Skip to content

لێکدانەوەیەکی سورێئالیستی لەسەر گۆرانی “زێڕنۆکێ” | سەیوان سەعیدیان

خۆم قاسیدی زێڕنۆکێ | سەیوان سەعیدیان

بەر لە خوێندنەوەی ئەو دەقە، پێویستە گوێبیسی ئەو گۆرانییە بن:

خۆت کێی؟ بۆ چی شار بە شار و هەرێم بە هەرێم گەڕای و دوای حەوت ساڵ نۆکەری، دڵی زێڕنۆکێت وەدەست هێنا، بابیت ڕازی کرد، حەوت قەتاری وشترانت تەنیا بۆ جلکی بووکی ناردە کەرکووکێ، شایی و زەماوەندت گێڕا و هەموو چیرۆکی ئەوینداریت بۆ گێڕاینەوە و نەناس خۆت لی ون کردین و هەر وا ڕۆیشتی؟ پێت وایە هەر بڵێین قاسیدی زێرنۆکێ هەموو کەس دەتناسنەوە؟  لە خۆشت گەڕێین کوڕی باش، بۆ بە تاکە وشەیەکیش نەتوت لە کوێ وەڕیكەوتی تا بزانین خەڵکی کوێێ؟ خۆ دیارە بە کاڵە لە پیکردن و وەڕێکەتنت بەو بەیانییە زوویە، ڕێگەت دوور بووە و دژوار. بەڵام هەر بژی. هەر بژی کە بەر لە وەڕێکەوتنت هەموو ئامانجەکانت لە نێو گیرفانتدا هەست پێکردن و خۆت بە سەرکەوتوو بینییوە و  یەکسەر داوای ماچێکییشت لە زێڕنۆکێ کرد.

ڕاستی، چۆن زێڕنۆکێت ناسی؟ خزمتان بوو؟ بینیبووت؟ یان هەر ناوت بیستبوو؟ زێڕنۆکێی بازرگانی. دەی ئەو خەڵکی کوێ بوو؟ ئەگەر کچە بازرگان بوو، بۆ لەگەڵ مریمۆکێ دەچنە خڕنۆکی؟ خۆت ئەو هەموو پوڵ و سامانەت لە کوێ بوو؟ هەمووییت بەو حەوت ساڵ نۆکەرییە پەیدا کرد؟ بڕوا ناکەم. یەک تۆزیش. جا ئەگەر نۆکەری ئاوا پڕ داهات بایە، کێ دەبوو بە ئاغا و بازرگان؟ بۆ نەتوت کە خۆشت ڕەنگە کوڕە بازرگان یان میرێک بووی؟ دیارە شایی و زەمانەندیشت چۆن بووە. لە هەموو شار و گوند و میرنشینەکانەوە خەڵکی ماقوڵت بانگهێشت کردووە. حەوت شەو ڕۆژان تەقەی دەهۆڵ و زوڕنا نەبڕاوەتە. زەرد و سوور تێکەڵاو و هاڕەی هەیاسان و زرمەی پێیان، دۆڵاودۆڵ ڕۆیشتوون. سوارچاکی و ڕمبازێن و سەمای سەرچۆپی. بە سەحەری وەڕێکەوتی و بە سەحەری، بە تەقەی دەهۆڵ و زوڕنا خەڵکت بۆ شایی و ڕەشبەڵەک لە خەو هەڵدەستاند. حەوت شەو و ڕۆژان. کوڕی باش بۆ هیچ ناونیشانێکی خۆتت ئاشکرا نەکرد هەتا بزانین ئەوان چەند شەو و ڕۆژیان پێچووە تا بووک دابەزێنن. شاییەکە لە کوێ بوو؟  لە دەشتی هەوڵێر، یان دوورتر. میرنشینی بابان؟ میرنشێنی سۆران؟ یان میرنشینی موکریان؟

خۆم قاسیدی زێڕنۆکێ سبەی دەڕۆم بەیانی
کاڵۆشێ خۆم دە پێ دەکەم، بە تۆفیقی سوبحانی
دەڵێم بمدەیە ماچێک زێڕنوکێ بازرگانی
[ئەو بەشە لە گۆرانییەکە ببیسە]

