Skip to content

زیندووکردنەوەی نامەیەکی “ماملێ”

Abdulla tahir

ڕێزدار “عەبدوڵڵا تاهیر عومەر” مامۆستای قوتابخانە و لە هەمان کاتیشدا ئەدیبێکی هەست‌ناسکە و دانیشتووی باشووری کوردستانە. بەرهەمە ئەدەبییەکانی لە زۆر گۆڤار و ڕۆژنامەدا چاپ و بڵاو کراونەتەوە.[1]
بەڕێزیان ٣٤ ساڵ پێش ئێستا خۆشەویستی خۆیان بۆ هونەر و دەنگی “ماملێ” بە هۆنینەوەی هۆنراوەیەک دێنێتە سەر زمان و لە ساڵی ١٩٨٨ی زایینی، بۆ ماملێ‌ی دەنێرێت.
لەم بارەیەوە ئاوا دەفەرموێت:

ڕۆژێكیان كاك ئەحمەدی قازی گوتی ژمارەی داهاتووی (سروە) موصاحەبە (چاوپێكەوتن)ێكی دەگەڵ ئاغای ماملـێ تیدایە, منیش شیعری ماملێم بۆ خوێندەوە, زۆری پێخۆشبوو گوتی بۆم بنووسەوە, ئەگەر ژمارەكەی سروە چاپی تەواو نەبووبێ و كەلێنێك مابێ‌ بەڵكو بیگونجێنین. بەڵام دواتر زانیم كە بە داخەوە فریای نەكەوتووە منیش هەر شیعرەكەم بۆ بەڕێز ماملـێ‌ پۆست كرد.ئەمە دەقی هەڵبەستەکەیە:

                       “بۆ ماملێ”
دەنگی کێ بێ سەربەخۆ بێت و ڕەسەن ئاهەنگ بڵێ؟
کـوردواری بـێ و زوڵاڵ بێ، وەک چریـکـەی “مـامـلــێ”

دەنــگی تـۆیـە هـەڵـگری ڕەنـگی زەوی و خـاکـی مـنــە
بست‌بەبست دەشت و نزاری پەی‌دەکا چەشنی شنـە

ماملێ گیان دەنگی تۆ بوو سەد هـەزار شۆخی هەژاند
زۆر بە سەرمەستی تەلیسمـی ماتەمی بۆیان شـکانـد

سۆزش و ئاخ و هەناسەی نـێو دەروون سەرهـــەڵـدەدا
مـاملـێ! گـەر هـەڵـدەدەی ئـاهـەنـگـی ئـاواز و ســەدا

بـەسـتـەکـانـت بـوونــە وێـردی پـیـر و لاو و جــوانـەکـان
بــوونـە ئـاهـەنـگی کـرێـکار و نــەوای دەم شــوانـەکـان

بـوونـەی تـێـشـووی ڕۆحـی ڕێـبـوارانـی ڕێــبازی ئـەوین
بوونە نـەشئـەی کۆڕی دڵدارانی پێـک شادبوون لە ژیـن

بەرزە ئـەستـێـرەت لە ئاسمـانی هـونەر ئـەی مـامـلـێ
ناو و ناوبانگت لە بەرزایی لە بەرزایی بەرەو خوار ناگلێ

عەبدوڵڵا تاهیر
سوڵتانەدێ ١٩٨١ماملێ‌ش پاش خوێندنەوەی شێعرەکە، بە نووسینی نامەیەک، سپاسوێژی خۆی بۆ کاک عەبدوڵڵا  لەمەڕ ئەم دیارییە بەنرخە وەها دەردەبڕێت:

Abdulla 2

      بە ناوی خودای گەورە

کاک عەبدوڵا تاهیر:

پێشەکی تا هەم سەربەرزیت لە دەرگای خوداوەندی مەزن داواکارم و هیوادارم رۆژ و ڕۆژگارت بە خۆشی بگوزەرێ. کاک “عەبدوڵا تاهیر”ی خۆشەویست، نامەی پڕ لە موحەببەتەکەت پێم گەیشت. زۆر زۆر خۆشحاڵ بووم. لە موحەببەتەکانت زۆر مەمنونم. عەزیزم، لەپێش دا باسی مامۆستا “غەریب پشدەری” نووسیبوت زۆری پێ خۆشحاڵ بووم. تا ئێستێ شێعرەکانی بۆ نەناردووم بەڵام، دەزانم پێم دەگات، درەنگ و زووی هەیە.

