٢٤ ساڵەی ئاوابوونی ئەستێرەیەکی ناوازەی هونەری کوردی مامۆستا محەممەد ماملێ
نووسینی: بیژەن قارەمانی
گـــــوڵەکەم دەڵێن ئەوا دێ
بنەماڵەی ماملێ پشتاوپشت وەک هەژار گوتەنی: وەک مراوی وان، لە هێلکەی هاتنە دەرێ مەلەی دەزانن خۆ بە ئاوی دادەن . ئەوانیش لە دەنگخۆشی و فەننی ئاوازدانان و گۆرانی گوتنی کوردی تایبەتن. ئەو هونەرە خۆڕەسکە کەم ئەندامی ئەو بنەماڵەی هەن تا ئێستاش لێی بێبەش بن لە بەهرەی هونەری دەنگخۆشی، بەڵام لە نێو ئەو سێ یا چوار نەسڵەی کە ئەو ڕێگا و ڕێچکەیان گرتووە، هەنووکەش بەردەوامە کاک مەحەممەد ماملێ لە ناوییاندا دەگمەن و تایبەتە. نووسەری ئەو دیڕانە دەپڕژێتە سەر تایبەتمەندی کەسایەتی کۆمەڵایەتی و قورسایی مامۆستا مەحەممەد ماملێ لە ئاواز و هونەری کوردی کە ناوبراو دەوری ئەرێنی هەبووە تا کاتی مەرگی سایەی بەسەر ئەو بەشە لە ئاواز و نەریت و فۆلکلۆری ڕەسنی کوردی بوو و خزمەتی پێکردووە، وەک گەنجینەیەک و گەنجێکی سەربەموور بە دیاری پێشکەش بە مێژوو و موزەخانەی گەلەکەی کردووە.
بەپێی هەندێک سەرچاوە، مامۆستا ماملێ ٧٠٠ گۆرانی گوتۆتەوە و هەندێکیش باس لە ٣٥٠ گۆرانی تاپۆکراو و تومارکراو دەکەن، هەر دوو بۆچوون لە ڕاستی نیزیکن ئەگەر بە تەمەن و زەمەنی کاری هونەری مامۆستادا بەچینەوە دەزانیین ڕاستە. هەرچەند بە ژمارە زۆرن، بەڵام لە باشی پڕنێوەرۆکیشدا کەم ئاواز، شیعر، هونراوی فۆلکلۆری و گۆرانی هەیە لە مامۆستا مەحەممەد ماملێ پەیامێکی سیاسی کۆمەڵایەتی عێرفانی و خۆشەویستی لە پشت نەبیت و بۆ رووداویک و نەسڵێکی تایبەت نەگوترابێت .بۆ ناسینی گۆرانیەکانی یا چوونە ناو سێحر و ڕازی هەر گۆرانییەک دەبێ لە ڕووی هەڵبژاردەی شیعر و شاعیرەکەی خوێندنەوی بۆ بەکەیت. مامۆستا ماملێ گۆرانییەکانی ئەگەر بە سێ بەش دابەش بکەین، ئاوا پێناسەیان بۆ دەکریت:
- شیعری شاعیران
- ئاواز و تێهەڵکیشەکانی خۆی هاوڕێەکانی
- ئاوازی فلکلۆو
لە بەشی شاعیران دەتوانین بە شیعری بەرزی شاعیرانێک وەک وەفایی، هێمن، هەژار، ئاوات، شاە کامیل، خاڵە مین، مەولەوی، سووتاو، رێبوار ـ عەلی ئیسماعلیلزادە، هاشم نانەوازادە، ڕەسوول ڕەشئەحمەدی، هێدی، ناڵی، ناسر ئاغابرا …. بەکەین کە باشترین و پڕ ماناترین شیعری هەڵبژاردوە و بە گۆرانی هوونیویەتەوە لە ناو ئەم کۆمەڵە شاعیرە ناوازانەدا. وفایی بۆ عیشق عاشقی و عیرفان جێگەی تایبەتی هەبووە مامۆستا هێمن بۆ نیشتمان دۆستی نەتەویی بوون دوری هەبووە، هاشم نانەوازادە بۆ خۆشەویستی دڵداری ڕۆلی سەرەکی هەبووە. ئەوەش لە ناخی گۆرانییەکاندا زیاتر خۆیان دەردەخن وەک:
- گوڵەکەم دەڵێن ئەوە دێ
من دەڵێم شاری دڵم
شەوە دونیا خاموش
مەمکۆژە تۆ گەردنی خۆت
ئەو گوڵەی مەشهووری گشت عالەم بوو کوا یادی بەخێر
ئەختەر ئی کیژی چاومست
چێ بڵێم چێ بەکم
زەمانە گوڵێکی دامی
لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی دەیان گۆرانی ماملێ ئەوییە کە، زۆربەی ئەو شاعیرانە و ماملێ لەسەردمانێکدا پێکەوە ژیاون کە دۆست و هاوڕێ هاوخەتی فکری و هزریش بوون، بەدم گۆرانی و مەقامی ماملێ، حز و خولێای زیاتری دەنگی بوون . دەوڵەمەندی چێژی تایبەتی کاری هونەری ماملێ ڕاست لە بەشی دووهەم و سێهەمی ئاواز و گۆرانییەکانیدا هەست پێدەکرێت، ڕاست لەو بەشەی کە دەچێتە سەر ئەدەبی فۆلکلۆر. لێرەش مامڵی دەوڵەمەندتر لە هونەرمەندانی تر دەردەکەوێت، بەحەق بەشە گۆرانیەکانی فۆلکلۆر ئەدەبی ناوچەکانی کوردستان لە گوتنەوەی ماملێدا دەگمەن و تایبەتن و رۆح داگیر دەکەن، بەتایبەت لە دەڤەری موکریان .
