Skip to content

“کچی مەهابادی”ی هێمن و ماملێ

هونەری هەر نەتەوەیەک ڕەنگدانەوەی ویست و بەهاکانی کۆمەڵگاکەیەتی. گەشە و جوانی هونەر ڕاستەوەخۆ پێوەندی بەم خاڵەوە هەیە. گەر لە وڵاتێک هونەری نیگارکێشان زیاتر لە هونەرەکانی تر هەستی خەڵک دێنێتە جۆش، ئەوە سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە کە جەماوەر لەم وڵاتە زیاتر بەها بەم بەشە لە هونەر دەدەن.

کۆمەڵگای ئێمەش لەم خاڵە بێبەری نییە. هەرچەند کە ئێمە مەترسیدارترین سیاسەتەکانی تواندنەوەی کولتووری، هونەری و ناسنامەییمان بەسەردا پەیڕەو دەکرا/دەکرێت، ئەوەندەی کە ویست و بەهای جەماوەر بۆ پاراستنی ئەم فاکتانە بەرچاون، ئەوەندە بۆمان نەلوا تا وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ، بپڕژێینە ناو وردەکارییەکانەوە.

لە هیچ کۆمەڵگایەک دا نابێ و ناکرێ چاوەڕوانیمان لە هونەرمەندان هەبێت کە بەتەنیا لە ڕۆستی ئافراندنی ئاسەوارە هونەرییەکانیان بێن. کاری دەوڵەت و کۆمەڵگایە شان وەبەر پیلی هونەرمەند بدەن.  بە واتایەکی تر، دەبێ بەستێنی گەشەی هونەری بۆ هونەرمەندان لەبار بکرێت. گەر ئەم بەستێنە لە هەر کۆمەڵگایەک دا چێ نەبێت، ئەوە دەبێ بزانین کە زوڵمێکی هەراو لە هونەرمەندی ئەم نەتەوەیە پەیڕەو دەکرێت.

لە بێ‌دەولەتی کورد، هونەریشمان هەتیوە. بەداخەوە لە کوردستانی خۆمان هونەرمەندان هەموو ژیانیان فیدای هونەرەکەیان نەکەن، ناتوانن ئافراندنێک کە ویستی دڵیانە  بئافرێنن. نە دەوڵەتێک و نە ئۆرگانێک هەیە کە بەستێنی پێویست ئامادە بکات تا هونەرمەند هەست بە ئارامی بکات و بتوانێت هەموو هێز و هزر و ووزەی خۆی بۆ پێشکەشکردنی ئاسەوارێکی هونەری بێنێتە کایەوە.

بەختەوەرانە سەرەڕای ئەو هەموو کۆسپ و لەمپەرانە کە لەبەر دەمی هونەری کوردی دا هەیە، دبینین کە کەسانێکی نیشتمانخۆشەویست، لە گیان مایە دادەنێن بۆ پاراستن و برەودان بە هونەری و کولتوور نەتەوەی خۆیان.

جێێ شانازیی و دڵخۆشییە کاتێک دەبینین کەسانێک هەن کە کۆمەڵێک ئاسەواری کولتووری و مێژوویی لە کورد و کوردستانیان پاراستووە و ماڵی خۆیان چەشنی مۆزەخانەیەکی بچووکی لێکردووە و بە بێ بەرانبەر وەک پێشانگا، رۆژانە دڵسۆزانی کولتوورری کوردی سەردانی ئەم ئاسەوارانە دەکەن. سوودێکی تری ئەم کارە ئەمەیە کە مەجال بۆ لێکۆلەران دەڕەخسێت تا بتوانن بە دەستێکی ئاوەڵاترەوە پشکنین بۆ مێژوو و ئاسەوارە مێژوویەکان بکەن.

بە هەمان شێوە، لە تراویلکەی ناهومێدی و بێ‌دەرەتانی کورددا، کەسانێکی بەمشوور و دڵسۆز دیارن کە بەگیان و ماڵ، بەردەوام لە هەوڵی ئەمە دا بوون تا بەشیک بن لە هاندەرانی هونەرمەندان بۆ جوانکردن و ئافراندنی هونەری کوردی.

