نووسینی: جەلال هانیسی
ئەگەرچی هونەر سنوور ناناسێ و هەموو کەوشەنەکانی بەزاندووە، بەڵام هیچ گەلێک بە بێ تایبەتمەندی نییە، هەر وڵاتێکدا بە پێی جوغرافیا و شێوەی ژینی خەڵک هونەریشی بۆن و بەرامی خۆجێیەیی بە خۆوە دەگرێ و دەبێتە پێناس و ناسنامە، بۆ نموونە لە جوغرافیای کوردستاندا کە هەر مەڵبەندێک تایبەتمەندی و رەنگ و بۆی خۆی هەیە و هونەری کوردیی گەلێک دەوڵەمەند کردووە. ئەم وتارە باسێکە لەسەر هونەرمەندی گەورەی کورد “محەمەدی ماملێ” کە زادەی ناوچەیەکی رەنگین و دەوڵەمەندە بە مۆزیک و گۆرانی کوردی.
مەڵبەندی موکریان وەک هەموو ناوچەکانی تری کوردستان لە بواری هونەری گۆرانی و مەقام دا تایبەتمەندی خۆی هەیە، داب و نەریت و فەرهەنگ و فولکلۆری کوردی لە لایەن کەسانی نیشتمان پەروەرەوە بەو پەڕی دڵسۆزیەوە پاراستویانە و خزمەتیان کردووە. بەتایبەتی شاری “مهاباد” کە هەمیشە لانکی هونەر بووە، لە بواری هونەری چڕیندا گرنگی خۆی هەیە لە لایەن دەنگ بێژانەوە پەرەی پێدراوە، تەنانەت لە بواری ئەدەبیشدا سامانێکی بە نرخیان لە شیعر و پەندی پێشینان و چیرۆک و هتد… بۆ خوڵقاندوین و خزمەتێکی بەرچاویان بە زمانی کوردی کردووە.
گەلێک دەنگ خۆش و گۆرانی بێژی هەڵکەوتەی لێ هەڵکەوتووە کە زۆرێک لە بەیت و حەیران و مقام و کورتە مقام و قەتاریان سنگ بە سنگ پاراستووە و گەیاندوویانەتە نەوەی دوای خۆیان و تا گەیشتوەتە چاخی دەنگ تۆمار کردن، کە لەو کاتەشدا دیسان لە بەر بێ پشتیوانی کەسانێکی تر بۆیان نەلواوە دەنگیان تۆماربکرێ و ئارشیڤێک بۆ نەوەکانی تر بە جێ بێڵن.
مەڵبەندی موکریان وەک هەموو ناوچەکانی تری کوردستان لە بواری هونەری گۆرانی و مەقام دا تایبەتمەندی خۆی هەیە، داب و نەریت و فەرهەنگ و فولکلۆری کوردی لە لایەن کەسانی نیشتمان پەروەرەوە بەو پەڕی دڵسۆزیەوە پاراستویانە و خزمەتیان کردووە. بەتایبەتی شاری “مهاباد” کە هەمیشە لانکی هونەر بووە، لە بواری هونەری چڕیندا گرنگی خۆی هەیە لە لایەن دەنگ بێژانەوە پەرەی پێدراوە، تەنانەت لە بواری ئەدەبیشدا سامانێکی بە نرخیان لە شیعر و پەندی پێشینان و چیرۆک و هتد… بۆ خوڵقاندوین و خزمەتێکی بەرچاویان بە زمانی کوردی کردووە.
وەک سەعیدی ماملێ، عەبدوڵڵا رەش و کەوێ جوو و گەلێک دەنگخۆشی تر کە لە سەردەمی سەیید عەلی ئەسغەری کوردستانی هونەرمەندی بە ناو بانگی کورد (١٨٨٢-١٩٧٣) بوونە کە بە داخەوە لە دەنگیی بە سۆزیان بێبەش بووین، بەڵام ئەو سامانە بە نرخەیان گەیشتۆتە دەست کەسانێکی تر کە خەمخۆری نیشتمان بوونە، هەر درفەتێک بۆیان رەخسا بێت کەڵکیان وەرگرتووە کە خۆشبەختانە گۆمەڵێک مێلوودیان بۆ زیندوو کردوینەتەوە، گۆرانیبێژانی ئەو مەڵبەندە وەک: حوسێنی قاقی، حوسێنی ماملێ، محەمەدی شاڕۆخی، عەزیزی شاڕۆخی و کاک محەمەدی ماملێ و…دەیان گۆرانیبێژی تر کە تایبەتمەندی ئەو هونەرمەندانە هەرکام ستایل و رێچکەی خۆیان هەیە هەم لە گۆرانی وتن و هەم لە مقام یان قەتارچڕیندا.
قەتار هەر لە دەورەی گاتاکانەوە باوی هەبووە بەڵام بە شێوەگەلێ جۆراوجۆر ناوی لێ ئەبرێت
لە گەرمیان ناوی یەکێکە لە مەقامەکان
لە ناو فارس بۆتە “غەزەل”
لە ناو ئازەریەکان بۆتە “ماهان”
لە ناو عەرەب بۆتە “مقام”
لە ناو تورکەکان بۆتە “ئوزون هەوا”
بۆ نموونە کاک “محەمەدی ماملێ” قەتاری کردۆتە ناسنامەی بەشێک لە هونەری بنەماڵەی “ماملێ”.