مەبەستت لە قاسید چی بوو؟ ئەگەر مانا باوەکەی و ئەو کەسەی کە یەیام و راسپاردەی یەکێک بە یەکێکی دیکە دەگەێینی دابنێین، خۆ سەرلەبەری گێڕانەوەکەت تووشی کێشە دەبێت کوڕی باش. تۆ قاسیدی کێ بووی؟  کەس! کە واتە وشەکەت بە هەڵە بەکار هێناوە. هەڵبەت ئەو وشەیە لای خۆمان بەجۆرێکی دیکەش بەکار دەهات و ڕەنگە مەبەستت ئەوە بێت: قاسیدی دەبم هەت دێتە دەرێ. یان: ببوە قاسیدی سەری. لێرە مانا دەگۆڕێ و ئەرکەکەشی لە گەیاندنی پەیامەوە دەبێتە چاودێری کردن. خۆزگە خۆت وشەیەکی باشترت بەکار دێنا و منت ناچار نەدەکرد کە مانای دووەم بکەمە بنەمای ئەو گێڕانەوەیەت. واتە زێرنۆکێت خستۆتە ژێر چاودێری. نەکا مەبەستت قەسد بە مانای تەما بێت و ئەوەشت بە هەڵە وتبێ؟ خۆ هەم قاسید و هەم قەسد عەرەبین و دەتوانرێت وەکوو زۆربەی وشەکانی دیکە کە دێنە نێو زمانێکی دیکە گۆڕانکارییان بەسەر هاتبێ. ئەوەش وەکوو مانای دووەم دەتوانێت ڕاست بێت، بەڵام کێشەیەک نییە. ئەوەی لێرەدا گرینگە دەسپێکی سەفەرە. بە تۆفیقی سوبحانی و بەیانی زوو وەڕێ دەکەوی و چیرۆکی ئەوێندارییەکی ونبووی دیکەمان بۆ دەگێڕییەوە.

دەزانی هەڵەیەکی گەورەت کردووە کە ناوی خۆتت نەهێناوە؟ دەنا ڕەنگە ئێستا چیرۆکی ئەوینداریت وەکوو مەم و زین، شیرین و فەرهاد، لاس و خەزاڵ و…  دەیان ڤێرژێنی بەیت و حەیرانی هەبان. زێڕنۆکێ و کێ؟ بەڵام بە جۆرێکیش دیسان شانس لە دەرگای داوی. شانسێکی لاواز. ئەویش ئەوەی کە لە گۆرانییەکدا چیرۆکەکەت بۆ هەمیشە تۆمار کرا و ڕەنگە بەو نووسراوەیەش شانسێکی لاوازی دیکەشت تووش بێت. بۆ لاواز؟ چونکە هەموو کەس بە خۆشمەوە، تا ئێستا چیرۆکی ئەوینداریتان تەنیا وەکوو گۆرانییەک گوێمان داوەتێ و هیچی دیکە. بۆ لاواز؟ چونگە لە گۆرانیدا کەس بە دوای چیرۆکدا ناگەڕێت. وایە ئیدی. هەر وەک چۆن لە بەیت دا، گێڕانەوە و  چیرۆک دەبنە بنەما، نە موزیک، ئاواز و مێلۆدی. ماڵت ئاوەدان، چیرۆکەکەشت هێج کێشە و گرێ کوێرەی تێدا باس نەکراوە هەتا تامی چیرۆکێکی بەهێز بدات. خۆ وەکوو ڕۆژ ڕوونە لەو ڕێگە دوور و درێژ و لە ماوە دوور و درێژترەدا تووشی هەزاران گرفتی گەورە و بچووک بووی. بەڵام سپاس کە باسی کاڵۆشەکانت کردووە. چونکە ئەوە لانیکەم لە بواری زەمانی هێندێک شتمان بۆ ڕوون دەکاتەوە. لانیکەم پێمان دەڵێت کە سەفەرەکەت بەر لە هاتنە ئارای کەوش بووە. ڕەنگە چەند سەدە لەوە پێش. بەڵام ڕوون نییە کەی. دەزانی دیسانیش لە بواری کاتەوە ستەمێکی دیکەشت لێ کردووین. کەی وەڕی کەوتی. بەهار بوو؟ گەرمای هاوینێ؟ بە کزەی سەرمای پاییزێ یان کڕێوەی زستانێ؟ هەڵبەت ئەگەر بە پێی کاڵۆشەکانت لێکدانەوەی بۆ بکەین دەبێت وەختی تەڕی و قۆڕی یان بەفر بووبێت. یان ڕێگات ئەوندە دوور بێ کە چەند مانگت پێچووبێت و ئەگەر بە هاوینیش چووبی، بیرت لە بارانی پاییز کردبێتەوە. هەڵبەت ئەگەر مەبەستت لە کالۆش، کەڵاش نەبێت کە  بۆ تەڕی و قوڕی و بەفر بەکار نایەن. سەفەرت بەخیر و دیسان هەر بژی کە سەرکەوتوانە و بە دڵنیایی تەواوە و دەستتپێکرد. هەر لە سەرەتاوە زێڕنۆکێی بازرگانیت لە باوەشی خۆت دا دیت و دا داوای ماچێکیشت لێکرد. بەڵام بۆ ئەو هەموو ڕیگا دوور و درێژە، تەنیا ماچێک؟

