Skip to content

تازەکردنەوەی گۆرانییەکی تر لە ماملێ – ساسان سەمەدی

محەممەد ماملێ:

(من بە دەنگی خۆم و، بە تار و کەمانچەیەک کە ئەویش دوو ژەنیاری ئازەری دەیانژەنی، هەر ئەوەندەم پێکرا).

ماملێ ئەم وتەیەی لای زۆر کەس کە هاوجیلی خۆی بوون باس کردووە و هەموو کەسیش ئەو ڕاستییە دەزانێ کە تواناکانی ماملێ چ لە ڕووی کۆمەڵایەتی، ئابوری، هونەری و بەتایبەت سیاسی هەر ئەوەندە بووە.
گەر بمانهەوێ هەڵسەنگاندن بۆ هەر ڕوودا و چەمکێکی کۆن و مێژوویی بکەین، دەبێ لە کەش و هەوای هەمەلایەنەی ئەو سەردەمدا خۆمان ببینینەوە دەنا، نرخاندنەکانمان بەهەڵەدا دەڕۆن و دەرکەوتەی دوور لە ڕاستی لێدەردەچێ.

ماملێ لە دۆخێکی هەستیاردا ناوبانگی دەرکرد کە نە بواری ئابووری هەبوو تا بتوانێ بە موزیکێکی باش گۆرانی تۆمار بکات و نە دۆخی سیاسی وڵات ئەو دەرفەتەی پێدەبەخشی تا بتوانێ بە دڵی خۆی بەرهەمێک بەئافرێنێ کە سەربەخۆ بێت. ئاخر ئەو سەردەم ئۆرکێستری باش تەنێ لەبن دەستی دەوڵەت دا هەبوو کە ئەویش بۆ بانگەشەی حکومی و بۆ خزمەتی ئاجێندای خۆی بەکاری دەهێنا کە ئەوکات ناکۆکییەکانییان دەگەڵ دەوڵەتی عێڕاق لە لوتکەدا بوو.

ماملێ کە چەندجاران بە تاوانی هاوکاری کردنی شۆڕشگێڕانی کورد و ئەندامبوون لە حیزبی دیموکڕاتی کوردستان بەند کرابوو و زیندانی دیبوو،

لەبەر هەندێ نە ئەو دەرفەتەیان پێدەدا کە لە ئۆرکێستری دەوڵەت کەڵک وەرگرێت و نە ئەویش ئامادە بوو کە سەربەخۆیی هونەری و فکریی خۆی لە پێناو ئۆرکێسترێکی باشدا بێنێتە ژێر پرسیار. ماملێ بەردەوام دەیگوت:

(سپاسی میللەتەکەم دەکەم گەر ئاوا بە ساکاریی بە من ڕازی بن).

لەلایەکی تریشەوە لە ساڵی ١٩٧٩ حکومەتێک هاتە سەرکار کە دژایەتییەکی تایبەتی دەگەڵ هەرچەشنە موسیقایەک هەبوو کە ڕاستەوخۆ هونەرمەندانی دەخستە ناو گوشار و بەستێنی کارکردنیان بۆ بەرتەنگ دەبوویەوە.

ماملێ پڕیشکی گشت ئەو بەربەستانەی بەر کەوت و لە بواری ئۆرکێستری باشەوە، کەمایەسی بە بەرهەمە هونەرییەکانییەوە دیارن. باسی بەربەستی کۆمەڵایەتیش ناکەین کە دەردی سەر دەردان بوو.

دیارە کە ڕوانگەیەک هەیە کە دەڵێ:

(خۆزگە ماملێش چەشنی هونەرمەندانی وەک زیرەک و خاڵەقی توانیبای لە ئۆرکێستری حکومەت کەڵکی وەرگرتبا تا ئەویش توانیبای بەرهەمی جوان بە ئۆرکێستری باش بۆ مێژووی خۆی و نەتەوەکەی تۆمار کردبا).

