Skip to content

مێژووی گۆرانی “بازی بێرییان”

نووسین و لێکۆڵینەوەی: وریا ماملێ

هەر بەرهەمێکی هونەری، کۆمەڵێک قۆناغ دەبڕێ و کۆمەڵێک بەسەرهاتی بەسەر دێ تا دەگاتە ئەنجام. گۆرانی “بازی بێرییان” یەک لەو گۆرانییانەیە کە مێژوویەکی سەرنجڕاکێشی هەیە و شایانی ئەوەیە ئەو مێژوویە هەموومان بیزانین. ئەو گۆرانییە لە دوو جەمسەرەوە دەبێ باس بکرێ. یەکیان مێژووی مێلۆدی یا ئاوازەکەیە و، ئەوەی دیش مێژووی هۆنراوە یا تێکستەکەیە.

مێژووی مێلۆدی یا هەواکە:

لە پاش پەیماننامەی لۆزان لە ساڵی ١٩٢٣ کە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری تورکیە بوو بە سەرۆکایەتی مستەفا کەماڵ، سیاسەتی یەک میللەت و یەک ئاڵاو یەک زمان، بوو بە بەرنامەی پاکتاوکردنی فەرهەنگ و نەتەوە و زمانە جیاوازەکانی پێکهێنەری جوغڕافییای تورکییە، بە چەشنێک کە جگە لە زمانی تورکی,  هیچ زمانێک مافی ئەوەی نەبوو بگەڕێ. بۆ ئەو مەبەستە یەک لە کارەکانی کە بە ئەڕتەش و ئیدارەی فەرهەنگی ئەو وڵاتە ئەسپێردرا، تۆمارکردنی گشت ئەو هەوا و مێلۆدییە غەیری تورکانە بوو بە چەشنێک کە هەمان مێلۆدی، تێکست یا شیعرەکەی بە زمانی تورکی بێ. بەداخەوە لەو دۆخە ئاسیمیلە کراوەدا، کە قسەکردن بە زمانی زگماکی کوردەکان تاوانێکی گەورە دەهاتە ئەژماردن، زۆر لە دەنگبێژ و هونەرمەندانی کورد لە گۆرانی گوتن وەستان و بەو کارەش گورزێکی گەورە بەر هونەر و گۆرانی و زمانی کوردی لە باکووری کوردستان کەوت کە هەنووکەش پێوەی دەناڵێنین. بەداخەوە هاوکات هونەرمەندانێک هەبوو کە ئاستی هۆشیاری نەتەوەییان لاواز بوو و کەوتنە داوی تورکەکان و بە لێشاو گۆرانی و مێلۆدی کوردییەکانیان بە تێکست و شیعری تورکی تۆمار دەکرد و پاشان ئەوانیش لە مێدیا و ڕادیۆکانی خۆیان بڵاویان دەکردەوە و ناویان لێنان (تورکوو). بە پێی ئەو ئامارانەی کۆکراونەتەوە کۆی ئەو مێلۆدییانە خۆیان لە سەرووی ١٥٠٠ گۆرانی دەدەن.

پڕۆفێسۆر ئیسماعیل بێشکچی لە کتێبە بەناوبانگەکەی خۆیاندا بە ناوی (کوردستان کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتی) بە وردی باس لە پڕۆسەی بە تورکی کردنی گۆرانییە کوردییەکان دەکات کە لەلایەن کۆمەڵێک دەنگخۆشی کوردەوە دەکران بە تورکی. شتێک کە سەرنجڕاکێشە و بێشکچیش بە لێکدانەوەی ساکاری خۆی ئاماژەیەکی گرینگی پێداوە ئەوەیە کە، ئەو گۆرانییانە ڕاستە کران بە تورکی، ڕاستە ناوی (تورکوو)ـیان لەسەر دانان، بەڵام هیچ تێکەڵاوییەکی دەگەڵ موزیک و هونەری تورکی نەبوو. وەک ڕۆژ دیار بوو کە ئەوانە مڵکی نەتەوەیەکی تر، سەر بە فەرهەنگێکی ترن. بۆ وێنە لە ناو ئەو گۆرانییانەدا (لۆ لۆ)، (لێ لێ)، (وەی وەی)، (ئامان) و…. هەبوون کە گەر مێژووی تورک لە چەنگیزخانی مەغول ڕا سەروسووژن بکەی، وەها وشەگەلێک نادۆزییەوە کە لە موزیکی تورکیدا بوونی هەبێ. جیا لەوەش ئەو هەست و ڕۆحەی کە لە گۆرانییەکاندا بەدی دەکرا، دەگەڵ ڕۆح و هەستی تورکێکی لای ڕۆژئاوای ئانادۆڵی ئەو وڵاتە، ئەوەندە نامۆ بوو کە نەیاندەتوانی دەگەڵی ڕابێن و چێژی لێ ببینن.

