نووسینی:
ئەدیب و شاعیر، هونەرمەند و پێشکەشکار
بێهرووز کوردئەحمەدی
رۆژی یه‌كشه‌ممه ٢١ی مانگی مای ٢٠١٧، فێستیڤاڵێكی كولتووریی هونه‌ریی له خانووی ئا بێ ئێف له ستۆكهۆڵمی پێته‌ختی وڵاتی سوێد به ڕێوه چوو.
زیاتر له ٢٥٠ كه‌س، به زۆریی كورد و ژماره‌یه‌ك سوێدیی به‌شداری فێستیڤاڵه‌كه بوون كه له كاتژمێری ١٠ی به‌یانی هه‌تا ٦ی ئێواره درێژه‌ی هه‌بوو.
ئه‌م فێستیڤاڵه كه له لایه‌ن (مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ) وه ڕێك خرا، بوو به كۆڕێكی هونه‌ریی پڕ له ده‌نگ و ڕه‌نگ و، بزه و شادیی خسته سه‌ر لێو و دڵی به‌شداران.
كاكڵه و مه‌به‌ستی پێكهێنانی فێستیڤاڵ، ڕێز گرتن له هونه‌رمه‌ندی گه‌وره و خاوه‌ن كه‌سایه‌تیی، مامۆستا مه‌زهه‌ری خالقی بوو كه له سه‌ر بڕیاری ( مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ )، خه‌ڵاتی ٢٠١٧ی ئه‌م مه‌ڵبه‌نده له‌و ڕێ و ڕه‌سمه سه‌رنج ڕاكێش و پڕ له خۆشه‌ویستییه‌دا پێشكه‌شی مامۆستا مه‌زهه‌ر كرا.
له ساڵی ٢٠٠٩دا كه (مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ) به ده‌ست پێشخه‌ریی كوڕه‌كانی موحه‌مه‌د ماملێ، كاك خانه و كاك وریا له وڵاتی نۆرڤێژ دامه‌زرا، ئه‌م مه‌ڵبه‌نده بۆ وه‌دیهێنانی ئاواته‌كانی ماملێ تێكۆشاوه كه هه‌ره‌گرینگیان پێكهاتنی بنكه‌یه‌كی ڕێزگر‌تن له هونه‌رمه‌ندانی بواری موزیكی كوردی و هه‌روه‌ها یارمه‌تیی دان و ڕێخۆشكردن بۆ گه‌شه‌كردنی هونه‌رمه‌ندانی گه‌نج و تازه‌كاری خاوه‌ن هه‌ست و به‌هره بوه، به ئه‌ركی ڕێكخستنی كۆڕ و ئاهه‌نگی ڕێزگر‌تن هه‌ستێ و به ده‌رفه‌ت و ئیمكانی هه‌رچه‌ند كه‌م و سنووردار، باشترین و گونجاوترین شێوه بۆ ڕێزلێنان له هونه‌رمه‌ندی كورد پێك بێنێ.
ئه‌م میراته به نرخه و ئه‌م هه‌نگاوه گرینگ و به كاوه هه‌ر له ٢٠١٠ به‌م لاوه به كۆشش و ئه‌ركی هه‌ر دوو برای به‌ڕێز و به دڵسۆزیی ژماره‌یه‌ك خه‌ڵكی تریش هاتوه‌ته ئه‌نجام و تا ٢٠١٦، شه‌ش هونه‌رمه‌ندی بواری گۆرانیی و تیپێكی مۆسیقای خاوه‌ن به‌رهه‌می به پێز و پیت، خه‌ڵاتی (مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ) یان پێشكه‌ش كراوه.
پێم خۆشه لێره ئاماژه‌ی پێ بكه‌م كه جێی خۆی ده‌بوو ئه‌گه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پشتی ئه‌م بنكه به نرخه‌ی گرتبایه و له هه‌موو بوارێكدا یارمه‌تیی كردبایه. مه‌ڵبه‌ند زۆربه‌ی كار و باری خۆی له باشووری كوردستان راده‌په‌ڕێنێ و بوونی بنكه‌یه‌كی وا كه مه‌به‌ستی سه‌ره‌كیی ته‌نیا و ته‌نیا گه‌شه‌پێدانی هونه‌ری موزیكی كوردییه، كه ئێلهام و خرۆشی دڵسۆزانه‌ی له ده‌نگ و هه‌ستی نه‌بڕاوه و نه‌كوژاوه‌ی ماملێ سه‌رچاوه ده‌گرێ، ده‌بێ و ده‌شێ جێگای ڕێز و مایه‌ی شانازیی بێ بۆ حكوومه‌تی كوردستان. ده‌شێ كه ده‌سه‌ڵاتی كوردستان، بنكه‌یه‌كی وا به هی خۆی بزانێ و بۆ هه‌رچی ته‌یار كردن و گه‌شه‌پێدانی، مشووری تایبه‌تیی ده كار بكا. هیوای ئه‌وه ده‌خوازم…
بگه‌ڕێینه‌وه سه‌ر فێستیڤاڵی ستۆكهۆڵم.
