Skip to content

خەڵاتی ماملێ بۆ ساڵی ٢٠٢٢ پێشکەش بە مامۆستا کاوە فەقیەزادە کرا.


ئەو بابەتە بە دانانی فیلم و وێنەی مەراسیمەکە بەردەوام تازە دەکرێتەوە

خەڵاتی ماملێ، وەک هێمایەکی ڕێزلێنان لە هونەرمەندی کورد، ماوەی ١٣ ساڵە چالاکە و لەلایان مەڵبەندی هونەریی ماملێ‌وە ساڵانە پێشکەش بەو هونەرمەندە ماندوو و تێکۆشەرانە دەکرێت کە لە خزمەتکردنی هونەریی کوردیدا تێکۆشاون و گەشەیان پێ بەخشیوە. ئەو مەڵبەندە وێڕای گشت چالاکییەکانی وەک لە پێناسەکەیدا هاتووە، بێلایەن و سەربەخۆیە و لە بواری مادییەوە شانازیی بەخۆیەوە دەکات کە سەری بڵیندە و پشتی بە بەرکی خۆی بەستووە و هەروەها لە بواری مەعنەویشەوە قەرزداری هەموو دڵسۆزانی میللەتەکەیەتی. لە ماوەی ساڵانی پێشوودا، لە هەر چوارپارچەی کوردستان، مامۆستایان و هونەروەران:














ئەو خەڵاتیان پێشکەش کراوە.

لە درێژەی چالاکی ساڵانەی مەڵبەندی هونەریی ماملێ بۆ دەستنیشانکردنی هونەرمەندی ساڵ،  مامۆستا (کاوە فەقیەزادە) هەڵبژێردرا تا خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٢ی “ماملێ”ـیان پێشکەش بکرێ.

  1. تێکۆشان و ماندووبوونەکانی ئەو هونەرمەندە بەرزەی کورد بۆ نووسینەوە و لێکۆلینەوە لەسەر موزیک، دەق و نۆتەکانی کۆمەڵێک مێلۆدی، گۆرانی، بەیت، حەیران، لاوک و ھەوای کوردی، کە گەر نەڵێین بۆ یەکمجارن لە مێژووی کورددا بە نۆت دەنووسرێنەوە، بە دڵنیاییەوە یەک لە کارە هەرە گرینگ و دەگمەنەکانە کە ئەو مامۆستا بەرزە قۆڵی لێ هەڵماڵیوە و لە کۆی چەند کتێبێکی ناوازەدا کە زیاتر لە ١٥ کتێب لەخۆ دەگرێ، پێشکەشی بە نەتەوەی کوردی کردووە.  
  2. ئەو هونەرمەندە مەزنە سەرەڕای کۆمەڵێک گرفت و بەربەستی جۆراوجۆر بەتایبەت (دارایی)، لە خزمەتکردن بە موزیکی کوردی ڕانەوەستاوە و بە  دامەزراندنی (ئۆرکێسترای زانستی و جیهانی فيلارمونيک)، هەروەها ئاشنا کردنی ئەو شێوازە بە خەڵک و گەشەی موزیکی کوردی لەو بوارەدا، بەتایبەت لە ناوچەی موکریان، توانیوێتی بە دەستی بەتاڵ و بەبێ پشتیوانییەکی ئەوتۆ و لە ماوەیەکی کورتدا، هەنگاوی گەورە هەڵێنێتەوە و شوێندانەرییەک دابنێ کە نەوەی دواتریشمان لەو ناوچەیەدا ڕێبازی هەڵگرن و پەرە بە موزیکی کورد بدەن.
  3. بەو خەباتەی کە ئەو هونەرمەندە بەرزە کردوویانە و ئەو دەلاقەیەی کە بۆ گەشەی موزیکی کوردی کردوویەتەوە، وای کردووە تا زیاتر لە جاران موزیکی کوردی لەناو موزیکی جیهانیدا قسەی ببێ بۆ گوتن و بناسرێ.
  4. مامۆستا کاوە فەقیەزادە وەک ئۆتنۆمووزیکولۆژیستێکی (ناسینی موسیقی – Ethnomusicologist) ناسراو و خاوەن گوتار و ڕێکای تایبەت بە خۆیانە کە لە چوارپارچەی کوردستان بە هێند وەردەگیرێت و وەک سەرچاوە لێی دەڕواندرێت. ئەو ڕێکارانەی بەڕێزیان بۆ پاراستن و گەشەی دەقە زارەکییەکان و مێلۆدییە کوردییەکانمان ئەوەندە گرینگن کە پێویستە لە پلانێکی تۆکمەی نەتەوەییدا جێ بگرێت و بەڕێوە بچێت.

