“محەمەدی ماملێ”
چی لە یادی چیدا بڵێم؟
کەسێک کە
تا بەردێک بە چیاکانی زاگرۆسەوە مابێت،
تا ئاوێک لە کوردستاندا بڕوات،
تا چڵی دارێکی بلەرێتەوە،
تا دڵی عاشقێکی لێ بدات،
ئەوکەسە کە ناوی ماملێیە،
زیندووە .
چی بکەم؟
ناتوانم بە سیمفۆنییەکی وەکو ئەوەی،
چوار وەرزی ڤیڤالدی هەموو چیرۆکی کورد،
هەموو رووحی نەتەوەی کورد،
لە دەنگی ماملیدا پێ باسبکەم :
مەم و زین و ستی و تاژدین تێدا بن،
رووحێکی کوردی
دوای سەدان هەزار قوربانی باس بکەم،
کە تێدا لەش رۆیشت بەڵام،
رووحەکە خۆی لە دەنگی ماملێدا مایەوە و
بۆ هەمیشە شەپۆل دەداتەوە و دەڵێت:
من نەتەوەیەکی عاشقی ژیانم و ناتوانن لەناوم بەرن …
تا تاژدینێک لەم نەتەوەیەدا
سەری لەسەر رانی ستییەک دابنێت،
ماملی لەگەڵیدا زیندووە،
ئەوەی دەڵیت وەرە با بچینە ناو شلێران
ماملێی لەگەڵدایە،
تەنانەت کە شاهین و شلێرێک،
لەبەر رەشماڵی رەوەندێک،
شەڕیان دەبێت لەسەر دەنکێک زەنگیانە،
ماملێیان لەگەڵدایە .
ماملێ قەدەرێکی رووحی نەتەوەی کوردە،
دوای کۆچی،
لەشی خۆی و هەزارانی دوای خۆی و،
تا شتێک لە دنیادا بە ناوی کورد
وجوودی مابێت،
ئەوا ماملێ دەمێنێت.
ماملێ گیان،
ئەمەی دەیڵێم کلیشەی گوتراو نیە،
ئەمە لە قووڵایی دڵمەوە و
بە فرمێسکێ کە بۆم راناگیرێت دەڵێم :
تۆ ئێجگار زۆر لەوە گەورەتری کە بتوانم هیچ لەبارەتەوە بڵێم،
چیم لە باسی بەرزی و پیرۆزیی رووحی نەمری تۆدا بۆ دەگوترێت
جگە لەوە کە بڵێم:
تۆ ” ماملێ”یت و،
لووتکەی لەوە بەرزتر لە رووحی ژیان و دڵی ئەڤینی کورددا ناناسم.
ئەوە ئێمەین هەموومان کە دەڕۆین و،
ئەوە تۆیت کە دەمێنیتەوە،
گوڵی ژیان و ئەڤین
لە نەتەوەکەتدا
بە دەنگت دەگەشێنێتەوە.
شاد بە ماملێ،
هەمیشە زیندوو،
هەمیشە رەمزی شانازی .
نووسینی:
شێرکۆ هەژار موکریانی