بەڵێ، ئەو بۆچوونە زۆر ڕاستە و بەخۆشییەوە هەردووک هونەرمەند باش توانییان ئەوەندە خێر و بێرە لە حکومەت

لە چەپەوە برایم ئاغای کێلێ (بایزیدی) کاک فەتاح محەممەدی ناسروا بە (کاک فەتاحی سێڵوێ یا کاک فەتاحی دێ گۆرجێ) مام قادر سۆلیمانی(کوندەرێ) حاجی مارف ئاغا ئەحمەدی (لاوێن) مامۆستا محەممەد ماملێ ساڵی ۱۳٤٨ گرتوخانەی رەزایە

دەستەبەر بکەن بۆ هونەری نەتەوەی خۆیان بەڵام، حاشا لەوەش ناکرێ کە ماملێ بە توندترین شێوە کەوتبوو بەر غەزەبی حکومەت و ددانی خێریان پێدانەدەهێنا و ئامادە نەبوون هیچ ئیمکاناتێکی لەبەردەستدا بنێن.

گیرانی ماملێ ساڵێك پاش ڕووخانی کۆماری کوردستان بە تاوانی ئەوە کە ماملێ ئاڵای کوردستانی لە ماڵێ شاردۆتەوە. دیسان گیرانی ماملێ لە ساڵی ١٣٤٧ بە تاوانی هاوکاری شۆڕشگێڕانی کورد و دەرچوونی حوکمی ئێعدام بۆی. بوون بە فەرمانبەری دەزگای ڕادیۆ تێلێڤیزیۆنی ناوەندی مەهاباد و ناکۆکی نێوان ماملێ و سەرۆکی ئەو دەزگایە لە ساڵی ١٣٥٣.  لەسێدارەدانی کوڕێکی ماملێ بە تاوانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٢ و  دەیان ڕووداوی تر، باشترین وێنەن بۆ سەلماندنی ئەو پەڕاوێزخستنی ماملێ لەلایان کاربەدەستانی ڕژێمەکانی ئێرانەوە کە لێرەدا مەجالی ئەوەمان نیە باس لە دانەبەدانەیان بکەین. لەبەر هەندێ چەشنی نەتەوە زوڵملێکراوەکەی، سادەیی و فەقیری بە هەموو گۆرانییەکانی ماملێوە دیارە.

بەخۆشییەوە مێژوو و ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و هونەری ماملێ ئەوەندە ڕوون و بێخەوشە کە جیلی ئێستا پێی ئاشنان و لە ماملێی خۆیان بەخاوەن دەردەکەون و خۆبەخشانە و لە دڵەوە ئامادەن کار لەسەر دەنگی ئەو هونەرمەندە بکەن و ئەو کەمایەسییانەی بە پێی توانای بەردەستیان بۆی قەرەبۆ بکەنەوە و بە جوانترین شێوە بۆی بڕازێننەوە. ئەوان بە تازەکردنەوەی بەرهەمەکانی ماملێ دەیانهەوێ ئەو پەیامەش دووپات بکەنەوە کە ماملێ و هونەرەکەی نەمرە و  هەروەها بۆ خزمەت بە هونەریی نەتەوەی خۆیان چاویان چ بەربەستێک  نابینێت و ئامادەن کات و تەمەنی خۆیانی بۆ تەرخان بکەن.

لە ماوەی ڕابوردوو زۆر هونەرمەندی کورد قۆڵیان لەو باسە هەڵماڵیوە و کوردانە کەوتوونەتە هەڵپەرتاوتن و هەرەوەزکردن و تازەکردنەوەی گۆرانییەکانی ماملێ و ڕۆحێکی زیندوو و تازەیان بەو گۆرانییەدا کردووە بە چەشنێک کە جیلی ئێستا بتوانن چێژی تایبەتی لەو دەنگ و هونەرە بچێژن و لە ڕیگای ئەو گۆرانییانەوە ڕۆڵەکانی کورد بە فەرهەنگ و هونەری نەتەوەی خۆیان ئاشنا بن و شانازیی پێوە بکەن.