لەو نێوەندەدا لە سێبەری ڕادیۆدا کە بۆ کاری ڕاگەیاندن یەک لە تێکنۆلۆژییە کاریگەرییەکانی سەردەم بوو، ئەو گۆرانییانە بڵاو دەکرانەوە و سنوورەکانی دەبڕی و دەتواندرا لە چەند وڵات ئەولاتر ئەو گۆرانییانە ببیسرێن. لە وەها دۆخێکدا خەڵکی زاخۆ و دهۆک کە جیرانی شێرناخ و سڵۆپی بوون بەڵام سنووری دەستکرد لێکی جیاکردبوونەوە و هەرکام سەر بە قەوارەی دەوڵەتێکی جیاواز بوون، باشتر دەیانتوانی گۆرانییەکانی ناوچەی خۆیان کە تەتریک کراون بناسنەوە و پێوەندییەکی دەروونی و ڕۆحی دەگەڵ ساز بکەن و چێژی لێ ببینن. بە هەمان شێوە ئەو گۆرانییانە بۆ کوردێکی دەڤەری موکریانیش دەناسراوە و بە ڕۆح و هەستی کوردانەیان ئاشنا بوون.

مامۆستا محەممەدی ماملێ یەک لەو هونەرمەندانە بوو کە هەم لە مێژووی تاڵ و دزراو و چەواشەکراوی گەلی خۆی شارەزا بوو و هەم بە هەست و ڕۆحی مێلۆدییە کوردییەکا ئاشنا. بۆ ئەو ڕۆحی گۆرانی بایەخی زیاتر پێدەدرا تا بواری تێکنیکی و چۆنیەتی و چەندێتی. لەبەر هەندێ ئەو گۆرانییانەی کە وا لە هەستی کورد نیزیک دەبوون دەیناسینەوە و هەوڵی دەدا تا شیعرێکی جوانی بۆ پەیدا بکات و بیانهێنێتەوە سەر ڕێچکە و ڕەگی ماکی خۆی. لە ساڵی ١٣٧١ی هەتاوی مامۆستا عەباس کەمەندی لە سەردانێکیدا بۆ ماڵی مامۆستا ماملێ لە مەهاباد، ڕەخنەیەک ئاڕاستەی م. ماملێ دەکات کە بۆ کەڵکت لە گۆرانی تورکی وەرگرتووە. م.ماملێش لە وەڵامدا دەڵێ:

بەڵێ، ڕاستە، من لە زۆر گۆرانی بێگانە کەڵکم وەرگرتووە بەتایبەت تورکی، ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر تێکەڵاوییەکی فەرهەنگی کە لە جیرانەتی یەکتردا درووست بووە. بەڵام بۆ پێتوایە ئەو گۆرانییانە هەر هەمووی تورکین؟  بۆ پێتوانییە کە ئەوانە کوردی بوون و کراون بە تورکی؟

مامۆستا کەمەندی دەڵێ: بیرم لێکردەوە و زانیم کە ئەو ڕاست دەکات.

لە بەرهەمەکانی ماملێدا لەو چەشنە گۆرانییانە کە بە ئەسڵ کوردین و کراون بە تورکی؛ دەتوانین ئاماژە بەو گۆرانییانە بکەین: (چاو ئەستێرەی سوورە گولەکەم، لێمگەڕێ، کیژی کوردی نازەنین، بازی بێرییان و …) لێرەدا ئەوەی مەبەستی ئێمەیە، مێژووی گۆرانی (بازی بێرییان)ـە. ئەو گۆرانییە لە بنەڕەتدا گۆرانییەکی کۆن و تەمەنداری دەڤەری دیاربەکر، ماردین و عورفایە لە باکووری کوردستان، کە لە درێژەی تەتریک کردنی فەرهەنگی کوردیدا کراوە بە تورکی. وەک مامۆستا ناسر ڕەزازی لە بەرنامەیەکی کاناڵی کوردماکس لە ساڵی ٢٠٢٣دا ئاماژەی پێداوە، ئەو گۆرانییە کە تورک بە (فینجانن ئەترافی یەشیل) دەیناسن، لە ئەسڵدا کەسێک بە ناوی (جەلال گوزەلسێس) کە خەڵکی دیاربکر بووە ئەو گۆرانییەی لە کوردی ڕا وەرگێڕاوەتە سەر تورکی. نەتەنیا ئەو گۆرانییە بەڵکوو هاورێ دەگەڵ چەند دەنگخۆشێکی تر سەدان گۆرانی کوردییان بەو دەرە بردووە و تورکاندوویانن.

