Skip to content

نامەى مەلا عەوڵا بۆ محەمەدى ماملێ

چەند سالێکە قسە لەسە پەیوەندی نێوان مەلا عەولای حاجی سمایل و هونەرمەندی گەورە محەمەدی ماملێ دەکرێ کە گوایە کاتی خۆی مەلا عەولا ئەو کاتەی کە وەزیر بووە لە 1974_1989 بەنهێنی چۆتە ئێران و سەردانی سابلاخی کردووە چاوی بە ماملێ کەوتوە و داوای لێکردوەو بێتە عێراق وگۆرانی بەسەر سەدام دا بلێ. بەلام دوای بەدوا داچوونی زۆرم بۆ ئەو پرسە لەپێناو ساغکردنەوەی راستی وناراستی ئەم قسانەی کە لەسەر زاری ئامینە خانی هاوسەری رەحمەتی ماملێ لەمیدیاکان گێڕدراوەتەوە بەدواداچوونێکی وردم لەسەر ئەم بابەتە لەگەل ژمارەیەک تئکۆشەری دێرین و کەسە نزیکەکانی مەلا عەوڵاکرد کە ئەو کاتەی وەزیر بوو لەگەلی بوون، وگەیشتمە ئەو دەرەنجامەی کە مەلا عەولا نە بەئاشکراو نە بە نهێنی سەردانی ئێرانی نەکردوەو سابلاخیشی نەبینیووە.

بەڕێز تارق جەوهەر سارمەمی

تەنانەت ئەوکاتەشی بالی مەکتەبی سیاسی چوونە ئێران مەلا عەولا لەگەل شێخ لەتیف و خارە سەید مەجید لەهەولێر مانەوە. لەکاتی کۆرەوە ملیۆنیەکەی سالی1991 دیسان تا شارۆچکەی دیانا رۆیشت و گەڕایەوە هەولێر و نەچۆتە ئیران. سالی1993 لە چاوپێکەوتنێکی ڤیدیۆیی لەگەل کاک عەلی کەریمی دەلێ من سابلاخم نەبینیوە، لەهەمووشی گرنگتر نامەیەکی دەستنووسی مەلا عەولایە کەسالی 1997 بۆ هونەرمەند ماملێی ئووسیوو لەوێشدا ئەو راستیە پشتسڕاست دەبێتەوە کە مامۆستا نەچۆتە ئێران و ماملێشی نەبینیوە، هەر چەندە مەلا عەولا لەدوورەوە شەیدای دەنگ و هونەرە رەسەنەکەی ماملێ مەزن بووە ، وەک لەنامەکەیدا دەردەکەوێ، بیبنینی ماملێی کردۆتە دوا ئاواتی ژیانی خۆی بۆ نەهاتۆتەدی. لەسەر ئەم بابەتە گرنگ و مێژوویە وتارکێم نووسیووە لە ژمارە 3 ئەمرۆی گۆڤاری دیوان لەلاپەرەکانی 136-139 بەناوی نامەی مەلا عەوڵا بۆ مامڵی بلاوکراوەتەوە، لیرەدا دەقی نامەکە ونووسینەکەش دەخەمە بەرچاوی خوێنەرانی خۆشەویست.بۆ ئەوەی مێژوو وەک خۆی بنووسرێتەوە.

نامەى مەلاعەوڵا بۆ محەمەدى ماملێ

نووسینی: تارق جەوهەر سارمەمی

Mala-mator
عەبدولڵا ئیسماعیل ناسراو بە ( مەلاماتۆر)

