Skip to content

(وەرە وەرە، تۆ یارمی) گۆرانییەکی تازەکراوەی ماملێ لەلایان (ڕادیۆ خاک‌)ـەوە

ئەمڕۆ بیست و یەکەمین ساڵیادی کۆچیدوایی ماملێی کوردانە. کە ساڵ وەردەسووڕێت و دەگاتەوە ئەم ڕۆژە، خەڵکی بە ئەمەک و وەفادار بە هونەر و فەرهەنگی کوردی، وەخۆ دەکەون تا ویژدانی خۆیان بەرانبەر بە هونەری نەتەوەکەیان  و یەک لە هونەرمەدانی خۆیان ئاسوودە بکەن و بە ماندووبوون و تێکۆشانی خۆیان چەپکە گوڵی وەفا پێشکەشی ئەو هونەرمەندە بکەن کە لە ڕۆژگارێکی بێدەرەتاندا دەژیا و کاری مەزنی کردە توێشەی فەرهەنگ و هونەری گەلەکەیان.

لە ساڵانی ڕابردوودا تێکۆشەران و دڵسۆزانی ڕادیۆ خاک لە سلێمانی، لە هەڵمەتێکی نەتەوەییدا تاویان دا لە چەند کارێکی تازکرنەوەی موزیک بۆ چەند بەرهەمێکی دەنگیی هونەرمەند محەممەدی ماملێ کە دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو و کەوتە بەر پەسنی گوێگران و شارەزایانی بواری موزیک و تێکنیکی ئەو بوارە.

گۆرانییەکانی سازی نازساز، شیرەکەم لێدەڕژێ، ناسکۆڵێ گیان مەگری، کۆڵوانە، حەیرانی سەید عەبدولقادر و مەستوورێ مەستان یەک لەو کارە ناوازانە بوون کە لەلایان ئەو تێکۆشەرانە لە ڕادیۆ خاک تازە کراونەوە. کە باس لەو تێکۆشەرانە دەکرێ ناکرێ بە کۆنکرێت ناوی ئەو دوو کەسە نەبەین کە شێلگیرانە و ئەویندارانە عەوداڵی خزمەتی هونەری گەلەکەیانن و هیچ دەرفەتێک نابەتڵێنن تا ویژدانی خۆیان ئاسوودە بکەن لەئاست هونەریی گەلیان. بەڕێزانی هونەرمەند کاک (بەرزانی قادر خەڵووز) و کاک (خۆشناو ڕوستایی).

ئەو ئازیزانە ئەمساڵیش بۆ بیست و یەکەمین ساڵیادی  کۆچی دوایی هونەرمەندی خۆیان محەممەدی ماملێ، گۆرانییەکی تریان کردە دیاری و چەپکە گوڵی وەفا بۆ ڕۆحی ئەو هونەرمەندە بە ناوی (وەرە وەرە تۆ یارمی) کە هۆنراوەکانی ئی محەممەدی ماملێیە و گۆرانییەکەش تا ئەو سات و کاتە نادیارە. کاری تازەکردنەوەشی کاک خۆشناو ڕوستایی بۆی کردووە.

لێرەدا بە پێویستی دەزانین وەک مەڵبەندی هونەریی ماملێ دەستی ماندووی یەکایەکی ئەو ئازیزانە بگووشین و سپاس و ڕێزی خۆمانیان پێشکەش بکەین. هیوادارین وێنەیان لە گەشە بێت بۆ کورد و کوردستان.
مەڵبەندیی هونەریی ماملێ
٣ی ڕێبەندان یان ٢٣/٠١/٢٠٢٠

بابەتی پێوەندیدار