Skip to content

“مرێم سابڵاخی”یەکەی ماملێ و تێبینییەک.

ئەم ڕۆژانە یای “مرێم ئاسفی ئەقدەم” کە ژنێکی ڕێزدار و شۆخ‌وشەنگی موکری بوو، لە شاری مەهاباد کۆچی‌دوایی کرد وخەم و پەژارەیەکی زۆری بۆ خزم و ناسیاوانی خۆی بەجێهێشت. ڕەوانیان شاد. سەرەخۆشی خۆم  و بنەماڵەم ئاڕاستەی گشت نیزیکانی ئەم کۆچکردوویە دەکەم وهیوای تەمەندرێژیم هەیە بۆ دڵسۆزانی ئەم کۆچکردووە.

پاش کۆچی‌دوایی‌کردنی یای مرێم لە لایان بەشێک لە کەس‌وکاری ئەم هێژایەوە هەندێک زانیاری هەڵە بڵاو کراوەتەوە کە دەڵێن ماملێ گۆرانی “مرێم سابڵاخی” بۆ ئەم خاتوونە خوێندووە.

ئەم گفت و باسە بووەتە هۆی ئەوەکە خەڵکانێکی زۆر بە شێوەی جۆراوجۆر پێوەندی بە خۆم و بنەماڵەمەوە بکەن تا زیاتر لەسەر ئەم بابەتە بزانن.

سەرەڕای ئەوە کە ڕاستییەکان زۆر ڕوون و ئاشکران بەڵام، ناچار مام بەدواداچوونێکی زیاتر بۆ ئەم گۆرانییە بکەم و لە سەرچاوە باوەڕ پێکراوەکان پرسیار بکەم تا بە شێوەیەکی ساکار و لۆژیک راستییەکان بۆ ڕای گشتیی دەربخەم.

capture5-23-2016_71026_PM
خوالێخۆشبوو مرێم ئاسفی ئەقدەم

سەرەتا، هەموو کەس سەربەستە کە خۆشەویستانی خۆی بە ناوی “مرێم سابڵاخی” ماملێ یا “مرێم بۆکانی” مامۆستا زیرەک یا “ست فاتمە”ی مامۆستا ئەحمەد هەردی یا “شیرین”ی مامۆستا وەفایی یا “جوانی بێناو”ی مامۆستا گۆران گاز بکەن.

 ئەوەی ڕوون و ئاشکرایە “مریەم سابڵاخی”یەکەی ماملێ ناوێکی شاعیرانە و خیاڵی بووە کە لە فۆڵکلۆری کوردی دا ئەوکات باو بووە و هەنووکەش لە بەرهەمی هونەرمەندانی هاوچەرخ دا وێنەیان بە لێشاو دەست دەکەوێت.

بە پێی ئەو زانیارییانەی دەستم کەوتوون، لانی‌کەم  تەمەنی گۆرانی “مرێم سابڵاخی” لە ٨٠ ساڵ زیاترە و  ماملێ‌ یەکەم کەس بووە کە ئەم گۆرانییەی سەرلەنوێ چڕیوەتەوە. بە هۆی ئەوە کە لەبەردەست دا نییە کە کێ شێعرەکانی داناوە؟ یا کێ ئاوازەکەی ساز کردووە؟ بۆیە دەرناکەوێت کە مەبەست لە مرێم کێیە یا کامە مرێمە؟ بە داخەوە ماملێ‌ش لە ژیان دا نییە تا زانیاری زیاتری لێ وەربگرین. هەر بەم هۆکارانەوە ئەم ئاوازە وەک گۆرانییەکی فۆلکلۆری پۆلێنبەندی دەکرێت.

دیسانیش بە پێێ ئەم زانیارییانەی کە دەستم کەوتووە تەمەنی یای “مرێم ئاسفی ئەقدەم” کە بانگەشەی بۆ دەکرێت کە هەمان “مرێم سابڵاخی”یە کە ماملێ ئەم گۆرانییەی بۆ ئەو  گووتووە، لە نێوانی ٧٥ تا ٨٠ ساڵان بووە. کەواتە ئەم گۆرانییە یا پێش ئەوەی کە یای “مرێم ئاسفی ئەقدەم” لە دایک بووبێت گووتراوە یا ئەو کاتە گووتراوە کە تەمەنی یای “مرێم ئاسفی ئەقدەم”  لە پێنج ساڵ واوەتر نەچووە، بۆیە بە هیچ چەشنە بیرکردنەوەیەک، لە دوور یا نیزیک، ئەم گۆرانییە هیچ پێوەندییەکی بەم یایەوە نییە.

لە لایەکی تریشەوە بەڵگە هەیە کە یای “مرێم ئاسفی ئەقدەم” بۆخۆی حەزی کردووە کە پێێ بگووترێت “مرێم سابڵاخی”. بۆیە  دوور نییە کە لە لایان نیزیکانی ئەم بەڕێزەوە و لە ناو بنەماڵەی خۆی دا بە “مرێم سابڵاخی” گازیان کردبێت. کە ئەم خاڵە ناتوانێت ئەوە بسەلمێنی کە ماملێ ئەم گۆرانییەی تەنیا و تەنیا بۆ ئەم یایە چڕیوە.

ئەم بیرکردنەوەیە زۆر تەسکە گەر بڵێن ماملێ و هونەرمەندانی تر دەبێ دڵدارییان لەگەڵ هەموو ئەو کەسانە کردبێت کە لە گۆرانییەکانییان دا ناوی هێناون.

گەر دەپرسن ئەدی ئەو هەموو گۆرانییە کە بە زارا، نەسرین، فاتم، ئایشیلێ، … چین؟
دەبێ لە وەڵام دا بڵێم کە ئەم گۆرانییانە زۆربەیان فۆلکلۆرن و ماملێ و هونەرمەندانی تر، وەک هونەرمەندێکی دەروەست. ئەرکییان هەبووە و هەیە کە ئەم گۆرانیانە بۆ نەتەوەی خۆیان بە زیندوویی بهێڵنەوە کە بێگوومان گۆرانی “مریەم سابڵاخی”ش دەگەڕێتەوە بۆ سەر ئەم چەمکە.
لانی کەم ئەو ڕاستییە لە شێوەی کاری ماملێ دا بە زەقی خۆ دەنوێنێ کە تەنانەت گەر گۆرانییەکیشی بە ناوی ئافرەتێک ساز کردبێت، ڕوون و ئاشکرایە کە ماملێ ئەو ناوەی کردۆتە هەوێنی گۆرانییەکەی خۆی و مەبەستی هیچ کەسێکی تایبەت نەبووە.

بە سپاسەوە
وریا ماملێ

بابەتی پێوەندیدار