عەبدولڵا ئیسماعیل ناسراو بە ( مەلاماتۆر)؛ سالى ١٩٢٧ یەکێک بوو لەو تیکۆشەرە دیڕین وپێشمەرگە ئازایانەى کە لە ماوەى ساڵانى پەنجاکان وشەستەکان و حەفتاکانى سەدەى رابردوو، رۆڵیکى دیار وبەرچاوى لە بزوتنەوەى کوردایەتى ورێکخستنەکانى پارتى لە ناو چینی جوتیاران وهەژارانى دەشتى هەوڵیر وکۆیەو رواندز و هەلگیرسانى شۆرشی ئەیلول هەبوو، وەک لەدەستنووسەکەى بەشی دووەمى سەربردەى ژیانى سیاسى خۆیدا کە تائـێستا چاپ نەکراوە مەلا عەوڵا نووسیویەتى ( بۆ منیش تەقاندنى یەکەمین فیشەک لە شۆرشێ ئەیلولى ساڵى ١٩٦١ دا مایەى فەخروشانازیە ). لەکاتى قوڵبونەوەى ناکۆکیەکانى ناو پارتى دیموکراتى کوردستان لە ١٩٦٤، مەلاعەوڵا؛ لەگەل مامۆستا برایم ئەحمەد ومام جەلال وعومەر دەبابە وعەلى عەسکەرى وەک سەرکردایەتى باڵى مەکتەبی سیاسی لەمستەفا بارزانى جیابوونەوە، یەکێکیش بوو لە سەرکردەو فەرماندە مەیدانى وسیاسی وسەربازییەکانى باڵی مەکتەبی سیاسیی تا کۆتایی ١٩٦٩ وسەرەتاى ١٩٧٠. پاش رێکەوتنامەى ١١ ئازار ى ١٩٧٠ لەسەر داواى حکومەتى عیراق باڵى مەکتەبی سیاسى چالاکیە سیاسییەکانى خۆیان راگرت. دواتریش کە مام جەلال وبرایم ئەحمەد وبالى مەکتەبی سیاسی ناوى خۆیان لەپارتیەوە بۆ پارتى شۆرشگێرانى کوردستان گۆڕی و لەگەل مستەفا بارزانى رێکەوتن وخۆیان هەڵوەشاندەوە گەڕانەوە ناو پارتى، (مەلا عەوڵا) وچەند سەرکردەیەکى ترى وەک بابەکر پشدەرى وحلمی عەلى شەریف لەبەغدا مانەوە نەگەرانەوە ناو پارتى. لە سالى ١٩٧٣ -١٩٧٤ مەلا عەوڵا لەگەڵ هەندێک لە سەرکردەو کادیرە پێشکەوتووەکانى بالى مەکتەبی سیاسی کە هێشتا لە بەغدا مابوونەوە، بەنهینى هەوڵیاندا پارتى شۆرشگیرانى کوردستان دروست بکەنەوە، تا ٨/٣/١٩٧٤ وەک کارگێرى یەکەمى ئەو پارتە کارى کرد و ئیمزای لەسەر نووسراوەکانى دەکرد، بەلام بەهۆى سەرهەڵدانی ناکۆکی لەگەڵ عەبدولستار تاهیر شەریف کە داواى دەکرد پارتى شۆرشگێران بەرەسمی زیندو بکەنەوە، مەلا عەوڵا وەک یەکێک لەسەرکردە دیارو بەئەزموونەکانى کورد کە لەبەغدا مابوونەوە بۆچوونى جیاوازى هەبوو، لەو کۆبوونەوە فراوانەى لە بەغدا رێکخرا، مەلا عەوڵا بەراشکاوى دژى زیندووکردنەوەى پارتى شۆرشگیران بوو لەوسەردەم و لە کۆبونەوەدا گوتى: ئێستا وەختێکى گونجاو نییە بۆ ئەوکارە، کاتى ئەوە نییە دووبەرەکى بخرێتـەوە ناو بزووتنەوەى کوردایەتى. وداواى کرد دەرفەت بدرێتە گفتوگۆکانى نێوان سەرکردایتى شۆرشێ کورد وحکومەتى بەعس وبزانیین چی بەسەر دێت، دواى ئەوە قسەى خۆمان دەکەین. بەلام عەبدولستاروهاورێانى بەگوێیان نەکرد ودەستیان بەسەر پارتى شۆرشگێراندا گرت. دواى ئەوەى مەلا عەڵا بووە وەزیرى دەولەت لەگەڵ زەبیحی و شێخ لەتیف وبابەکر پشتدەرى وعەبدوڵا کانى مارانی لە ٢٨ ى نیسانی سالى ١٩٧٤ پارتێکى سیاسى کوردیان دامەزراند بەناوى (بزووتنەوەى پێشکەوتنخوازى کورد) کەناوەکەى لەلایەن مامۆستا زەبیحی یەوە پێشنیازکرابوو لەباریەوە (مەلا عەولا) لەچاوپێکەوتنێکى تۆمارکراوى ڤیدیۆیی کە رۆژنامەنووس عەلی کەریمی خوارزاى مامۆستا زەبیحی لەگەڵیدا کردویەتى دەڵى: “مامۆستا زەبیحی لە دامەزراندنى بزووتنەوەى پێشکەوتنخوازى کورد لەگەڵمان بوو، زۆر جاریش وەک ئەندامێکى ئەندامەکى قیادى لەگەلەمەبوو، هێندە موقدەس بوولاى ئیمە نەمان دەگوت مامۆستا وەرە کۆبوونەوەمان هەیە. بۆخۆى دەهات بۆ خۆى دەرۆیی، تەگبیرمان پێدەکرد، باوەرت بی ناوەکەش ناوى (حەرەکەى تەقەدومینی ئەکراد) ئەو لێی نا، ئەگەر نەچووبایە ئەو دیوى لەگەل خۆمان ئیشی دەکرد’

