لە بابەتی پێشوودا باسمان لە بەکارهێنانی دونیای سۆسیال مێدیا کرد کە بەداخەوە لەلایان هەندێک پەیج و کاناڵ یان کەسی تایبەت (بەناو نووسەر) بە خەراپی کەڵکی لێوەردەگیردرێت و زانیاری هەڵە بە زۆر بابەت، مژار، فیلم، دەنگ، و وێنە دەلکێندرێت کە بە هەر بارێکدا لێکیدەینەوە چ قازانجی بۆ هیچ لایەک نییە. ئیتر لەبەر چی ئەو هەڵانە دەکرێن؟ ناڕوونە!
بۆ نموونە گەر وێنەیەک ئی مامۆستا حەسەن زیرەک نەبێ و بە هەڵە بە خەڵک بگوترێ کە ئەوە وێنەی مامۆستا زیرەکە بە دڵنیاییەوە نە مامۆستا زیرەک پێی گەورە دەبێتەوە نە بچووک، نە پێویستیشی بەو کارە هەیە چوون، مامۆستا زیرەک وەک ئەستێرەیەکی گەش لە ئاسمانی هونەردا دەدرەوشێتەوە، تەنانەت ڕەنگە گەر بۆخۆیان لە ژیاندا مابان، بەو کارە ڕازی نەبووبا.
لەلایەکی تریشەوە نە خاوەنی وێنەکەی پێ گەورە دەبێتەوە و نە لە دڵان خۆش دێت کە وێنەی ئەو چەواشە بکرێت و زانیاری هەڵەی پێوە بنووسێت و مافی خاوەن وێنەکە پێشێل بکرێت.
لە هەمووشی گرینگتر ئەوەیە کە بەردەنگی کورد و هۆگری دەنگی ئەو مامۆستا گەورەیە، لە خشتە ببردرێت و وێنەی کەسێکی تر لە جیاتی وێنەی مامۆستا زیرەک پێشانییان بدرێت. ئەو کارە ڕێک دەکەوێتە خانەی بێڕێزی کردن بە شعور و هەستی عاشقانی هونەر بەگشتی و لایەنگرانی مامۆستا زیرەک بەتایبەتی.
ئیتر گرینگە کە هەموو مرۆڤەکان لەئاست ئەو چەشنە کارانە هەست بە بەرپرسیارەتی بکەن و بە چاوکراوەیی و بە پشتئەستووربوون بە زانیاری و بەڵگە، وێنەی کۆن و مێژووییەکان بڵاو بکەنەوە.
لە درێژەی ساغکردنەوی مێژووی چەند وێنەیەک کە پێشتر بابەتێکمان لەسەر نووسی، ئەوجارە مێژووی ئەو وێنەیە(وێنەی ژمارە یەک) ساغ دەکەینەوە کە دەمێکە بە وێنە مامۆستای گەورەی کورد مامۆستا حەسەن زیرەک قەبڵاوە و دنگی مامۆستا زیرەکیان لەسەر داناوە و لە سۆسیالمێدیا بڵاو دەکرێتەوە بەڵام، مامۆستا حەسەن زیرەک نییە.
لە ڕاستیدا ئەو وێنەیە کە لە ڕێکەوتی ٢٣/٠٩/١٣٤٨ بە بۆنەی ڕۆژی (دایک) لە تالاری فەرهەنگ لە شاری مەهاباد هەڵگیراوە ئەو کەسانە تێیدا دەردەکەون کە بە خۆشییەوە زۆربەیان لە ژیاندا ماون.
لە چەپەوە بەڕێزان: جەعفەر مینایی ، عەبدوڵا ماملێ، ئاغای ڕەخشان (دەبیری فیزیک بووە)، عومەری مینایی و جەعفەر شێخ مەجیدی.
