Skip to content

محەممەد ماملێ: تاکە ڕۆحێکم هەیە، ئەویش پێشکەش بە برا کوردەکانی ئەو دیو دەکەم

ئەو چاوپێکەوتنە دەگەڵ مامۆستا محەممەدی ماملێ لە ساڵی ١٩٩١ی زایینی لە گۆڤاری (قەرەچۆغ)دا بڵاو کراوەتەوە کە گۆڤارێکی ڕۆشنبیریی گشتیی سەربەخۆیە و سێ مانگ جارێک لە مەخموور دەردەچووە و سەرنووسەرەکەشی بەڕێز غەفوور مەخمووری بووە. ئەم وتووێژە زۆر گرینگە و کۆمەڵێک زانیاری باش دەداتە دەست و وەڵامی گەلێک پرسیاران دەداتەوە بۆیە بە پێویستمان زانی کە بۆ لە ماڵپەڕی فەرمیی ماملێدا پێشکەشتانی بکەینەوە. سپاس بۆ ئەو بەڕێزەی ئەو بابەتەی بۆ ئامادە کردین و بەداخەوە ناتوانین ناوی بێنین.
ماڵپەڕی فەرمیی ماملێ

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

محەمەدی ماملێ: هیچم نەماوە لەم دنیایە، تاکە ڕۆحێک نەبێ، ئەویش پێشکەشی برا کوردەکانی ئەودیوی دەکەم.

ئامادەکردنی: فکرەت عێزەت

خوێنەری ئازیز: گەر سەیری فەرهەنگی هونەری گۆرانی و مۆسیقای کوردی بکەی، دەتوانی بە پەنجەی دەست ئەو هونەرمەندانە بژمێری کە وا خاوەنی دەنگێکی تایبەت و ڕەسەن و ڕێبازێکی تایبەت بە خۆیان بن لە بواری هونەردا. یەکێک لەوانە مامۆستای گەورە (محەمەدی ماملێ)یە. زۆر بە پەرۆشەوە شەوی 1991/07/19 لە مەهاباد خۆم کردە میوانی و گفتوگۆیەکی 40 دەقیقەییم تۆمار کردوو و بەم شێوە دەستی پێکرد:

من منداڵ بووم نزیکەی 17-16 ساڵان بووم، لەبەر ئەوەی خولیای وەرزش و بەتایبەت فووتبۆڵێن بووم، لە دەرسەکانم دوا کەوتم، ڕۆژێکیان بە مامۆستاکەم گوت: دەرناچم لە وانەکەت، ئەویش گوتی: بە مەرجێ ئاهەنگێکم بۆ بڵێی، منیش ئاهەنگی ئاگربارانەی “مەلا کەریم”م وت. کە تەواو بووم، بوو بە چەپڵەڕێزانی قوتابیان و مامۆستا و ئێ منیش 20 نمرەم وەرگرت. باوکم کاروباری کڕین و فرۆشتنی خوری دەکرد، ڕۆژێک بۆ بەدبەختی لافاوێک هات و دووکانی باوکم تێک چوو تەنانەت کرێکارەکانیشی خنکان، ئیتر لەو ڕۆژەوە نەگبەتیی ئێمە دەستی پێکرد.

جەنگی جیهانیی دووەم ڕووی دا لە ساڵی 1320ی هەتاوی و لە ساڵی 1324ی هەتاوی‌دا باوکم مرد، براگەورەکەم ماڵ و مناڵی خۆی هەبوو، و من کوڕی گەورەی 2 دایک و چەند منالێک بووم، براکانم دەیانخوێند، من دەبوایە زیندەگیی ئەوان دابین کەم.