وتەکانی مامۆستا ناسر ڕەزازی لەسەر هەوای گۆرانی بازی بێرییان

لێرەدا هیچ گۆمانمان لەوەدا بۆ نامێنێتەوە کە ئەو گۆرانییە کوردیە و تورکێندراوە و ماملێ یەکەمکەس بووە کە گەڕاندوویەتەوە بۆ نەتەوەکەی خۆی.

مێژووی شیعر یا هۆنراوەی گۆرانییەکە:

ئەو زانیارییانەی لە ژێرەوە بە فاکت و بەڵگە باسیان لێ دەکرێ، یارمەتیدەرمان دەبێ تا مێژووی گۆرانی بازی بێرییان باشتر بناسین. وەک دەزانین م.ماملێ تێکەڵاوییەکی قووڵ و پڕ لە هەستی دەگەڵ خەڵکی ناوچەی نەغەدە و پیرانشار و شنۆ هەبووە بەتایبەت دەگەڵ عەشیرەتانی مامەش و پیرانان. جاری وا هەبووە بە ٦ مانگ لەو ناوچەیە ماوەتەوە و میوانیان بووە. ئەو پێوەندییە قووڵە هیچ کە تا کۆتایی تەمەنی م. ماملێ درێژەی هەبوو، بگرە ببوو بە هەوێنی پێشکەوتن و پەرەپێدانی هونەرەکەی. شاراوە نییە کە ئەو ناوچەیە یەک لە ناوچە هەرە دەوڵەمەندەکانی کوردستانە لە بواری زمان، شیعر، گۆرانی، بەیت و حەیران. کۆمەڵێک شاعیر و کوردیزان و هەڵکەوتەی لێ هەڵکەوتووە. یەک لەو کەسانەی کە م.ماملێ زۆر کەڵکی لێوەرگرتووە، مامۆستا سڵێمان ئەمیر عەشایەری ناسراو بە (کاک سێمان شاوەلە)ـیە م.ماملێ سەبارەت بە مامۆستا سێمان شاوەلێ لە گرتەیەکی ویدۆییدا ئاوا دەڵێ:

(لە فۆلکلۆری موکریاندا یەکێک هەیە کە بەڕاستی (ید بیضاء)ی هەیە ئەویش کاک سێمای کوری مارف ئاغای شاوەلەیە کە بە حەق فۆلکلۆرێکی جوانی هەیە. شتی وا دەڵێ کە پیاو سەعاتێک مات و موتەحەیێر دەمێنێ، لەتافەتی کەلیمەی هەیە. زۆر لەو فۆلکلۆرانە من لە ئەوەم ئیستیفادە کردووە.)

مامۆستا سێمان کەسێکی خوێندەوار بوو، دەنگێکی خۆش و ڕەسەنی هەبوو، شەیدای وشە، زمان، هونەری گۆرانی، بەیت و حەیرانی کوردی بوو. شاعیرێکی خاوەن هەست و داهێنەر بوو. بە هۆی ئەوەی کوڕەئاغا بوو، داب و نەریتی عەشیرەت ڕێگەی پێنەدەدا تا زیاتر پەرە بە هونەرەکەی بدات کە ئەوە خۆی خەسارێکی گەورە بووە لە فەرهەنگ و هونەری کوردی. بەڕیزیان کۆمەڵێک گۆرانی فۆلکلۆر کە لە کەسانی بەتەمەنی سەردەمی خۆی فێریان بوو، سینگاو سینگ دەیدا بە م.ماملێ و ئەویش تۆماریان دەکات و پێشکەش بە نەتەوەی خۆیان دەکاتەوە. ئەو گۆرانییانە وەها ناوبانگیان دەرکردووە کە ئەمڕۆکە وێردی سەر زمانی زۆربەی کوردانە وەک: با لێنێن پێش باران، شەم و شەمزین، بەهارە، کانێ مرادان، ڕاوچیان، ڕەعنا، هەوارە و چەند گۆرانییەکی تر و هەروەها کۆمەڵێک دەستەشێعری بچووک کە لە گۆرانییەکانی م.ماملێدا تێکەڵ بوون و کەمیان دەناسرێنەوە، بەڵام لە ئەسڵدا ئی مامۆستا سێمان شاوەلەیە. یەک لەو گۆرانییانە کە مامۆستا سێمان شاوەلە دەیدات بە م.ماملێ گۆرانییەکی کۆن و قەدیمی کوردی بووە بە ناوی “بازی بێرییان” ئەو گۆرانییە کە مامۆستا سێمان باسی دەکات جیاوازە دەگەڵ ئەو بازیبێرییانەی کە ماملێ گوتویەتی. بەو چەشنە کە مامۆستا سێمان باسی دەکات، ماملێ لە گوتنەوەی ئەو گۆرانییەدا سەرکەوتوو نەبووە، بەڵام چەند بڕگەیەک لە هۆنراوەکەی لەبەر کردووە و بەردەوام لە خەمی ئەوەدا بووە تا ئەو هۆنراوانە بڵێتەوە. مامۆستا سێمان شاوەلێ بۆخۆیان ئاوا باسی گۆرانی بازی بێرییان و هاوکاری کردنی خۆی دەگەڵ م.ماملێ دەکات:

(وەڵڵا گۆرانیبێژێکی زۆر چاک بوو. محەممەد زۆر چاکی دەزانی. هەندێک ئاهەنگیشی؛ ئەو ئاهەنگانە ئەمن لە سۆفی سێمانی فێر ببوم لە شاوەلێ. عەیزی مارفی و سێ/چوار پێاوی قەدیمی لێبوون، ئەوان گۆرانی چاکیان دەگوت. ئەمن لەوان فێر ببووم و بە محەممەدیم گوت بابە ئەو گۆرانییانە بڵێ ئەوانە زۆر خۆشن، ئەوە زۆر لازمن. ئاهەنگهایی زۆر زەریف و خۆشن. کانێ مرادان و  دەبا لێنێن پێش باران و شەم و شەمزین و هەوارە و بەعزە قامێکی ئاوا قەدیمی بوون، فێرم کردن و هەموویانی فێر بوو چاکیشی دەگوت  عەرزی بە حزوورت دەکەم ئەوجار ئاهەنگێم بوو بە نێوی بازی بێرییان، زۆرم حەول دەگەڵ دا فێری هەر نەبوو. ئەو بۆخۆی جارێکی بازی بێرییانی گوتووە بەڵام بە ئاهەنگێکی دیکەی دەگوت.)

وتەکانی مامۆست اسێمان شاوەلە لەسەر محەممەدی ماملێ و گۆرانی بازی بێرییان

بە خۆشییەوە توانیومە کە ئەسڵی ئەو گۆرانییە ڕەسەنەی (بازی بێرییان) کە مڵکی ناوچەی موکریانە بەتایبەت ناوچەی بڵباسان، وەدەست بێنم کە مامۆستا سێمان بە دەنگی خۆی دەیڵێتەوە. ئەو گۆرانییە تەنیا ئەو نوسخەیەی هەیە و تا ئێستا هیچ هونەرمەندێکی تر نەگوتۆتەوە. کاتێک گوێی لێ دەگرین بۆمان دەردەکەوێ کە ئەو بازی بێرییانەی کاک سێمان هەم لە بواری شێعرەوە و هەم لە بواری مێلۆدییەوە دەگەڵ ئەو بازی بێرییانەی م.ماملێ دەیڵێ، زۆر جیاوازە.

بازی بێرییان بە دەنگی مامۆستا سێمان شاوەلە.

بازی بێرییان دووری دێیە
بێری دێن شیرمەشکیان پێیە
خۆم ڕاوەستام لەسەر ڕێیە
یارکۆڵێی من چاوی لێیە

بازی بێرییان دوورە دەستە
بێری دێنن دەستە دەستە
بانگم کردن وەی ڕاوەستە
یارێ خۆمە ئەو چاومەستە

بازی بێرییان  دوورە ئاوە
شەنگەبێری هەی بەڵەک چاوە
بانگم کردن، ئاوڕی داوە
یاری خۆمە و پڕ بە دراوە

بازی بێرییان دووورە دوورە
پۆلێ بێرییان زەرد و سوورە
پێیانەی شین، مێرگ و توورە
یارێ خۆمە و بەربەموورە

بازی بێریان بەر بە شارە
شەنگەبێری هەی شەدەی لارە
دەیلەنگێنێ جار نا جارە (*)
یارێ خۆمە و چاوبەخومارە