خۆم قاسیدی زێڕنۆکێ، دەڕۆم دەچمە خۆشناوان
دەچمە کن زێڕینگەری دەسک دەکەم دراوان
وەبەر زێڕنۆکێ دەخەم بەڵکوو هەڵبێنێ چاوان
[ئەو بەشە لە گۆرانییەکە ببیسە]

ئەوەیان کەنگێ بوو؟ چیی دیکە ڕوویدا کە یەکسەر هەموو شتێک تەواو بوو و بەرەو خۆشناوان وەڕێکەوتی. بۆ خۆشناوان؟ دەبێت زۆر لەمێژ بێت کە لە ئێستادا کەس نازانێت چ سەردەمانێک زێڕنگەرەکانی خۆشناوەتی لە هەموو هەرێمدا بەناوبانگ بوون. بۆ لە هیج شوێنێکی دیکە باسی دەسڕنگینی و وردەکارییەکانی ئەو زێڕنگەرانە نەکراوە؟ یان من ئاگادار نیم؟ بڵێی لەو سەردەمەدا چی دیکەمان هەبووبێت و باست نەکردوون؟ خۆزگە تیتۆڵێکت لە بەیتی لەشکری دادەڕی کە چۆن بە وردەکارییەوە باسی کۆشک و سەرا و کەرەستەکانی دیوەخانی خان سولەیمان خان دەکات. دیارە تۆش وەکوو زۆربەی کوردەکان میژوو و وردەکارییەکانت بۆ گرینگ نەبوون. هەڵبەت لە ئەویندارێکی وەکوو تۆ ئەو چاوەڕوانیانە زیادین، بەڵام خۆزگە لانیکەم هێندێک سەرەداوی دیکەت پێداباین و چەند شتی دیکەشت هەر باس کردبان. باشە چۆن هەموو شتێکت یەکسەر جێبەجێ کرد. کاڵۆشت لەپێ کرد و وەڕێکەوتی و یەکسەر چووی بۆ خۆشناوان؟  لەوێ چەندەت پێ چوو و چۆنیان دراوەکان بۆ دەسک کردی؟ بێ ئەوەی زێڕنۆکێ ببینی یان خوازبێنی بکەی؟ بۆ زێڕنۆکی بێ ئەو زێڕ و دراوانە چاوی هەڵنەدەهێنا؟ یان ڕەنگە ئەو چاو هەڵێنانە لە چاو هەڵێنانەکانی دیکە نەچێت. نیشانەیەک بێت. بۆ وتنی ئا. ئا یەک بۆ بڕیاری ئەوینێکی بەتین. هیچی دیکەشت باس نەکرد. کەی و چۆن گەڕایەوە؟  ئەی چۆنت وەبەر زێڕنۆکی خست؟ ئەوە لە جێژوانێک بوو؟ یان لە دوای خوازبێنی و مارە کردن؟ دەی چۆن مارەت کرد؟ خۆ وەکوو ڕۆژ ڕوونە هەتا حەڵاڵت نەبووبێت و هەموو شت کۆتایی پێ نەهاتبێ، زێڕ و زیو ناکڕدرێت.

خۆم قاسیدی زێڕنۆکێ دەڕۆم دەچمە زێبارێ
دەچمە کن وەستاکاران، بوی دروست بکەن گوارێ
با زێڕنۆک لە گوێی بکا بێتە دەرکی حەسارێ
[ئەو بەشە لە گۆرانییەکە ببیسە]

ئیدی لێرە بە شێتمان دەزانی. مەگەر درووست کردنی گوارە و دراوان هەردووکیان کاری زێڕنگەران نین؟ بۆ هەر لە خۆشناوەتی گوارەکانیشت بە درووستکردن نەدەدا؟ یانی زیباری ئەوەندە لە درووستکردنی گواران لە خۆشناوەکان شارەزاتر بوون؟ بەداخەوە باسی شارەزایی زێڕنگەرانی زێباریش وەکوو خۆشناوەتی یان نەبیسراوە و یان ون بووە. ون بوون زیاتر ڕێی تێدەچێ. وەکوو هەزاران شتی گرینگی دیکە کە لێمان ون بوون. یان ڕەنگە لێیان ون کردبین. لێ ونبوونێک کە ڕۆژ بە ڕۆژ هەستی گەورەبوونیشی کەمتر و کەمتر کردووین. بە جۆرێک کە خۆشمان ئێستا بڕوا نەکەین لە سەردەمانێک زێباری و خۆشناوەتی، ناوەندی زێڕنگەران و سەنعەتکارەکانمان بوون. یان بە دەیان و سەدان شوێنەواری گەورەی مێژوویی کە خۆمان درووستمان کردبن. ئاخر مرۆڤەکان زۆربەی کات هەڵسەنگاندنەکانیان ناتوانێت کاتی ئێستایان زۆر تێپەڕێنێت. چ بۆ ڕابردوو، چ بۆ داهاتوو. دەزانی تەنانەت وشەی بازرگانیش بۆ باوکی زێڕنۆکێ زۆر نامۆیە بۆمان؟