. پاش بەبنبەست گەیشتنى گفتوگۆکان، ساڵى ١٩٧٤ پارتى وەزیرەکانى خۆى لەحکومەتى عیراق کێشایەوە وشەر دەستى پێکردەوە، تا لە ئەنجامى رێکەوتنامەى جەزائیر لە ئازارى ١٩٧٥ نێوان شاى ئیران وسەدام حوسێن، و شۆرشی ئەیلول بەشیوەیەکى نەخوازراو وتراژیدی ودراماتیکی کۆتایی پێهات. لە ساڵی ١٩٧٤ ئەحمەد حەسەن بەکر یەک لایەنە جێبەجێکردنى یاساى ئۆتۆنۆمى لەناوچەى کوردستان راگەیاند، وهەوڵیدا چەند کەسایەتیەکى کورد لەشوێنى وەزیرەکانى پارتى بکاتە وەزیر، دواى راویژکردنی بەعسیەکان بە چەند کەسایەتیەکى کوردى وەک عەبدولرەحمان زەبیحی کە ئەو کات لەبەغدا بوون، سەرکردایەتى حزبی بەعس داواى کرد ناوى چەند کەسایەتیکى دیارى کوردیان بۆ دەستنیشان بکەن تا بیانکەن بە وەزیر. ئەوەبوو مامۆستا عەبدولرەحمان زەبیحی ناسراو بە (عولەما) ناوى (مەلا عەوڵا)ی بۆ حکومەتى عیراق پێشنیاز دەکات ، لە ٧ى نیسانى ١٩٧٤ بەمەرسومێکى کۆمارى پێنج لە وەزیرەکانى پارتى ئیعفا کران و لەشوینى ئەوان پێنج کەسایەتى کورد وەک وەزیرى نوێ دامەزراند ئەوانیش: عوبەیدوڵلا مستەفا بارزانی وهاشم عەقراوى، وعەزیز عەقراوى، عەبدولستار تاهیر شەریف وعەبدوڵڵا ئیسماعیل (مەلا عەولا)بوون. مەلا عەولا بۆ ماوەى ١٤ سال لەپۆستى وەزیرى دەولەتدا مایەوە، لە سالى ١٩٨٩ خانەنشین بوو، بەیەکجارى گەرایەوە کوردستان ولەشارى هەولیر نیشتەجێ بوو.جگە لە ژیانى سیاسی لە رووى کۆمەلایەتیشەوە مەلاعەوڵا کەسایەتیەکى دیارو پڕلەپەیوەندى بوو، حەز وخولیایەکى زۆریشى بۆ حەیران ومەقام و گۆرانى رەسەن ودەنگى هونەرمەندە گەورەکانى کورد هەبوو وەک؛ عەلى مەردان وحەسەن زیرەک ومحمدى ماملێ و تایەر تۆفیق ومحمد عارف جزیری ومحمد شێخۆ وکاوێس ئاغا وحەسەن گەرمیانى و تەحسین تەها ..هتد هەبوو. هەروەک لەگەل ئەدیبان ونووسەرانى کوردیش وەک؛ هێمن ومامۆستا زەبیحى ومستەفا زەڵمی ومەسعود محەمەد و مەلا جەمیل رۆژبەیانی وشوکرمستەفا ومحەمەد ئەمین پێنجوینی و زۆر کەسایەتى تر لەبەغدا پەیوەندییەکى باشی هەبوو. لە زۆربەى کۆڕو میهرەجانەکانى شیعرو ئەدەبی کورد ونووسەرانى کورد یش لەبەغدا وهەولێر بەشدارى دەکرد. لەکاتى دەستگیرکردنى نووسەر و رۆشنبیرى گەورە شاکر فەتاحیش مەلا عەوڵا داکۆکى لێکرد وهەوڵیکى زۆریشى دا کیشەکەى بۆ چارەسەربکرێ.

محەمەدى ماملێ؛ یەکێک بوو لەو گۆرانى بێژە دیارانەى کورد، لەلاى مەلا عەوڵا پێگەیکى گەورەو تایبەتی هەبوو، بەقسەى کەسە نزیەکانى خۆى زۆربەى کات، لەماڵەوە ولە نێو ئۆتۆمبێلەکەشیدا بەشەوقەوە گۆێی لەدەنگە بە سۆز و گۆرانیەکانى ماملێ دەگرت. هەرچەندە لەنزیکەوەش ماملێ ى نەدی بوو، بەڵام خۆشەویستیى مەلا عەوڵا بۆ ئەو هونەرمەندە مەزنە لەو نامەیەدا زۆر بەروونى دەردەکەوێ کە ساڵی ١٩٩٧ بۆ ماملێ دەنگخۆش ودڵخۆشکەرى خۆى نووسیوە، تیایدا دەڵێ؛ “ دەنگوباسی نەخۆشیتانم پێگەیشت، لەلایەکەوە زۆرى پێ نیگەران ودڵتەنگ بوو، لەلایەکى دیکەشەوە ئارەزووى سەردانى شارە تێکۆشەر و رەنگیەنەکەى سابڵاخ ، شارى چوارچراو قازى نەمرو کاکە حەمەى خۆشەویستم بەڕادەیەک هەڵچووە، خەریکە کەفوکوڵی بەرچاوم تاریک بکات، ترسی ئەوەشم لێنیشتی یە، کە ئەو ئارەزووە دێرینەم ببەمە بن گڵی!. بەڵێ… ئەمن زۆر لەمێژە بەحەزرەت دیتینى سابڵاخ وسەرجەمى دیتینى هەرێمى موکریانم، بەڵام ئەوە چەند ساڵێکە دیتینى روخسارى جەنابیشتان بووەتە سەربار”. سالى ١٩٩٧مەلا عەوڵا کاتیک هەواڵى نەخۆشکەوتنى محەمەدى مامڵێ دەبیستێ لەرێى نووسینی ئەو نامەیەوە دەیەوێ خۆشەویستى وسەرسامی خۆى بۆ ماملێ بەیان بکأت. عەبدولرەزاقی خاڵم نامەکەى لە مەلا عەوڵا وەرگرتبوو بۆ ئەوەى لەڕێی دۆستیکى خۆىەوە بۆ سابلاخ بگاتە دەست ماملێ. بەلام لەبەر زەحمەتى سەفەر بۆ دیوى رۆژهەلاتى کوردستان ئاسان نەبوو، بەتێپەرینى رۆژگار نامەکە لەلاى خأڵم مایەوە نەگەیشتە دەست ماملێ . بەداخەوە سالى ١٩٩٩ مامڵی لەتەمەنى ٧٤ ساڵیدا بەیەکجارى مالئـاویی کرد، ساڵیک دواى ئەو مەلاعەوڵاش لە ٢٢ى نیسانى ٢٠٠٠ لەشارى هەوڵێر لەتەمەنى