هه‌ر له چه‌ند مانگ له‌مه‌وبه‌ره‌وه گرووپێكی دڵسۆز و شاره‌زا، به دڵ و گیان و به تاسه و خۆشه‌ویستییه‌وه چوونه به‌ره‌وپیری ئه‌و مه‌به‌سته و شانیان دا به‌ر ئه‌و ئه‌ركه.
هه‌ر دووك كوڕه‌كانی ماملێ، خانه و وریا، شیرین عه‌لی، پۆڵا نانه‌وازاده، دیاری غه‌فووری، ئالان فتووحی و منیش بێهروز كورده‌حمه‌دی ئه‌ندامانی كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری فێستیڤاڵ بووین كه به ڕێك و پێكیی و به‌رده‌وام، كۆبوونه‌وه‌ی ته‌له‌فوونی هه‌فتانه له سێ وڵاتی فه‌ڕانسه، نۆرڤێژ و سوێده‌وه و دانیشتنی رووبه‌روومان بوه و گشت بوار و گۆشه و كه‌ناره‌كانی ئه‌و فێستیڤاڵه‌مان تاو توێ كردوه و له‌و ڕێگایه‌دا یارمه‌تیشمان له چه‌ند دڵسۆز و هاوڕێی هه‌م ژن و هه‌م پیاو وه‌رگرتوه، كه بۆ ئه‌ركی پراكتیكیی فێستیڤاڵێكی وا پێویسته.
ده‌ور و نه‌خشی هه‌ر كامه له‌و هاوڕێیانه جێی سه‌رنج و ئافه‌ریمه. هه‌ر یه‌كه‌یان به شێوه‌ی خۆی و به زانایی و هه‌ست به به‌رپرساییه‌تییه‌كی سه‌یر، بیریان كردۆته‌وه و كاریان ڕاپه‌ڕاندوه.
كۆبوونه‌وه‌كانمان تژیی بوون له قسه‌ی خۆش و شێعر و قاقا و گیان و بزه‌ی خۆشه‌ویستیی و ره‌خنه و بیر و ڕا، گۆڕین و چاكسازیی، په‌ژیوان بوونه‌وه و بادانه‌وه و هاتنه‌وه و ده‌یان نوكته‌ی خۆش و جاری واش كه‌متر خۆش….به‌ڵام ته‌نیا شتێك كه هه‌ر له بیرماندا ده‌گه‌ڕا و ون نه‌ده‌بوو، ناو و هیوای ماملێ و ناز و ڕێزی خالقی بوو. هه‌ر چیمان گوت و كردمان و هێنامان و بردمان، هه‌مووی سه‌رچاوه‌ی له ناو و یادی ماملێ و له دلۆڤانیی به‌رامبه‌ر به خالقی وه‌رده‌گرت.
خانه له پاریسه‌وه ده‌یگوت هه‌ر چی ده‌كه‌ن و بڕیار ده‌ده‌ن من له گه‌ڵتانم به‌و مه‌رجه ببێته هۆی ره‌زای مامۆستا خالقی.
پۆڵا به پشتكار و زۆر دڵسۆزانه كه بزه‌ی سه‌ر زاریشی وه‌ك نه‌خشێكی هه‌میشه‌یی ده‌دره‌وشایه‌وه، بیر و ڕای ده‌ر ده‌خست و هاتو چووی ده‌كرد و كار و باری راده‌په‌ڕاندن.
ئالان به ئاموژگاریی و پێشنیاری گونجا و له‌بار، كار ئاسانیی بۆ ده‌كردین و گرێپووچكه‌ی گا گه‌وره و ڕێگری له سه‌ر ڕێگامان لاده‌دا.
شیرین نه‌ك هه‌ر چركه‌یه‌ك هه‌دای نه‌ده‌دا، به‌ڵكوو جاری واش ئاگری له هه‌نگاوی تا راده‌یه‌ك ماندووی پیاوانه‌ی ئێمه به‌رده‌دا و وه‌خۆی ده‌خستین.
ئه‌و به ئه‌زموونه به نرخه‌كانی كاركردنی له گه‌ڵ مامۆستا مه‌زهه‌ر، بووبوو به كۆڵه‌كه‌یه‌كی سه‌قامگیركرانی كاره‌كانمان.