کاکە گیان: کاتێ کە بیر لە کوێرەوەری و نەبوونیی ئەوساکەی خۆم دەکەمەوە، کە لە چ ژیانێکی سەخت و هەژاریی‌دا بووم لەئەوپەڕی گەنجیم‌دا، باوەڕت هەبێ خۆم دڵم بە خۆم دەسووتێ و دەکەومە گریان…! برادەرەکانم تارژەنێکیان پەیدا کرد ناوی ( عەلی خافەکوێرە) بوو، تارژەنێکی چاک بوو وردەوردە بەجارێ خزیمە ناو جیهانی هونەر تاوەکوو ماڵم بۆ براکان دابین کرد و ژنم بۆ هێنان.

ئنجا توانیم ژن بۆ خۆم بهێنم، ئێستا تەمەنم 66 ساڵە، خاوەنی 7 کوڕ و کچم، یەکیان لە فەرەنسا دەخوێنێ ناوی خالیدە، ئەوەی تر عەبدوڵایە لە دانیشگایە، کوڕێکی ترم شۆفیرە لەنێوان مەهاباد و تەهران‌دا، کوڕێکی ترم زیندانییە و 9 ساڵە چاوم پێی نەکەوتووە[1] (وریا و چالاک و چیا) ش ئەوا لە قوتابخانەن و دەستی مۆسیقاشیان هەیە.

– مامۆستای بەڕێز: لە لای هونەرمەند عەزیز شاڕۆخی چاوم بە دەستنووسێکی کاک عەزیز کەوت دەربارەی ژیانی تایبەتیی خۆی و زۆر باسی کاک (حوسێن)ی برات دەکا، ئایا خۆت دەڵێی چی؟

  برا گیان با من باسی ئەوەت بۆ بکەم کە خۆم و براکانم ناگەیینە یەک زەڕەی باوکم لە مەیدانی هونەردا.

– باشە کێ شێعری بۆ باوکت دادەنا و ئاوازەکانی هی کێ بوون؟

  کاکە، باوکم ئاوازەکانی خۆی دایدەنان، باوکم کابرایەکی نەخوێندەوار بوو، بەڵام زۆربەی شێعرەکانی وەفایی لەبەربوو، خۆی بۆی گێڕامەوە وتی: شەوێکیان لەگەڵ چەند برادەرێک بە کۆڵان‌دا دەڕۆیشتین و من گۆرانیم دەوت، سەیرم کرد کابرایەک لە دواوە وتی: سەعید … سەعید، کە ئاوڕم دایەوە سەیرم کرد وەفایی‌یە! گوتم: قوربان چی دەفەرمووی؟ گوتی: ڕۆڵە ئەو ئاهەنگەی دەیڵێی بۆ ئەم شێعرە جوانە. شێعرێکی دا پێم و خۆشی هات لە ماڵەوە بۆی خوێندمەوە تا لەبەرم کرد، ئەویش ئەو گۆرانییەیە کە من وتوومە (ئای بە زولف و ڕوخسار).

جا مەدرەسەی من باوکم بوو، ئنجا حوسێنی برام. با ئەوەشت بۆ بڵێم: دەگەڵ حوسێنی برام دەچووینە باغی لە مەهاباد، ئێواران دەگەڕاینەوە و گۆرانیمان دەگوت، کاتێ دەگەیشتینە بەردەمی ماڵی قازی محەمەدی، پێشەوا خۆی دەهاتە بەر پەنجەرە و گوێی بۆ شل دەکردین و هەتا ئاوا دەبووین بەردەم پەنجەرەی بەرنەدەدا.

– بیرەوەریت دەربارەی سەید عەلی‌ئەسغەری کوردستانی؟

   هێندەم لە بیرە، جارێکیان هات بۆ مەهاباد ناردی بەدوای باوکم، من ویستم بچم، باوکم تووڕە بوو نەیهێشت، گوتی بۆ کوێ دێی؟! ئەو سەید عەلی‌ئەسغەرەی کەوا دەستێکی سپی[2] هەبوو لە مقامات و مۆسیقای کوردی وەک باسیان کرد گوتیان کاتێ باوکم دەیگوت ئەو هەڵدەستایە سەرپێ و نێو دەمی ماچ دەکرد.