٧٣ ساڵیدا بەنەخۆشی کۆچى دوایی کرد ولە گۆرستانی گردەرەشەى شارى هەولێڕ بەخاک سپێردرا. لەبەشێکى ترى نامەکەیدا کە لەدووسەت وپەنجاو چوار وشە پێکهاتووە مەلاعەوڵا بۆ ماملێ دەنووسێ؛ “ ئەمن لەژیانى سیاسی و کۆمەڵایەتیم دا بێ دڵی خۆمم قەت نەکردییە، چۆن وچیم بەراست زانیبێ، بەبێ ئەوەى گوێ بەهیچ کۆسپ وتەگەرەیەک بدەم، هەروام کردى یە، هەموو ئارەزوو نیازەکانى خۆمم بەجى هیناوە، ئێستا لەئاواتى سەرفیرازى هەموو کوردستان بەدەر، لە دیتنى موکریان وسابڵاخ وئێوەى خۆشەویست بەولاوە، نیازێکى دیکەى وام نەمایە کە زۆرى بۆ بەپەرۆش بم. “ . کەخوێنەر ناوەرۆکى نامەکە دەخوینێتەوە، دەزانى (مەلا عەولا) چ سۆز وخۆشەیستى ورێزێکى گەورەى بۆ هونەرمەند محەمەدى ماملێ هەبووە، هەرچەندە پێشتر نەیدیوە ولەنزیکەوە ناسیاویان نەبووە، دەریشدەکەوێ کەچەند تامەزرۆى بینینى ناوچەى موکریان وسابلاخ بووە بەلام هەوڵی داوە ئەو نامەى کەبەدەستى ماملێ نەگەیشت بکاتە پردى دروستکردنى پەیوەندییى نیوانیان ودەربرینى ئیعجابی بۆ دیتینى ماملێ و ناوچەى موکریان وسابڵاخ وەک خۆى نوسیویەتى، چونکە وەک خۆى لە چاوپێکەوتنەکەى لەگەل عەلى کەریمى دا دەڵى: (من سابلاخم نەدیتیە). مەلا عەوڵا شەیداى دەنگە بەسۆزەکەى ماملێ و وهونەرە بەرز ورەسەنەکەى بوو. ئەو راستیەش لە دەقی نامەکەى مەلاعەولا بۆ هونەرمەند محەمەدى ماملێ بەراستى دەردەکەوێ کە ڵیرەدا بۆیەکەم جارە دەیخەینەروو، کە بێگومان پەردە لەسەر هەندێک راستی هەڵداتەوە و زۆر شتى شاراوە وقسەى هەلبەستراو چیروکى نادروست لەسەر بوونی هەر جۆرە پەیوەندییەکى راستەوخۆو قسە وڵیداونیکى نێوان ئەم دووکەڵە پیاوە بۆخوینەران وشەیدایانى دەنگى ماملێ روون بکاتەوە، ئەمەش دەقی نامەکەى مەلا عەوڵای حاجی سمایل ناسراو بە (مەلا ماتۆڕ)ە کەسالى ١٩٩٧ بۆ هونەرمەندى گەورە محمەمدى ماملێ ناردووە:

هەولێر ٢١/١/١٩٩٧

براى زیدە خۆشەویستم کاکە حەمەى بەڕیز بەنزاوە لەخوداى مەزن دەپاڕیمەوە، کەبەساغی وسەلامەتى وتەندروستیی باش وسازەوە تەمەنت زۆر درێژ بێت. دەنگوباسی نەخۆشیتانم پێگەیشت، لەلایەکەوە زۆرى پێ نیگەران ودڵتەنگ بووم، لەلایەکى دیکەشەوە ئارەزووى سەردانى شارە تێکۆشەر و رەنگیەنەکەى سابڵاخ، شارى چوارچراو قازى نەمرو کاکە حەمەى خۆشەویستم بەڕادەیەک هەڵچووە، خەریکە کەفوکوڵی بەرچاوم تاریک بکات، ترسی ئەوەشم لێنیشتی یە، کە ئەو ئارەزووە دێرینەم ببەمە بن گڵی!. بەڵێ… ئەمن زۆر لەمێژە بەحەزرەت دیتنى سابڵاخ وسەرجەمى هەرێمى موکریانم، بەڵام ئەوە چەند ساڵێکە ئارەزووى دیتنى روخسارى جەنابیشتان بووەتە سەربار. ئەمن لەژیانى سیاسی و کۆمەڵایەتیم دا بێ دڵی خۆمم قەت نەکردییە، چۆن وچیم بەراست زانیبێ، بەبێ ئەوەى گوێ بەهیچ کۆسپ وتەگەرەیەک بدەم، هەروام کردى یە، هەموو ئارەزوو نیازەکانى خۆمم بەجى هیناوە، ئێستا لەئاواتى سەرفیرازى هەموو کوردستان بەدەر، لە دیتنى موکریان وسابڵاخ وئێوەى خۆشەویست بەولاوە، نیازێکى دیکەى وام نەمایە کە زۆرى بۆ بەپەرۆش بم. هیوادارم هەلێکى وام بۆ بررەخسێ بتوانم ئەو ئاواتەشم بهینمە دى! بەڵام لەپێش رەخسانی ئەو هەلەدا، با بە نامە ئاڵوگۆڕکردن یەکدى بدوێنین وبەسەر بکەینەوە. ئەوا ئەم هەلەم بۆ رەخسا کەدوور بەدوورت بدوێنم، بۆیە ئەوا ئەو چەند دێررەم بەو هیوایە بۆنووسی کە بە خزمەتتان بگات وبکەوێتە بەرنەزەر وهەستى نازکتانەوە.رێزوسلاوى بێ پایانم بۆ هەموو خزم و دۆست و برادەرانت هەیە. هەربژین بۆ براى دڵسۆزتان مەلا عەوڵاى حاجى سمایل تێبینى: ئەوا دانەیەکم لەبەرگى یەکەم لە ( سەربردەى ژیانی سیاسییم)دا بۆ ناردى، هیوادارم بگاتە خزمەتتان و وەبەر نەزەرتان بکەوى. بەم زووانەش بەرگى دووەمى بە چاپ دەگەیەنم، کە لە رۆژى چواردەى مانگى گەلاوێژى سالى ١٩٥٨ەوە تا رۆژى ١٠/٩/١٩٦١ دەگریتە خۆی، کە رۆژى هەڵگیرسانى شۆڕشی پیرۆزى ئەیلوولە، کە دەرچوو هەوڵدەدەم ئەویشتان بەخزمەت بگەیەنم.