حەوشێی مەڕی بەر هەورازە
شەنگەبێری زۆر بەنازە
کەنگێ دەبی هەی بە هەمڕازە
یارێ خۆمە ئەو چاوبازە

حەوشێی مەڕی بەر تەلارە
شەنگەبێری خان و مانە
بە بناری دێی “مێشەکان”ـە
یارێ خۆمە ئەو چاوجوانە

لە قسەکانی مامۆستا سێمان ڕا بۆمان دەردەکەوێ کە م.ماملێ یەکەمجار وشەی (بازی بێرییان) لە مامۆستا سێمان فێر بووە. لێرەدا لە زمان م.ماملێوە باقی بەسەرهاتەکە دەبیسین کە چۆناوچۆن بووە کە ئەو وشەیەی (بازی بێرییان) کە لە کاک سێمان فیری بووە، دەبێتە هەوێنی گۆرانییە بەناوبانگەکەی خۆی. م.ماملێ ئاوا بەسەرهاتەکەمان بۆ دەگێڕێتەوە:

(ئێمە ڕۆژێکی لە سەربانێکی زۆر بڵیند بووین[1] هەر لەو مەهابادە. دەگەڵ مامۆستا هێمن[2] قەدەممان لێدەدا، چەند جاران پێمگوتبوو کە مامۆستا هێمن ئاهەنگم[3] هەیە بەڵام من دەمهەوێ جەنابتان وەسفولحاڵی ئاهەنگەکەی من، تۆ شیعری بۆ دانێی. گوتی باش. شیعرەکانم دایە[4] گوتم بەر وەزنی وەک دەبێ شیعرەکە بەو جوورەی بێ. مامۆستا هێمن زۆتی پێ چوو و هاتەوە و گوتی: محەممەد، بۆم داناندرێ، دەبێ ئەوەی ئەمن دەیڵێم ئەتۆ ئاهەنگی لەسەر دانێی. مەسەلەکەمان تێکچوو و نەمانتوانی بگەینە نەقسەد. ڕۆژێکی کە وا لەسەر بانێکی بڵیند بووین پێکەوە، قەدەممان لێدەدا و هەروا دەمگوت، ئەمن هەر بە سۆزە دەستمپێکرد: (بازی بێرییان دوورە دەستە ئەمان ئەمان) گوتی: ئای محەممەد، ئەو سووژەت لە کوێ بوو؟ دا بدە کاغەز و قەڵەمەکەت. ئەمیش بە پەلەپەل، دەفتەرێکی شڕم پێبوو، هێنامە دەرێ و قەڵيمێکم دایە و مامۆستا هێمن یەک-دوو قەدەمی لێدا و ئەو شێعرانە دانا کە ئێستا شێعری بازی بێرییانە و پێشکەشتانی دەکەم.)

بە پێی ئەو مێژوویەی کە لە بان باس کرا، بۆمان دەردەکەوێ کە مێلۆدی و هەوای ئەو گۆرانییە ئی باکووری کوردستانە و هۆنراوەکەش ئی مامۆستا هێمن موکریانی یە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆلکە و هەوێنی ئەو هۆنراوەیە لەسەر ئەساسی گۆرانییەکی کۆنی ناوچەی موکریانە کە مامۆستا سێمان شاوەلێ داویە بە م. ماملێ و ماملێش داویە بە مامۆستا هێمن و مامۆستا هێمنیش ئەو شێعرانەی بۆ داناوە. پێویستە کە سەرنج بدەینە ئەو خاڵە کە م.ماملێ بە چەند شێوەی جۆراوجۆر چ لە بواری موزیکەوە و چ لە بواری بەکارهێنانەی شێعرەەوە بازی بێرییانی گوتۆتەوە لە هەندێک پێشکەشکردنیدا کەڵکی تەنیا لە هۆنراوەکەی مامۆستا هێمن وەرگرتووە و لە هەندێ پێشکەشکردنیشدا تێکەڵاوێک لە هۆنراوەکەی مامۆستا هێمن و هۆنراوە فۆلکلۆریکەکەی کە مامۆستا سێمان دەیڵێتەوە کەڵکی وەرگرتووە. لەو شێعرانەی خوارەوە بە ڕوونی بۆمان دەردەژەوێ کە یەکەم بەندی هەمان شیعرە کە مامۆستا سێمان فێری م.ماملێی کردووە و باقییەکەشی هۆنراوەکانی مامۆستا هێمنە.