ئەو خاڵانەی سەرەوە و زۆر خاڵی پڕشنگدار و درەوشاوی تر لە کار و چالاکییەکانی ئەو هونەرمەندە خۆنەویستە بوون بە هۆکار تا بە شانازییەوە خەڵاتی ساڵی ٢٠٢٢ی ماملێ‌ـیان پێشکەش بکرێ.

هەر بەو بۆنەیەوە ئەمڕۆ ڕێکەوتی ١٧ی مانگی ژانویە بەرانبەر بە ٢٧ی بەفرانباری ١٤٠٠ی هەتاوی لە ساڵۆنی بۆنەکانی (هۆتێل تارا) لە مەهاباد بەپێی توانا و مەجالی بەردەستمان ڕێوڕەسمێک بۆ پێشکەشردنی ئەو خەڵاتە بە مامۆستا کاوە فەقیزادە بەڕێوەچوو. جێی ئاماژەیە کە لەبەر پەتای کۆڕۆنا و دۆخی تایبەت، بۆمان نەدەڵوا کە مەراسیمەکە بەرفراوان بکەین و بەو چەشنەی دڵمان دەیهەوێ ڕێز لە هونەرمەندی خۆمان بگرین، بۆیە داواکارین لە کوردستانییانی هێژا و دانیشتوانی موکریان و خەڵکی بەشەڕەفی مەهاباد، قسورمان نەدیو بگرن. ئێمە لە مەڵبەندی هونەریی ماملێ لە ناخی دڵەوە پیرۆزبایی لە مامۆستا کاوە فەقیەزادە و لە گشت لایەنگرانی هونەریی کوردی دەکەین. هیوادارین تەمەنیان درێژ و هەگبەی هونەریان دەوڵەمەندتر بێ.