– مۆسیقاژەنی چاک لای ئێوە کێ بوون؟

   کاکە، لەبەر وشەی لۆتی و چاوەش، کەس نەیدەوێرا دەست داتە مۆسیقا، لە دەهۆڵ و زوڕنا بەولاوە. لەوانە مستەفا چاوەش هەبوو لەگەڵ ئەحمەد بەگێک، بەڵام لەلای ئێوە بەڕاستیی مۆسیقاژەنی بە پلەوپایە بەرزتان هەیە.

–  لە مقامات و ئامێری مۆسیقا، حەزت لە چ مقامێک و چ ئامێرێکی مۆسیقا؟

  من لەگەڵ ژێی تار دەجووڵێم و حەزم لە مقامی شوورە، زیاتر لە هەموو مقامەکان، چونکە من لەو باوەڕەدام هەرکەسێ لە میلەتی کورد گوێی لە مقامی شوور بێ یەکسەر تەواوی کوێرەوەری و قوڕبەسەری و هەژاریی خۆی دێتە بەرچاو، من خۆم کە دەزگای شوورم گوتووە، زۆرجاران گریاوم لەگەڵ خۆم، ئنجا (دەزگای چوارگا و ئەبووعەتا و دەشتی و ماهوور) هەریەک لە جێگەی خۆیدا خۆشن… بەڵام وەک وتم دەزگای شوور لە دڵی میلەتی کورد، لە هەموویان نزیکترە.

–  باشە، شێعری گۆرانی( من دەڵێم شاری دڵم، باغ و گوڵستانە دەچم ) هی کێیە؟

  ئەوەیان هی (کامیل)ی شاعیرە، شاعیرێکی زیرەک و بەشەخسییەتە، من هەر کە خوێندمەوە… یەکسەر گوتم شاری دڵم، زانیم لەگەڵ شۆڕشی کوردستانی عێراقیەتی. گوتی: کوڕە دەهەقت نەبێ، تۆ بیڵێ و منیش حاڵەتەکەی خۆیم دایە و گوتم فەرموو، گەر تەواوی شێعرەکە بخوێنیتەوە دەزانی کە – کامیل -ی شاعیر چەند بە زیرەکانە بۆ ڕووخانی شۆڕشەکە چووە و هەرواش بوو، کە دوای چەند ساڵ لە شێعرەکە شۆڕشی کوردستانی عێراق بە دەستی شاهەنشا ڕووخا.

 

– ئەو کتێبەی دەربارەی جەنابت، لە کوردستانی عێراق دەرچووە، باسی ئەوە دەکات کە جەنابت خاوەنی نزیکەی (700) گۆرانیت؟!

  نەخێر، من خۆم 228 ئاهەنگم نووسیوەتەوەْ (5-6) ئاهەنگی تریشم هاتۆتەوە یاد، با ئەوەش بڵێم ئەوانەی هەر هەمووی هی خوم نین، جا بۆیە خەریکم ئەوانەی بەتەواویی هی خۆمن بیانخەمە نێو کتێبێک.

– هەر هێندەی ماوە بڵێین مامۆستای بەڕێز، جەنابت عاشق نەبووی؟

  کوڕە کاکە، من بە بێ عەشق نەدەبوومە ئەم هونەرمەنده. من لە گەنجیم‌دا کچێکم خۆش دەویست، بێ ئەوەی کەس بزانێ! خۆ ئەویش وابوو نەیدەدرکاند بۆ کەس، تەنانەت ئێستاش من ناوی ناهێنم، زۆربەی شێعر و گۆرانییەکانی خۆم موڵکی خۆم نین، موڵکی ئەون! ! کاتێ لە مەجلیس گۆرانیم دەوت بۆ ئەو، ئەو دەیزانی یەکسەر دەردەچووە دەرەوە و بە دزییەوە دەستی بە گریان دەکرد! قسمەت نەبوو کە بیخوازم، دوایی باجی ئامینم خواست و ژیانێکی خۆشی بۆ ڕەخساندم.