ماکی ئەو وێنەیە(وێنەی ژمارە دوو) ئێستاش لە ئاڵبۆمی بەڕێز کاک عەبدوڵا ماملێ هەر پارێزراوە و لە پشت وێنەکە بە دەستنووسی خۆیان ڕێکەوت و مێژووی وێنەکەی لەسەر نووسیوە.
کاک عەبدوڵا ماملێ سەبارەت بە مێژووی ئەو وێنەیە ئاوای بۆ باس کردین:
(ئەوکاتی مەهاباد فەرماندارێکی هەبوو عەجەم بوو. بە هۆی داب، بەرپرسە غەوارەکان لە مەهاباد خۆشەویست نین. بابیشم “محەممەدی ماملێ” هیچکات خۆی لە دەستەڵات نیزیک نەدەکردەوە و بگرە بە دژیشیان تێکۆشانی دەکرد. سەر و بەندی ڕۆژی دایک لە ئێران نیزیک دەبوویەوە. ژنی ئەو فەرماندارە بەرپرسی بەڕێوەبردنی مەراسیمی ڕۆژی دایک بوو. چەند ڕۆژێک پێشتر هاتە ماڵمان و بەوپەڕی ڕێزەوە داوای لە بابم کرد کە بۆ ڕۆژی دایک بەشداری مەراسیمێک بێت کە لە تالاری فەرهەنگ بەڕێوە دەچێت. بابم کە هەردەم بە کردەوە پێشانی دابوو کە چەند ڕێز بۆ ژنان و تەنانەت ڕێز بۆ پلە و پایەی دایک هەبووە* بەڵام، نەیدەویست هاوکاری ئەو بەرپرسە غەوارانە بکات کە هاتبوونە مەهاباد و دەستیان لە جەزرەبە و ئازاری خەڵکدا هەبوو. هەرچەندی بابم بیانووی دەهێنایەوە بەڵام، ئەو ژنە دەستبەردار نەبوو. بابم گوتی: ئەوە عەبدوڵای کوڕم دەنێرم لە جیاتی من گۆرانییان بڵێ. ژنە زۆر زیرەکتر بوو و گوتی:
زۆرمان پێخۆش دەبێ با ئەویش گۆرانی بڵێت و ئێوەش گۆرانییەک بڵێن. خولاسە ئەو ژنە دەستی هەڵنەگرت و بابم تەنیا قەولی یەک گۆرانی پێدا و گوتی: گۆرانی تریشتان گەر بوێ ئەوە عەبدوڵا بۆتان دەڵێ. بابم هات و گۆرانی خۆی گوت و ڕۆییشت و منیش دوو گۆرانیم بۆ گوتن کە ئێستا دانی پێدادەنێم کە زۆر خەراپم گوت. کە هاتمەوە ماڵێ گوتم بابە خەراپم گۆرانییەکە گوت، لە وەڵامدا گوتی: کێشە نییە، هەمووکەس یەکەم جار کە لە بەرانبەر خەڵک گۆرانییان دەڵێ، کەمێک دەشڵەژێ بەڵام، لە داهاتوودا چاکتر دەبی و دەبێ ڕابێی و نابێ ئەو شتانە ساردت کاتەوە. بەداخەوە ئێستاش نازانم بۆ وێنەی بابم لەو مەراسیمە نەگیراوە بەڵام وێنەی من گیراوە؟ یان وێنەی بابم گیراوە و من ئاگادار نیم).
بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتری بابەتەکە لە ژێرەوە وێنەیەکی تر(وێنەی ژمارە سێ) لە ئاڵبۆمە تایبەتییەکەی کاک عەبدوڵا ماملێ دادەنێین کە وێنەکە لە شوێن، کات و زەمەنێکی جیاوازتر چرکێندراوە. ئەم وێنەیە لە دەبیرستانی پەهلەوی لە شاری مەهاباد هەڵگیراوە بەڵام، بە چەند ڕۆژ یا مانگ فەرقەوە. ئەو وێنەیە یارمەتیدەرمان دەبێ لە زیاتر ڕوون بوونەوەی وێنەی یەکەم. گەر سەرنج بدەن وێنەی کاک عەبدوڵا ماملێ ڕوونتر دیارە. (کەم و زۆر) بە هەمان جل و بەرگ و بە هەمان شێوەی ڕاوەستان کە دەستەکانی لێک گرێداوە. دەست گرێدان و جل و بەرگەکەی و شێوەی ڕاوەستانی ڕێک وەک ئەو وێنەیەی سەرەوە (وێنەی ژمارە یەک) وایە کە بە خەڵکیان گوتوو ئەوە مامۆستا زیرەکە. هەروەها مامۆستا جەعفەر مینایی بە ڕوونی دەردەکەوێ بە ڤیۆڵۆنەکەیان و بە هەمان شێوەی ڕاوەستانی بەڵام، بە جلێکی هەندێک جیاواز.
ئەو وێنەیەش (وێنەی ژمارە چوار) هەر هەمان ئەو کەسانەی سەرەوەن کە لە وێنەی ژمارە یەک دیارن بە جل و بەرگێکی جیاوازتر و لە ڕێکەوتی ٣٠/١١/١٣٤٧ بە بۆنەی جێژنی ئەنجومەنی ئەدەبی لە دەبیرستانی پەهلەوی لە شاری مەهاباد هەڵگیراوە. کە کاک عەبدوڵا ماملێ بە دەستی خۆی ئەو زانیارییانەی لە پشتی وێنەکە نوسیوە.
لە چەپەوە: جەعفەر مینایی، عەبدوڵا ماملێ، جەعفەر شێخ مەجیدی.
*یەکەم عەولادی محەممەدی ماملێ کچێکە بە ناوی (فاتم) کە بە خۆشییەوە ئێستاش لە ژیاندا ماوە. وەک ماملێ باسی دەکرد: ( ئەو سەردەمی کە تازە ژنم هێنابوو. ئەوەندە ڕووداوی ناخۆش بەسەر بنەماڵەماندا هات کە چێژم لە ژیان و لە بنەماڵەم و لە منداڵەکانم نەبینی و نازانم کچەکەم چۆن گەورە بوو و چۆن مێردی کرد و نەمتوانی پڕ بە دڵ خۆشەویستییان پێشکەش بکەم).
ماملێ زۆر حەزی دەکرد کچی ببێت کەچی، هەر کوڕی دەبوو. لە پاشان بوو بە بابی دوو کچان بە ناوەکانی (بەیان و سنەوبەر) کە هەر بە منداڵی و لە تەمەنی چەند مانگیدا دەمردن و کەسیش نەیدەزانی لەبەر چ هۆکارێک؟! ئیتر لە پاش زیاتر لە ١٥ ساڵان خودا کچێکی تری دایە بە ناوی (شەونم) کە بە خۆشییەوە ئێستاش لە ژیاندا ماوە. ئەوجارەیان بۆ ئەوەی ئەو کچەشی بە دەردی کچەکانی پێشووی نەچێ، کاردارێکی بۆ گرتبوو کە بەوپەڕی نازەوە گەورە بکرێت. خۆشەویستی ماملێ بۆ کچەکانی هەموو تایفەی ماملێ بە گشتی و کچەکانی خۆی بەتایبەتی، وێردی سەر زمانانە و لە خۆشەویسی دوو تاقە کچەکانی خۆی (فاتم و شەونم) شێعری مامۆستا گۆران بە ناوی (کچم)ی کردە گۆرانی کە ئەو سەردەم و لە کۆمەڵگایەکی داخراودا ئەو کارە زۆر دەگمەن بوو.
باسی یەکسانی ژن و پیاو لە ناو گۆرانییەکانی ماملێ دا بە هەراو دەبیندرێت و بۆ ئەوەی لەو باسە لا نەدەین لێرە باسیان ناکەین و هەڵیدەگرین بۆ کاتی خۆی.
هەر بژین
مەڵبەندی هونەریی ماملێ