 چووی بۆ خۆشناوەتی. زێرەکانت لە دەسک دان و وەبەر زێڕنۆکیت خست و ئەویش بە ناز چاوی بۆ هەڵێنای و و ڕەنگە بە نیگایەکی شەرمنانەوە بزەیەکیشی کردبێت و لە خۆشیان خەنی بووبیت. ئەو نیگا و ئەو بزانە، لەو دیمەنانەن کە بۆ هەمیشە لە هەست و نەستدا تۆمار دەبن. نە تەنیا هەر لە گۆرانیدا. یانی دوای ئەوە چووی گوارەکانیشت بە درووستکردن دا و زێڕنۆکێ لە گوێی کردن و هاتە دەرکی حەسارێ. دیارە تا ئەو کاتەش حەسارێکی گەورەتان لە نێوان دابووە. ئایا هیچکات لەو حەسارە تێپەڕی؟ یان ئەو بۆ تۆ لەو حەسارە هاتە دەر؟ گەلۆ ژوان و جێژوانتان نەبوو؟ پێت وانییە ئەگەر لە جیاتی دووبارە کردنەوەی بە درووستکردنی گوارە لە زێبارێ، باسی جێژوانێکت کردبا، گۆرانییەکە خۆشتر و گێرانەوەکەت بە تاموچێژتر نەدەبوو؟ دەزانی ئێستا ئەوینداران گاڵتە و پێکەنینیان بەو جۆرە ئەوینانە دێت؟ حەوت ساڵ نۆکەریت کرد تا زێڕنۆکێ بەو گوارانە بێتە دەرکی حەسارێ و تۆ چاوت پێی بکەوێ؟ هەر ئەوەندە؟ بەڵام تازە دەبینین کە چ سکانسێکی جوانت بە گێڕانەوەکەت زیاد کردووە. بەڵی سکانسی سناریۆیەک و دیسان هەر بژی. تۆ لەو سەردەمەدا چۆن توانیت چیرۆکی ئەوینداریت ئاوا سینەمایی بگێڕییەوە؟ خۆ تەنانەت ناوی سینەماش دوای سەدان ساڵ ڕووی لەو هەرێمە کردووە. بژی کە چوونی خۆشناوەتی و دیمەنە لانگ شاتەکانی ڕێگات، تەنیا بە چەند دێڕ بە کلۆزئاپی گوارەکانی زێڕنۆکێ لەبەر دەرکی حەسارێ گرێدا و ئەو دیمەند جوانەت بۆ ئافراندین.

خۆم قاسیدی زێڕنۆکێ سبەی دەڕۆم سەحەری
کاڵۆشێ خۆم دە پێ دەکەم، لە خۆم شەدە کودەری
دەچمە کن بابی زێڕنێ، حەوت ساڵان بە نۆکەری
لەبەر خاتری زێڕنۆکێ بەڵکوو ڕوحمم پێ بەری
[ئەو بەشە لە گۆرانییەکە ببیسە]

چ فلاش بەکێکی ناوازە. هەی هەزار جار بژی. پێشترسەدان پرسیارت لە مێشکماندا وروژاند و تازە خەریکی هێندیک ڕووداوی سناریۆیەکەتمان بۆ ئاشکرا دەکەی. ئێستا پێمان دەڵێی کە ڕێگات چەندە دوور و مانەوەت چەند درێژ بووە. حەوت ساڵ؟ بەڕاستی حەوت ساڵ لەبەر خاتری زێڕنۆکێ نۆکەری بابیت کرد؟ دەزانی لەو گێڕانانەوەدا پیر بوون و بەسەرچوونی تەمەن مانایان نامێنێت. مەگەر خۆت تەمەنت چەند بوو کە وەڕێ کەوتی؟ بە شەدەی لارەوە و کودەری؟؟ ئەوەیان تێنەگەیشتم. پیاو و کودەری؟  ئەی تەمەنیی زێڕنۆکی؟ یان ڕەنگە دوای ئەو حەوت ساڵە تازە هەردووکتان پێگەیشتوو بن. دەبێ دڵی زێڕنۆکێ چەندە بەردین بووبێ کە دوای حەوت ساڵان ڕوحمت پێ بەرێ؟ دەزانی لێرە هێندێک لێت نائومێدیش بووم. بۆ گەییشتەییە ئاستێک کە ڕوحمت پێ بکەن. خۆ تۆ زۆر ئازایانە بروا بە خۆ بوونانە وەڕێ کەوتبووی. یان رەنگە ئەوەش بەشێک لە سناریۆیەکەت بێت و لە سکانسەکانی دواییدا دووبارە تووشی سەرسوڕمانمان بکەی؟ یان ڕەنگە مەبەستت لەو ڕوحم پێ هاتنە، ڕازی بوونی زێڕنۆکێ بێت. باشە، پێت وانییە ئەگەر زێڕنۆکی و بابی هەر لە سەرەتاوە زانیبایان تۆ ئەوەندە پارە و سامانت هەیە کە بچی لە خۆشناوان دراوان لە دەسک دەی و لە زیباری گوارانی بۆ بە درووستکردن بدەی، پێویست بە حەوت ساڵ نۆکەری نەکردبا. بەڵام ماف بە تۆیە. بەڕای منیش چیژی هەرە سەرەکی لەو گێڕانەوەیەت دا، ئەو حەوت ساڵەیە. ئەو حەوت ساڵەن کە دەبن بە بنەما و کۆڵەکەی گێڕانەوە و ئەوینەکەت. ئێستا تامی تەنیا ماچیک دەردەکەوێ و بەناز هەڵهێنانی چاوان. ئێستا دەزانین چ هەستی هەڵفڕین و بەختەوەری هەیە دەرکەوتنی زێڕنۆکی بە گوارەی زێڕەوە لەبەر دەرکی حەسارێ.