بەختەوەرانە مەڵبەندی هونەریی ماملێ لە ماوەی تەمەنی خۆیدا توانیویەتی ببێتە جێی مەتمانەی هونەرمەندان تا بە مەڵبەندی خۆیانی بزانن و بەرهەمەکانیان لە ڕێگای ئەو مەڵبەندەوە پێشکەش بە هۆگران و عاشقانی هونەری کوردی بە گشتی و دەنگی ماملێ بەتایبەتی بکەن. لێرەدا دیسان بە پێویستی دەزانین تا سپاسێکی گەرمی دیکەیان ئاڕاستە بکەین و دەستی ماندوویان بە گەرمی بگوشین.

ئەمجاریش هونەرمەندی دەستڕەنگین کاک (ساسان سەمەدی) کوڕی نووسەر و توێژەری بەناوبانگی کورد، مامۆستا محەممەدی سەمەدی وەک ئەرکێکی نەتەوەیی قۆڵی لە بەرهەمێکی دەنگیی محەممەدی ماملێ هەڵماڵیوە و تازەی کردۆتەوە کە بەراستی شاکاریی ئافراندووە.

وێڕای پێزانین و دەستخۆشیلێکردنیان سەبارەت بەو کارە بە پێویستمان زانی وتوێژێکی کورتیان دەگەڵ بکەین تا بۆمان باس لە چۆنییەتی درووستبوونی بیرۆکەی ئەو کارەیان بکات.  پاشی سڵاو و ماندوونەبوونی لە کاک ساسان بەو پرسیارە دەستمان پێکرد:

  • دەکرێ زیاتر خۆتان بۆ خوێنەرمان بناسێنن؟

ساسانی سەمەدیم. لەدایکبووی سالی 1363 (1984) لە مەهابادم. له بنەماڵەیەکی فەرهەنگیدا گەوره بووم و به هۆی بابم (سەید موحەمەدی سەمەدی) که گەورەترین شانازیی ژیانمه و هەرچی هەمه له سایەی سەری بابم و دایکمه، دەگەڵ کتێب و زانست و هونەر ئاشنا و ئاوێته بووم. ڕادەی خوێندەواریم (فوق لیسانس/ماستێر/ کارناسی باڵا)یە لە بیناسازیدا و لە زانکۆی ئازادی مەهاباد بڕوانامەکەم وەرگرتووە، هەنووکەش فەرمانبەری ئیدارەی نیزام موهەندیسی بیناسازی لە مەهابادم.

  • لە کەیەوە کاری هونەریتان دەستپێکردووە و گەر بکرێ بۆمان باس لەو چالاکییە بەرچاوانە بکەن کە تا ئێستا کردووتانن؟

دایکم هەمیشه پێم دەڵێ هەر لە تەمەنی 3 و 4 ساڵی ڕا نارەنارەم دەکرد و دیاره هەر لەو تەمەنەی ڕا خولیای موسیقی بوم.  له تەمەنی 18 ساڵی ڕا به هاندان و رێنوێنی خاڵی خوشەویستم “ڕەحمەت ئیبراهیمیان” که خوی له ماموستایانی باشیی موسیقایه، سازیی کەمانچەم هەڵبژارد و ماوەی 2 سال له خزمەت مامۆستای خۆشەویست و دڵسۆزم، کاک “هاشمی رەشادەت خەریکی فێربوونی سازیی کەمانچه بووم و دەماوەی ئەو 2 ساڵەدا که ماوەیەکی زۆر کەمه، 5 کتێبی ڕاهێنانی کەمانچه و ڕەدیفی میرزا عەبدوڵام لێدا که ئەوەش هەر بەو هۆیەوه بوو که تێربوون و ڕاوەستانم نەبوو له فێربوون و هەروەها پێشکەوتن له ژەنینی کەمانچەدا.