چ مەقامەکانی « کوچەی یارەکەم – ڕوولە لای لایە ـ کۆچی سوور » چ ئاوازە فۆلکلۆرەکانی کە ڕیتم و نەزم بەزمی عاشقان خۆشتر دەکەن، لەسەر کێش و وەزنی تایبەتن. لە گوتنەوەی گۆرانی فۆلکلۆردا ماملێ ڕاست لەگەڵ دڵ و درەونی دوو دڵدار، دوو عاشق دەدویت هەودای خیاڵت ناپسێنێت، بەدوای خۆییدا ڕاکیشت دەکا، ئەو تایبەتمەندیانە لە گۆرانیە شادەکانیشدا لەسەر هەمان کێش و وەزنن .
- دەردت لام ماڵم نەسرین
غەمی تۆمە
مەستورە ئامان
کاروانە
مەریم سابڵاغی
بارانە
ماڵە بابم بێ ەەفا
نایڵونە
گەوهەرێ
گوڵ فروش
لە گۆرانیەکانی مامۆستا ماملێ دا بە دەرجەی یەکەم شیعرەکانی کاک هاشم نانوازادە وەک یاقووت و گەوهەر دەدرەوشێتەوە. چ لەدانانی ئاواز چ لە دانان هۆنینەوەی شیعری فۆلکلۆر لە تەنیشت ئەوانیش هەبوون کەسانێک یا ناویان نەهاتووە و بزر بوون یا کەمتر باسیانکراوە کە لەبەشی فۆلکلۆردا یاری ماملێ بوون وەک:
- کاک سێمانی شاوەڵی
سمایل خەجێ
کاک فەتاح سێڵوێ
مارف ئاغا ئەمیر عەشایری
میرزا عەزیز قادری
هەرکام لەوانە شارەزای ئەدەبی فۆلکلۆر بوون و لە دەوڵەمەند کردنی گەنجینەی هونەری ماملێ دا دەورییان هەبووە ئاوازیان بۆ داناوە.
لەبەشی موسیقا بەپێچەوانەی قورسایی و دەوڵەمەندی مامۆستا محەممەد ماملێ لە دەنگ و ئاواز و شیعر لێرە فەقیری بەسەر شاکارەکانی دا خۆ دەنووێنێت کە چەند هۆکاری هەیە . دەبێ دەپیشدا ئەوەش بڵێم کە ئەوە بەمانای زەحمەتی شەو و ڕۆژ و شەونەخوونی ئەوانە نییە کە هەمووی ئەوساڵانە یاری ماملێ بوون و بە تار و زەرب و نایە و سەنتور دەست و جێگا پەنجەییان دیارە وەک: توفیق و جەعفەر و عەلی غەریب …. و زۆر تیپ و کوری هونەری وەک یۆسف ئەفراسیابی و هاوڕێیانی محەممەدی دانیش، محەممەدی ناهید هەندێک جاریش لە گەرمێنی هاتوونەتە دیوی کۆیستانێ و میوانی محەممەدی ماملێ بوون و لە دەوڵەمەند کردنی ئەو گەنجینە هونەرییەدا دورییان گێڕاوە و هەنبانەی خۆیان پڕ کردووە و بردوویانەتەوە هەولێر و سلیمانیە و کەرکوک ، بەڵام بە حوکمی زاڵبوونی هزر و بیری نەتەویی محەممەد ماملێ لە هەر دوو دەستەڵاتی پاشایەتی و مەلایی دا، کە لە یەکیان زیندانی پێبڕا و لە ئەویتریان کوری لەسێدارە درا و شەهید کرا، بەڵام سەری بۆ هیچکام لەو دوو دەستەڵاتە داگیرکەرە دانەخست و سەری لەنێو سەراندا بڵیند مایەوە.
ماملێ دۆستایەتی و تێکەڵاوییەکی سەیری لەگەڵ کۆمەڵانی خەڵک هەبوو «نووسەر لە نیزیکەوە ئاگاداری بەشێک لە ژیانی بووە » شاری، لادێیی، ئاغاوەت، شێخ و مەلا، و بۆ دەوڵەمەندکردنی هونەری کوردی سەری بە هەموو دیوەخانێکی دا دەکرد و دۆست و هاوڕێی زۆربەی نیشتمان پەروەران بوو. یار و هاوڕێی بەکردەوەی بزوتنەوەی ٤٦، ٤٧ بوو کە لەسەری زیندانی کرا و کاکەبرالەی لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان هەبوو. هەر ئەوەش وایکرد چ کاتێک لە ژیاندا بوو لە لایەن کۆمەڵانی خەڵکەوە ڕێزی تایبەتی لێ بگرن و چ ئەوکاتەش سەری نایەوە و کۆچی کرد، بەسەر شانانەوە ئەسپاردەی خاکی نیشتمانیان کرد، چ ئێستاش پاش ٢٤ ساڵ لە مەرگی، رێگا و ڕێبازە هونەرییەکەی، ئەخلاق و کردوە ئینسانی و نیشتمانییەکەی، قوتابخانەیەکی دەوڵەمەندە بۆ لێفیربوون و بە یادگار بۆ گەل و نیشتمانەکەی بە دیاری بەجێ هیشتووە. دەبی زیاتر لەوەش یادی بەکرێتەوە، چون ئەو هەر دەنگێک نەبوو، قوتابخانەیەکیش بوو .
یادی بەخێر رۆحی شاد