خۆم قاسیدی زێڕنۆکێ دەڕۆم دەچمە بێتواتێ
سەفەرێکم کەوتە بەر ڕێیە هات و نەهاتێ
دەچمە کن بابی زێڕنێ بەڵکوو زێڕنۆکێم داتێ
[ئەو بەشە لە گۆرانییەکە ببیسە]

هەی داوەشێم بۆ زەینی کڵۆڵم. خۆ تازە دەزانم باسی ناونیشانیشت کردووە. هێندە تێکەڵاوی هەستی جوانی موزیکی بەهێز و دەنگی زوڵاڵی ماملێ بووم، ئەو بەشەم هەر گوێ لێنەبووە. بەڵێ دەکرێ بڵێم ئەوندەم هەست پێکردووە کە گوێم لێ نەبووە. ڕاستی تۆ لە کوێ فێری تکنیکەکانی سێناریۆ بووی؟ ئەویش ئەو تکنیکە نایاب و دژوارە: چاندن، پەروەردەکردن و چنینەوە Setup, Development, Payoff؟ ماچ، دراوی زێر و گواران دەچێنی و لە کۆتایی بەرهەمهێنان بە حەوت قەتاری وشتران بۆ جلی بووکێ و دواتریش شارەزایەنتر بەردەوامی چیرۆک و شایی لە مێشکی گوێگرەکاندا نیشان دەدەی؟ چۆن ئاوا خاڵ بە خاڵ و شارەزایەنە هاتییە خوارێ و هەر جارەی بەشێک و دیمەنێکی خەیاڵیت لە زەینماندا وێنا کرد و لە کۆتایی بە شارەزایی تەواوت کرد. دەزانی ئەوە دەتوانێ ببێت بە یەکێک لە کۆنترین، کورتترین و شارەزایانەترین سێناریۆیەکان؟ مخابن بۆ درەنگ سینەماییمان!

کەواتە بابی زێرنۆکێش بازرگانێکی خەڵکی بێتواتێ بووە. پێشتر بیستبووم بێتواتێ شار و شوێنەوارێکی لەمێژینە بووە و تەنانەت ناوەند و پایتەختیش. چەندە ڕاست و درۆ، ئەوەی نازانم. بەڵام بەداخەوە ئێستا شارۆچکەیکی بچووکە و ناوی لەناو ناوان دا کەمە. بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافیایی و تێکەڵاوی شۆڕشی ڕۆژهەڵات لەگەڵ هەرێمی خۆشناوەتی و مەنگوڕایەتی، ئەو ناوەم هەر مناڵییەوە دەبیست. راستت دەوێ وەکوو گوندێک دەهاتە بەر گوێم. خۆ ئەو گورانییەشم بە دەیان و سەدان جار گوێ لێ ببوو. بەڵام وەکوو زۆربەی کەسانی دیکەش کە زۆر بە دەگمەن ناوەرۆکی گۆرانیان بۆ گرینگە، منیش کارم بەو وردەکارییانە نەبوو. گۆرانی زۆر سەیرە. چێژی زۆر لە هێندێک گۆرانی دەگرین کە تاکە وشەیەکیشی لێ تێناگەین. تەنانەت هێندێک جار ئەوانەی بە زمانی خۆشمانن. هیچ بۆمان گرینگ نییە چی دەڵێن. سیحرێک لە موزیک و مێلۆدیدا هەیە کە تێکست و مانا گەلێک جار کاڵ و بەتاڵ دەکەنەوە. هێندێک جار تەنانەت وێرانیش. گۆرانی سەربەستترین بەشی وێژەیە و بە پێچەوانەی شیعر و چیرۆک و ڕۆمان پێویستی بە وەرگێڕان نییە. پەیام و هەستی خۆی ڕاستەوخۆ دەگەێینێ. لێرەیە منیش تووشی ئەو هەڵەیە بووم.

