Skip to content

مێژووی وێنەکەی م. ماملێ بە چەکەوە

شاراوە نییە کە هەست و خەباتی نەتەوایەتی لە هونەر و ژیانی ڕۆژانەی هونەرمەند محەممەدی ماملێ دا، ڕەنگی داوەتەوە و میللەتەکەشی بە هونەرمەندێکی نەتەوەیی دەیناسن. ماملێ جگە لەوەی بە کردەوە لە خزمەتی بزاڤی ڕزگاریخوازانەی گەلی خۆیدا بووە و لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا (١٩٤٦ز) پێشمەرگەی ئەو کۆمارە بووە؛ لە ڕژێمی پاشایەتیدا جارێک بە هۆی پارستنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان گیراوە (ساڵی ١٩٤٧ز)[1]، جارێکیشیان لە ساڵی (١٣٤٧ه – ١٩٦٨ز) بە هۆی ئەندامێتی نهێنی و لە هەمانکاتدا هاوکاری کۆکردنەوە بۆ حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران و هەروەها گوتنەوەی گۆرانی سیاسی ( بەتایبەت گۆرانی لای لایە)، حوکمی ئێعدام و زیندانی بۆ بڕاوەتەوە کە لە سێبەری تێکۆشانی بەڕێز حەسەن ئاغای مەعڕووفی (حەسەن ئاغای کۆسەکەرێز) حوکمەکەی لە ئێعدامەوە بوو بە زیندان و پاش تێپەڕبوونی دەوری ساڵێک لە زیندان ڕزگار کرا.[2]، [3] لە سەردەمی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێرانیشدا (١٩٨٠ز) بە تاوانی هاوکاریکردن و هاودەستی دەگەڵ حیزبی دیموکڕات گیرا و بە ئێعدام حوکم درا کە لە لایەن کوردی قارەمانی وەک مامۆستا حامید ڕەشید زەرزا کە دادوەری ئەو سەردەم بوو حوکمەکەی پوچەڵ کرایەوە و ئازاد کرا.[4]  لە ساڵی ١٩٨٢ی زایینیدا کوڕێکی بە ناوی نەجات کە لاوێکی ١٧ ساڵان بوو دوای ٦ مانگ ئەشکەنجەدانێکی نامرۆڤانە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە وێڕای پۆلێکی ٤٥ کەسی لە لاوانی شاری مەهاباد لە سێدارە درا.[5]  

ئەوانەی لە بان باسیان لێوە کرا تەنیا لۆیەکی زەقی ژیان و خەباتی م. ماملێ‌یە کە پێشاندەری ئاستی بیر و باوەڕیان بووە بۆ کێشەی نەتەوەکەیان. مێژووی هونەریی ئەو هونەرمەندە بە دەیان ئاسەواری هونەری تێدا بەدی دەکرێ کە سەلمێنەری ئەوەیە کە ماملێ هونەرەکەشی وەک خەباتێکی نەتەوەیی چاو لێکردووە و ژیانی خۆی لە پێناو داناوە.

مامۆستا هێمن موکریانی لە هەمان مەراسیمدا بە کامێرایڕۆژنامەوانی ئاڵمانی یای هێلا شلۆمبێرگێر و لە ئاڕشیوی کاک ڕەحامن حاجی ئەحمەدی

ڕۆح و ڕێبازی ماملێ هونەری بووە و هیچکات دەگەڵ چەک تاوێتە نەبووە، بەڵام بەردەوام خۆی بە (خاکی بەر پێی تێکۆشەرێکی کورد)[6] زانیوە و چکی سەر شانی پێشمەرگەی بە شەڕافەت و کەرامەت پێناسە دەکرد.

لە ڕۆژی ١٦ی ئاوستی ٢٠٢٣ بەرانبەر بە ٢٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢ مێدیاکار کاک سیاوەش گودەرزی لە ئاڕشیوی بەڕێز کاک ڕەحمان حاجی ئەحمەدی وێنەیەکی لە م.ماملێ بڵاو کردەوە کە دەنگدانەوەیەکی ئەوتۆی هەبوو. ئەوەی وێنەکەی جیاواز دەکرد، تفەنگێکی کڵاشنیکۆف بوو کە بە دەستی چەپی ئەو هونەرمەندەوە بوو. ئەوە یەکەمجارە کە وێنەیەکی لەو چەشنە لەو هونەرمەندە بڵاو بکرێتەوە کە بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و خوێنبەخشینی پێشمەرگەی کوردستان، لە کاتی چڕینی گۆرانیدا چەکی شەڕەف بە دەستەوە بگرێت و دڵی هاونیشتمانیانی خۆی خۆش بکاتە و ورەیان بەرز ڕابگرێ.