– یەکێک لەو گۆرانیانەی بۆ ئەوت وتووە؟

    وەکی لە من قەومـــاوە 
یا خوا لە کەس نەقەومێ
لە وڵاتـی موکریانــــــــــی
کەس نییە هاواری بەرمێ
باب و داکی لێوئـالـــــــــی
تووڕەن، نامدەنێ نەرمـێ
لەسەر ئـەو حاڵەش لە یار
زۆری لێ دەکەم شەرمــێ

– لە کۆتاییدا چ نامەیەک بۆ برا کوردەکانی عێراق دەنووسی؟

  من محەمەدی ماملێم:

لە دونیادا هیچم نەماوە لە تاکە ڕۆحێک زیاتر، ئەویش پێشکەش بە برا کوردەکانی ئەودیوی دەکەم.

سەرچاوە:

گۆڤاری قەرەچوغ، ژمارەی 1، تشرینی دووەم 1991، لاپەڕەی 67 هەتا 72

گۆڤارێکی ڕۆشنبیریی گشتیی سەربەخۆیە، سێ مانگ جارێک لە مەخموور دەردەچێت. سەرنووسەر غەفوور مەخمووری


[1] لێرەدا مامۆستا محەممەدی ماملێ مەبەستی لە عەبدولڕەحیم (نەجات)ی کوڕێتی کە لە تەمەنی ١٦ ساڵیدا لەلایەن پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تاوانی سیاسی بە دیل گیرا و پاشی ٦ مانگان ئەشکەنجەیەکی نامرۆڤانە، لە شاری تەورێز هاوڕێ دەگەڵ ٤٧ لاوی شاری مەهاباد ئێعدام کران. کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئەوەی ئەو تاوانانەی دەنگدانەەی دەرەکی و ناوخۆی نەبێت، کەوتە فێڵ و درۆیان و بەشێک لە دایک و بابەکانی فریو دەدا و دەیگوت” (کوڕەکانان ماون، بەڵام ڕامانگواستوون بۆ شوێنێکی دوور. خەم مەخۆن ئەو ڕۆژانە بەردەدرێن و دێنەوە ماڵتان.) ئەو دایک و بابانەش کە تەرمی کوڕەکانیان بە چاو نەدیبوو تا دڵنیا ببن لە کوشتنیان، دڵیان بەو قسانە خۆش دەکرد و هیوایان هەبوو کە بەڵکوو ئەو قسانە ڕاست بن و مناڵەکانیان لێیان وەژوور کەونەوە. مامۆستا ماملێش یەک لەو باوکانە بوو کە پێیوابوو ئەو قسانە ڕاستن و درەنگ یا زوو نەجاتی کوری لە زیندان ڕزگار دەکرێ و دێتەوە باوەشی بنەماڵە، بەداخەوە ئەو هەستە جگە لە تراویلکەیەک چی تر نەبوو. درۆ و فێڵ و تەڵەکەیەکی پاسدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو. کرتە لەسەر ئەو دێڕانە بکەن تا ژیاننامەی شەهید عەبدولڕەحیم ماملێ (نەجات) کوڕی مامۆستا محەممەدی ماملێ بخوێننەوە. (ماڵپەڕی فەرمیی ماملێ)

[2]  ماملێ ئەم دەستەواژەییەکی عاڕەبی بەکار دەهێنا (ید البیضاء) کە بە کوردی دەیگوت: (یەدی بەیزا) کە مەبەستی ئەوە بوو کە فڵانە کەس دەستێکی باڵای هەیە لەو بوارەدا. وا دیارە کە بەڕێز فکرەت عێزەت وەریگێڕاوەتە سەر کوردی، ئیتر دیار نییە کە وەرگێڕانەکە چەندە لەگەڵ مەبەست و مانای ماملێ یەک دەگرنەوە. (ماڵپەڕی فەرمیی ماملێ)

بابەتی پێوەندیدار