بازی بێرییان دووره دەستە
بێری دێن دەستە بە دەستە

هەرچی ڕادەبرێت چاو مەستە
ڕادەبڕن دڵ دەبەن بە غەمزەی چاوان
بە برژانگ کون دەکەن جەرگ و هەناو
ان
بازی بێرییان دوورە دێیه
بێری دێن شیر مەشکیان پێیه

خۆم ڕاوەستام لەسەر ڕێیە،
یارکۆڵیی خۆم چاوی لێیە
بە برژانگ کون دەکەم جەرگ و هەناوان
ڕادەبڕن، دڵ دەبەن بە غەمزەی چاوان

بازی بێرییان چڕ و کێوە
بێری دێن گوارەیان زێوە

تەشی دەڕێسن بەڕێوە
ڕادەبڕن دڵ دەبەن بە غەمزەی چاوان
بە برژانگ کون دەکەن جەرگ و هەناوان

بازی بێرییان لە دەراوان
لەنێو گوڵاڵە و گیاخاوان
قیبلەی ئاواتە بۆ لاوان
ڕادەبڕن دڵ دەبەن بە غەمزەی چاوان
بە برژانگ کون دەکەن جەرگ و هەناوان
ڕێگەی بەهەشتە ئەو ڕێیە

یارکۆڵێی خۆم چاوی لێیە
ڕادەبڕن دڵ دەبەن بە غەمزەی چاوان
بە برژانگ کون دەکەن جەرگ و هەناوان


پەڕاوێزەکان

[1] مەبەستیان دەگەڵ مامۆستا هێمن موکریانییە. وەک م.ماملێ بۆی دەگێڕاینەوە هاورێ دەگەڵ مامۆستا هێمن لە زەماوەندی هاوشارییەک بوون بە ناوی سەید سمایلی ئەیوبییانی مەرکەزی کە خزمی مامۆستا هێمن بوو، کاتێک کە خەڵکەکە دەچن بووک بگوازنەوە، م.ماملێ و م.هێمن موکریانی و م. هاشم نانەوازادە لە ماڵی زاوا بەجێ دەمێنن. ئەو زەماوەندە لە هاوینی ساڵی (١٣٤٦ه – ١٩٦٧ز) بووە. ئەو سەردەم باو بوو کە خەڵک دەچوونە سەر بانی ماڵەکان لە کاتی زەماوەنددا

[2] وەک مامۆستا هێمن لە “تاریک و ڕوون”دا باسی دەکات، لە پاش تێکچوونی کۆماری کوردستان بۆ ماوەی کەمتر لە ٣ مانگ ئاوارەی باشووری کوردستان و هەندێک گوندی ڕۆژهەڵات دەبێ. باشان باوکی نامەی بۆ دەنێرێت و دەڵێ وەرەوە، لێبوردنی گشتی دراوە و تۆش وەبەر هاتووە. مامۆستا هێمنیش دەگەڕێتەوە و تا ساڵی ١٩٦٨ لە ڕۆژهەڵات دەبێت و لەو ڕێکەوتەڕا تێکەڵ بە شۆڕشی (١٣٤٦-٤٧) دەبێ و تا شۆڕشی گەلانی ئێران لە دژی شا، ناگەڕێتەوە زێدی خۆی.

[3] گۆرانی، ئاواز. لە باشووری کوردستان بە کۆنسێرت و بەرنامەی هونەری دەڵێن ئاهەنگ، بەڵام لە ڕۆژهەڵات بە گۆرانی دەڵێن ئاهەنگ. ئاهەنگ وشەیەکی فارسییە.

[4] لێرەدا لێی تێکچووە، لەجیاتی بڵێ ئاهەنگەکانم دایە دەڵێ شیعرەکانم دایە. ئەو دیاردەیە لە قسەکردنی ماملێدا لە کۆتا ساڵەکانی تەمەنیدا زۆر بەدی دەکرا. هۆکارەکەشی نەخۆشی ئالزایمێر بوو بە چەشنێک کە ئەو کەسانەی تووشی دەبن، پێشتر بەو شێوەیە لێیان دەردەکەوێ.

(*) ئەو بەندە لە فیلمەکەدا جوان نابیسترێ، بە خۆشییەوە کاک حەمەڕەسوڵ کەریمی بە ئیمایلێک ئاگاداری کردمەوە کە پێشتر ئەو گۆرانییەی لە خزمان و بەتایبەت لە باوکی بەڕێزیانی بیستووە کە بەو شێوەیەیە کە نووسراوە. زۆر زۆریان سپاس دەکەم.

بابەتی پێوەندیدار