خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندانی کورد، ماوەی ١٥ ساڵه لەلایه ن ناوەندی هونەری ماملێ له چالاكی دایه و گشت ساڵێ پێشکەش بەو هونەرمەندە ماندوو و تێکۆشەرانە دەکرێت کە لە خزمەتکردنی هونەری ڕەسەنی کوردیدا تێکۆشاون و گەشەیان پێ بەخشیوە.
ئەو ناوەندە وێڕای هەموو چالاکییەکانی وەک لە پێناسەکەیدا هاتووە، بێلایەن و سەربەخۆیە و لە بواری ماڵی و مادییەوە شانازیی بەخۆیەوە دەکات کە پشتی بە بەرکی خۆی بەستووە و هەروەها لە بواری مەعنەویشەوە قەرزداری هەموو دڵسۆزانی میللەتەکەیەتی. لە ماوەی ساڵانی پێشوودا، لە چوارپارچەی کوردستاندا مامۆستایان و هونەروەران:
١- قالە مەڕە | |
٢- ئەندێریاس ئیسرائیل خەمۆ (باکووری) | |
٣- عەباس کەمەندی | |
٤- عەزیز شارووخ | |
٥- ناسر رەزازی | |
٦- زۆزان | |
٧- تیپی موسیقای سلێمانی | |
٨- مەزهەر خالەقی | |
٩- خەلیل خەمگین | |
١٠ حوسێن سەفامەنێش | |
١١- محەممەد ڕەزا دارابی | |
١٢- دڵشاد سەعید | |
١٣- کاوە فەقیەزادە |
لە درێژەی چالاکیی ساڵانەینا ناوەندی هونەری ماملێ بۆ دەستنیشانکردنی هونەرمەندی ساڵ، بڕیار درا کە خەڵاتی ساڵانەی ماملێ پێشکەش بەو هونەرمەندە بکرێ کە دەنگی سنوورە دەستکردەکانی بەزاند و بوو بە میوانی هەر کوردێک لە چوارپارچەی کوردستان، ئەو هونەرمەندەی دەنگ و سازەکەی بوو بە پێناسەیەک بۆ کورد لە ناو گەلانی جیهاندا، ئەو هونەرمەندە کەس نییە جگە لە مامۆستا شڤان پەروەر.
هونەرمەندی بەناوبانگ و دامەزرێنەری دامەزراوەیەک بە هەمان ناو، شڤان پەروەر، لە ٢٣ی کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٥٥ لە گوندی سووریی سەر بە وێرانشار لە پارێزگای ڕحا لە باکووری کوردستان لەدایک بووە. لەبەر ئەوەی لە بنەماڵەیەکی زەحمەتکێشدا گەورە بووە، ناوی «شڤان»ی بۆ دانراوە. لە تەمەنێکی بچووکدا بۆ بژێوی ژیان دەست بە کارکردن دەکات و چەندین بەرپرسیارێتی خێزانی لە ئەستۆ دەگرێت. لە کەشێکی پڕ لە زوڵم و ستەمی سیستەمی فئودالیزم دا چاو هەڵدەهێنێت و دەیەوێت بە حیکمەت و زیرەکیی تایبەتی خۆی لە دژی ئەو دەسەڵاتەی دژی ماف و داخوازییەکانی گەلی کوردە هەنگاوێکی نوێ بنێت. ئەمەش بەو مانایەیە کە شڤان، بە خۆنەویستی بەتایبەتی لە بواری مۆسیقا و هونەردا، دەبێتە سەروەت و سامانێکی میرات و کولتووری کۆنی کورد.
شڤان پەروەر لە خوێندنی قۆناخی سەرەتایی دا کەسێکی ژیر بوو و پلەی بەرزی بەدەست دەهێنا. بە پاڵپشتی بەردەوامی خەزالی دایکی، سەرەڕای هەموو ئاستەنگییە کۆمەڵایەتییەکان، لە شاری ڕحا بەردەوامی بە خوێندن دەدات. لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا بۆ بەردەوامیدان بۆ خوێندن لە کارگە و چێشتخانەکاندا کار دەکات. سەرەتا زەویناسی (جیۆلۆجی) دەخوێنیت، دواتر لە ئەنقەرە بەشی بیرکاری هەڵدەبژێریت.
لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابردوودا، شڤان پەروەر بوێری ئەوەی هەبوو یەکەم کۆنسێرتی خۆی لەبەردەم ٣٠ هەزار بینەردا پێشکەش بکات. هەرچەندە لەو سەردەمەدا گۆرانی گوتن بە زمانی کوردی قەدەخە بوو، بەڵام ئەو زنجیرەکانی ئەو باوە کۆنکرێتییەی تێک شکاند. شڤان بە کارێکی وا بووە سەرەتای شۆڕشێکی فرەلایەن. لە ئەنجامی هەڕەشەکان و چەندین جار دەستگیرکردن لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە، دواجار ناچار بوو وڵات بەجێ بهێڵێت و بچێتە ئەورووپا. لە ساڵی ١٩٧٦دا ڕووی لە ئەڵمانیا کرد و چەند ساڵێک لەوێ مۆسیقازانی خوێندووە، بەڵام بەهۆی چالاکییە بێکۆتایییەکانییەوە نەیتوانی درێژە بە خوێندن بدات و خوێندنەکەی تەواو بکات. لە شاری کۆڵن ژیانی هاوسەرگیری پێک دەهێنیت و دەبێتە باوکی «سەرخۆبوون». دوای ئەوەی چەند ساڵێک لە وڵاتی سوێد و فەرەنسا دەژیت، دەگەڕێتەوە ئەڵمانیا و لە ساڵی ٢٠٠٤دا «دەزگای ڕۆشنبیری نێودەوڵەتی شڤان پەروەر» دادەمەزرێنیت.