. ئەو سکانسەت بی پێچ و پەنا و ڕاستەوخۆیە. دووبارە کاڵۆشان هەڵدەکێشی و بەرەو سەفەرێک دەڕۆی. ئامانجت دیار و کارت ئاشکرا. بەڵام تووشی دڵەڕاوکێشمان دەکەی. لێرە ئەو بروا بەخۆبوونەی پێشووت نییە. هەم باسی هات و نەهاتی سەفەرکە دەکەی و هەم باسی “بەڵکو” وەڵامی ئەرێنی لە بابی زێڕنۆکێت وەربگری. تەنانەت ئەگەر دڵی زێڕنۆکێشت وەدەست هێنابێ. دەکرێ بۆ هات و نەهاتی سەفەرەکەت تێروانینێکی دیکەشمان بێت. مەرگ و ژیان. ڕەنگە ترسی ئەوەت بووبێت کە مەرگ ببێتە لەمپەر و تووشی نەهاتیت بکات و دابڕانی هەمیشەیی لە زێڕنۆکێ. مافی خۆتە. خۆ مەرگ پێشتر خەبەر بە کەس نادات. هەمیشە لەسەفەردا دەیان مەترسی و مەرگیش هەمیشە، لە بۆسە دان. ئەویش سەفەری ئاوا دوور و درێژ. هەڵبەت ئێستا بۆ دوور بوونەکەی تۆزێک بە گومانم. دڵنیام دوور بووە، بەڵام بۆ زۆر دوور بوونی وە گومان کەوتووم. ڕاستی بێتواتی خۆی چی هەبوو؟ بەرهەمێک، وەستاکاری و پیشەسازی، شوینەوارێک، بۆ هیچت باس نەکرد؟

جگە لەوەش، ئایا بە ڕاستی خۆت بە تەنیا چووی بۆ لای بابی زێڕنۆکێ؟ بۆ خوازبێنی؟ خۆت کە وا دەڵێی. ئەوەندەی ئاگادار بم لە کۆنەوە هەتا ئێستاش وا باوە کە کۆمەڵێک رێش سپی و ژن ماقوڵ دەچن و داواکاری دەکەن. نەکا هەروەکوو چۆن لەوسەردەمانەدا ئەو دەقە مۆدێرن و تەنانەت پۆست مۆدێرنیشەت-لانیکەم تێکەڵ بوونی سێ ژانری موزیک، وێژە و سناریۆ- نیشان داین، خۆشت کەسایەتییەکی ڕچەشکێن و مۆدێرن بووی؟ تەنانەت پۆست مۆدێرنیش! هەروەکوو چۆن خۆت قاسیدی خۆت بووی و سەرت لە ئێمەش شێواند.

زێڕنۆک و مریەمۆکێ بە جووت دەچنە خڕنۆکێ
حەوت قەتاری وشتران ناردوومەتە کەرکووکێ
بارخانە و باری لێ کەن خالیس لە جلکی بووکێ
[ئەو بەشە لە گۆرانییەکە ببیسە]

واووو، واووو لەو دیمەنانە. لەو کۆتاییە بەهێز و داهێنەرانەیە. سێ ڕستە و هەزاران دیمەنی ناوازە. سێ رستە و سێ، نا ڕەنگە حەوت سکانس لە دوای یەک. نا، نا، قەتاری سکانسان. گەیشتنتن بە زێڕنۆکێ بە کۆتاییەکی ئاوا ناوازە،  پیرۆزە و هەزار جار پیرۆز. جگە لەو دیمەنانەی باست کردوون، بینەر دەتوانێت چەندین دیمەن و سکانسی جیاوازیت  لە زەینی خۆیدا بۆ چیرۆکی ئەوینداریت وێنا بکات.  زێڕنۆک مارە کراوە. لەگەڵ مریەمۆکێ توربێنێکیان بە شان و بە جلی کوردی ڕەنگاوڕەنگ لە داوێنی چیایەک بە لەنجە و لار و نارە نار بەرەو کۆکردنەوەی خڕنۆکان. زێر و دراوی بەرسینگی  و پەرەنگی گوارانی زێڕنۆکی، سەما لەگەڵ تیشکی هەتاو دەکەن و دەدرەوشێنەوە. دوو باڵا چنار ڕێ دەپێون. خڕنۆک ئەوڕۆ چ بەختەوەرن کە بەو دەست و پەنجە ناسک و شۆخ و شەنگانە دەچنرێن.