دیاری به له‌سه‌ره‌خۆیی و به مه‌سئوولییه‌ته‌وه هه‌رچیمان داوا ده‌كرد وه‌كوو جادوو له ده‌ستی ڕاده‌دان و ده‌یخسته كۆشمانه‌وه.
له ته‌واوی ئه‌و كۆبوونه‌وه و مشت و مڕ و هات و چۆ و هه‌ڵسوكه‌وته‌دا شتێك كه بۆ من فره سه‌رنج ڕاكێش بوو، حه‌جمینی وریای ماملێ بوو كه به كرده‌وه ببوو به به‌رپه‌ڵی هه‌موومان. حه‌جمین مان لێ ده‌بڕی به‌ڵام شلوێ نه‌ده‌بوو. داوای فڵان و فیسارمان لێده‌كرد، ده‌یكرد و ده‌نگی نه‌ده‌كرد. جاری وابوو هه‌ستم پێده‌كرد كه پێی وایه و ده‌بێ و ده‌شێ وه‌كوو كوڕی ماملێ زۆر له‌وه زیاتر و پتر له باشتر هه‌ستێ و دانیشێ، دڵ ڕاگر بێ و پشووی له سه‌ر خۆی بێ و له هه‌مان كاتیش‌دا له دوو دنیای جیاوازدا خۆی ببینێته‌وه و شتێك نه‌ڵێ و كارێك نه‌كا كه نه‌كا هه‌م ئێمه‌ی هاوكاری و هه‌میش خه‌ڵكی دیكه دڵیان لێ بێشێ. كه دیاره نه‌یكرد و نه‌یگوت و بارستایی و هه‌ڵكردنی بێ سنوور بوو.
منیش له لاوه هه‌م دنه‌م ده‌دا زیاتری له سه‌ر بڕوا، هه‌میش جار به جار له بیرم نه‌ده‌چوو كه په‌سنی بێژم و هانی بده‌م پتر بكا و زۆرتر بفڕێ. دیاره وریا وه‌ك دۆم كڵاشی بۆ خۆی كردوه و له كوڕی ماملێش هه‌ر ئه‌وه چاوه‌ڕوان ده‌كرێ.
نازانم چۆن باسی ئه‌م خۆشه‌ویستانه ی هاوكاری رۆژانی هاریكاریی بكه‌م كه دڵم ئاو بخواته‌وه و ئارامیم بگاتێ. ته‌نیا ده‌توانم ئه‌وه بڵێم كه به بوون و هه‌بوونیان شانازیی ده‌كه‌م و له‌و ماوه‌یه‌دا زۆر شتیان لێ فێر بووم. هه‌موویان به پانه‌وه كاریان كرد و نیشانیان دا كه لایه‌نگر و گیرۆده‌ی هونه‌رن و هه‌رگیز نیشانه‌ی به‌یایی و مانوویه‌تییم پێیانه‌وه نه‌دیت. باشترین ئاواته‌كانی خۆشیی و سه‌ركه‌وتنیان بۆ ده‌خوازم….
ڕێكلام بۆ فێستیڤاڵ له زۆر جێگا و بواره‌وه كرا و له ڕێگای فه‌یسبووك و مه‌یل و مه‌ساژ و ته‌له‌فون و هه‌روه‌ها چه‌ند رادیۆ و تێلڤیزیۆنه‌وه بڵاو كرایه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه نه‌بوو كه ده‌بوو كرابایه. راده‌ی رێكلام و ئاگادارییمان كه‌مو كووڕی تێدا بوه.
سێ رۆژ پێش فێستیڤاڵی رێز گرتن له خالقی، له لایه‌ن (تێلڤیزیۆنی ئازادی) یه‌وه له پرۆگرامی( رۆنیا ) به‌رنامه‌یه‌ك ڕێك خرا كه له‌ودا خاتوو شیرین و من به‌شدار بووین و به ماوه‌ی كاتژمێرێك باسی فێستیڤاڵ و ( مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ ) و ( ئه‌نستیتووتی كه‌له‌پووری كورد ) مان كرد. به‌ڕێوه‌به‌ری پڕۆگرامی ڕۆنیا برای خۆشه‌ویستی هونه‌رمه‌ندم كاك نه‌جمه‌ی غوڵامی بوو كه لێره‌شدا پڕ به دڵ سپاسی هه‌م ئه‌و و هه‌میش تێلڤیزیۆنی ئازادی و كاربه‌ده‌ستانی ڕۆنیا ده‌كه‌ین.