له دوای ئەوەش بێوچان سەرقاڵی تەمرین و گوێدانی موسیقی ڕەسەنی کوردی بووم و شەو و ڕۆژ گوێم له بەرهەمەکانی مامۆستایان موحەمەد ماملێ، تاهیر تۆفیق و عەلی مەردان ڕادەگرت.

یەکەم قۆناغی هونەری ژیانم، بون به ئەندامی گروپی “وەفایی” شاری مەهاباد بوو که کۆنترین گروپی شاری مەهاباده و به شانازییەوە ماوەی پتر له 8 سال دەخزمەت ئەو گروپە جوانەدا بووم به ئامێرەکانی “چەلۆ” و “کەمانچه”.  ئێستاش ماوەی 6 ساڵ دەبێ که یەک له ئەندامانی گروپی “ژێ”ی مەهابادم که دەگەڵ هەر دوو گروپ به شانارییەوە به دەیان کۆنسێرت و چالاکی هونەریم له ناوخۆ و دەرەوەی ئێران هەبووه.

ئێستا ماوەی پانزدە ساڵە سەرقاڵی کاری هونەریم کە بریتین لە پێشکەشکردنی کۆنسێرت لە زۆربەی شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هاوڕێ دەگەڵ زۆربەی گۆرانیبێژانی ناسراوی ڕۆژهەڵات. هەروەها پێشکەشکردنی کۆنسێرت لە دەرەوەی وڵات وەک تورکیە، عێڕاق، بریتانیا، ئاڵمان، سوئێد و …. .

دابەشکردنی موزیک و ژەنین بۆ زۆربەی هونەرمەندانی کوردستان و ڕاهێنان و فێرکردنی سازی کەمانچە بە خوێندکارە سەرەتاییەکان.

  • وەک هونەرمدێکی کورد هەڵسەنگاندنت بۆ هونەریی محەممەد ماملێ چییە؟

هیچ گومان لەوەدا نییە کە کاک موحەمەدی ماملێ خزمەتێکی یەکجار زۆر و بەرچاوی بە  موسیقی ڕەسەنی کوردی کرد. سەرەڕای ئەوە کە بەداخەوە زۆربەی گۆرانییەکانی ژەنیاری زۆر بەتوانا و پرۆفێشیۆناڵی دەگەڵ نەبووە و مۆسیقایەکی سادە و ساکار هاوڕێییان دەکرد بەڵام، توانایی و شارەزایی مامۆستا لە چڕینی مەقام و قەتارەکان  و گۆرانییەکانیدا وەکوو یاقوت دەنێو بەردەڵاندا بە جوانی خۆی دەنوێنی. لە خاڵە بەرچاوەکانی هونەری مامۆستا ماملێ، گوتنی مەقام و گۆرانی دە تۆنەکانی جۆراوجۆر بووە کە ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات کە دەنگێکی بەهێز و شەشدانگی هەبووە و زۆر شارەزایانە توانیویەتی گۆرانییەکانی بچڕێ. ڕەنگاوڕەنگبوونی گۆرانییەکانی کاک محەممەد دە دەزگا جۆراوجۆرەکانی موسیقادا یەک لە خاڵە بەرچاوەکانی ئەو مامۆستا نەمرەیە.

