆنراوەیە بەو شێوەیە دەڵێتەوە:

تێیچریکێنە و ڕایچریکێنە بە چریکێکی نێرانە
با بچینە مەڵبەندی شەڕێ، شەڕ داوەتی کوردانە

لە هۆنراوەکە دا شاعیر ناتوانێ بە ڕاشکاوی قسەی دڵی خۆی بکات، بۆیە لە وشەی کۆددار کەڵک وەردەگرێت. بۆ وێنە کاتێک باس لە داوەت دەکات، لە بەیتەکانی دواتردا بۆت دەردەکەوێ کە مەبەستی لە داوەت (شۆڕش و خەباتە)ـە. یان کاتێک باس لە چاو دەکات، پاشان بۆت دەردەکەوێ کە مەبەستی (نیشتمانە و کوردستانە)ـە.

ئەو ژانڕە بە شیعری سیاسی دەناسرێ و هەندێک شارەزاش پێیان وایە ئەو شێوازە دەبێ لە ژانڕی سورێئالیستی جێگەی بۆ بکرێتەوە. لە شێوازی سورێئالیستیدا خوێنەر سەرپشکە تا هەرچەشنە مانایەک کە پێیوایە لە بەرهەمەکە نیزیکە وێنای بکات. بەڵام شیعری سیاسی کەمێک جیاوازترە. تەمەنی شیعری سیاسی زۆر درێژ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمە کە دەوڵەت – میلەتەکان درووست بوون. ئاخر پێش ئەو دەڵەتانە شاعیران و هونەرمەندان زیاتر لە دەرباری خان و شایەکان نیزیک بوون و بەرهەمەکانیان لە خزمەت بە دەستەڵاتداران بووە، بەڵام کاتێک دەوڵەت – میلەتەکان درووست بوون زۆربەیان بە دڵی خەڵکەکە نەبوون یان شێوازی دەوڵەتداریان زۆرەملانە بووە، بۆیە شاعیران قسەی دڵی خۆیان دوو شێوەیە ڕوو بە دەستەڵاتی سیاسی گوتووە، یەکیان شێوەی ئاشکرایە کە شاعیر ڕاشکاوانەی ئەوەی لە دڵی دایە دەیڵێت و لە دەرنجامەکەی هەرچییەک بێت، ئامادەیە قەبوڵی بکات. شێوازەکەی تریان شێوازی نهێنییە کە تێیدا شاعیر لەبەر گرفتی سیاسی، کۆمەڵایەتی یان ئایینی ناتوانێ یان ناوێرێ بە ڕاشکاوی قسەی دڵی خۆی بکات و بۆ ئەوەی لەو مەترسییانەی کە ڕەنگە بەربینگی بگرتەوە، بۆیە مەبەست و پەیامی خۆی لە ژێر مانای وشەکاندا دەشارێتەوە کە تەنیا لە درێژەی خوێندنەوەیدا، خوێنەر دەتوانێ پەیامەکەی لێهەڵکڕێنێ.

مرۆڤ نازانێ بڵێ بەداخەوە یان بە خۆشییەوە، لە ناو کورددا کۆمەڵە شاعیرێکی شارەزا لەو بوارەدا شێعریان هەیە کە لینگەیان لە جیهاندا کەم دەستدەکەوێ، بەچەشنێک کە هەر شاعیرێکی کورد کە لە ژێر چەپۆکی داگیرکەردا شیعری گوتبێ، کۆددار و توانجپۆشی کردووە تا گرفتی بۆ ساز نەبێ. لە بەرانبەریشدا خوێنەرەکان وەها شارەزای ئەو جۆرە شێعرانە بوون کە بە هاسانی دەتوانن کۆدەکان بشکێنن و پەیامی شاعیر وەرگرن.

وەک لە مێژووی ئەو گۆرانییە دەردەکەوێ، ماملێ پێش ئەوەی لەسەر هاوکاری کردنی شۆڕشگێڕانی خەباتی ٤٦ – ٤٧ی ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیندانی بکرێت، ئەو گۆرانییەی گوتبێ، (لە ساڵی ١٩٦٨ گیرا و ١٩٦٩ ئازاد کرا). کەواتە شاعیری ئەو شیعرەش دەبێ هەر بۆ ئەو شۆڕشگێڕانەی هۆنیبێتەوە کە تێیدا بانگ لە شۆڕەلاو و شۆخەکچانی کوردستان دەکات تا تێکەڵ بە شۆڕشەکە بن و بچنە مەیدانی شەڕ. شاعیر لە شیعرەکەدا  شەڕ و خەبات بە داوەت و شادیکردن بۆ کورد پێناسە دەکات و وەک ژیانی ئاسایی گەلی کورد لێکیدەداتەوە کە بەردەوام لە خەبات دایە.

بە دەنگی ماملێ تەنیا دوو فایل لەبەر دەستمان دایە کە ئەو هۆنراوەیەی گوتبێتەوە، لە یەکیان دا ئەو بەیتەی تێدا نییە کە دەڵێ:

(کوا شۆڕەلاو؟ کوا شۆخەکیژ؟ کوا هەوهەوی دەسواران؟
زووخاوی دڵ دەخۆمەوە، سووتام لەتاوی یاران)

زۆر بەداخەوە بەهۆی ئەوە کە فایلەکان کۆنن و بە شێوەیەکی ئاسایی و بە زەبتێکی ساکار و لە ماڵان تۆمار کراوە، چۆنیەتییەکەیان باش نییە، بەڵام بەو حاڵەش سۆزی خۆی هەیە و بۆ گوێگرتن دەشێ. کە لە ژێرەوە هەردووکیان پێشکەشتان دەکەین.

شەڕ داوەتی کوردانە (١)
شەڕ داوەتی کوردانە (٢)

بابەتی پێوەندیدار