رۆژی فێستیڤاڵ، هه‌وڵدان و ڕاكردن و ئاره‌قه ڕشتنی شیرین دیمه‌نێكی هانده‌ری هه‌بوو. ده‌بوو ده‌سپێكی فێستیڤاڵ كه پیشانگا و دانان و ڕانانی به‌رهه‌مه به نرخه‌كانی ( ئه‌نستیتووتی كه‌له‌پووری كورد ) به وێنه و تابلۆ و فیلم و ده‌یان شتی تر بوو، بگاته ئه‌و په‌ڕی وشه‌ی ڕێك‌و پێكیی. كه دیاره هه‌ر واشی لێهات و به یارمه‌تیی هاوڕێیان، پیشانگا كه‌وته به‌ر چاو و به ڕازاوه‌یی بوو به یه‌كه‌م نه‌زه‌رگه‌ی میوانان كه به‌ره به‌ره ده‌گه‌یشتنه جێ.
سێمیناری فێستیڤاڵه‌كه‌مان كه به به‌شداریی مامۆستا مه‌زهه‌ر و هه‌روه‌ها مامۆستا هاشم ئه‌حمه‌دزاده ده‌ستی پێكرد، له لایه‌ن گه‌نجی هونه‌رمه‌نده‌وه پێدرام شه‌هلایی پێشكه‌ش كرا كه به خوێندنه‌وه‌ی كورته ژینامه‌ی هه‌ر دوو به‌ڕێزیان كه‌وته گه‌ڕ.
دوكتۆر ئه‌حمه‌دزاده به لێكدانه‌وه‌یه‌كی زانستییانه له سه‌ر شوێن و كارتێكه‌ریی مۆسیقای كوردی له مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورددا به زمانێكی ره‌وان و له بار و به ناوه‌رۆك، كاكڵه‌ی مه‌به‌ستی به ده‌سته‌وه دا.
پاشان مامۆستا مه‌زهه‌ر، ئه‌و هونه‌رمه‌نده زانا و خوێنده‌واره و ئه‌و ده‌نگه ئه‌فسووناوییه، به وتاری له‌باری خۆی نیشانی دا كه خالقی بۆچی دڵ و هه‌ستی خه‌ڵكی به تاڵان بردوه.
فیلمی (مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ) وه‌ك مێژوویه‌كی هونه‌ریی له ماوه‌ی چه‌ند خوله‌كدا ده‌ریایه‌ك هه‌ست و ئاسمانێك مه‌به‌ستی به ده‌سته‌وه دا.
هه‌روه‌ها فیلمی سه‌باره‌ت به مێژوو و ده‌سكه‌وته به بایه‌خه‌كانی ( ئه‌نستیتووتی كه‌له‌پووری كورد )یش كه هه‌م دامه‌زرێنه‌ر و هه‌م ڕابه‌ری مامۆستا مه‌زهه‌ری خالقی یه، به ته‌واوه‌تیی نیشانی دا كه خولیا و بیر و ئاواته‌كانی له مێژینه‌ی خالقی چۆن كۆ بوه‌ته‌وه و هه‌ر به ڕزگاربوونی به‌شێكی خاكی نیشتمانی كورد، ئه‌و ئاواتانه كه كۆكردنه‌وه و دامه‌زراندنی بنكه‌یه‌كی كولتووریی بۆ پاراستن و پێشخستنی كه‌له‌پووری نیشتمانییه، چۆن خۆی گرتوه و بوه‌ته سه‌رچاوه بۆ به‌كارهێنانی زانایان و لێكۆڵه‌رانی بواری كولتووری مووزیك و هونه‌ری كورده‌واریی.
هونه‌رنواندنی پێدرام شه‌هلایی به ڤیالۆن سه‌رنج ڕاكێش و چاوه‌ڕواننه‌كراو بوو.
هه‌ر وه‌ك هونه‌رنواندنی شاعێر و مووزیكزانی سوێدیی ئینگمار ئولسۆن به گیتار و گۆرانیی كه بوو به هۆی حه‌سانه‌وه‌ی دڵ و زاخاوی مێشك.
پرسیاری به جێ و جاری واش به ره‌خنه له لایه‌ن میوانانه‌وه ئاراسته كران كه مامۆستایان خالقی و ئه‌حمه‌دزاده وه‌ڵامیان دانه‌وه.
هه‌روه‌ها فیلمی تایبه‌تیی مووزیك و كولتووری ئیزه‌دییه‌كان بڵاو كرایه‌وه كه یه‌كێك له كاره هه‌ره به‌نرخه‌كانی ( ئه‌نستیتووتی كه‌له‌پووری كورد) ه كه بۆ دروستكردنی، هێز و ئه‌رك و تێكۆشانێكی له راده‌به‌ده‌ر به كار هێنراوه.