دەقی نامەی دووهەمی مەلا عەوڵا بۆ ماملێ کە هیچکات نەگەییە دەستی ماملێ.

کۆتایی بابەتەکەی کاک تارق جەوهەر سارمەمی.


لە وەڵامی نامەکەی مەلا عەوڵا بۆ محەممەدی ماملێ

نووسینی: وریا ماملێ

“کاکڵی باسەکە”

لە ژمارە ٣ی گۆڤاری “دیوان” کە لە هەولێر چاپ دەکرێ، لە لاپەڕەی ١٣٦ تا ١٣٩ بەڕیز کاک “تاریق جەوهەر سارمەمی” بابەتێکی بڵاو کردۆتەوە لەسەر سەردێڕی (نامەی مەلا عەوڵا بۆ محەمەدی ماملێ). ناوەرۆکی باسەکە لەسەر چاوپێکەوتنێکی دایکم خوالێخۆشبوو “ئامینە مەولودیان”ـانە کە لە ساڵی ٢٠١٤ دەگەڵ کەسێک کە بۆ من نەناسراوە و تێیدا باس لە ڕووداوێک دەکات و دەڵێ کە کاتی خۆی یەک لە وەزیرەکانی “صدام حسین” واتە بەڕێز “مەلا عەوڵای حاجی ئیسماعیل” ناسراو بە (مەلا ماتۆڕ) بە قاچاغی هاتۆتە مەهاباد بۆ دیداری ماملێ و پێیگوتووە کە وەرە بۆ عێڕاق یان لانیکەم وەرە بۆ سەر سنوور و گۆرانییەک بە “صدام” هەڵبڵێ جا ئەوکات چ ئارەزوویەک دەکەی بیکە با بۆتی جێبەجێ بکەین.

دەقی قسەکانی یای ئامین لە ژێرەوە ببینن و ببیسن

دەقی وتەکانی یای ئامین مەولودیان

بەڕیز کاک “تاریق جەوهەر سارمەمی” کە هەم سیاسەتکار و مێدیاکارێکی ناسراوە و هەروەها خزم و خەڵکی یەک گوندن دەگەڵ خوالێخۆشبوو “مەلا عەوڵای حاجی ئیسماعیل” لە بابەتەکەیدا کە لە گۆڤاری “دیوان” بڵاوی کردۆتەوە بە بەڵگە دەیسەلمێنێ کە ئەو قسەیەی خوالێخۆشبوو یای “ئامین مەولودیان” هیچ ئەسڵ و ئەساسێکی نییە و مەلا عەوڵا سەرەڕای ئەوەیکە تا سەر ئێسقان حەزی بە دەنگی ماملێ کردووە و ئاواتی بووە ڕۆژێک لە ڕۆژان ماملێ ببینێت بەڵام، هیچکات چاوی بە سنوورەکانی ئێرانیش نەکەتووە سەهلە، بچێتە خزمەت خوالێخۆشبوو محەممەدی ماملێ.

دیارە مافی بێئەملا و ئەولای بنەماڵەی ئەو خوالێخۆشبووەیە کە داکۆکی لە ڕاستی ڕووداوە مێژووییەکانی پەیوەست بە کەسایەتییەکانیان بکەن و هەڵوێست بگرن. ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە نە قسەکانی یای ئامینە کەم و زۆر کاریگەری دادەنێ لەسەر کەسایەتی هەردوو خوالێخۆشبووان محەممەدی ماملێ و مەلا عەوڵا، نە هیچ نووسینێک و وەڵامدانەوەیەک. ئەو دوو کۆچکردوویە مێژووەکەیان بۆ سەرجەم گەلی کوردستان ڕوون و ئاشکرایە و نە کەس پێی کەم دەکرێن و نە زیاد، ئەوە ویژدانی گەلە کە لە محەکیان دەدات.

ئەوەی سەرنجی منی بۆ ئەو نووسینانە ڕاکێشا و هانی دام تا ئەو چەند دێڕە بنووسم، ئەو دیتراوانەی خۆمە لەمەڕ ئەو باسە و خۆم شاهیدی هەموو ڕووداوەکە بووم و بۆ ئەوەی تیشکێکی زیاتر بدرێتە باسەکە و خوێنەران باشتر بۆیان ڕوون بێتەوە کە ڕاستی ئەو ڕووداوانە چین، بە پێویستم زانی ڕووداوەکە ئەو چەشنەی کە دیتم بیگێڕمەوە .

“ڕووداوەکە وەک خۆی”

ڕۆژێکی بەهاری ساڵی ١٩٨٥ بوو. شەڕی نێوان دوو دەوڵەتی داگیرکەری کوردستان، یانی ئێران و عێڕاق کەوچکی تێنەدەگەڕا. دۆخی ئاسایشی زۆر هەستیار بوو. بەتایبەت لە ماڵی ئێمە کەشێکی زۆر خەمناک حاکم بوو لەبەر ئەوە کە هێشتا زامی لەسێدارەدرانی برای ١٧ ساڵانم نەمر “نەجاتی ماملێ” کزەی دەهات و خەم و تازییە بە ڕوخساری هەموومانەوە خۆی دەنواند. .

