نووسینی: مامۆستا بێهروز کوردئەحمەدی
لە ئەدەبیاتی فارسییدا بە حەق گوتراوە:
مردە آنست کە نامش بە نکویی نبرند.
واتە مردوو ئەو کەسەیە ناوی بە چاکە نابردرێ.
لە کامە ماڵی کوردەواریی دا کە تەنیا لاچاوێکیان لە هونەر بێ و گوێ بۆ مۆسیقا ڕابگرن، ئەگەر دەنگی ماملێ یان بیست بە شێوەی جۆر بە جۆر باسی ناکەن و ڕەحمەتی خۆشەویستیی بۆ نانێرن و تەنانەت کەس و کاریشی بەر ئەو ڕەحمەتە ناخەن؟
هەر پیرێکی ئەم کوردستانە وەنەوزی بە بیر و بیرەورەییەکی تافی لاوەتیی و جێژوانی دڵداریی خۆی دابێ، بێ شک سرتە و لرفەیەکی دەنگی ماملێ ی هاتۆتەوە بیر.
هەر گەنجێکی ئەم نیشتمانە بە کیژ و کوڕەوە کە خۆی بۆ جێژوان ساز دەکا، لە هەر هەنگاوێکدا زەمزەمەی ئاهەنگێکی ماملێ یە لە سەر زاریەتی بۆ ئەوەی کە گەیشتە جێ، ئەو زەمزەمەیە وەک دیارییەک پێشکەش بە یار بکا.
راستە، ماملێ بە بیچم و لە قاڵبی فیزیکیی دا تازە بەر دەستمان ناکەوێ کە بە بزە جوان و دڵ هەژێنەکەی و سیما مێهرەبانەکەی، هەڵداتە سەر چڕینی قەتارە و لەرزانە و باسی بێری یان بکا.
بەڵام کە دەنگی لە سەدان هەزار ماڵی کوردەواریی دا و لە سەدان رادیۆ و تلڤیزیۆن و سایتی کوردیی دا بڵاو دەکرێتەوە، هەمان نەشە و گەشە بە دڵ و گیان دەدا کە لە مەجلێسی خۆیدا بڵاوی دەکردەوە.
راستە، ماملێ دەڵێن کۆچی دوایی کردوە. بەڵام ئێستاش و هەتا هەتایە هەر شیخ و مەلا و دیندار و بێ دینی کوردێک کە تۆزێک بە هزری هەست و ئێحساسی ئینسانیی تەیار کرابێ، دێتە زیارەتی جەزەبەی دەنگی و لە نهێنیی ترین قوژبنەکانی گیانی جوانیی پەرستانەی دا چێژ و تامی دەنگی بە زەنگی ماملێ وەک بانگی بولبولی بەیانان دەچێتە هەناوی و گیان و ڕۆحی دەگەشێنێتەوە.
راستە، ماملێ ماوەیەکە سەفەری کردوە و تازە لە کۆڕی ئاشقان و بەزمی یاران و کۆی دۆستاندا بەدیی ناکرێ، بەڵام بە دڵنیایی ئەو هەموو تاسە و هەناسەیە کە لە دووی دەنگی سێحراویی ئەو، بە شەو و ڕۆژ و مانگ و ساڵ لە گەرما و لە سەرما، لە شار و لە شاخ، لە لایەن پیر و لاوەوە بەیان دەکرێ، وا دەکا کە ماملێ بگەڕێتەوە و دیسان بەزمی هەناوی مۆسیقا بڕازێنێتەوە. ئەویش ئەو دەم دەبێ کە خەڵک لە دەنگ و مۆسیقای ناڕەسەنی دەسکرد و بێ فەڕ ماندوو دەبن و بەرەو کانیی زوڵاڵی دەنگانی وەک ماملێ دەگەڕێنەوە و هەناوی گیانیان تژیی لە تام و مەزەی چریکە ساف و لە بارەکەی دەکەنەوە.
ڕاستە، ماملێ ئیتر نییە کە وریای کوڕی هەموو ڕۆژێک بچێتە دەس ماچکردنی و ریشی بۆ بتاشێ و ماچی گەرمی باوکانەی ئەو لە سەر گۆنای گڕگرتووی خۆی هەست پێ بکا. بەڵام یادکردنی بە خێری ماملێ لە لایەن ئەم هەموو خەڵکەوە، هەر هەموو رۆژ و هەفتە و مانگ و ساڵێک، بێ وادە و بە وادە، بە بۆنە و بێ بۆنە، بە هەر بیانوویەک و لە سەر هەر ئاواتێک، بۆ خۆی وەکوو ئەوەیە کە هەموو ڕۆژێک ماملێ لە ئاوی خۆشەویستیی خەڵکدا بشۆی، عەتری لێ دەی، ردێنی بۆ بتاشی، جلەکانی لە بەر کەی، عەینەکەکەی بڕازێنیتەوە، پێڵاوی بۆ جووت کەی و پاشان لە تەبەق و کەشەفی زێڕ و زیو دا لە سەر سەری ڕاگری و بە کووچە و کۆڵانی شاردا بی بەی هەڵوا هەڵوای پێ بکەی و لە ژێر چەپڵەڕێزانی خەڵکدا بیهێنیتەوە، ئەو جا لێت حاڵی دەبێ و تێدەگەی کە ماملێ نەمردوە…نا، نەمردوە. ماملێ بۆ مردن نابێ. مردنی لێ جوان نیە. ئەو جوان بوو. بزە و پێکەنینی جوان بوو ئاکار و کردەوەی جوان بوو. گفت و لفتی زەریف و لە بەردڵان بوو.
ئەو نەهاتبوو کە بچێ. ئەو نەچوە. ئەو ماوە. هەر دەشمێنێ. ئێمە دەڕۆین،ئەو دەمێنێ. ئەو بە دەستی خۆی نیە، مۆر و مێهری خزری پێیە. لە ئاوی زیندەگانیی خواردۆتەوە و هەڵبژێردراوە کە جار بە جار بزەیەک و گەرمییەک و لاواندنەوەیەک و هومێدێک بخاتە دڵی ڕیشی ئەم ڕۆژگارە پڕ لە ئافەت و وەیشوومەیە…
لە ساڵڕۆژی سەفەری ئەو کۆترە تەقڵەبازەدا ئەشێ بێژین ئەو یاری سەفەر کەردە کە ڕۆیی، یادی بە خێر…
ماملێ کۆتری سەخت و بە وەفای گەل و نیشتمانی کوردە و ڕۆژێک هەر دەگەڕێتەوە. رەنگە لە بیچمی ماسیگرێک دا کە دەنگی پەریی دەریاییەکانی داوە دەورەی بدەن و بە دەم زەمزەمەی قەتارەی ئەو، پۆل پۆل ماسییەکانی کە لە عەزرەت دەنگ و نەوای ماملێ کەوتوونەتە وشکایی، بخەنەوە ناو دەریا و ڕزگاریان بکەن…..
بێهرووز کوردەحمەدی
٢٢ی ١ی ٢٠١٧