یه‌كێك له خاڵه جێ سه‌رنجه‌كانی فێستیڤاڵ، به‌شدارییكردن و قسه‌كانی دوكتۆر سالار عوسمان جێگری وه‌زاره‌تی ڕۆشنبیریی حكوومه تی هه‌رێمی كوردستان بوو كه به باوه‌ڕی من به وته‌ی حه‌كیمانه و به ناوه‌رۆك، زۆر به ڕێ و جێ دوا و جێگه و پێگه‌ی ماملێ و خالقی له جیهانی مۆسیقای كوردیدا به جوانیی نواند. هیوادارم نموونه‌ی به‌ڕێزی له حكوومه‌تی هه‌رێم دا زۆر بێ.
باسی دیارییه به‌نرخه‌كانیشی هه‌م بۆ ( مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ ) و هه‌م بۆ مامۆستا مه‌زهه‌ر با له‌و لاوه بوه‌ستێ.
چه‌ند به‌ڕێزی دیكه‌ش، شاعێر و ئه‌دیب كاك ناسر حسامی، گۆرانیبێژی به هه‌ست كاك نه‌جمه‌ی غوڵامی و رۆژنامه‌وان هه‌ڤاڵ كوردۆ باكسی قسه‌ی به نرخیان كرد و ره‌خنه‌شیان گرت و كۆڕیان ده‌وڵه‌مه‌ند كرد.
وته‌كانی سه‌رۆكی ( مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ )، كاك خانه‌ی ماملێ خاڵێكی تری گه‌شاوه‌ی فێستیڤاڵی ڕێزلێنان له خالقی بوو.
خانه به لێكدانه‌وه‌ی جوان و به وشه و واژه‌ی مه‌تین و پڕناوه‌رۆك، په‌یامی خۆشه‌ویستیی ماملێ و خالقی كرده یه‌ك و هه‌وای له باری ئه‌و ئاهه‌نگه‌ی ره‌وانتر كرد. كاك خانه هه‌روه‌ها وه‌ڵامی چه‌ند ره‌خنه‌ی ئاراسته‌كراویشی دایه‌وه.
هه‌ر چه‌ند كه ( مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ ) جارێ هه‌ر هه‌موو ئه‌رك و كاره‌كانی له چوارچێوه‌ی بنه‌ماڵه‌ی ماملێ ده‌رنه‌چوه، به‌ڵام به حه‌ق وه‌ك ڕێكخراوێكی ڕێك‌و پێك و هه‌ڵسووڕ و سه‌ربه‌خۆ و بێلایه‌ن هاتۆته به‌ر چاو و خانه‌ی ماملێ به ڕێ و جێ به‌رپرسایه‌تیی وه‌ستۆ گرتوه و به كرده‌وه‌ش ده‌زانم كه به‌شێكی یه‌كجار زۆری كار و ئه‌ركی مه‌ڵبه‌ند له سه‌ر شانی پان و دڵی گه‌وره و گیرفانی كه‌ریم و هه‌ستی هه‌راوی وریا ده‌گه‌ڕێ.
بۆ ڕێكخستنی كاره‌كانی هه‌ر بنكه‌یه‌ك، یه‌كێك له بنه‌ماكانی مانه‌وه و به‌رده‌وام بوونی، پشتیوانیی ئابوورییه كه ده‌بێ بڵێم به داخه‌وه له پێوه‌ندیی له گه‌ڵ ( مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ )، ئه‌و ئه‌ركه گرانه، گرانایی خۆی خستوه‌ته سه‌ر گیرفانی ئه‌و دوو برا له باره و به تایبه‌تیی برای گه‌نجتریان چالاك ماملێ.
ئه‌وان نه‌یانویستوه و نایانه‌وێ سه‌ربه‌خۆیی مه‌ڵبه‌ند و ناوی ناوداری ماملێ بخرێته ژێر پرسیاره‌وه. یارمه‌تیی ئابووریی كه‌س قبووڵ ناكه‌ن و ئه‌وه‌ی من بیزانم هێشتا حكوومه‌تی كوردستان ئاوڕی خێری له مه‌ڵبه‌ند نه‌داوه‌ته‌وه.
ده‌زانین كه به ئیشاره‌یه‌ك، ده‌یان هه‌زار له لایه‌نگرانی ده‌نگی ماملێ ئاماده‌ن هه‌رچی پێویست بێ یارمه‌تیی بكه‌ن، به‌ڵام وه‌ڵامی خانه و وریا هه‌ر ئه‌وه بوه كه پێشتر گوتوویانه.
له گه‌رمه‌ی ئاماده‌كردنی فێستیڤاڵدا بۆ نموونه نوێنه‌رایه‌تیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له وڵاتی سوێد به ره‌سمیی داوای كرد كه ڕێگا بدرێ دراوی به كرێگرتنی هۆڵی ئا بێ ئێف كه پاره‌یه‌كی كه‌میش نه‌بوو، وه‌ك یارمه‌تییه‌ك له لایه‌ن ئه‌وانه‌وه بدرێ، كه ئه‌ویش له لایه‌ن كاك خانه‌وه وێڕای سپاس قبووڵ نه‌كرا.
