ئەمڕۆژانە کاک “موحیببی مەهابادی” وێنەیەکی بۆناردین کە لە ئاڵبۆمی بەڕێز “مەنسور شافیعی”یەوە وەریگرتبوو. [وێنەی ژمارە ١] ئەم وێنەیە کە بە وێنەیەکی بنەماڵەیی پۆلێن دەکرێت و تێیدا باوک و باپیر و مامەکانی کاک مەنسور وێڕای چەند کەسێکی تر تێیدا دەردەکەون. لە ناویان دا کەسێک دیارە کە وەک کاک مەنسوور شافعی دەفەرمێ، هونەرمەند و دەنگخۆشی زەمەنی خۆی، (مامسەعید ماملێ)یە
ڕێکەوتی ئەم وێنەیە نادیارە بەڵام، کە چاو لە ڕێکەوتی کۆچیدوایی خوالێخۆشبوو کاک “ڕەحمان شافیعی”(سەرماوەزی١٣٢٠هەتاوی – ١٣٤١زایینی) دەکەین کە لە لاپەڕە مێژووییەکان دا نووسراوەتەوە و باسی لێکراوە،[1] بۆمان دەردەکەوێت کە ئەم وێنەیە پێش پاییزی ساڵی ١٣٢٠ چرکێندراوە. خاڵی گرینگ ئەوەیە کە هونەرمەند (مامسەعید ماملێ)ش هەر لە ساڵی ١٣٢٠ دا کۆچیدوایی کردووە کەواتە، ئەم وێنەیە دەبێ لە کۆتا مانگ و ساڵەکانی تەمەنی هەردووک خوالێخۆشبووان کاک ڕەحمان شافعی و مامسەعید ماملێ چرکێندرابێت.
خاڵێکی تر کە لە وێنەکە دا زۆر خۆدەنوێنێ، شێوەی جل و بەرگەکەیانە کە لەبەریان دایە. ڕوونە کە ئەو جل و بەرگانە کوردی نین و دەرکەوتەی سیاسەتی (جل و بەرگی زۆرەملی/ کشف حجاب)ی ڕەزاشای پەهلەوییە کە بە بەژنی خەڵک بڕابوو، بەتایبەت ئەو کڵاوەی لەسەریانە کە بە “شەپکە” ناودێر بوو. بەو پێیە وا دەردەکەوێت ئەم وێنەیە لەو کاتەدا گیراوە کە هەیمەنەی نگریسی حکومەتی ڕەزاشا بەدیارەوە بووە بۆیە، ئەو جلانەیان لەبەر دایە.[2]
فاکتێکی تر کە ناکرێ باس نەکرێ، پێوەندی نێوان دوو بنەماڵەی شافعی و ماملێیە کە لە زەمەنی مامسەعیدی ماملێ و کاک حوسێنی ماملێ[3] دا گەیبوویە لووتکەی خۆی و ئەو تێکەڵاوییە وەها گەشەی کردبوو کە هەنووکەش ئاسەوارەکەی لەناو هزر و یادی ئەندامانی هەردووک بنەماڵە دا بە زیندوویی ماوەتەوە. ئەو پیوەندییە خۆی هەڵگری دەیان بیرەوەری خۆش و ناخۆش و دەیان ڕازی سەربەمۆرە کە باسکردنیان بە دەیان لاپەڕە لەخۆ دەگرێت. ئەو وێنەیە، ئەو ڕاستییە زیاتر دەردەخات و زیاتر دڵنیامان دەکات کە کەسی ڕاوەستاو لەلای چەپی وێنەکە، (مامسەعید ماملێ)یە.
