“سوسن محمدخانی غیاثوند”
رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١١،٠٨،٢٠١٣ رێوڕەسمی یادکردنەوەی و ڕێزلێنان لە شاعیری ناوداری کورد لە لایان کۆمەڵەی کوردانی فەرانسە و بەشی کوردی ڕادیۆ فەرانسە لە پاریسی پێتەختی ئەم وڵاتە بەرێوەچوو.
ڕێوڕەسمەکە بە بەشداری هەندێک لە فەرانسەوییەکانی شەیدای شێرکۆ بێکەس و بەشێکی زۆر لە رەهەندی ئێرانی و کوردی چالاکوانی نیشتەجێی ئەم وڵاتە بەڕێوەچوو. لە مەراسیمەکەدا سەرەتا ڕاپۆرتێک لەسەر ژیان، چالاکییەکان و بەرهەمەکانی ئەم هەڵبەستوانە گەورەیەی کورد لە لایان پێشکەشکاری مەراسیمەکە پێشکەش بە بەشداربوان کرا.
لەپاشان عزیز ماملێ، پارێزەر و چالاکوانی سیاسی کورد وێڕای گێڕانەوەی هەندێک بیرەوەری تایبەتی خۆیان لە مامۆستا شێرکۆ بێکەس، ئاوای درێژە بە قسەکانیدا: ئێمە ئەمرۆ یاد لە هەڵبەستوانێکی گەلێک مەزن دەکەینەوە. لە کەسێک کە بە پێنووس، زمان، بیر و هەستی تایبەتی خۆی، خوازیاری ئازادی بۆ گەل و نیشتیمانی بوو. لە شاعیرێک کە بەرەنگاری هەرچەشنە ژێردەستی و گەندەڵییەک دەبۆوە. شاعیرێک کە بۆ گەل و نیشتیمانی بەشخوراوی کۆمەڵێک سۆز و هەڵبەستی ئافراند کە جێی سرنجن.
مافناس عزیز ماملێ کە خۆی دامەزرێنەری مەڵبەندی هونەری ماملێیە، لە درێژەی ووتەکانیدا گووتی: مامۆستا شێرکۆ بیکەس بە پشت بەستن بە دەوڵەمەندی ئەدەبی، هزری پێشکەوتنخوازانە و ئازادیخوازانە، داکۆکی کرد لە مافە و کەرامەتی ئینسانی. بەرێزیان بە هەڵوێستی ئەدەبی خۆیان، بەوپەڕی وورە و لەهەمانکاتیشدا بەرزەفڕانە، توانی لێهاتوویی بێ وێنەی خۆی لە بەشی ئەدەبیدا بۆ خزمەت بە گەلەکەی بخاتە گەڕ. ناوی شێرکۆ بێکەس، بەرهەم و هەڵبەستە مەزنەکانی، نەتەنیا لە مێژووی ئەدەبی کوردستاندا، بەڵکوو لە ناو ئەو گەلانەدا کە بەرهەمەکانی بێکەس وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی ئەوان بە نەمری دەمێنێتەوە.
ئەندامی کۆمەڵەی کوردانی نیشتەجێی فەرانسە، پارێزەر عزیز ماملێ، لە کۆتایی قسەکانیدا گووتی: گشت ئەویندارانی شێعر و ئەدەب، بیرمەندان و گشت ئەو کەسانەی خاوەن بیری جیاوازن، لە خەمی لە دەستدانی ئەم هەڵبەستوانە مەزنەدا خۆ بە خەمبار دەزان. ئێمە ئەمرۆ بە سەربەرزییەوە ڕێز لە هەڵبەست و پەخشانەکانی شێرکۆ بێکەس دەگرین و لە هەمانکاتیشدا ڕێز دادەنێین لە باوەڕی بەرزی مرۆڤ دۆستانەی شێرکۆ بێکەس.