هەوڵمدا تا بە شوێن ئەو وێنەیەدا بچم و زانیاری زیاتری لەسەر کۆ بکەمەوە، لە ئەنجامدا ئەو زانیارییانە هاتە دەستم و گەر لە داهاتوودا زانیاری زیاتریشم دەست بکەوێ، ناوئاخنی باسەکەی دەکەم:

ئەو وێنەیە لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دژ بە ڕژێمی پاشایەتی چرکێندراوە، شوێنەکەی بە دڵنیاییەوە ساڵۆنی نمایشی (خانە جوانان) واتە (ماڵی لاوانە) لە مەهابادە کە پاشان بوو بە بنکەی سپای پاسداران  ئەو مەراسیمە بە بۆنەی ١٠ خاکەلیوە ٣١مین ساڵی لەسێدارەدانی پێشەوای موعەززەمی کوردستان و هاورێکانی بەڕێوە چووە و تێیدا م. هێمن موکریانی شیعری خوێندۆتەوە و م. ماملێ و هونەرمەندی شەهید جەماڵی موفتی گۆرانییان چڕیوە. گۆرانییەکانی م. ماملێ بریتی بووە لە گۆرانی :ئەختەر و بەهاری زەرد.

گۆرانی (ئەختەر کیژی کوردی چاو مەست – ئەی پێشمەرگەی تفەنگ بە دەست) کە پەویوەستە بەو وێنە و مەراسیمەوە
گۆرانی بەهاری زەرد. ئەو گۆرانییە پەیوەندی بە مەراسیمی وێنەکە نییە. لە مەراسیمێکی ترەوە وەرگیراوە.

هەندێک بیر و ڕای جیاوازیان لەسەر ئەو وێنەیە هەیە و پێیان وایە کە بۆنەیەکی ترە هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوە کە دوای ئەوەی کۆماری ئیسلامی، کوردستانی داگیر کرد گشت وێنە و ئاسەواری ئەو ڕۆژە خۆشانەی کە گەل بە ئازادی هەناسەی دەدا، فەوتێندران تا نەکا ببێتە بیانوویەک بۆ پاسدارەکان و بکەونە گیانی خەڵک. بۆیە لە هیچ کوێ ئەو مەراسیمە و دەیان مەراسیمی لەو چەشنە کە شانازیی ئەو ڕۆژە گەشانە بوون، شوێنەواریان نییە.  

لەو مەراسیمەدا کاتێک کە م. ماملێ دەچتە سەر ستێیج، پێشمەرگەیەکی خوێن گەرم و پڕ لە هەست دەچێە لای ماملێ و ئەو چەکەی لە دەستی دەنێت و ماملێش وەک ڕێز و وەفا و شانازییەک، بە چەکەکەوە گۆرانی دەچڕێ.

ئەو دیاردەیە لەلایەن گشت کەسانی ناودارەوە پەیڕەو دەکرێت و بۆ ورەبەخشین و ڕێز گرتن لە خەڵک یا لایەنێک یا ئتنێکێکی تایبەت، وا هەیە بە لەبەر کردنی جل و بەرگی تایبەتی ئەوان یا بەشداری کردن لە بۆ بۆنەیەکی تایبەتیان یا ئاخەفتن بە زمانی ئەوان، یان ڕێز دانان بە کولتووریان، هاوسۆزی و ڕێز پێشان دەدەن. لێرەدا کە م. ماملێ هیچکات خۆی لە ئێش و ئازارەکان و هەروەها لە شادی و شینی گەلەکەی خۆی جیا نەکردۆتەوە بە شانازییەوە چەکی پێشمەرگەی هەڵگرتووە و ڕێزی لە خەباتی ئەو قارەمانانە گرتووە.  