کاک عەبدوڵا، برا گیان، لەوەی کە لە سروە (واتە مجەلـلەی سروە)دا فەرموبوت زۆر زۆر سپاسگوزارم. ڕۆژێکی تووشی کاک ئەحمەدی قازی بووم، ووتی من خۆم دەنووسم و بۆخۆم زۆر چاک لە هونەری تۆ تێدەگەم. بە هەر سورەت با باسی نامەیەکی جوانی کیژێکی خەڵکی “سەنگەسەر”ت بۆ بنووسم. خۆشمەززەیە. ڕۆژێکی نامەیەکیان دامێ، کوڕێکی عێڕاقی، کە خوێندمەوە، پاش دوعا و سڵاوێکی زۆر، نووسیبووی کە من بە دوو ئاهەنگی تۆ ماوم. یەکەمیان “هەواری خاڵی”یە، دووهەمیان “دەچمە سەر کانێ مرادان” و ئێستاش چوار(٤) ساڵ لە عومری خۆم دەدەم بە تۆ و مامۆستا هێمن. منیش چوومە بازاڕ تووشی مامۆستا هێمن بووم. پێمگووت کیژێک لە سەنگەسەر دوو ساڵ عومری خۆی داوە بە تۆ و دوو ساڵیش بۆ من. مامۆستا هێمن فەرمووی محەممەد، کیژێکیش لە سنەوە بۆ منی هەر وەها نووسیوە. منیش پێم گووت چوار ساڵی خۆت بۆ خۆت، منیش چوار ساڵی خۆم بۆ خۆم.

کاکە گیان، کاک عەبدوڵا، ئەمن زۆر زۆر چووکەترم کە ئێوە ئەو هەموو موحەببەتەی دەکەن دەگەڵ من، زۆر زۆر سپاس لە هەمووی (ئێوە)ی بەڕێز دەکەم و هیوادارم سەرکەوتوو بن.
چووکەی هەمووتان

محەممەد مام‌لێ

٨ی٨ی١٣٦٧

واتە:
٣٠ی ١٠ی ١٩٨٨

ئەم نامەیە گرینگی خۆی هەیە. زۆر شتی هەیە بۆ گووتن. لێرەدا ماملێ ڕاستەوخۆ بە چەند دێڕی ساکار پێناسەی خۆی دەکات.

-تێبینی-
١- ماملێ لە پێش دامەزراندنی کۆماری کوردستان و لە شاری سابڵاخ، لە ژێر چاوەدێری مامۆستایان “باباغا حوسەینی” و “مەلا حوسێن مەجدی”دا لە تاکە خوێندنگای ئەوکاتی شارەکە بە ناوی “مەدرەسەی سەعادەت” وانە فێر دەبێت. وەک هەر تاکێکی تری کوردی ئەم دەڤەرە، دەرفەتی خوێندن بە زمانی دایکی بۆ نارەخسێت و لە رووی ناچاری دەبێ زمانی داگیرکەری فارس فێر بێت. هەر بەم هۆیەوە کوردی‌نووسینەکەی چ لە رووی ڕێزمانی و چ لە ڕووی ستانداردێکی کە ئیمڕۆ کورد پێی دەنووسێت، جیاوازە و پڕە لە هەڵەی ڕێزمانی.
٢- هەوڵ دراوە کە نامەکە تا ڕادەیەکی زۆر وەک خۆی بنووسرێتەوە. گەر کەمێکیش لە بیچمی خۆی لاماندابێت هۆکارەکەی دەگەرێتەوە بۆ ئەمە کە ئەوەندە ڕەوان و سادە بکرێتەوە کە هەندێک خوێنەر بتوانن بە باشیی بیخوێننەوە و لێی تێبگەن.
زۆر سپاس بۆ ماندووبوونی هێژا و ئازیز کاک حامید عەوڵا.

