Skip to content

پرسەنامە بۆ کۆچی دوایی مامۆستا باکوری (ئەندەریۆس ئیسرائیل خەمۆ)

مامۆستا باکوری

بە داخێکی گرانەوە هەواڵی کۆچی دوایی کردنی مامۆستا ئەندەریۆس ئیسرائیل خەمۆ ناسراو بە مامۆستا (باکووری)ـیمان لە هەولێر بیست.  ئەو هەواڵە گەلێک ناخۆش بوو و ئێمەی لە خەمێکی قووڵدا نوقم کرد. مامۆستا باکووری لە ماوەی تەمەنی پڕشکۆی هونەری خۆیاندا، چ بە نووسین، چ بە ئافراندن و چ بە فێرکردن خزمەتێکی گەورەی بە هونەر و چاندی کورد کرد. هەر بەو بۆنەشەوە لە ساڵی ٢٠١٠ مەڵبەندی هونەریی ماملێ دووهەمین خەڵاتی خۆی پێشکەش بەو هونەرمەندە بەرزە کرد و لە شاری هەولێر مەراسیمێکی ڕێزلێنانی بۆ گرت.

ئێمە لەو مەڵبەندە و بە نوێنەرایەتی ماڵباتی ماملێ، سەرەخۆشی لە گشت گەلی کورد، لە خۆمان، لە بنەماڵەی سەربەرزی ئەو هونەرمەندە و گشت ئازیزان و نیزیکانی ئەو هونەرمەندە دەکەین.

یادیان هەرمان، ڕێگایان بەردەوام و ڕۆحیان شاد.

مەڵبەندی هونەریی ماملێ

٣/١١/٢٠٢٢

مامۆستا ئەندەریۆس ئیسرائیل خەمۆ (باکووری) کێیە؟

  • لە ساڵی ١٩٢٨ لە شاری کۆیە لەدایک بووە و خوێندنی سەرەتایی هەر لەو شارە تەواو کردووە.
  • ساڵی ١٩٤٧ دێن بۆ هەولێر و هەر لەو شارەش خوێندنی دواناوەندی لە ساڵی ١٩٥٠تەواو دەکات.
  • ساڵی ١٩٥٠ دیسان دەگوازرێتەوە بۆ شاری کەرکووک، لەو شارە پێوەندی دەکات بە تیپی مۆسیقای (ئاشووری) و لە کۆمپانیای نەوتی I.P.C  دوو ساڵان دەبێتە کارمەند. ئەو ماوەیە دەبێتە هەلێکی باش بۆ ئەو مامۆستایە تا خۆی فێری ئامێری عوود و چەند ئامێرێکی ژێداری تر بکات.
  • لە ساڵی ١٩٥٢/١٩٥٣ دەچێتە بەغدا و لە کۆلێجی (دار المحلمین العالیە) لە بەشی زمانی ئینگلیزی وەردەگیرێ و چوار ساڵ دەوام دەکات و لە ساڵی ١٩٥٦ بڕوانامەی (لیسانس) لەو زمانەدا لە لایەن (مەلیک فەیسەڵی دووهەم)ـەوە وەردەگرێت. 
  • ڕێک لەو ماوەیەدا کە لە بەغدا بوو، پێوەندی بە ئێزگەی ڕادیۆ کوردی بەغدا کردووە و وەک گۆرانیبێژ وەرگیراوە.
  • لە ساڵی ١٩٥٧ وەک مامۆستای زمانی ئینگلیزی لە شاری کۆیە و لە قوتابخانەی ناوەندی کوڕان دادەمەزرێت و وەک مامۆستا وانەی دەگوتەوە. مامۆستا باکووری هەر بەوەش نەدەوەستا و بۆ هەندێک قوتانی بەهرەدار وانەی موزیکی لەسەر ئەساسی بنەما و زانستی موزیک فێری موزیک کردن کە لە داهاتوودا ئەو بەهرەدارانە بوون بە یەکەم ئەندامانی تیپی موسیقای (باوەجی کۆیە) کە مامۆستا باکووری بونیاتی نا.
  • لە ساڵی ١٩٦١ وەک مامۆستای ئینگلیزی گوازرایەوە بۆ شاری هەولێر. لەوێش دەگەڵ چەند مامۆستایەکی دەرچووی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا، تیپی موسیقای (دەرسیم)ـیان دامەزراند و سەرقاڵی کاری هونەر و موزیک بوون.
  • لە دوای ڕاپەڕین، خانەنشین دەکرێت و لە وەزاڕيتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان وەک کارمەندی گرێبەست دامەرزا و لە تێلێڤیزیۆن و ڕادیۆکانی هەرێم دەستی کرد بە ئامادەکردن و پێشکەشکردنی چەندین پڕۆگرامی هونەری وەک (گۆرانیبێژە نەمرەکان) و ( دیداری هونەری).
  • لە ١٤ ساڵی کۆتایی تەمەنیشیاندا وەک ڕاوێژکار هاوکار و ئەندامی (بنکەی مەقام) لە هەولێر بوو.
  • لە ساڵی ٢٠١٠ دووهەمین خەڵاتی مەڵبەندی هونەریی ماملێی پێشکەش کراوە.
  • لە بواری نووسین و لێکۆڵینەوەی هونەریدا، جگە لە کۆمەڵێک وتار بۆ گۆڤارەکان، تا ئێستا ١٠ کتێبی بە چاپ گەیاندووە کە بەشێکیان بریتین لە:
  • بابه‌تێكی وه‌رگێڕان بووە له‌زمانی ئینگلیزییه‌وه‌ بۆ كوردی به‌ناوی  (چۆنیه‌تی گۆرانی گوتن)
  • سێ به‌رگ له‌ كتێبی (گۆرانیبێژە‌ نه‌مره‌كان) كه‌ پێكهاتووه‌ له‌ (699) لاپه‌ڕە‌ و تێیدا ژیان و بەسەرهاتەکانی ( 47) هونه‌رمه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌مانی نووسیوەتەوە .
  • كتێبی  چیرۆكی هه‌ندێ گۆرانی كوردی ڕەسه‌ن .
  • كتێبی  ته‌مه‌نێك ، گۆرانی و ئاواز و مۆسیقا و خۆشخوانی.
  • كتێبی تیپی مۆسیقای باواجی كۆیه‌ له‌ (1957 تا  2008)
  • كتێبی ئیزگه‌، مێژووی دامه‌زراندنی ڕادیۆی به‌غدای عه‌ره‌بی و به‌شی كوردی.
    مەراسیمی دووهەمین خەڵاتی ماملێ بۆ مامۆستا ئەندەریۆس ئیسرائیل خەمۆ (باکووری) لە هەولێر ساڵی ٢٠١٠

    بابەتی پێوەندیدار