(وەک دەڵێن) لە مەراسیمی یادی ٢٥ی گەلاوێژ لە دانیشسەرای کچانی مەهاباد دا بە هەمان شێوە پێشمەرگەیەک چەکەکەی دەباتە سەر ستێیج و دەدات بە م. ماملێ بەڵام ئەو وێنەیەی کە ئێستا دەیبینن هیچ پێوەندییەکی بە مەراسیمی ٢٥ی گەلاوێژ نییە لەبەر ئەوەی مانگی گەلاوێژ لە هاوین دایە و مانگی خاکەلێوەش یەکەم مانگی بەهارە. کە هێشتا سەرما تەرکەوڵاتی نەکردووە و وەک دەبینن لە وێنەکەدا ماملێ بە جلی زستانییەوە بەشدارە تەنانەت لە وێنەیەکی تردا هەر لەو مەراسیمەدو بە ڕوونی دەردەکەوێ کە خەڵکەکەش بە کاپشێن و جلی زستانییەوە بەشدارن.

لەو مەراسیمەدا تەنیا دوو کەس کامێرای وێنەکێشانیان پێ بووە کە وەک لە بان باسمان کرد یەکیان کاک ڕەحمان حاجی ئەحمەدی بووە کە لە ئاڵمانەوە دەگەڵ خانمە ڕۆژنامەڤانی ئاڵمانی هێلا شلوومبێرگێر (Hella Schlumberger [7] هاتبۆوە مەهاباد و یەکیشیان کاک کەریم حیسامی بوو کە لە بوڵغارستانەوە هاتبۆوە. کاک کەریم یەک لە بەشداربووانی ئەو مەراسیمە بووە و وتاری پێشکەش کردووە لە بەرگی نۆهەمی بیرەوەرییەکانیدا دوو وێنەی لەو مەراسیمە داناوە کە یەکیان مامۆستا هێمن موکریانییە و سەرکڵاوەی لەسەر و ئەوەی تریان م. ماملی‌یە لە هەمان شوێن، بەڵام لە سۆنگەییەکی ترەوەیە. لە ژێرەوە لە بەشی ئاڵبۆمەکاندا وێنەکانم داناوە. گەر سەرنجی وێنەکانی تری ئەو بەرنامەیە بدەن، دەبینین کە لە پشت سەری م. ماملێ تابڵۆیەکی گەورە لە پێشەوای کوردستان داندراوە و دوو لەوحی گەورەش لەو دوو لای وێنەکەش هەڵاوەسراون کە تەنیا لە یەک وێنەکاندا چەند وشەیەک دەخوێندرێتەوە کە وا دەردەکەوێ لە وتەکانی پێشەوای گیانبازی کوردستانە.

ڕەنگە کەسانێک هەبن کە زانیاری زیاتریان لەسەر ئەو وێنەیە هەبێت و پێوەندیمان پێوە بگرن و زانیارییەکانیان کارتێکەری بنەڕەتی لەسەر مێژووی ئەو وێنەیە دابنێ کە بە خۆشحاڵییەوە دەگەڵ ئەو زانیارییانە لێکیان دەدەینەوە.

ڕەنگە کەسانێک هەبن کە زانیاری زیاتریان لەسەر ئەو وێنەیە هەبێت و پێوەندیمان پێوە بگرن و زانیارییەکانیان کارتێکەری بنەڕەتی لەسەر مێژووی ئەو وێنەیە دابنێ کە بە خۆشحاڵییەوە دەگەڵ ئەو زانیارییانە لێکیان دەدەینەوە.

بە سپاسەوە

وریا ماملێ

18.08.2023


[1] بڕواننە ئەو بابەتە https://mamle.net/archives/12510

[2] بڕوانە ئەو بابەتە https://mamle.net/archives/13154

[3] بڕوانە ئەو بابەتە  https://mamle.net/archives/10191

[4] بڕوانە ئەو بابەتە https://mamle.net/archives/13154

[5]  بڕوانە ئەو بابەتە https://mamle.net/archives/10421

[6]  https://youtu.be/v5PCm1gTB5E

[7] بڕوانە وتووێژێکی ڕۆژنامەوانی ئاڵمانی بەڕێز هێلا شلوومبێرگێر (Hella Schlumberger) کە بەرێز جەعفەری حەسەنپوور وەریگێڕاوەتە سەر کوردی https://mamle.net/archives/8995

بابەتی پێوەندیدار