له بیرم نه‌چێ كه نوێنه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێم له سوێد له فێستیڤاڵ دا به‌شدار بوو و باقه گوڵێكی جوان و ره‌نگینیشی پێشكه‌ش كرد.
گه‌لۆ….به‌شی سێهه‌م و كۆتایی فێستیڤاڵ، ڕێ و ڕه‌سمی پێشكه‌ش كردنی خه‌ڵاتی ( مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ ) به مامۆستا مه‌زهه‌ر بوو.
خه‌ڵاته‌كه به سێ پارچه دابه‌ش كرابوو. یه‌كه‌میان مه‌داڵیای تایبه‌تیی بوو كه له لایه‌ن سه‌رۆكی مه‌ڵبه‌ند كاك خانه‌ی ماملێ و له نێو چه‌پڵه‌ڕێزانی به‌شداراندا پێشكه‌شی مامۆستا مه‌زهه‌ر كرا.
پارچه‌ی دووهه‌م چه‌پكه گوڵێكی به دانسته بوو كه به ده‌ستی شاعێر و هونه‌رمه‌ندی سوێدیی ئینگمار ئولسۆن پێشكه‌شی خالقی كرا.
سێهه‌م و دوا پارچه‌ی خه‌ڵاتی ماملێ، لەوحەی ڕێزلێنانی ئەو ناوەندە بوو کە لە لایه‌ن به‌ڕێز دوكتۆر عومه‌ر شێخ مووس، سیاسه‌تزان و مامۆستای زانكۆی ستۆكهۆڵمه‌وه پێشكه‌ش به مامۆستا مه‌زهه‌ر كرا.
سه‌رنج ڕاكێش بوو كه به پێی نه‌ریتی مه‌ڵبه‌ند، بێجگه له كاك خانه، ئه‌وانه‌ی كه به‌شه‌كانی تری خه‌ڵاتیان پێشكه‌ش كرد نه‌یانده‌زانی كه ئه‌ركێكی وایان له به‌رده‌مدایه. ته‌نانه‌ت دوكتۆر شێخ مووس به سرته پێی گوتم بۆچی پێشتر ئاماژه‌یه‌كم پێ نه‌داوه!
پشتی پێشكه‌شكرانی خه‌ڵاتی ٢٠١٧ی ( مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ )، مامۆستا مه‌زهه‌ری خالقی له وته‌یه‌كی كورت به‌ڵام پوخت دا بۆ نموونه فه‌رمووی به ده‌ستی به‌تاڵ هاتم و به ده‌ستی پڕ ده‌گه‌ڕێمه‌وه.
به شانازییه‌وه باسی خه‌ڵاته‌كه‌ی كرد و به دلۆڤانییه‌وه یادی ماملێ ی كرده‌وه و له گه‌ڵ سپاس له ( مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ )، شادمانیی خۆی له بوون له فێستیڤاڵی ستۆكهۆڵم دا ده‌ربڕی و هیوای سه‌ركه‌وتنی بۆ مه‌ڵبه‌ند خواست. كاك مه‌زهه‌ر هه‌روه‌ها تابلۆیه‌كی جوان و سه‌مبولیكی پێشكه‌ش به مه‌ڵبه‌ند كرد.
دیاره له‌وێ ده‌بوو وه‌بیری مامۆستا مه‌زهه‌ر بێنینه‌وه كه ئه‌و هه‌رگیز ده‌ستی به‌تاڵ نه‌بوه و ئه‌گه‌ر مووزیكی كوردیی له فه‌وتان پارێزراوه و له زۆر بواره‌وه و به تایبه‌تیی له بواری پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردندا سه‌ركه‌وتوویه، به‌شێكی به‌رچاوی ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌یان ساڵ ستران چڕین و خوێندنی خالقی و خولقاندن و ئافراندنی ده‌یان شاكاری بێ وێنه و هه‌تا هه‌تایی كه هه‌م شێعر و هه‌م ئاهه‌نگ و هه‌میش ده‌نگه سێحراوییه‌كه‌ی ئه‌و بوون به خه‌و و خه‌یاڵ و له دڵ و گیاندا ده‌گه‌ڕێن.
ڕێك كه‌وتن و به‌ڕێوه چوونی فێستیڤاڵی رۆژی ٢١ی مای ٢٠١٧ بێ كه‌م و كووڕیی نه‌بوو و ئه‌و ڕه‌خنه و بیر و ڕا و پێشنیارانه كه دواتر له ماوه‌ی ئه‌م دوو سێ هه‌فته‌یه‌دا بۆ كۆمیته‌ی ئاماده‌كار هاتوون، ده‌بنه مه‌شغه‌ڵ و ڕێ پیشانده‌ری كار و باری داهاتوو.
