Skip to content

نوێژەن کردنەوەی چەند گۆرانییەکی ماملێ

کە هەڵسەنگاندنێکی سەرپێیی لە نێوان هونەری ئەمڕۆکە دەگەڵ دەیەکانی ڕابردوو بکەین، بە سانایی دەردەکەوێ کە هونەری کوردەواری لە ئاستێکی بەرچاودا پەرەی سەندووە. ئەم پێشکەوتنە لە هونەری کوردستاندا زۆرتر گرێبەستراوی دوو هۆکارە. یەکیان گونجاندنی پێشکەوتوویی و بوارەکان دەگەڵ هونەری کوردییە و ئەمی دیکەشیان درێژەپێدانی ڕێچکەیەکە کە هونەرمەندانی پێشوو دایانڕشتبوو.

کاروانی هونەری کوردی ڕێگەیەکی پڕ لە ئەستەم و چەڵەمەی تێپەڕاندووە. نەبوونی بوار و هەلی چێشتووە. دیواری گەمارۆی دژ بە پەرەسەندنی نەریتی کوردەواری شکاندووە. کاروان لە هەندێک شوێن بە حاستەم و بە سەبرایی، لە هەندێک ڕۆژ پشووی کاتی بە خۆی دیوە، لە هەندێک وەرز هەژاری و ئاوارەیی بە سەردا زاڵ بووە، بەڵام کاروان بە بێ بیرێک لە ڕاوەستان لە هەندێک شوێن بە کاوەخۆ بەڵام هەرکات بەرەو ئامانج، ڕێی بڕیوە.

بواری کڵۆڵی مەڵبەند لە پێناسەکردن و نواندنی ڕێزێکی شایان لە ئاست ئەو هونەرمەندە تێکۆشەرانەدا تەسکە. گەلێک چەتوونە تەمەنێک زەحمەت و خۆبەخشی مرۆڤێکی ئەوینداری نیشتمان لە بازنەی تێکستێک و چەند دێڕێکدا بنرخێنین. هەر بۆیە مەڵبەندی هونەری ماملێ ئەو ئەرکە قورسە بۆ خوێنەران و میوانانی ژیر و وشیاری خۆی جێ دەهێڵێت تا لە سووچی چەند پرسیارێکدا یەک لەو مرۆڤانە بناسن کە زۆر بە کورتی لە وڵامی چەند پرسیارێکدا باسی شێوەی ژیان و خەبات و خزمەتی خۆی لە مەڕ هونەری کوردیدا دەکا. ئەمەی لە ژێرەوە خستراوە بەر چاو، گەڵاڵەی وڵامەکانی هونەرمەندی یەکجار هێژای باشووری نیشتمانمانە.

مەڵبەندی هونەری ماملێ ڕێزی تایبەتی خۆی ئاراستەی ئەم هەموو خۆشەویستی و خەباتە دەکا کە هونەرمەند خۆشناو ڕوستای ئازیز لە ئاست نەتەوەکەیدا پێشکەشی کردووە.

11
خۆشناو ڕوسایی

“خۆشناو روستایی” دەڵێ:
لە دایک بووی ساڵی ١٩٧٢ ز لەگوندی “روستێی” سەر بە شارۆچکەی چۆمانی باڵەکایەتیم.  تا پۆلی ٩ی لە کوردستان خوێندم، لە پاش ساڵی ١٩٨٥ هاوڕێ لەگەڵ بنەماڵەکەم ئاوارەی ئێران و لە شاری تاران نیشتەجێ بووین. ماوەیەکییش لە شاری شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گیرساینەوە.
سەرەتای ئاشنابوونم لە گەڵ هونەر، دەگەرێتەوە بۆ ساڵەکانی  ١٩٨٠ لەرێگای کاک “رەشادی” برام  کە هاندەری سەرەکی من بوو بۆ بەرەو پێشچوونی هونەریم. بەرێزیان ئەوسا لە خولی مۆسیقا بوو لە شاری رەواندز، دواتر کە ئاوارەی ئێران بووین لە شاری کەرەج بۆ بژێوی ژیانمان  لە کارگەیێک کارمان دەکرد  لە پاڵ ئەویشا بۆ تەواو کردنی خولیاکانم بە هاوکاری براکانم رووم لە مۆسیقا کرد.
لەگەڵ کاک تەحسینی برام چووین بۆ لای مامۆستای پایە بەرز “میهیاری فەیروزبەخت” کە کلاسەکەی لە شاری کەرەج بوو. توانیمان قۆناغێکی باش ببڕین. دوای هەوڵدانێکی زۆرکە بۆ ئێمە جێگەی شانازی بوو توانیمان لەگەڵ مامۆستای پایە بەرز ” جەلالی  ذوالفنون” هەزار ڕەحمەت لە گۆڕی، ئاشنا بین و بە شاگردی خۆی وەرمان بگرێت، چونکە ئەو لە ئامێری سێتارا لەو سەردەمی هاوتای نەبوو.
لەوێوە توانیمان زۆربەی دەزگاکانی ئاوازەکانی مۆسیقای سوننەتی بناسین. ماوەی دوو ساڵێک لە لای ئەو بەرێزە ماینەوە درێژەمان بە خوێندنی مۆسیقای سوننەتی دا. بەم جۆرە توانیم شارەزایێکی باش  لە ئامێرەکانی سێتار، تار و ساز وەدەست بێنم، بەڵام سازی سەرەکیم سێتار هەڵبژارد و لە پاڵ ئەویشدا گۆرانیش ئەڵێم.