شڤان پەروەر، وەکوو هونەرمەندێکی خاوەن هەڵوێست و دەنگی ئاوازەکانی کوردستان، لەلایەن کوردانی چوار گۆشەی جیهانەوە بەڕێز و خۆشەویستییەوە بەرز دەنرخێنرێت. گرنگی بەرهەمە هونەرییەکانی شڤان لەمەدایە کە لە هەموو گۆشەکانی کوردستاندا بڵاوبوونەتەوە و زیاتر بە «باڵیۆزی کولتووریی کوردستانی کۆن و نوێ» لە جیهاندا ناسراوە. ئەو لە ڕێگەی دامەزراوەی ڕۆشنبیری نێودەوڵەتی شڤان پەروەرەوە دەیەوێت ببێتە پردێک بۆ زیاتر ناساندن و گەشەپێدان و بەشکردنی فەرهەنگ و مۆسیقای کوردی لە سەرانسەری جیهاندا.
کورد بەهۆی خۆشەویستی و کارە مێژووییەکەیەوە پێی دەڵێن «مامۆستا» و وەکوو باشترین نموونە بۆ کورد و شوناسی هونەرەکەی پڕ لە بەها سەرەتایییەکانی ژیانێکی ئارام ناسراوە. کەسێک کە دەیەوێت هەموو مرۆڤەکان لە کەشێکی ئارام و دوور لە شەڕدا بژین. ئەو خزمەتکارێکی دیار لە بواری زمان، گۆرانی و پرۆژەی فەرهەنگی و هونەریدایە.
شڤان پەروەر بۆ ملیۆنان کەس نموونەیەکی هونەرییە و پەیامی مرۆیی هەیە. ژمارەیەکی زۆر لە بەرهەمەکانی لە لایەن مۆسیقاژەنانی تورک، فارس و عەرەبەوە کۆپی کراون و دزراون. هەروەها ناوەڕۆکی بەرهەمەکانی تێکدراوە و لە ڕەگ و ڕیشەی خۆی دوور خراوەتەوە. سەرەڕای هەموو ئەم پێشێلکارییە یاسایییانە، شڤان پەروەر هەرگیز ڕێگەی نەدا کە بە دەنگە بەرزەکەی پەیامی: «سەرهەڵدان ژیانە – بەرخۆدان ژیانە» نەبیسترێت. لە هەموو بەرهەمەکانی دا تیشک دەخاتە سەر پرسە سیاسی-کۆمەڵایەتییەکان و هەریەکیان فەلسەفەی ژیانی خۆیەتی. ئیلهامەکانی ئیلاهین و لە دوێنێوە تا ئەمڕۆ چەند نەوە بە دەنگ، ئاواز و پەیامەکانی ئەوەوە گەورە بوون. شڤان پەروەر بە دەنگ و کارەکانی ژیانی بووەتە هیوای نائومێدی، بانگەوازێک بۆ ئازادی و خۆشەویستی. ئەو دەنگی دۆزی گەلی کوردستانە.
هەروەک ئاگادارن هەموو ساڵێک بە پێی توانامان بۆ ڕێزگرتن لە هونەرمەندی ساڵ مەراسیمێکی ڕێزلێنان و پێزانین لە هونەرمەندی ساڵ لە لایان مەڵبەندی هونەریی ماملێوە ئامادە دەکرێت. ئەمساڵ بە هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتى ڕۆشنبیرى لاوان و بەڕێوەبەراتى گشتى هونەر و ڕۆشنبیرى هەولێر و سپۆنسەری سەرەکیمان کۆمپانیای سەفیر بە سەرپەرشتی ڕێزدار کاک سەفیر ئەحمەد خاڵە و هەروەها ڕێکخراوى پەرەپێدانى کارى ڕاگەیاندن و ناوەندی ٤٩ کتێب بڕیار وایە مەراسیمێکی شایان بۆ یادی ٢٥ ساڵەی ماملێ و پێشکەشکردنی خەڵاتی ماملێ بە مامۆستا شڤان پەروەر لە هەولێر و لە ڕۆژی سێشەممۆ، ڕێکەوتی ٢٣ی مانگی یەک لە کاتژمێر4:00 پاش نیوەڕۆ لە هۆڵی ڕۆشنبیری پێک بێت.
هاتن بۆ هەمووانە و بێ بەرانبەرە