له به‌ره به‌ری فێستیڤاڵدا، ده‌ركه‌وتنی دووبەرهەمی کۆن و ناوازە بوو لە مامۆستایان ماملێ (پاشی ۲٥ ساڵ) و مامۆستا هێمن (پاشی ٤۱ساڵ) بە شێوەی سێدێ کە ئامادە کرابوو تا لەو ڕۆژە دا بڵاو بکرێتەوە. تێچووی دروستكردن و ژیاندنه‌وه‌ی ئه‌و به‌رهه‌مه له لایه‌ن مەڵبەندی هونەریی ماملێ وه دابین كرابوو. شتێكی كه ئێستاش جێگای داخه ئه‌وه بوو كه له گه‌رمه و زرمه‌ی ڕاپه‌ڕاندنی فێستیڤاڵ دا، له بیرمان چوو باسی بكه‌ین و ڕێزی ئه‌و كه‌سانه بگرین كه كاره‌كه‌یان گه‌یاندبوه ئه‌نجام، كه یه‌كێكیان كاك فاروق فه‌رهاد، کاک کەریم تەلایی، کا کەریم حەداد و خەجیج خانمی هاوسەری کاک کەریم حەداد بوو. كاری ناوبراوان جێگای ڕێز و مایه‌ی قه‌درزانینه.
دیاره ڕێكلام بۆ ئه‌و سی دی یه نازداره هه‌ر له ڕێگای فه‌یسبووكه‌وه سه‌دان هه‌زار كه‌سی گرتۆته‌وه.
به‌ڵام داخ و ره‌خنه‌یه‌كی گرینگتر كه هه‌م من و هه‌میش كۆمیته‌ی ئاماده‌كاری فێستیڤاڵ ده‌گرێته‌وه ئه‌وه‌یه كه به درێژا‌یی كاتژمێره‌كانی ئه‌و ڕۆژه، تاقه جارێكیش ده‌نگی به زه‌نگ و سۆزی ماملێ و خالقی بڵاو نه‌كرایه‌وه. ئه‌وه هه‌ر چه‌ند هۆی خۆی هه‌بوو به‌ڵام ئێستا ئیتر پێویست به باسكردن ناكا. شتێك بوو له ده‌ست ده‌رچوو كه هیوادارم هه‌رگیز دووپات نه‌بێته‌وه.
له‌وێ گوتمان و لێره‌ش دووباره‌ی ده‌كه‌مه‌وه كه له لاوه گه‌لێ كه‌س یارمه‌تییان كرد بۆ ئه‌وه‌ی فێستیڤاڵ به سه‌ركه‌وتنه‌وه پێشكه‌ش بكرێ، كه دیاره هه‌ر واشی لێهات.
به‌شی تێكنیكی ده‌نگ و ره‌نگ سه‌ره‌ڕای چه‌ند كێشه‌یه‌كی نه‌خوازراو به سه‌رپه‌رستیی كاك ئازاد بانه‌یی ده‌وری تایبه‌ت و گرینگی خۆی گێڕا. هه‌ر وه‌ها هاوكارانی كاك ئازاد، خاتوو له‌یلا موحه‌مه‌دی و كاك جه‌ماڵ فه‌تحیان به كاری ڕێك‌و پێكی فیلم هه‌ڵگرتن، شوێنێكی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولایان له تۆمار كردنی سات به ساتی رووداوه‌كانی فێستیڤال دانا و یادگارێكی به نرخیان به دیاریی پێداین.
چه‌ند رادیۆ و تێلڤیزیۆن هاتن و وت‌و وێژیان له گه‌ڵ مامۆستا مه‌زهه‌ر و كاك خانه ، هه‌ر وه‌ها له گه‌ڵ چه‌ند كه‌س له میوانان كرد.
رۆژنامه‌وان كاك ئاسۆ موكریانی ئه‌ركی راپۆرت نووسین له سه‌ر چۆنییه‌تی كاری فێستیڤاڵی به ئه‌ستۆ گرت.
كاك خولە ڕەحیم وه‌كوو پێخۆش‌بوون ژماره‌یه‌كی به‌رچاو شه‌ربه‌تی پێشكه‌ش به میوانانی فێستیڤاڵ كرد.
ڕازاندنه‌وه‌ی شانۆ و جوانکردنی بە گوڵ، هه‌ر وه‌ها پێشكه‌شكردنی چه‌پكه گوڵ به میوانانی بانگ كرا‌و بۆ سه‌ر شانۆ، خاتوونه‌كان وه‌فا و سه‌فای ماملێ گرتبوویانە سەر ئەستۆی خۆیان و بەم چەشنە سۆزی میوانداریی و خانه‌خۆیی یان به جێ گه‌یاند.