وەک کار و چالاکی هونەری دەتوانم ئاماژە بەم رووداواە هونەریانە بکەم کە لە ژیانی هونەریمدا تۆمار کراون.  ساڵی ٢٠٠٥ یەکەم بەرهەمم بەناوی “سەمای گوڵ” بڵاو کردەوە. ئەویش لە کۆی سیدییەک کە بریتی بوو لە  نۆ تراک. شەش گۆرانی و سێ پارچە مۆسیقا کە زۆربەی کارەکان لەلایەن خۆم و کاک تەحسینی برام ئامادە کرابوون.
لە هەوڵێکی جیاوازیشدا کارێکم بۆ هەڵبجەی شەهید کردوە .
هاورێ لەگەڵ کاک عەلی عەتا، چوار بەرهەممان  بۆ “خاڵە دێهاتی” ئەنجام داوە.
هەشت گۆرانیشم بۆ مناڵە چاوگەشەکان داناوە کە ئاوازو مۆسیقای هی خۆمە .
دوو  گۆرانیشم بۆ کاک سوارە محەمەد  ئامادە کردوە کە ئاوازەکان هی بەرێزیانە و مۆسیقاکەشی کاری منە .

لە چالاکییەکی نوێ و جیاوازدا کە دەنگدانەوەیەکی باشی هەبوو، نوێژەن کردنەوەی گۆرانییەکی ڕەسەنی مامۆستا محمد ماملێ بوو بە ناوی “کۆڵوانە” کە لە سەر داوای بەرێز کاک بارزان قادر بوو. هەرچەند دەبێ دان بەوە دا بنێم کە کار کردن بەم جۆرە، خۆی پرۆژەیەکی نوێ و تا ڕادەیەکیش ئەستەم دیار بوو،  بەڵام دوای تەواو بوونی کارەکە و پێشوازی کردنی جەماوەر لەم گۆرانییە وای کرد تا زیاتر بتوانم بۆ نوێژن کردنەوەی بەرهەمی زیاتری لەم چەشنە هەوڵ بدم. جێی خۆیەتی لەم بەشەدا هەل بقۆزمەوە و سپاسێکی گەرمی ئەم  برادەران بکەم کە یاریدەدەرم بوون لەم بەرهەمانەی مامۆستا محمدی ماملێدا. بەرێزان کاک توانا خورشید  بەکەمانچە ، خەلیل عەبدوڵا بە عود، کاک سەروەرقادر بە زەرب، کاک کاوان مەحمود بە  دەف ، کاک نەوزاد حەمەمید کاری دەنگ  و کاک عەلی عەتا بە کاری دەنگ.

ئێستا چوار گۆرانیترم لە بەرهەمەکانی مامۆستا محمد ماملێ ئامادە کردووە بەم ناوانە: (مەستورێ مەستان، حەیران، ناسکۆڵێ گیان مەگری، مەشکێ) کە کاری دابەش کردنی مۆسیقاکەیان هی خۆمە وبە پێویستی دەزانم سپاسێکی بێ ئەژمار بکەم لە هاوکارو دڵسۆزی سەرەکی بۆ ئەو کارانە کاک بەرزان قادرکە زۆر هاندەرم بوون، منیش دەیکەمە دیاری بۆ گشت هۆگرانی گۆرانی کوردی، مامۆستا محمدی ماملێ و مەڵبەندی هونەری ماملی.
ئەوەی ماوەتەوە بڵێم هیوا دارم توانیبێتم کارێکم کردبێت شیاوی ئەو هونەرمەەندە دڵسۆزەی گەلەکەمان بێت  چونکە ئەو بەرێزە زۆر بەدڵپاکی هەوڵی داوە کەلتوری نەتەوەکەی بپارێزێت و لە فەوتان رزگاری بکات، خەرمانی گۆرانی کوردی بگەیێنێتە ئەو ئاستە،  هەر وەکوو هەموشمان ئەوە باش ئەزانین لە پێناو مادە ئەو کارەی نەکردوە بەڵکو لە خۆشەویستی بۆ گەلەکەی بوە، بۆیە ئەبێت ئێمەش زۆربە ئەمانەتەوە بیان پارێزین و کاریان لە سەر بکەین .
لە کۆتاییدا زۆر سوپاس بۆ ئێوەی بەرێز کە منتان بەبیر بووە دەستی ماندوبونتان ئەگوشم رێزو خۆشەویستیم هەیە بۆ یەکەیەکەی ئەو برادەرانەی ئیدارەی ئەو ماڵپەرە ئەکەن و هەروەها خوێنەرە بەرێزەکانتان، سوپاس.
خۆشناو روستایی

تێبینی:
لێرەدا تەنێ سێ لەو گۆرانیانەی مامۆستا محمد ماملێ کە لە لایەن هونەرمەند خۆشناو روستای نوێژەن کراونەوە، دەخرێنە بەر دیدەی ئێوەی هێژا. لە دادێدا بەرهەمگەلی دیکەی ئەم هونەرمەندەش دەگەڵ چەند کارێکی نوێژەنی دیکەی هەر لەم پێگەیەدا پێشکەش دەکرێ.

هەر بژین
مەڵبەندی هونەری ماملێ




بابەتی پێوەندیدار