  لای فراوین سفرەمان ڕاخستبوو و خەریکی نان خواردن بووین. لەپڕ لە دەرگای ماڵیان داین و من چووم دەرگام کردەوە. کابرایەکم دیت بە کەواپانتۆڵێکی جوان و کەشخەی کوردی، ئاغابانوویەکی گوڵینگەداری (جامانە) جوانی لەسەر بوو کە لایەکی ئاغابانوویەکەی بە لاشانی ڕاستیدا شۆڕ ببۆوە. تا بڵێی لێدەهات و پێوەی  جوان بوو.  لە شێوەی جلەکانی ڕا و لە شێوەی زاراوەی ڕا بە ڕوونی دیار بوو خەڵکی دەڤەری سەردەشت بوو.  

  • گوتی: ماڵی کاک محەممەدی ماملێ‌یە؟
  • گوتم: بەڵێ

بێ ئەوەی فەرمووی بکەم هاتە ناو ژووری حەوشە و بە ئەسپایی

  • گوتی: کاک محەممەد لە ماڵە؟
  • گوتم: بەڵێ

ئینجا فەرمووم کرد و ڕێگام پێشان دا و هاتە لای بابم. سفرەی نانخواردنمان لە گۆڕێ بوو، بابم زۆری فەرموو کرد کە نانمان دەگەڵ بخوات، کەچی، کابرا گوتی: نانم خواردووە. کابرا ڕووی لە بابم کرد و گوتی: دەتوانین دووبەدوو کەمێک قسان بکەین؟ بابیشم لە وەڵامدا گوتی: بۆ نا، لە خزمەت دام. بابم چاوێکی لێکردین و ئیتر هەموومان تێگەییشتین کە دەبێ ژوورەکە جێبهێڵین. لە ناکاو دایکم وەدەنگ هات و گوتی:

  • کاکە گیان من نازانم دەتهەوێ چ بڵێی دەگەڵ پیاوەکەم بەڵام، دڵنیا بە هەرکات تۆ بڕۆی، ئەو هەموو شتەکەم بۆ دەگێڕێتەوە، بۆیە گەر بەلاتەوە ئاسایی بێ با منیش لەلاتان بم.
  • کابرا گوتی: چ کێشە نییە.  

باش لەبیرم نییە کام لە براکانم لەوێ بوون بەڵام نان خواردنمان لە ژوورەکە نیوەچڵ هێشتەوە و سفرەکەمان کۆ کردەوە و لە ژوورەکەی تر دەستمان کردەوە بە نان خواردن.

ئەو ژوورەی باوکم و دایکم و ئەو کەسە لێی دانیشتبوون، مەگین زۆر بە ئەسپایی قسەی لێکرابا دەنا، گەر بە ئاسایی قسەت کردبایە لە دیوەکەی ئەولا ڕا هەموومان گوێ لێدەبوو بەڵام ئەو ڕۆژە ئەوەندە بە سەبرا قسەیان دەکرد کە ئێمە لە ژوورەکەی ئەولا ڕا هیچمان نەدەبیست. سەرجەم ١٠ تا ١٢ خولەکێک لەو ژوورە بێدەنگییەکی سەیر و نامۆ بوونی هەبوو. لەپڕ ئەوەندەم زانی کابرا لە ژوورەکە وەدەر کەوت و دایکم و بابیشم بە دوایدا تا بەڕێی بکەن. کە کابرا ڕۆیی من چوومەەوە ژوورەکە لای دایکم و بابم تا بزانم چ باسە؟! بابم و دایکم کە تازە کوڕێکیان لەسێدارە دراوبوو بە پەرێزەوە دەدوان و نەیاندەویست کە من هیچ بزانم و بابم هەوڵی دەدا کە شتەکە لەلام نەدرکێ بەڵام دایکم سەبارەت بەو کابرایە جاروبار بە زمانی ڕەمز و ڕاز دەگەڵ بابم دەدوا کە من زیاتر گومانم بۆ ساز دەبوو کە دەبێ شتێکی گرینگ ڕووی دابێ؟! لەپڕ بابم وادەکات:

  • هەستە بیسووتێنە با لەگۆڕێ نەمێنێ نەکا کێشەمان بۆ ساز بێ. دایکیشم گوتی:
  •        باشە دەیسووتێنم بەڵام لێگەڕی با بیخوێنمەوە بزانم چی نووسیوە؟!

هەرچەند بابم ڕازی نەبوو بەڵام دایکم نامەیەکی لە باخەڵی دەرهێنا دەستی کرد بە خوێندنەوەی. بە هۆی ئەوەی کە ڕێنووسی هاونیشتمانیانمان لە باشووری کوردستان زیاتر چۆتەوە سەر ڕێنووسی عاڕەبی و لە ڕۆژهەڵاتیش چۆتەوە سەر ڕێنووسی فارسی بۆیە، خوێندنەوەی بۆ دایکم زۆر هاسان نەبوو. دایکم ڕووی تێکردم و گوتی دا ڕۆڵە وریا، ئەو نامەیە بخوێنەوە بزانە چ نووسراوە؟ هەرچەند بابم پێیخۆشنەبوو کە ئەو نامەیە من بیخوێنەوە چوون نەیدەویست من لە باسەکە هیچ بزانم تا نەکا لە ئەگەری هەرچەشنە ئاشکرابوونی ئەو باسە، وەک کوڕەکەی تری تووشی زیندان و ئەشکەنجە و ئێعدام بم بەڵام، دایکم نامەکەی دامێ.