  • چی وای لێکردن تاودەنە تازەکردنەوەی گۆرانییەکانی محەممەد ماملێ؟

دەگەڵ دەنگی مامۆستای نەمر کاک موحەمەدی ماملێ که له هەموو کاتی خۆش و ناخۆشدا، له هەموو ماڵێکی کوردوستاندا دڵەکانی ئاوپڕژێن کردووه و بووەته بەشێک له ژیانی ڕۆژانەی هەموو خەڵک، منیش دەگەل یەکەمجار که گوێم له دەنگی کاک موحەمەد بوو، گیرۆدەی سۆزی دەنگ و گۆرانییه بلاوێنەکانی بووم و دەتوانم بڵێم که دەگەڵ دەنگه خۆشەکەی و گۆرانییەکانی کاک موحەمەد ژیاوم و هەردەم و له هەر کاتێکدا بووەته سوکنایی دڵم. بەڕەحمەت بێ له ماڵه دایەگەورەی خۆشەویستم، “ئاسکۆڵ نانەوازاده” (خوشکی حاجی هاشم نانەوازادەگان)، هەمیشه دەنگی ماملێ دەهات و کەشێکی هێنده خۆش بوو که دەچویه ژوورێ پێت نەبوو بێیەوه دەرێ. بەپێی ئەوە که تەمەنم ئەو ئیزنەی پێنەدام تا بتوانم له نیزیک ڕا به خزمەت کاک موحەمەد ماملێ بگەم و هاوکاری بکەم – دیاره من جیلی دووهەمم لەدوای نەمر ماملێ- ، هەمیشه ئاواتی ئەوەم هەبوو که چ به عینوانی ژەنیار یان دابەشکەری موزیکێکی ڕێک و پێک دەخزمەتیدا بم.
لەمێژ بوو پلانێک دەمێشکمدا کەڵەکە ببوو که چلۆن کارێکی ئەوتۆ بو مامۆستا ماملێ بکەم. ڕۆژێک که سەرقاڵی ئیش و کارم بووم له ئۆفیسی کارەکەم و نەخشەی موڵکی موشتەریەکم جێبەجێ دەکرد، وەک خدەی پێشووم پێش ئەوەی دەست بە کار بکەم، به کۆمپیوتێرەکەم  موسیقییەکی قەدیمی دادەنێم ئینجا، دەست بەکار دەبم، یەکەم گۆرانی ئەو گورانییەی “چۆن له سەفەر بووی” مامۆستا ماملێ دەستی به گووتن کرد که له ماڵی خۆی به تەنیا تۆماری کردبوو. دەگەڵ گوێم بۆ شل کرد، ڕێک بەخوم گوت هەوه! بێئەندازە کەیفم بەو گۆرانییه کرد و ئێستاش پێم یەک له خۆشترین گورانییەکانی کاک موحەمەده. مێلۆدیەکی تا بڵێی ساده و تا بڵێی شیرین و کاریگەر و پڕ له ئیحساس.
بریارم دا موسیقایەکی جوانی بۆ دابنێم و دوای ماوەی ساڵێک به هۆی گیر و گرفت و ئیش و کار، هەر نێوەنێوه کارم لەسەر کرد و تا ئەو ماوەی که به هۆی کۆڕۆناویروسەوه به ئیجبار دەژووردا ماوینەوه، کاتم زیاتر لەبەردەست دابوو و توانیم کارەکە بە ئاکام بگەیێنم.

هیوادرام توانیبێتم لە قەدەر ئیمکاناتی کەمی بەردەستم، خزمەتێکی بچووکم بە هونەریی مامۆستای نەمر، کاک موحەمەدی ماملێ و لایەنگریانی دەنگی ئەو مامۆستایە کردبێت.

  • لە درێژەی ئەو کارەتاندا کێ یاریدەدەرتان بووە؟ هەموو کارەکە بۆخۆتان کردووتانە یان کەس یا کەسانێکی تریشتان دەگەڵ بووە؟
هونەرمەند جەعفەر ڕەشادەت

دەبێ ئاماژە بەوەش بکەم کە کاری دابەشکردنی موزیک، ژەنینی ئامێرەکان کەمانچە، پیانۆ، سترینگ، (سەنتوور، چەنگ، عوود، بە شێوەی سەمپڵ) و هەروەها میکس و مەستێرینگ هەر هەمووی خۆم کردوومە و ژەنیاری تارەکەش کە بەڕاستی ڕۆحی وەبەر هێناوە، برا و هاوڕیی خۆشەویستم کاک “جەعفەری ڕەشادەت” زەحەمەتی کێشاوە. هیوادارم بە دڵی هەموو خۆشەویستان بێ.