پێشتر لە هونەرمەندی دەنگخۆش مامسەعید ماملێ، تەنیا یەک وێنە لەبەردەست دا هەبوو کە لەلایان هونەرمەند و نووسەری دەستڕەنگین “گیوی موکریانی”یەوە گیرابوو.[وێنەی ژمارە ٢] لە وێنەکە دا دەردەکەوێ کە لەلای ڕاستی خوالێخۆشبوو مامسەعید ماملێ، کوڕێکی بەناوی “هاشم” و لەلای چەپیشی کوڕەکەی تری بەناوی “محەممەد” دانیشتوون کە تەمەنی کوڕەکانی مامسەعید دەوری ٦ بۆ ٨ ساڵ دەنوێنن. بەو پێیە کە محەممەد ماملێ لەدایکبووی ساڵی (١٣٠٤هەتاوی – ١٩٢٥ زایینی)یە و لەو وێنەیەش دا تەمەنی دەوری ٨ ساڵانە دیار دەکات، کەواتە لەوانەیە ئەم وێنەیە لە ساڵی (١٣١٢ هەتاوی – ١٩٣٣ زایینی) چرکێندرابێ. گەر دەگەڵ ئەو وێنە تازەیەی مامسەعید ماملێش لێکی بدەینوە، وێدەچێت لە کۆتا ساڵەکانی ١٣١٨ یان ١٣١٩ یان ١٣٢٠ وێنەکە گیرابێ. وەک لە وێنەکە دا دەردەکەوێت، تەمەنی خوالێخۆشبوو مامسەعید ٦ بۆ ٩ ساڵ پیرتر دیار دەکات
ئێستا کە ئەم وێنە تازەیە دەرکەوتووە بۆ دڵنیابوونی زیاتر، وێنەکانمان پێشانی گەورە کەسانی بنەماڵەی ماملێ دا وەک بەڕێزان توبا ماملێ، کاک جەعفەر ماملێ، کاک عەزیز ماملێ و کاک عەبدوڵا ماملێ. بە کۆی دەنگ هەموویان ئەگەرێکی زۆریان دەربڕی کە دووهەم کەسی ڕاوەستاو لە چەپەوە (مامسەعیدی ماملێ)یە.
ئەو کەسانەی کە لە وێنەکەدا دەناسرێنەوە ئەوانەن:
- دانیشتوو لە چەپەوە کەسی دووهەم خوالێخۆشبوو (میرزا ڕەحمان شافیعی)
- دانیشتوو لە چەپەوە کەسی سێهەم خوالێخۆشبوو (میرزا ڕەحمەت شافیعی)
- ڕاوەستاو لە چەپەوە کەسی دووهەم خوالێخۆشبوو (مامسەعید ماملێ)
زۆر سپاس بۆ کاک مەنسوور شافیعی و کاک موحیب مەهابادی بۆ زیندووکردنەوەی ئەم وێنەیە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین.
مەڵبەندی هونەریی ماملێ
26/07/2019
سەرچاوەکان:
[1] پەڕتووکی: بەسەرهات و بیرەوەرییەکانی رەحمان قازی – بە قەڵەمی: ناسر قازی
پەڕتووکی: خاطرات پرماجرای دکتر آسۆ
پەڕتووکی: ئاڵەکۆی – بیرەوەرییەکانی غەنی بلوریان – کۆکردنەوە و ئامادەکردنی: حامید گەوهەری
پەڕتووکی: تاریخ مهاباد، سید محمد صمدی، انتشارات رهرو مهاباد
بەشێک لە بیرەوەرییەکانی دوکتور عەبدوڵا ئەبریشەمی کە لە فەیسبووکی خۆیان بڵاوی کردۆتەوە.
[2] دەوڵەتەکانی شۆڕەوی و ئینگلیس لە ١٠ی خەرمانانی ١٣٢٠ه/١٩٤١ز ئێرانیان داگیر کرد و حکومەتی ناوەندی چ دەستەڵاتێکی بەسەر ناوچە داگیرکراوەکاندا نەما. پاشی نەمانی دەستەڵاتی ئەو ڕژێمە ئیتر خەڵک شەپکەیان لەسەر فڕێ دا و جل و بەرگی پیرۆزی کوردی دەبەرکرانەوە. بڕواننە پەڕتووکی: جمهوری ١٩٤٦ کوردستان – نووسینی ویلیام ئیگڵتۆن – وەرگێڕانی: سید محمد صمدی ل: ٢٩، ٣١
[3] خوالێخۆشبوو کاک (حوسێن ماملێ) کوڕی گەورەی خوالێخۆشبوو (مامسەعید ماملێ)یە و یەک لە هونەرمەند و هەرە دەنگخۆشەکانی بنەماڵەی ماملێ بوو کە خوالێخۆشبوو (محەممەد ماملێ) بە مامۆستا خۆی ناوی دەبرد