کاغەزی نامەکە کەمێک لە کاغەزی A4 گەورەتر بوو. خوێندنەوەی بۆ منیش هاسان نەبوو بەڵام من لە دایکم باشتر بووم. نامەکە بە سڵاوێکی گەرم و گوڕ دەستی پێدەکرد و پاشی هەندێک پێهەڵاگوتن بە هونەریی ماملێ، نووسیبووی کە:

(ئێمە دەزانین کۆماری ئیسلامی ئێران دوژمنی هونەر و جوانییە، دەزانین کە دەنگی ئێوە هونەرمەندانی کورد کپ دەکات، دەزانین کە مافی ئێوە کوردان دەخوات بۆیە، لەلایان دەوڵەتی جەمهوری عێڕاق‌ـەوە بە فەرمی داوات لێدەکەین کە بە خۆت و بنەماڵەی و عەشیرەتەکەتەوە وەرە بۆ عێڕاق و درێژە بە کارە هونەرییەکانت بدە و خزمەت بە هونەری کوردی بکە. دڵنیات دەکەینەوە کە لە هەڵبژاردنی گۆرانییەکانتدا هیچکەس گوشارت بۆ ناهێنێ. هەرچی بە دڵی خۆت بوو بیڵێ. باشترین ئۆرکێسترای عێڕاقت لە خزمەتدا دەنێین و قەسر و سەیارە و پوڵ و پارەشت بەسەردا دەبارێنین، تا هەرکاتێک کە بۆخۆت حەزت لێبێ دەتوانی لە عێڕاق بژی و هەرکاتیش کە ویستت لە عێڕاق نەمێنی، بۆخۆمان بەڕێتان دەکەینە هەر وڵاتێکی کە هەڵیبژێرن).

 لە ژێر نامەکە نووسراوبوو “عەبدوڵا ئیسماعیل” وەزیری (لەبیرم نەماوە بە درووستی کام وەزاڕەتخانە نووسرابوو) دەوڵەتی کۆماری عێڕاق و واژۆیەکیشی پێوە بوو. لەسەر ئەو نووسراو و واژۆیەش مۆرێکی خڕی لێدرابوو کە لەسەری بە عاڕەبی نووسرابوو دەوڵەتی جەمهوری عێڕاق، وەزاڕەتی (نازانم چی!! باش نایەتەوە بیرم).

ئیتر کە بۆم خوێندنەوە بابم پەلەی لە دایکم کرد تا نامەکە بسووتێنێ و ئاسەوارێک لێی نەمێنێتەوە. دایکیشم بردی لە تەندووری نانکردندا شەمچەی لێدا و سووتاندی.

لە بابمم پرسی:

  • بابە گیان ئەو پیاوە کێ بوو؟ تۆ چیت وەڵام دایەوە؟
  • گوتی: ئەو ڕاسپاردەی دەوڵەتی عێڕاق بوو. داوای لێکردم تا بە نامە وەڵامێک بۆ ئەو وەزیرەی دەوڵەتی عێڕاق بنووسمەوە بەڵام، من گوتم ناتوانم وەڵامت بۆ بنووسمەوە لەبەر ئەوە هەرکات ئەو نامەیە لە تۆ بگیرێ من و بنەماڵەکەم تووشی گێچەڵ دەبین و کاری وا ناکەم. کابرا گوتی: ئەدی چی بە وەزیر بڵێم؟ منیش گوتم لەپێشدا زۆری سەلام و سپاسی لێ بکە. پاشان پێی بڵێ گەر بڕیار بێ من هونەری خۆم لە خزمەت دەوڵەتێکدا بنێم، ئەوە لێرەش دەوڵەت هەیە و پێشتریش هەبوو، بەڵام من هونەرکەم لە خزمەت میللەکەمدایە و ئەو نانەی کە لە دەستی میللەتەکەم دەیخۆم، شانازی پێدەکەم و لە خۆم و لە ماڵ و منداڵم زیادە. تا مردنیشم ئەو میللەتە و خەڵکی شاری خۆم بەجێ ناهێڵم.    

ئەوە هەموو ڕووداوەکە بوو. من لە هەموو تەمەنم دوو جاران ئەو وەڵامەی باوکمم گوێ لێبووە. یەکیان لە وەڵامی نامەکەی دەوڵەتی عێڕاق بوو بە واژۆی وەزیر “عەبدوڵا ئیسماعیل”، یەکیشیان ئەوکاتە بوو کە ئیدارەی ڕادیۆ تێلێڤیزۆنی مەهاباد لەلایان یەک لە پیاوە دۆڕاوەکانی خۆی کە بۆ ماوەی زیاتر لە ١٥ ساڵان جێگری سەرۆکایەتی ئەو تێلێڤیزیۆنە بوو، چەند جارێکی پێشنیاریان بە بابم دەکرد کە بێت بۆ ئەو ئیدارەیە و گۆرانییەکانی خۆی بڵێتەوە و ئێمەش هەموو مەعاشەکە و خانەنشینییەکەی لە زەمانی شای ڕا بۆ زیندوو دەکەینەوە. بەڵام بابم هەر ئەو وەڵامەی دانەوە کە: من پێویستیم بە پارە و پوڵی ئەو دەوڵەتە نییە. من ئەو نانە کە لە دەستی میللەتەکەم دەیخۆم، شانازی پێدەکەم و لە خۆم و لە ماڵ و منداڵم زیادە. جا چۆن من دێم بۆ تێلێڤیزیۆنێک گۆرانی دەڵێم کە ڕۆژانە ڕۆڵەکانی میللەتەکەم دەهێنێتە سەر شاشەی خۆی ودانپێدانانی زۆرەملییان پێدەکات بە تاوانی نەکردە و پاشان لە سێدارەیان دەدات، بە کوڕەکەی خۆشمەوە. (لەسەر ئەو باسە ناڕۆم و هەڵیدەگرم بۆ کاتێکی تر و پاشان بە وردە ڕیشاڵەوە بۆتان باس دەکەم).