  • ئەمڕۆکە سۆسیال مێدیا وایکردووە کە هەمووکەس دەتوانن مێدیای خۆی هەبێت و بەرهەمەکانی خۆی لەوێ بڵاو بکاتەوە بەڵام، ئێوە مەڵبەندی هونەریی ماملێتان هەڵبژارد تا ئەو گۆرانییەی پێشکەش بکەن، دەکرێ بڵێن بۆ؟

بە شانازییەوە چەندین ساڵە لە نیزیکەوە دەگەڵ ئەو مەڵبەندە ئاشنام و لە هەموو ئیش و چالاکییە جوان و بەنرخەکانیان چێژ وەردەگرم. زەحمەت و ماندووبوونێکی زۆر دەکێشن بۆ خزمەت بە موسیقای ڕەسەنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەت بنەماڵەی سەربەرزی ماملێ. دیارە ئەو شتانەی کە عەرزم کردن بوو بە هۆی ئەوە کە من بە شانازییەوە لە ڕێگای مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌وە کارەکەم پێشکەشی جەماوەری خۆشەویستی کوردستان بکەم.

  • ئاخۆ بەتەمان گۆرانی تر لە ماملێ تازە بکەنەوە؟

بە دڵنیاییەوە عەرزتان دەکەم کە چەند کاری دیکەی مامۆستا محەممەدی ماملێم لەبەر دەست دایە و بەتەمام کاری جوانیان بۆ بکەم.

  • ئێمە چ قسەیەکمان نەماوە، گەر ئێوە وتەیەک هەیە کە بە پێوسیتی دەزانن باسی بکەن، فەرموون.

منیش بە بۆنەی خۆم زۆر سپاسی ئێوە لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ دەکەم و سپاس لە خوێنەرانی ئەو دێڕانەش دەکەم کە کاتیان بۆ خوێندنەوەی تەرخان کرد. هیواداریشم لەو کارەی کە بۆ گۆرانی (چۆن لە سەفەر بوی؟) کردوومە ڕازی بن و لە ناخی دڵیشمەوە ئامادەم گوێم لە ڕەخنە چاکسازییەکانی گوێگران و شارەزایانی موزیک ببێت تا بتوانم لە کارەکانی داهاتوومدا بیانکەمە توێشەبەرەی ڕێگام.

ئێمەش لە مەڵبەندی هونەری ماملێ دیسان سپاسێکی گەرمتان دەکەین بۆ ئەو ماندووبوون و زەحمەتەی بۆ ماملێی خۆتان کێشاوە و هیوای سەرکەوتنی زیاتر و بەرهەمی زیاترتان بۆ دەکەین لە هەگبەی هونەریتاندا. هەر بژین و هەر هەبن بۆ کورد و کوردستان.

لە سپۆتیفای ئەم گۆرانییە ببیسە

ڕێزوومەیەک لە چالاکییەکانی هونەرمەند ساسان سەمەدی:

  • پێشکەش کردنی کۆنسێرتی “سەیدەوان” – یەک لە بەیتە خەمبارەکان کوردی – هاوڕێ دەگەڵ تیپی موسیقای وەفایی مەهاباد لە ساڵی ١٣٨٥ وەک ژەنیاری (ویۆڵۆن سێل).
  • پێشکەش کردنی کۆنسێرتی دەگەڵ گروپی ناونەتەوەیی بێڕڵین لە ساڵۆنی فیلارمونیکی بێڕڵین وەک ژەنیاری کەمانچە لە بێڕڵین – ئاڵمان.
  • بەڕێوەبردنی وۆرکشاپێک لە ژێڕ سەردێڕی “مانای و پێگەی مەقام لەناو موزیکی کوردیدا” و هەروەها ناساندن و ڕاڤەکردنی ئامێرەکانی ڕەسەنی کوردی لە ناوەندی کولتووری و هونەریی “ویللا ئێلیزابێت” لە بێڕڵین – ئاڵمان ساڵی ٢٠١٧.
  • پێشکەش کردنی کۆنسێرتی موسیقی و ناساندنی بیچمەکانی مەقامی کوردی وەکوو “حەیران” و “بەیت” بە سازی کەمانچە هاوڕێ دەگەڵ گروپی “موکریان” لە مەهاباد ساڵی ١٣٩٣.
  • پێشکەش کردنی کۆنسێرت هاوڕێ دەگەڵ هونەرمەندی ناوداری موسیقای ڕەسەنی کوردی مامۆستا عەزیز شاڕووخ بە سازی کەمانچەوە هاوڕێ دەگەڵ گروپی وەفایی  لە شاری سەقز ساڵی ١٣٩٤.
  • بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی موسیقی لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێران لە شاری سەقز بە کەمانچە لە ساڵی ١٣٩٤  هاوڕێ دەگەڵ گروپی موسیقی “موکریان”.
  • بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی موسیقی کوردی لە باکووری ئێران و لە شاری “زیباکنار” لە ساڵی ١٣٩٤ ٢ بە ئامێری کەمانچە هاوڕێ دەگەڵ گروپی “وەفایی”.
  • هاوکاری کردنی دەگەڵ ناوەندی موزیکی سازمانی دەنگ و ڕەنگی ناوەندی مەهاباد و تۆمارکردنی زیاتر لە ٥٠ ئاسەواری موسیقی بە ئامێری کەمانچە.
  • پێشکەش کردنی کۆنسێرتی موسیقی کوردی دەگەڵ گروپی “ژێ”ی مەهاباد لە شارە کوردنشینەکانی پارێزگای ورمێ _شنۆ، مەهاباد، سەردەشت) لە ساڵی ١٣٩٥ بە ئامێری کەمانچە.
  • پێشکەش کردنی کۆنسێرتێکی خێرخوازانە بۆ یارمەتیدانی نەخۆسەکانی شێرپەنجە هاوڕێ دەگەڵ گروپی “وەفایی” دەگەڵ مامۆستا عەزیز شاروخ لە بۆکان و لە ساڵی ١٣٩٦ بە ئامێری کەمانچە.
  • بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی ناونەتەوەیی”شیستا” هاوری دەگەڵ گروپی موسیقی “وەفایی” لە شاری ستۆکهۆڵمی وڵاتی سوئێد بە ئامێری کەمانچە لە ساڵی ٢٠١٦.
  • بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی موسیقی “آواز زنان ایران” هاوڕێ دەگەڵ گروپی موسیقی “وەفایی” لە ساڵی ٢٠١٦ لە شاری بێڕڵێنی ئاڵمان بە ژەنینی ئامێری کەمانچە.
  • پێشکەش کردنی کۆنسێرتی موزیک و گۆرانی هاوڕێ دەگەڵ گروپی وەفایی لە کۆڵنی ئاڵمان ساڵی ٢٠١٧ بە ئامێری کەمانچە.
  • پێشکەش کردنی کۆنسێرتی کوردی هاوڕێ دەگەڵ گروپی “پرواز” لە فێستیڤاڵی “ئێرانیان” لە شاری “ئێدینبۆرگ”ی وڵاتی ئێسکاتلاند لە ساڵی ٢٠١٣ بە کەمانچە.
  • پێشکەش کردنی کۆنسێرتی موزیک و گۆرانی هاوڕێ دەگەڵ گروپی وەفاییلە فێستیڤاڵی” نەورۆز” لە شاری دیاربەکر”ی باکووری کوردستان لە تورکیە لە ساڵی ٢٠١٠ بە کەمانچە.
  • بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی ناونەتەوەیی “فجر” هاوڕێ دەگەڵ گروپی موزیکی “ژێ”ی مەهاباد و بە پێشکەشکردنی موزیکی ڕەسەنی کوردی لە تاران ساڵی ١٣٩٦ بە ئامێری کەمانچە.

بابەتی پێوەندیدار