مامۆستا کاوە فەقیەزادە کێیە؟

مامۆستا کاوە فەقیەزادە لەدایکبووی ١٥ / ١ / ١٣٤٩ ھەتاوی لە مەھابادە و خاوەنی بڕوانامەی ئۆستادیارییە لە زانکۆی رەسام ھونەری تارانە لە بواری ئوتنۆمیوزیکولۆژی (ناسینی موسیقی). ناوبراو لە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاوی، زانستی موزیکی بۆ ماوەی یەک ساڵ لە خزمەت هونەرمەند “یۆسف ڕەبیعی” دەسپێکرد و لە ساڵی ١٣٦٨ی هەتاوی لەسەر ڕێنمایی مامۆستا ڕەبیعی بۆ فێربوونی تێکنیکی ئامێرە موسیقاییەکان دەچیتە تاران و لە قوتابخانەی مامۆستا “فەرامەرز پایوەر”، کە یەک لە بەرزترەین هونەرمەندانی ئێرانە، لە ژێر چاوەدێریی ئەودا و بە ڕا‌هێنانی مامۆستا “سەعید سابت” خولی تایبەتی بۆ ناسینی ئامێری سەنتوور بۆ ماوەی ٨ ساڵ تێپەڕاند.
لە ساڵی ١٣٧٨ی هەتاوی چالاکییە هونەرییەکانی خۆی لە بواری کۆکردنەوەی ئەلفوبێیی موسیقی (نۆت نووسی) و نوێکردنەوەی بەرهەمە کلاسیک و ڕەسەنەکانی کەڵە موسیقدان و گۆرانیبێژانی کوردستان و دابەشکردنی بۆ ئامێری سەنتوور دەسپێکرد.
 لە نێوان ساڵەکانی ١٣٨٤ تا ١٣٨٨ی هەتاوی بۆ ماوەی ٤ ساڵ لە شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان لەسەر موسیقی کوردی لێکۆڵینەوە و توێژینەوی بۆ ئەنستیتۆی کورد کردووە. هاوکات وەکوو مامۆستایەکی میوزیک لە زانکۆی هونەرەجوانەکانی وەزارەتی ڕۆشنبری حکومەتی هەرێمی کوردستان وانەی گوتۆتەوە. ڕاهێنان بۆ ئامێری سەنتوور، تێۆری، زانستی موسیقی، سوڵفێژ، چاودێری بۆ سەر ئۆڕکێسترا و ڕیبەری ئۆڕکێسترا بەشێک لە چالاکییەکانی بووە. کاوە فەقیەزادە دامەزرێنەر و مامۆستا و بەڕیوەبەریی خولە فێرکارییەکانی موسیقی کوردی بۆ ئامێری سەنتوور بووە و خاوەنی ٣٥ ساڵ ئەزموون و ژیانی هونەرییە و هەروەها تا ئێستا ١٥ کتێبی تایبەت بە هونەری موسیقی لە چاپ داوە و بە هەموو توانایەوە لە خزمەت پاراستن و گەشەی موسیقی کوردی‌دا بووە.
ناوبراو لە درێژەی چالاکی و خەمخۆرییەکانی بۆ موزیکی کوردی، لە ساڵی ١٣٨٢ ھەتاوی فێرگەی موسیقی وەفایی لە شاری مەھاباد دامەزراندووە و لە ڕیکەوتی ١٠ / ٧ / ١٣٨٨ بە مەبەستی تەکووزی و ڕیکخستنی کەسانی خاوەن بەهرە لە هونەرەی موزیکدا، لە ناوچەی موکریان، ئۆڕکێسترای فیلارمونیکی موکریانی دامەزراند و توانی بە یارمەتیوەرگرتن لە هۆگرانی موسیقی و ژەنیارانی ناوچەکانی مەهاباد، بۆکان، پیرانشار، سەردەشت و شنۆ، بە شێوەی لۆژیکی لە چالاکییەکانی خۆی‌دا بەردەوام بێ.
سەرکەوتنی زیاتریان بۆ بە ئاوات دەخوازین و سەرلەنوێ پیرۆزبایی ئەو خەڵاتەیان لێدەکەین.
 مەڵبەندی هونەریی ماملێ

فیلم

ڕاپۆڕتی کاناڵی ڕووداو لەسەر بۆنەی پێشکەشکردنی خەڵاتی ماملێ بە مامۆستا کاوە فەقیەزادە

ڕاپۆڕتی ئاژانسی هاژە لەسەر بۆنەی پێشکەشکردنی خەڵاتی ماملێ بە مامۆستا کاوە فەقیەزادە

چاوپێکەوتنی کاناڵی کوردسات دەگەڵ مامۆستا کاوە فەقیەزادە لەسەر خەڵاتی ماملێ ٢٠٢٢ کە دوێنێ لە ڕێوڕەسمێکدا لە شاری مەهاباد پێشکەشیان کرا.


ڕاپۆڕتی تیشک تی.ڤی لەسەر بۆنەی پێشکەشکردنی خەڵاتی ماملێ بە مامۆستا کاوە فەقیەزادە

ئاڵبۆمی وێنەکان

بابەتی پێوەندیدار