Skip to content

نوێژەن کردنەوەیەک

کاروانی مۆسیقای کوردی لە هەر شوێن و زەمەنێکی ئەم کوردستانە بەردەوام بە ڕێوە بووە. لە یاد ناچن ئەو ڕۆژانەی کە حکومەتان تەنگ و چەڵەمەیان دەخستە بەر پەرەپێدانی زمان و کولتووری کورد. لەو ڕۆژانەدا بوو کە هونەرمەندان لە هەر دەرفەتێک کەڵکیان وەردەگرت و بە نهێنی ئاوازیان بۆ تێکستێکی شاعیرانی نیشتمانپەروەری کورد ساز دەکرد. دەیانخوێند و لە ناو ماڵاندا بڵاو دەبۆوە.

ئەوە هونەرمەندان بوون کە لە زەمەنی وا ئەستەمدا پەیمانی وەفاداری خۆیان دەگەڵ نیشتمان و نەتەوە نوێ دەکردەوە، گۆرانی و حەیرانیان دەگوت و ورە و ئەڤینیان لە ناو جەماوەردا زیندوو ڕادەگرت. لەم بەرهەمانە زۆرن کە لە سووچێکی مێژوودا بە بێ بوونی ئامرازێکی مۆسیقا تۆمار کران. هەر چەند کە تام و چێژ و کۆمەڵێک بیرەوەری خۆش و ناخۆش دەگەڵ خۆیان دەکەنە میوانی هەر مێشکێک، بەڵام هەرکات جێی داخ و پەژارەش بووە کە بوار نەبوو بە شێوەیەکی پسپۆڕانە تۆمار بکرێن.

بیرەوەری کۆڵنەدان و نەبوونی بوار و ئازادی لە مێژووماندا ناسڕێتەوە، بەڵام سەرەڕای هەموو سەروەرییەکانی ئەو سەردەم، بەختەوەرییەکی زۆر شان و باڵی هونەری کوردی گرتووە. ئەمڕۆکە جیلی نوێی ئەم نەتەوەیە خۆی پێ گەیاندووە، ئامراز و شارەزایی کۆ کردۆتەوە و خستوویەتە خزمەت هونەر و مێژوو. کاروان وەستانی نییە و گەنجان خەریکن بەڕێوەی دەبەن.

یەک لەو گەنجانەی کە خۆی پێ گەیاندووە و زانست و هونەر و ئامرازی خستۆتە خزمەت بە هونەری کوردی، هێژا کاک ”سمکۆ گەردی”یە. کاک سمکۆ لە دایکبووی گوندی جەڕان سەر بە شاری پیرانشاری موکریانە. کوڕی نیشتمانە و ژەنیارێکی ئەڤینداری هونەرمەندانە. لە زانکۆی صلاح الدین، وەرگرتووی بڕوانامەی زمانە. ڕێ خۆشکەر و پشتیوانی مامۆستا ”هەژار محمد امین” و قەڵادزێی کوردانە.

هێژا کاک سمکۆ پاش ئەوە کە لە ئاستی بەرزی هونەری مامۆستا ”هەژار محمد امین” کەڵکی باشی وەرگرت، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٨٨ تا ١٩٩٧ی زایینییەوە کاری هونەری خۆی لە هزری نیشتمانپەوەرانەی جیا نەکردەوە و لە ریزی هونەرمەندانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ایراندا درێژەی بە خەبات و چالاکی خۆی دا. لە دواییدا لە کۆچی بەرەو هەندەراندا لە وڵاتی سوید سەقامگیر بووە و لە بوارەکانی پێشکەوتووی ڕۆژ کەڵکی وەرگرتووە. ئەو هەر چەند دەگەڵ کۆمەڵگای پێشکەوتوو خۆی ڕێک خستووە، بەڵام سۆز و بڕوای بە پێشینە و نەتەوەکەی ناسک نەبووە.

ئەو لە پەنا کار و چالاکییەکانی خۆی، خزمەتێکی زۆری بە نوێژەنکردنەوەی گۆرانییەکانی هونەرمەندانی جیلی پێشووی کورد کردووە. لە کارەکانیدا جیا لەوە کە دوو بەرهەمی مامۆستا محمد ماملێی بە ناوەکانی ”ئەو چاوانەی خوماری نازن” و ”لای لای سوورە گوڵ”ی نوێژەن کردوونەوە، کۆمەڵێک بەرهەمی پڕبایەخی دیکەی ئامادە و پێشکەش کردوون. تا ئێستا چوار سی دی لەم هونەرمەندە گەنجە لە ژێر ناوەکانی ”ڕێژنە”، “سوورە گوڵ”، ”میلکان” و ”یاد” بڵاو بۆتەوە و پڕۆژەی دیکەشی لە ڕێ دایە.

لە ژێرەوە یەک لە کارەکانی ئەم هونەرمەندە دانراوە خزمەتتان. مەڵبەندی هونەری ماملێ هیوای سەرکەوتن بۆ هێژا کاک سمۆ گەردی دەخوازێ. تکامان وایە سپاسوێژی مەڵبەند قبووڵ بفەرموون.

بابەتی پێوەندیدار