[1] شاعیر لە چەند دێڕێكدا:
•ساڵی ١٩٦٦ لەسوڵتانەدێ‌ی سەنگەسەر لەدایك بووە.
•سەرەتا لە حوجرە خوێندوویەتی پاشان چۆتە قوتابخانەی سەرەتایی.
•ساڵی ١٩٨٦- ١٩٨٧ خانەی مامۆستایانی سلێمانی تەواوكردووە.
•ساڵی ١٩٩٥ بە مامۆستای سەرەتایی دامەزراوە و تا ئێستا لە قوتابخانەی دەروازە لە”حاجیاوا” وەك مامۆستا خزمەت دەكات.
•سەرەتای شێعری دەگەڕێتەوە بۆ ١٩٨١ لە پۆلی شەشەمی سەرەتایی.
•لە زۆربەی گۆڤار و ڕۆژنامەكانی هەشتاكان و تا ئیستاش شێعر و ووتاری ئەدەبی بڵاوكردۆتەوە.
•عەروزی شێعر لەسەر دەستی مامۆستا (احمد هەردی) پایەبەرز فێر بووە.
•مامۆستای خوالێخۆش بوو (محمدفیدا)ی شاعیر، هەر لە منداڵیەوە لە پەرەپێدانی بەهرەی شێعری ئەو دا شوێنەواری هەبووە.
•ساڵی ٢٠٠٠ خێزانی پێكەوە ناوە و٣ كچ و ٢ كوڕى هەیە.


Abdulla 4

بەرهەمەکانی مامۆستا عەبدوڵڵا تاهیر لە گۆڤاری سروە دا:

١- غـەریـبـی پێنج خشتەكی لەسەرغەزەڵێكی مەلا مەحمودی {غەریب} لە گۆڤاری(سروە)ی ژ ٥١ لا ٥١ مانگی ٩/١٩٩٩بڵاوبۆتەوە.
٢- بۆ هەڵەبجەی شەهید لە گۆڤاری سروە ژ ٣٣ لا ٥٩ نەورۆزی١٩٨٩ وە لە كتێبی “شیوەنی ئینسانی” لە لایەن دەزگای سروە{سەلاحەدینی ئەییووبی}یەوە لە ورمێ‌ هەمان ساڵ بڵاو كراوەتەوە. هەروەها لە گردبوونەوەی جەماوەری یەكەمین ساڵیادی كارەساتەكە لە ١٦ی٣ی١٩٨٩لە پیرانشار (خانێ‌) لە لایانی مامۆستا عەبدوڵڵا تاهیرەوە خوێندرایەوە كە بە سەرپەرشتی بەرەی كوردستانی و بە ئامادەبوونی هەزاران كوردی ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان سازكرابوو.
٣- پـاشی چی!؟ بڵاوكراوەتەوە لە گۆڤاری سروە ژمارە ٣٩ لا ٣٨ ورمێ‌ مانگی٩ی١٩٨٩
٤- یاداشتەكانی پشووی هاوین بڵاوكراوەتەوە لە گۆڤاری سروە ژمارە ٤٢ ی ساڵی ١٩٨٩ بەناونیشانی (فێرگەی زانین). مەقالەیەك بە ناونیشانی {سەرەتایەك دەبارەی كێش لە هەڵبەستی كوردیدا} بە دوو حەلقە بڵاو بۆتەوە لە سروەی ژمارە ٣٧ و٣٨ یا٣٨ و ٣٩

بابەتی پێوەندیدار