لە درێژەی ڕێوڕەسمەکەدا منصور تیفوری، نووسەری کورد دوای گێڕانەوەی هەندێک بیرەوەری لە شێرکۆ بێکەس گووتی: لە هەر سۆنگەیەک لە کۆمەڵگادا کە تێیدا دادپەروەری بوونی نەبوو، شێرکۆ دەبوو بە هاواری مافخوراوان. شێرکۆ بێکەس بەردەوام سەرقاڵی خوێندنەوە ، نووسین و کار کردن لەسەر شێعرەکانی بوو. تەنانەت باش لە یادمە ڕۆژێک هەڵبژاردنێکی گرنگ لە کوردستان لە ئارادا بوو و بەم بۆنەشەوە خەڵک و لایەنە سیاسیەەکان بەگشتی سەرقاڵی ئەو هەڵبژاردنە بوون. لە گەڵ هاوڕێکەم “ڕێبین هەردی” چووین بۆ نووسینگەی مامۆستا شێرکۆ بێکەس. بینیم کە مامۆستا شێرکۆ سەرقاڵی هەڵەگرتنە لە یەک لە بەرهەمەکانێتی. پێم گووت کە ئەم کارەی تۆ ئەم دێڕە بەناوبانگەم دێنێتەوە یاد کە دەڵێ(جووی ڕاستەقینە کەسێکە کە تەنانەت لە ژووری گازیشدا هەر سەرقاڵی ئێدیت کردنە).
بەرێز تەیفوری لە درێژەدا ئاوای گووت: شێرکۆ بێکەس بەردەوام لە هەڵبەستەکانیدا زمانی زیندوو دەکردەوە. ئەو شتەی کە لە هەڵبەستەکانی شێرکۆدا بۆ من زۆری گرنگی هەبوو بابەتی شێواز و زمانەوانی بوو. ئێمە هاوڕێ لەگەڵ شێرکۆ بێکەس تا سنووری خۆکووشتنی شێعری بەروە پێش دەچین. بە جۆرێک کە ناوەرۆکی شێعر ئەوەیە کە جیهانی بکرێت و هەرشتێکی کە لە ناو ئەم جیهانەدا دایبنێین، ببێتە شێعر. بە شێوەیەک کە لە جیهانی بەدیکراودا جیهانێکی ئاڵتێرناتیومان هەیە لە شێعر و ئێمە لە ناو نەریتی ئەدەبی زمانی کوردیدا و لە ناو مێژووی سیاسیماندا، جیاوازی ئەم دوو جیهانە بەدی دەکەین.
منصور تەیفوری لە کۆتایی قسەکانی ئاوا دووا: لە جیهانی گەلی، شیدایی و بەدواداچوونی دادپەروەریدا، شێرکۆ بێکەس نوێنەرایەتیمان دەکات.
لە بەشێکی تری ڕێوڕەسمەکەدا ڕێزدار بهمن امینی ئەندامی [کۆمیتەی سەربەخۆی دژە سەرکووتی شارۆمەندانی ئێرانی]، ڕەخنەی لە کەمتەرخەمی کردن لە وەرگێڕان و ناساندنی بەرهەمەکانی شێرکۆ بێکەس بۆ کۆمەڵگای ئەدەبی فەرانسە گرت کە بەرێز عزیز ماملێ لە جوابی ئەم بەرێزەدا ئاوا ئاخەڤت: گشت رەخنەکانتان لە مەڕ ئەم بابەتە بە ڕەوا دەزانم. بە داخەوە نەریتێکی لە وڵاتانی ڕۆژهەڵات پەیرەو دەکرێ کە بۆ گەورەپیاوان لە دوای مەرگیان ڕێزیان لێ دەگیرێ و یادیان دەکرێتەوە. ئەوەشمان نابێ لە یاد بچێتەوە کە لە ١٠ ساڵی رابردوو دا ئەم نەریتە بەرەو گۆڕانە و لە هونەرمەندان کاتێک کە لە ژیاندان رێز دەگرن. تەنانەت بۆ گۆڕینی ئەم نەریتە، مامۆستا شێرکۆ بێکەس لە وصیت نامەی خۆی دا داوای کردووە تا خەڵاتێک بە ناوی بەرێزیانەوە ساڵانە ببەخشرێتە کەسانی ماندووی ڕێگای ئەدەبی تا لە ماوەی ژیاندا ریزیان لێ بگیرێ. هەروەها چەند خەڵاتێکی تر بۆ ئەم مەبەستە لە لایان کەسانیترەوە دابین کراوە تا ببەخشرێتە ئەم هونەرماندانەی کە لە ژیان دا ماون.
لە کۆتاییدا بەشێک لە شێعر و پەخشانەکانی مامۆستا شێرکۆ بێکەس بە کوردی و فەرانسەوی خوێندرایەوە.