شاهۆ حوسینی
ڕوح لە جیهانی ئەندێشە و فەلسەفەدا جیاواز لە جیهانی تێئۆلۆژی بە مانای هزر، عەقڵ، هەست و هتد بەکار دەبرێت. لەڕاستیدا ڕوح وەک چەمک و فۆڕماسیونێکی مانایی لەخۆگری ڕەوتی هەڵگێڕانەوەی گیان، ڕواڵەت و بوونی مرۆڤە بە مەبەستی پەرە و پێشکەوتی مرۆڤ، کۆمەڵگا و نەتەوە لە ئەندێشەی هێگلدا. ڕووح خوڵقێنەر، بزوێنەر، پاڵنەر و داڕێژەرە لەجیهانی فەلەسەفەدا، مانابەخش بە ژیانی تاک و کۆمەڵگا، دەرخەری وێنایەکی زەینی و لەمەر مرۆڤگەلێکی جیاواز و لێکگرێدراوی جیهانی نەتەوەیە. ئەگەر بیرمەند، فەیلەسووف و ژیرمەندەکان جیهانی زەینی هەڵدەگێڕنەوە و فۆنداسیونی جیهانێکی زەینی نوێ دادەڕێژن، ئەوا هونەرمەندیش داڕێژەر و خوڵقێنەری جیهانێکی لێکگرێدراو لە تاکی کۆمەڵگا بە ڕایەڵی هونەرێکە کە زایەڵە و ڕەنگدانەوەی کۆلکەزێڕینەی بەها، نۆڕم و کلتووری کۆمەڵگایە.
ئەو هونەرمەندانەی خوڵقاندیانم:
لە کوردستان بەدەر وەک جیهانێکی کلتووری، زمانیو زەینی هیچ شوێنێکی ترم نەدیبوو، هەتا ساڵی پەنجاو هەشت وەک بنەماڵە تەبعیدکراین و ڕوومان لە عەجەمووستان کرد وەک جیهانێکی کلتووری، زمانی و زەینی نەتەنیا جیاواز کە دژبە. جیهانێک کە هەم بە ئەشکەنجەی جەستەیی لەڕێی لێدان هەوڵی سڕینەوە و پەراوێز خستنیان دەداین، و هەم به ئەشکەنجەی ڕوحی لەڕیی داسەپاندنی بەها، نۆڕم و کلتوووری خۆیان نەتەنیا هەوڵی سڕینەوەیان دەداین کە هەوڵی داڕشتنەوەی سەرلەنوێی بوونیکی ئۆبژ و دەسکردیان لەمە دەدا، بووکەڵەیەک کە جەستیەکی ئاخندراوی بە جیهانێکی زەینی جیاواز هەیە.
ڕێک لەوەها دۆخێكدا کە ئێمە ئیزن و مەجالی گەڕانەوەمان نەبوو، و ژیان و جیهانێکی بێگانەمان بەسەردا سەپابوو، لەڕێی هونەری گۆرانی و موزیکی کوردی من خوڵقام، سەرەتا وەک بوونێکی فیزیکی و جەستەیی لە دایک و باوکێکی بایولۆژیکی خوڵقابووم، بەڵام ئەم جارە لەڕێی هونەر و موزیک وەک بوونێکی زەینی، نەتەوەیی و کوردانە خوڵقامەوە، موزیک بۆ من بوو بە ڕوحی بەرنگاری دژ بە هەموو هێرش و هەڕەشەکانی ئەو جیهانە داگیرکەرە کە هەوڵی بەکلۆنیکردن و داگیرکردنی منی دەدا، موزیکی کوردی و دەنگی مامۆستایان ماملێ، زیرەک، خالقی، هۆمەر دزەیی، ساڵح دیلان و شارووخ و شێعرەکانی مامۆستایان هێمن، هەژار، گۆران و ….