دەزانی لەمێژ بوو هەر وەمدەزانی خڕنۆک هەمان نۆکە و هەر دووکیان دەچن بۆ دەسکەنەی نۆکان؟ بەڵام وا نەبوو. خڕنۆک تەنیا وەکوو دەرمان بەکار هاتبوو. بنچکە گیایەکە و میوەکەی کۆ دەکرێتەوە. باشە خڕنۆک ئەوەندە داخوازی هەبووە کە دوو کەس یان چەندین کەسی دیکەش بچن کۆیان کەنەوە و بیانفرۆشن؟ ئایا ئەوەش بەشێک لە بازرگانی بابی زێڕنۆکێ بووە؟ ئەی بۆ زێڕنۆکێی ناردووە و کۆکردنەوەییان. خۆ ئەو کچە بازرگانە و پێویستی بەوە نەبووە. ڕەنگە هەر خۆی ویستبێتی لەگەڵ مریەمۆکێ ئەوڕۆ جوانی بە سرووشت ببەخشن و سەیران و گەشتێکیش بکەن.  هەروەکوو چۆن لە وەرزی جیاواز، کیژان و کوڕان دەچن بۆ کەنگر و گێلاخان، یان گێوژ و کرۆسکان و ترش و مازووان، ئاواش چووبن بۆ خڕنۆکان. هەم زیارەت و هەم تیجارەت.  بەڵام دیمەنەکەی جوانە و جوان. زێڕنۆکێ و مریەمۆکی دوور دەبنەوە. دوورتریش. کامێرا ئۆڤەر شاتە و دیمەنەکە بە دەسپێکردنی موزیکێکی شاد تاریک دەبێت. لە تاریکی دێنە دەرێ و دچینە دەشتی کەرکووک. حەوت قەتاری وشتران لە دەشتەکانی کەرکووکن. هێشتا ئاگری چاڵە نەوتەکان و دووکەڵی ڕەشیان تێدا بەدی ناکرێت. موزیکی شایی و هەڵپەڕکێش لە باکگراوندی بەردەوامە. دەچینە قەڵا و قەیسەرییەکانی کەرکووکێ. هەر جمەیان دێت. هەر جلی جوان ناوازەن دەبڕدرێن و قەد دەکرێن و دەخرێنە ناو سندووقان. کراس و کەوا و پشتێندی پەشمینەی هەمە ڕەنگ، کاڵۆشی ژنانەی جوان، مت و مووروو و هەزار و یەک شتی دیکە. هەر سندووقن باری وشتران دەکرێن و بە هەمان ڕێدا دەگەڕێنەوە. لە دوورەوە شاییە و چ شاییەک.

ئەی تۆ بۆ کاک سێمانی شاوەلە؟ [١] ئەگەر قاسیدی زێڕنۆکێ لە سەردەمانێکی لەمێژین و بێ دەرفەتی نەیتوانیبوو جگە لە چیرۆکەکەی هیچی دیکە تۆمار کات، ئەی تۆ بۆ ئەو غەدرە گەورەت لە ئێمە لە خۆشت کرد؟ ئەگەر ئەو ئەویندار بوو و لەتاو گەیشتن بە گراوییەکەی تەنیا باسی هەست و سۆزی کرد، ئەدی تۆ بۆ ئەو خزێنە گەورەیەت لە سینگت دا هێشتەوە و لەگەڵ خۆت بردتت؟ بە هەزاران شیعر ، مێلۆدی، بەستە، حەیران و بەیتی فۆلکلۆر؟ بڵێی قاسیدی زێڕنۆکێ خۆت نەبووبی؟ تۆ لە مامەشان. خۆ زێباری، خۆشناوەتی و بێتواتی ئەوەندە لە ئێوە دوور نەبوون کە بڵێین ئەو سەفەرە بە تۆ نەدەکرا. خۆت کوڕەئاغا بووی و توانای کڕینی هەموو ئەو شتانەت هەبوون کە لەو سێنایۆیەدا باست کردوون. ئەگەر ئەوەش ڕاست نەبێت، دەکرێت لانی کەم تێکست و سێناریۆیەکە هی خۆت بوون. یان ئەو چیرۆکەت لە باب و باپیرانەوە بۆ بەجێ مابن و ئاوا شارەزایانە داتڕشتۆتەوە؟ بۆ هێندە لە زانیاری بەخشێن و خۆ دەرخستن ترساوی؟ ئاخر خاکەڕاییش تا ڕادەیەک. چلۆن ئەو ستەمەت لەخۆت کرد کە تەنانەت هەڵبەستەکانی خۆشت بە ناوی فۆلکلۆر بدەی بە گۆرانیبێژەکان؟  خۆ تۆ ئەوەندە بوێر بووی پاشناوی “ئاغا” لە خۆت داماڵی و بە “کاک” بانگت بکەن هەتا بتوانی سەربەستتر بی. ئەی بۆ هەنگاوێکی بوێرانەتریشت نەدەناوە و ئەوە خەزێنە گەورەی ناو سینگت بە گۆرانی و موزیک بۆ تۆمار نەدەکردین؟ بەو دەنگە خۆشەتەوە. بەو پاشخانە دەوڵەمەندەوە. بەو هەموو مێلۆدییەی لە سینگ و مێشکت دابوون. بۆ نەبوویتە گۆرانیبێژ؟ هونەرمەند بوون چی لە سەرۆک عەشێرەبوون کەمتر بوو؟ تۆش دەتوانی وەکوو ماملێ و گۆرانبیژەکانی دیکەمان ببی بە سەرۆک دڵ. بۆ ئەوانەت تۆمار نەدەکردن؟  ئاخ، تۆمار. لەسەر کێشی کۆمار. ئای لە بێ کۆماری و ئای لە بێ تۆماری. تۆمار لە سینگ دا و کۆمار لە دڵ و هەردووش حەسرەت و داخ. دیسانیش سپاس بۆ زەین و سینگی بەرینت. هی تۆ و سۆفی سێمان و عەزیزی مارفی و بە هەزاران ژن و پیاوی دیکەمان کە بەشیک لە مێژووی دەوڵەمەندی زارەکیمانتان بۆ پاراستین. بەڵام تۆمارە کە دەمێنێتەوە. داخ، کۆمارە کە دەمێنێتەوە. دیسان سپاس کە هەمووتان بوونە پارێزەران و سەربازە ونەکانی گۆرانی و فۆلکلۆری کوردی. باشە بۆچی لانی کەم هۆنراوەکانی خۆتت چاپ و بڵاو نەدەکردنەوە؟ سەدان هۆنراوە کە دەکران ببن بە سەدان گۆرانی. ڕاستی چەند هەڵبەستە سێناریۆ دیکەت هەن؟ ئەو فۆڕمەت چۆن ناسی خاوەن “یەدی بەیزا”. [٢] کوان ئەو هەڵبەستە فۆلکلۆرانەی مامۆستا ماملێ بە کاتژمێران تێیاندا مات و حەیران ماوەتەوە. کوان ئەو هەموو بەرهەمانەی مامۆستا هێمن باسیان دەکات و تۆ وەکوو خزێنەیان ناودەبات؟