بەڕێز کاک “عەزیز خاڵندی” یەک لەم مرۆڤانەیە کە بە هەستپێکردن لەم ڕاستییانە بە هەموو و هێز و ووزەوە پشتیوانی لە هونەری “محەممەد ماملێ” دەکرد و هاندەریان بوو. بەڕێزیان ئەم بەستێنەی بۆ ئامادە دەکرد تا ماملێ بتوانێ کەمتر بیر لەم بەربەست و لەمپەرانە بکاتەوە و لە خزمەت بە هونەری کوردی، کەمێ نەهێنێت و بەجێ نەمێنێت.

بەڵێ کاک عەزیز کۆمەڵێک بەرهەمی دەنگ و ڕەنگی ماملێی لای خۆی پاراستووە کە هەندێک لەم بەرهەمانە لە بواری مۆسیقا و دابەشکردنەوە جیاوازییان هەیە و لەلایان مامۆستا “ڕەشید فەیزنیژاد”ەوە کاری دابەشکردنیان بۆ ئەنجام دراوە و هەندێکیشیان تەنیا <playback>ی گۆرانییە کۆنەکانن.

ئەم بەرهەمەی کە ئێستا پێشکەشتان دەکرێت لە شێعرە جوانەکانی پاشای شێعری کوردی “مامۆستا هێمن”ە بە ناوی “کچی مەهابادی” کە وێڕای چەند بەرهەمێکی تر لە ماملێ، کە گشتیان بە شێوەی <playback>ن،  لە لایان کاک “عەزیز خاڵندی‌”یەوە پێشکەش بە (مەڵبەندی هونەریی ماملێ) کراوە تا لە ڕێگەی ئەم مەڵبەندەوە بتوانێت پێشکەشی خاوەنی ڕاستەقینەکەی واتە، نەتەوەی کورد بکرێتەوە.

ئێمەش وەک ستافی مەڵبەندی هونەری ماملێ سپاسوێژی خۆمان ئاراستەی کاک عەزیز دەکەین و دەستی ماندوویان دەگووشین کە بەم کردەوە نەتەوەییەیان، دڵی ئۆگران و لایەنگرانی هونەری کوردی خۆش دەکەن و لە مەودای کوورتی تەمەندا لە تام و چێژی ئەم گۆرانییانە، تاک و کۆی  کۆمەڵگای کوردییان بێ بەش نەکرد.

هەروەها ئێمەش لەم بنکەیە، هەوڵمان داوە چ لە بواری دەنگی بەرهەمەکە و چ لە بواری ڕەنگی گرتەکە (کە زۆر کۆن و خەوشەدارن)، بە جۆرەی توانا و دەرەتانی بەردەستمان، خەوشەبڕ و مۆنتاژیان بکەن. بە داخەوە بەشێکی زۆر لەم گرتانە، ئەوەندە چۆنییەتییەکەیان خەراپە کە تەنیا ئەوەندەی کە مۆتاژ کراوە توانیومانە ڕزگار بکەین و بیکەینە دیاری بۆ ئێوەی خۆشەویست.
دڵنیاشتان دەکەینەوە کە لە ڕۆژەکانی داهاتوو دا بێ‌پسانەوە هەوڵ دەدەین کە ئەم یادگارییانەی تر ئێدیت و مۆنتاژ بکەین و لە ئامێزی گەلیان باوێژینەوە.

پێوستە ئەمە باس بکرێت کە ئەم گرتانە لە ساڵەکانی ١٩٨٣، لە ماڵی کاک عەزیز و لە کەش و هەوایەکی تا سەر ئێسقان دژە کوردی و دژە هونەری داسەپاو بەسەر کورد دا تۆمار کراون کە نەتەنیا هەبوونی کامێرا دەیتوانی بەستێنی دەیان تاوانی نەکردەی لەبار بکات، بەڵکوو گووتنەوەی گۆرانی و ژەنینی ساز و مۆسیقاش دەردەی سەر دەردان بوو.
لەگەڵ ڕێز و خۆشەویستیمان
مەڵبەندی هونەریی ماملێ

بابەتی پێوەندیدار