هتد منیان وەک بوونێکی کورد خوڵقاند، منیان گرێداوە بەو جوغرافیایەی کە لێی تاراندرابووم، من ئەو نەییە بووم کە لە نەییستان دابڕابووم و ناڵەم تێکەڵی نەی موزیکی کوردی کردبوو و ئەم لێكگێردانەوە زەینیە، بەربەستێکی قایم و پۆڵایین بوو لە بەتاڵبوون و توانەوەم لە ناو شوناس و بوونی ئەویترێکی کە بێگانە بۆ منی داڕشتبوو. ئەم سەردەمە لە هەناومدا سنووربەندیەک لەنێوان من و ئەویتردا دەرکەوتبوو، ئەم کەلێن و قەڵشە لەنێوان من و ئەویتردا ئەکتیڤ بوبوو، بەڵام هێشتا نەکەوتبوومە بەرەی بەربەرەکانی، بەرخۆدان و دژکردوە بە دژ ئەویتری داگیرکەر، ساڵی شەستویەک گەڕاینەوە مەهاباد، ئەمجارە منی زەینی و ڕوحی تێکەڵ دەگەڵ ئەم ژینگەیە بوومەوە کە بە شێعر و گۆرانی خوڵقاندبویانم، دیارە گەڕانەوەم تەنیا تێکەڵ بوونەوەیەک نەبوو، بەڵکە سەیروورەتی خوڵقاندنی لە هەناوی منهدا پەرە پێدا، من نەگەڕامەوە ئەو کوردستانەی کە بەجێم هێشتبوو، کوردستانی ئێستا مەیدانی خەبات، پێشمەرگە، چەک و فیشەک بوو بە دژ داگیرکەر، تێگەیشتن لەو فەزا و کەشەش بۆ من هەر لەڕێی موزیک و هونەری گۆرانێوە بوو، دەنگەکانی شۆڕشی کوردستان مامۆستایان: ڕەزازی، جەزا، نەجمەی غوڵامی و دواتریش تاهیر خەلیلی ئەم بوونە کوردانە داڕێژراوەری لە هەناوی مندا لەگەڵ شۆڕشی کوردستان گرێ داوە. هونەر بوو بە ئامرازی خوڵقاندنی من و جیهانێک پڕ لەشۆڕش و نەتەوە، بوو بە ڕایەڵی تێگەیشتن و فامی جیهانێک کە وەک جیهانی شۆڕش، خەبات و کوردایەتی پێناسە دەکرا و دەکرێت. لەڕاستیدا هونەری گۆرانی و مۆزیک بوبوونە ڕوحی نەتەوەیی، خوڵقینەری دێمۆگرافیەکی کۆمەڵایەتی بوون لە هەناوی تاکی کورددا کە سنووربەندێکی پۆڵایین و قایمی هەبوو لەگەڵ ئەم فۆڕماسیونە جەعلی و دەسکردەی کە ئەویتری دژە کورد دایڕشتبوو، مۆزیک و گۆرانی کوردی ڕێک بەرگێڕەوە، هەڵگێڕەوە، ڕاپەڕێنەر بوو، بەریگرتبوو بە پەرە و سنووربەزاندن و داگیرکارێکانی ئەویتری دژەکورد و تاکی کوردی هەڵگێڕابوە لە فۆڕمێکی دەسکرد بەرەو فۆڕمێکی لۆکاڵی و ڕاپەڕینەر بوو بە دژ ئەو داگیرکەرەی حەولی پێشگرتن بە دەرکەوتنی خودێکی سەربەخۆی کوردانەی دەدا.
بێگومان هونەری کوردانە و هونەرمەندی کورد لەوەها کەش و هەوایەکدا بەمانای بوونێکی ناو ژینگەیەکی ڕواڵەتی کە بە زمانی کوردی وەک دیاردەیەکی ڕواڵەتی گۆرانی دەکووت نیە، بەڵکە هوونەری کوردانە یانی نەخشاندنی جەوهەر و ڕوحی ژینگەیەک کە وەک کوردستان سنووربەندی دەکرا و چڕینی مێلۆدی و شێعرگەلێک کە جوغرافیای وینا و ڕوحی کوردانەی تیا نەخشاوە. ئا، ڕێک لەو کات و بەستێنە دایە کە هوونەر و هوونەرمەند دەبنە ڕوحی نەتەوە و لەگوێن ڕوحی نەتەوە دەردەکەون.