نابێ له بیرم چێ بینووسم كه هه‌ر زوو بڕیارمان دابوو بۆ به‌ڕێوه‌بردنی پرۆگرامی فێستیڤاڵ هه‌م ژن و هه‌م پیاوێك ئه‌و ئه‌ركه بگێڕن. كۆشش و گه‌ڕان و هه‌وڵدانمان بۆ په‌یداكردنی خانمێكی شایانی ئه‌و كاره دادی نه‌دا و سه‌ری نه‌گرت. ناچار سێ چوار رۆژ پێش كاتی فێستیڤاڵ، داوام له كیژی نازدارم ته‌وار گیان كرد كه له‌و باره‌وه یارمه‌تییمان بدا. به شانازیی و باوه‌شی ئاواڵه‌وه به‌ڵێنیی دا و شان به شانی من، به زمانی سوێدیی ده‌قی خاڵه‌كانی به‌رنامه‌ی پێشكه‌ش كرد و بارێكی قورسی له سه‌ر شانمان لا برد.
سپاسێكی زۆر و زه‌به‌ند بۆ ئه‌و ره‌خنه و پێشنیارانه كه دوایه ئاراسته‌مان كرا، كه بێ شك ده‌بنه مه‌شخه‌ڵی رێگای چاكسازیی له كاره‌كانی داهاتوودا.
سپاسێكی بێ سنووریش بۆ ئه‌و گشته ده‌ستخۆشیی و ئافه‌ریم و قه‌درزانینانه كه له لایه‌ن سه‌دان كه‌سه‌وه هه‌تا ئێستاش به وتن و مه‌یل و ته‌له‌فون و له ڕێگای فه‌یسبووكه‌وه بۆ كۆمیته‌ی به‌ڕێوه به‌ر و (مه‌ڵبه‌ندی هونه‌ریی ماملێ) هاتووه.
خۆم زۆر به به‌خته‌وه‌ر زانی كاتێك سه‌رۆكی مه‌ڵبه‌ند، هاوڕێ و برای خۆشه‌ویستم خانه‌ی ماملێ له سه‌ر شانۆ په‌سنی كار و ئه‌ركی منی دا. هه‌ر وه‌ك له‌وێش باسم كرد، ئه‌ركی سه‌ر شانم بوو كه وه‌ك گیرۆده‌ی ده‌نگی خالقی و شه‌یدای سۆزی ماملێ، هه‌رچیم له ده‌ست هاتبێ بیكه‌م.
كاك خانه دوایه‌ش به نامه‌ی سه‌راسه‌ر مێهر و دلۆڤانیی سپاسی كردووم كه منیش به هه‌مان شێوه وه‌ڵامی كوڕی هێژای ماملێم داوه‌ته‌وه، كه دوایه‌ش ده‌قی هه‌ر دووك نامه‌كان لێره له سه‌ر سایتی ماملێ به یادگار داده‌نێم.
ده‌زانم كه مامۆستای مه‌زن و برای گه‌وره‌ی جاران و ئێستام كاك مه‌زهه‌ر، به شادیی و ڕه‌زایه‌ته‌وه گه‌ڕایه‌وه وڵات. مه‌به‌ستیش هه‌ر ئه‌وه بوو كه مامۆستا به ته‌واویی هه‌ست پێ بكا كه فێستیڤاڵی ستۆكهۆڵم ته‌نیا بۆ ڕێزلێنان له ئه‌و و هه‌نگاوه به‌نرخه‌كانی ژیانی هونه‌ریی و فه‌رهه‌نگیی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌و ڕێك خرا.
هاوكات ته‌واوی ساته‌كانی رۆژی فێستیڤاڵ له ده‌سپێكه‌وه هه‌تا ئه‌نجام هه‌ستم ده‌كرد كه گیانی پاكی ( ماملێ )ش له گۆشه گۆشه‌ی ئه‌و ئاهه‌نگه‌دا ده‌فڕێ و بزه تاقانه‌كه‌ی هه‌ر له سه‌ر لێوانه و به گوێماندا ده‌سرتێنێ كه….ئافه‌ره‌م…چاكوو ڕاپه‌ڕاند….ده‌ستوو خۆش….هه‌ستوو خۆش…….
جا چ پاداشێك له‌وه به‌نرختر هه‌یه كه ئێمه وه‌رمان نه‌گرتوه….؟!
به سپاسه‌وه…. بێهروز كورده‌حمه‌دی
سوێد ١٠ی یوونی ٢٠١٧