 کاک سێمانی شاوەلە، یادت سەوز و یادت هەرمان. دیارە منیش تووشی هەمان هەڵەی لێکدانەوەی مێژوو بووم کە تەنیا تۆزێک پێشتر یا پاشتر دەبینن. لە دەلاقەی ئەوڕۆوە دەڕوانمە مەڵبەندێک کە بە چەندین گوند و شاران ئەگەر خوێندەوارێکی تێدا هەڵکەوتبا. لە دەلاقەی ئەوڕۆ دەڕوانینە چاخێک کە نە خەبەرێک لە چاپی کتێب، نەکاسێت و ڤیدیۆهەبوو، نە لە مۆبایل و ژیری دەسکرد. تەنانەت ڕەنگ بوو چەند تۆمارکردن، گرتن و سێدارەشی بەدواوە با. تۆ و قاسیدی زێڕنۆکێ، جگە لە بیر و هزر، ئاواز و سینەتان، چیتان لەبەر دەست بۆ تا ئەو هەموو جوانییەمان بۆ تۆمار کەن؟ مافتانە ئێوەش پرسیارەکانتانمان بۆمان ئاراستە کەنەوە و لێمان بپرسنەوە، کە لەو هەموو جوانەییەی بۆتان بەجێهێشتین چۆنمان کلک وەرگرت و چیمان پێ زیاد کرد. مافتان هەیە پەنجە لە چاوانمان ڕاکەن و پێمان بڵێن کام نووسەر، هونەرمەند و سینەماکاری کورد خۆی گەیاندە ناخی ئەو جوانیانە و وەکوو هەوێن بەرهەمی سەردەمیانەی بەرهەمی نوێی لێ ئافراندن؟ قاسیدی زێڕنۆکی، وەرە یەخەی کچان و کوڕانمان بگرە، کە تۆ ئەو کات توانیت چیرۆکی ئەوینداریت بە هزری بەرینی کاک سێمان و گەرووی زێڕینی  ماملێدا بگەێینییەو ئەوڕۆ، ئەی گەنجانمان توانیویانە کام ئەوینی خۆیان تۆمار بۆ داهاتووی بنێرن؟

سەیوان سەعیدیان
دێسامبری ٢٠٢٤


پەڕاوێزەکان

[١] کرتە لەسەر ئەو دێرانە بکە و لەسەر کاک سێمان شاوەلە زیاتر بخوێنەوە

[٢] کرتە لەسەر ئەو دێڕانە بکە و وتەکانی هونەرمەند محەممەد ماملێ سەبارەت بە کاک سێمان شاوەلە ببینە

وێنەگری کاک سەیوان: دیاکۆ گەرمیانی


بابەتی پێوەندیدار