ماوەیەک بەر لە ئێستا مژارێک و چەند بەرهەمێکی هونەرمەند کاک «خۆشناو روستایی»مان پێشکەش کردن. لاوێکی کۆڵنەدەر کە جیا لە خزمەتێکی زۆری کە بە هونەری کوردی کردووە، چەند بەرهەمی مامۆستا «محمد ماملێ»شی نوێژەن کردۆتەوە. هونەرمەند چووە ناو ناخی ئاوازەوە. هەستی بە فۆلکلۆری کوردی دەبەخشێ. نزم و بەرزی مێلۆدییەکانی مۆسیقای جوانتر نەخشاندووە و کۆڵەکەی وە بەر تاقی داراویی بەرهەمە کۆنەکان داوە.
حەیران یەک لە چەشنەکانی گوتنەوەی ئاوازی کوردییە کە لە کۆنەوە لە ناو هونەری نەتەوەی کورددا پێگە و بایەخی تایبەت بە خۆی هەبووە. مامۆستا «محمد ماملێ» بایەخێکی تایبەتی بۆ حەیران دادەنا و زۆر خوازیار بوو کە حەیران لە ناو هونەری کوردیدا پەرە بستێنێت. گوێیەکانی بۆ حەیرانی دەڤەری شکاکان، موکریان و خۆشناوێتی شل دەکرد و پێی هەڵدەگوتن. سەرەڕای ئەوەش خۆی حەیرانی نەدەگوت و لە هەر بۆنەیەکدا داوایان لێ کردبا تا حەیرانێک بخوێنێ، دەیگوت:
«حەیران گوتن زانینی تایبەتیی گەرەکە و لە ناو ئێمەشدا ”مطلب”ی برام لێی دەزانێ. هەر خۆشە گوێ لە حەیرانی ئەو بگری. چاکی دەڵێتەوە.»
مامۆستا «محمد ماملێ» حەیرانی بە تابڵۆیەکی کولتووری و مێژوویی دەشوبهاند، بە هەنبانەیەک لە ووشەی ڕەسەنی کوردی، بە زەریایەک لە بەرینایی و قووڵایی هونەری کوردی و سەرچاوەیەک بۆ کارەساتە دڵتەزێنەکانی هەر دەڤەرێک کە حەیران سەرچاوەی لێ وەردەگرت.
ئەو لە هەموو ژیانی هونەری خۆیدا کە خزمەتی کولتووری نەتەوەکەی خۆی کرد، جیا لە حەیرانی “گوڵێ” حەیرانێکی تریشی گوتۆتەوە کە بە حەیرانی ”سید عبدالقادر” ناسراوە. تا ئێستاش بۆ مەڵبەندی هونەری ماملێ ڕوون نییە کە ئەم حەیرانە لە چ زەمەنێک و بۆ کام ڕووداو داڕێژراوە؟! سەرچاوەی بۆ کام دەڤەری کوردستان دەگەڕێتەوە و چۆن بەرەو دەڤەری مەهاباد گواستراوەتەوە؟!
مامۆستا ماملێ ئەم حەیرانەی لە ریتمی ماک وە دەر خستووە. بە شێوەیەک گوتییەوە کە بیسەر هەست بە تێکەڵاوییەک لە گۆرانی و حەیران دەکا. دەکرێ شارەزایان لێکدانەوە، ڕەخنە و بۆچوونی وردیان لە سەری هەبێ و ئەم پێگەیەش درگای بۆ هەر دەربڕین و لێدوانێک ئاوەڵەیە.
مەڵبەندی هونەری ماملێ جارێکی دیکە ئەو پەڕی سپاسی خۆی ئاراستەی هونەرمەند کاک «خۆشناو روستایی» هێژا دەکا کە ئەرکی نوێژەنکردنەوەی ئەم حەیرانەی کێشاوە.
وێنەیان زۆر بێ.