قسەکانی دایکم”

چاوپێکەوتنەکەی دایکم لە ساڵی ٢٠١٤ کراوە، واتە تەمەنی ٧٧ ساڵ بووە. بە داخەوە دایکم لە تەمەنی هەفتا ساڵی ڕا وردەوردە هێز و تواناکانی لە کزی دەدا، لاقەکانی لەکار کەوتبوون، گوێچکەی نەیدەبیست، چاوەکانی نەیدەدیت، نەخۆشیی فشاری (زەخت) هەبوو و زۆرجاران قسەی بۆ نەدەکرا، زەینی کەم حوکم بوو و ڕووداوەکانی تێکەڵ دەکرد. بە کوردی و بە کورتی پێری تێیمرابوو بەڵام ژنێکی ڕۆحبەرز بوو و خۆی نەدەشکاند. زۆرجاران کە قسەم دەگەڵ دەکرد بە ڕوونی بۆم دەردەکەوت کە دایکم ڕووداوەکان تێکەڵ دەکات بۆیە، هەوڵم دەدا تا بەو کەسانەی دەوروبەری بسەلمێنم کە دایکم پیری لێوەدەر کەوتووە و دەبێ ئاگامان لێبێ تا کەسایەتییەکەی بپارێزین و هەوڵ بدەین لەو کۆتاییەی تەمەنیدا قسەیەکی وا نەکات تا لەسەری گران بکەوێ. من کاتی خۆیشی کە ئەو دیمانەیەی دایکمم بینی، بەپەلە تەلەفۆنم بۆ کرد و هەوڵمدا کە تێیگەیێنم هەڵەی کردووە بەداخەوە کار لە کار ترازابوو و دیمانەکە بڵاو کرابۆوە..

دایکم خاوەن کەسایەتییەکی سەربەرز بوو. کچی قارەمانێکی گەلی کورد بوو. لەسەر تێکۆشانی باوکی بۆ کوردستان، بەبێ بابی و نەداری گەورە ببوو. بۆخۆیشی زۆری کوێرەوەری لەسەر کوردایەتی دیتبوو. بۆ ماملێ و گەلی کورد، میوانگرێکی دڵدەوڵەمەند بوو. هەزاران ڕێبواری کورد لە چوارپارچەی کوردستان لە ماڵەکەی دەحەسایەوە. بەداخەوە لەو کۆتاییانەی تەمەنیدا کە بە هۆی پیری و ئەو نەخۆشییانەی هەیبوو کاریگەری لەسەر کەسایەتی و ئاخەڤتنیدا دانابوو. داخەکەم  بە هۆی غەریبی و نەمامی بۆخۆمان نەمانتوانی لە پەنای بین و وەکوو پێویست ئاگامان لێی بێ تا کەسایەتییەکەی بپارێزین و کار نەگاتە ئەوڕۆ. مخابن قسەکانمان بە دڵسۆزانە وەرنەدەگیرا.   

زۆرکەس پەیامیان بۆ دەناردم کە چۆن ئیزن دەدەن دایکە پیر و نەخۆشەکەتان بە سەر و پرچێکی ئاڵۆز و بە جلێکی دژوێن و لە ماڵێکی شپرزەدا لە لایان کەسانی بێپڕەنسیپ فیلمی لێ هەڵگرن  بۆ خۆدەرخستن، لایک، کۆکردنەوەی فلاوێر و کامێنتی پەیجەکەیان و هەموو دانیشتنێک و میواندارییەکی ئاسایی دایکتان بهێننە سەر مێدیا؟ دایکم لە کامێرا و مۆبایل شارەزا نەبوو، زۆرجاران کە قسەی بۆ خەڵک دەکرد خۆ نەیدەزانی کە فیلمی لێ هەڵدەگرن چوونکە چاوی نەیدەدیت. زۆرجاران لە پرسیارەکان تێنەدەگەیشت بۆیە وەڵامی پێچەوانەی دەدایەوە بە بەرانبەرەکەی چونکە گوێچکەکانی باش نەیاندەبیست. بەداخەوە بۆخۆمان لە دەوری نەبووین تا زیاتر کۆنترۆڵی دۆخەکەی بکەین.

“لە کۆتاییدا”

لەبەر ئەو هۆکارانەی لەبان باسم کردن کاک تارق دڵنیا دەکەمەوە کە دایکم تەنیا بە هۆی پیری و کەنەفتی ڕووداوەکانی تێکەڵ دەکرد بۆیە ئەو قسانەی کردووە. گەر گێڕانەوەکەی منی بچوکیان و دایکم پێک بگرن، دەبینن کە خاڵی هاوبەشیان زۆرە بەڵام دایکم بە هۆی پیرییەوە ڕووداوەکەی کەمێک شێواندووە بە تایبەت کابرای ڕاسپاردەی مەلا عەوڵای بە خودی مەلا عەوڵا شوبهاندووە. ڕەنگە لە داهاتووشدا کەسانێک هەبن کە گازندەیان لە قسەکانی دایکم هەبێ بۆیە، بە پێویستی دەزانم وەک خۆم بە دڵفراوانییەوە داوای لێبوردنیان لێ بکەم و بە پێی توانا و لە کاتی گونجاودا هەڵەکان ڕاست بکەمەوە.

بابەتی پێوەندیدار