رەنگ زرەدی خەزان خەتای پاییزەن
رەنگ زەردیەکەی من دووری ئازیزەن
یان
خاکی کووچەی یارەکەم ئەکسیری ساغی و ژینمە
جوانی روخساری و نیگاهی هێزی ئەژنۆ و تینمە
یان
چەند شاران گەڕام چەند خاکە ساری
بووم بە شوانەکەی حەق نادیاری
کورتەیەک لە ژیاننامەی محەمەد ماملێ
محەمەد کوڕی سەعیدی ماملێ لە بنەماڵەیەکی دەنگخۆش و نیشتمان پەروەر لە شاری مهاباد، لە ساڵی ١٣٠٤ی هەتاوی بەرابەر بە ١٩٢٥ی زایینی لە گەڕکی ئەرمەنیان چاوی بە رووی ژینا هەڵێناوە.
هەر لە تەمەنی مناڵیەوە دەستی بە گۆرانی وتن کردووە وەک سوارچاکێکی ئەو مەیدانە بە دەنگە پڕ سۆز و رەسەنەکەی ئەوە گۆرانی و قەتار و مقامانەی کە فولکلۆر بوونە و بڕێکیشی لە خانەقای شەمزینان بە شێوەی خانەقایی چڕدرا بوون، زیندووی کرنەوە و خستنیە سەر خرمانەی میۆزیک وگۆرانی کوردی بەرگ و خشڵێکی نوێ لە بەر کردن.
گەلێ مێلودی گەلانی تری کردۆتە کوردی وەک فارسی، تورکی ئازەری( وڵاتی ئازەربایجان) و ئەرمەنی کە بە شێوەیەک چڕیونی دەڵێی ئەم ئاوازگەلە لە بنەچەدا هەر کوردی بووگن، کە بەراستی کورداندونی و بوونەتە موڵکی کوردی.
کاک “محەمەدی ماملێ”دەنگێکی ساف و رەوانی هەیە کە شێوە و ستایلی لە گەڵ گۆرانیبێژانی تر جیاوازە و ئەو ستران و مقامانەی کە چڕیونی هەموو پێناسەی دەنگی خۆیەتی و بە باشی ئەدای کردوە کە لەو شێوە وتنە جێگەی رخنەی نەهێشتۆتەوە و هەرکام لە مقام و قەتارانەش بە پێی مەودای دەنگی زیل و بەمی بە کار هێناوە کە بوونەتە سامانێکی پڕ بایخ بۆ مێژووی گۆرانی و مۆزیکی کوردی.
“ماملێ” گەلێک گۆرانی و مقا م و قەتاری لە شارەکانی تاران، سنە، کرماشان، تەوریز، ورمێ و مهاباد تۆمارکردوە کە هەرکام دەکرێ بە شێوەی جیاواز لێک بدرێتەوە و هەڵسەنگێندرێ، کە بەداخەوە بەشێک لە میۆزیکانەی بۆی ژەندراوە بە باشی نەیانتوانیوە وڵامدەرەوەی دەنگی پڕ هەست و سۆزی “ماملێ” ببن، بە هۆی نەبوونی ستۆدیو و ئامێرە جۆربەجۆرەکانی میۆزیک بەشێ لە بەرهەمەکانی بە شێوە سادە تۆمار کراون کە تەنیا دەنگە رەسەنەکەی بووەتە سامانێکی پڕ بایخ بۆ خەزێنەی پڕگەوهەری مێلوودی کوردی. بە وتەی کاک”چیای کوڕیی” سەرجەم بەرهەمەکانی نزیک بە سێسەد و پەنجا ئاواز و مقامە.
لە هەڵبژاردنی شیعردا لە هۆنراوەی شاعیرانی وەک: وەفایی، هێمن، هەژار، گۆران، هاشمی نانەوازادە و هەردی کەڵکی وەرگرتووە و هەروەها بۆ خۆشی بۆ بڕێک شیعری بۆ گۆرانییەکان داناوە و لە فولکلۆریش کەڵکی وەرگرتووە.
ئەم هونەرمەندە نیشتمانپەروەرە بە بۆنەی گۆرانی وتنەوە گەلێک جار لە لایەن هێزی ئاسایشی ئێرانەوە تووشی گرفت بۆتەوە وئەشکەنجە و زیندانی کراوە، بەڵام “ماملێی” وڵات خۆشەویست هیچ کات گوێ بەو تەنگ و چەڵمەمانە نەداوە و لە سەر مافی رەوای خۆی سوور بووە تەنانەت سروودی” ئەی رەقیبی” وتوەتەوە! هەر ئەوە بووەتە رازی مانەوی ناو بانگیی.
محەمەدی ماملێ هونەرمەند، دەنگخۆش، هەڵکەوتە و نیشتمان پەروەر پتر لە پەنجا ساڵ خزمەت بە گۆرانی و میۆزیکی کوردی، لە ئاخری تەمەنیا بۆ ماوەی پێنج ساڵ تووشی نەخۆشی ببوو کە بە هەزار داخ و دەردەوە هەر بەو نەخۆشیەوە لە رێکەوتی٢٣/١/١٩٩٩ بەرابەر بە ٣١/١١/١٣٧٧ی هەتاوی لە تەمەنی٧٣ ساڵیدا هونەری گۆرانی و مۆسیقای کوردی بە جێ هێشت و ماڵاوایی لە نیشتمان و گەلەکەی کرد و بە قەتاری:
چەند شاران گەڕام چەند خاکە ساری
بووم بە شوانەکەی حەق نادیاری
لە گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی شاری مهاباد بە خاک سپێردرا.